"an independent online kurdish website

لێرەدا باسی هەڵۆێستی پێشمەرگەیەکی تورکی حێزب دەکەم کە ناوی ئەحەد ئاغا و خەڵکی ئەردەوێڵی ئازەربازیجان بوو.


کاتێک من بەرپرسی کومیتەی شارستانی بانە بوم پێشمەرگەکان ئەو کابرایەیان لە ڕیگەی بانە-سەردەشت دا گرتبو و هێنایان بۆ کومیتەی شارستان. لە پێشدا لێی بە گومان بوین کە سیخوڕ بێ و زیندانمان کرد. دواێی شوفێرێکی خەڵکی تەورێز کە ناوی میرزا ئاغا بوو و کاری بۆ بازرگانەکانی بانە دەکرد هات گوتی: ئەو کابرایە شوفێر بوو و ئوتوموبیلی خوی هەبوو. ڕژیم گرتویەتی و تاوانی قاچاخچیەتی تریاکیان داوەتە پاڵ و لە زیندان رایکردوە. ئیتر ئێمە ئازادمان کرد و گوتمان: چی دەکەی خۆت ئازادی. گوتی: دەبمە پێشمەرگە. لە پێشمەرگەگایەتی دا ئازا و بە دیسیپلین بوو و زوو بو بە سەرپەل. کە من بومە ئەندامی دەفتەری سیاسی و شەڕی حیزب و کۆمەڵە هەڵگیرسا، ئەحەد ئاغا هاتە لام و گوتی: فڵانە کەس من کە بووم بە پێشمەرگە بۆ شەڕ لەگەل پاسداران بوو کە منیان زۆر ئازار دابوو و ماڵۆێرانیان کردبووم. ئێستا کە ئێوە و کۆمەڵە بەشەڕ هاتون، من شەڕی کوردان ناکەم و ئامادە نیم تەقە لە پێشمەرگەی کورد بکەم با دیموکراتیش نەبێ. کارێکیترم بۆ بدۆزنەوە. ئیتر هێنامە دەفتەری سیاسی و کردم بە شوفێری ئوتوموبیلی کۆمەڵایەتی.

 بەداخەوە هەر ئەو ئەحەدئاغا بەو هەستە خاوێنەیەوە دوای راپەڕینی کوردستانی عێراق، سێ دز و جەردە کە یەکیان ناوی کاوە بوو لە ژێر ناوی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی دا لە سلێمانی تەماح لە ئوتوموبیلەکەی دەکەن(ئوتوموبیلیکی لاندکرۆزێری تازەی حیزبی پێ بوو) و پێی دەڵێن: تۆ موجاهیدی، دەتکوژین(دیارە پێشمەرگەیەکی تری لەگەل دەبێ و ئەو دەرفەت دێنێ و ڕادەکا) ئەویش بە فارسی سوێندیان بۆ دەخۆا کە دیموکراتە و تەنانەت کارتی پێشمەرگایەتیشیان پیشان دەدا، بەڵام ئەو نامرۆڤانە، بێ بەزیانە ئەو پیاوە چاکە وەبەر دەستڕێژ دەدەن و دەیکوژن و ئوتوموبیلەکەی دەبەن. دوایی حیزب کێشەکەی بە یەکیەتی راگەیاند و یەکیەتی ئەو سێ بە ناو پێشمەرگەی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت گرت و ئوتوموبیلەکەی دایەوە حیزب، دواییش ئەو مرۆڤکوژانە هەر زوو ئازاد کران بۆ ئەوەی حەماسەییەکیتر بخوڵقێنن. ئەحەد ئاغا لە نیو حیزب دا من و زیندوو یاد غەفوور حەمزەیی زۆر خۆشدەویست. کاتێک ڕیبەرایەتی شوڕشگێر هەڵۆێستی گرت. کاک غەفوور دەڵخۆشێ ئەحەدئاغای دابویەوە و نەچوو بۆ لای ڕیبەرایەتی شورشگیڕ، کاتێک باڵی ڕێبەرایەتی لە لایەن باڵی حیزبی سەر بە دوکتور قاسملوو بایکوت کرا و تەنانەت شەڕی لەگەل ڕاگەیندرا، من ماڵم لە سلێمانی بوو. ئەحەدەئاغا هاتبوە سلێمانی و بە کاک غەفوری گوتبو: با بچیبن بۆ ماڵی کاک هاشم. ئەویش گوتبوی: ئاخر حیزب ئەوانی بایکوت کردوە.

————————-

لە کتێبی ، گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجیی کۆیە لە نوسینی کاک هاشم کەریمی. لاپەڕەی 363و364

وەرگیراوە لە لاپەڕەی کاک هیوا گوڵ محەممەدی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی