١ / بۆ یەکەمین جار لە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتی فارسی ئێرانیدا، و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ژێر هەر ناو و بیانوویەک و هەرمەبەستێکی دیکە بووبێت، کە بێگوومانیش مەبەستی لە پشتەوە هەیە.
لە کۆی گشتی دەسکەوتێکی گەورەی سیاسیی و ڕێشەی ومێژووییە بۆ پێناسەی گەلێکی نیشتیمان داگیرکراوی وەک کوردستان، کە ساڵانێکی زۆرە لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە حاشا لە بوونی دەکرێت، و نەوە دوای نەوەی خۆیان لەم گەلە خراپ تێدەگەیاند، کە چی ئێستا بۆ خۆیان دانی پێدادەنێن و ئاڵاکەی لە ڕێزی ئاڵای پێشوازی سەرۆکی وڵاتانی دیکەی جیهان هەڵدەکەن.
هەروەها لە بواری دیکەشدا نیشانەی سەرکەوتوویی سیاسەتی ژیرانە و سەنگینانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە باشووری وڵات، لە ئاست ڕووداو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.
٢ / وە درۆخستنەوە و دەمکووتانێکی باشیشە بۆ ناشیونالیستەکانی فارس و تورک وعەرەبەکانە. بە تایبەتیش زەقبوونەوەی کێشەی ناوخۆی ئاخووندەکان و باڵی سوپای پاسدارانە. کە سوپای پاسداران هەمیشە هەولێ ئەوەی داوە، ناوچە کوردستانییەکانی ئەو بەشە بە باکووری ئێراق ناوببرێت، بەڵام دوێنێ دیتمان ئاڵای وڵاتێک بە ناوی کوردستان و دوور لە ئاڵای ئێراق هەڵکرا.
٣ / سەلماندنی پێداگری و مانەوەی گەلێکی کوڵنەدەری وەک کوردە، بە تایبەت لە بەشی باشووری کوردستان، کە سەرەڕای دەیان کێشەی درووستکراوی دەرەکی، ماکیاجکردنی گوایە وەک کێشەیەکی ناخۆیی، و نان و بووجە برینی چین و توێژەکانی ئەم گەلە، بە مەبەستی درووستکردنی ئاژاوە لە شەقامی کوردی، و بە چۆکدا هێنان و تێکدانی دەسەڵات و دەسکەوتی کوردی. سەرەڕای دەیانجۆر گەلەکۆمەی داگیرکەران، کە تا ئێستاش ئەم دەسەڵاتە لە باشووری کوردستان هەر درێژەی هەیە. بەڵام مانەوە و خۆڕاگری گەلی کورد و پێداگری لە سەر درێژەدان بە حکوومەتداری، و هەوڵدان بۆ پێشکەوتنی زیاتر وبەرەنگاربوونەوە و پووچەڵکردنەوەی گشت هەوڵەکانی داگیرکەران. وایکردووە کە دوژمنان و نەیارانیشی، جۆری دژایەتی کردنیان کە ڕوو بە شکست بووە، بگۆڕن و بە شێوەی دیکە هەوڵبدەن لەگەڵ ئەم گەلە پێوەندی لە بەرژەوەندی خۆیان درووست بکەنەوە، هەر چەند هەموو هەوڵ و تەکتیکەکانیان ژەهراوی و مەبەستدارە.
٤ / ڕوونە کە ئێران لە هەڵکردی ئاڵای کوردستان سیاسەتی نۆی بە کار هێناوە، بەڵام لەوە ڕوونتر ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەو گۆڕانکارییە ژیرانە توانی کەڵکی نەتەوەیی لێوەربگرێت، و ئێران ناچار بکات لە ئاست مێژوودا دان بە ئاڵاو گەلی کورددا بنێت. کەوابێت ئەگەر سیاسییەکانی وڵاتی داگیرکراوی ئێمەش بەو شێوەیە ژیرانە سیاسەت بکەن. هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە ڕووبدات، دەتوانرێت لە هێندیک بواریشدا دەسکەوتی نەتەوەیی بەدەست بهێنرێت.
هەوڵی ئێرانی سەردەمی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی و شتی تر:
ئێرانی سەردەمی کابینەی ڕەئیسی، کە ئێرانێکی پڕاوپڕە لە قەیرانی ناوخۆیی و کێشەی دەرەکی، دەیەوێت بە شێوەیەکی نوێتر و فریودەرانەتر سیاسەت لە ناچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین بکات. بە تایبەت لە پاش دوورکەوتنەوەی کاتی ئەمریکا لە هێندێک لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین. کە دەڵێم کاتی، مەبەستم لەوەیە وێدەچێت لە٣ ساڵی داهاتوودا کۆماریخوازەکان بێنەوە سەر دەسەڵات، و سیاسەتەکانی ئەمریکا وەک ئەزموونەکانی پێشووتر پێچەوانە بکەنەوە.
ئێران بە تەواوی لە ئێراقێک کە خۆی لە خەیاڵیدا داینابوو ڕوو بە شکست بووە، و دەزانێت ئەو خەونەی کە بە ئێراقەوە دەیبینی، لەوە زیاتر بۆی ناچێتە سەر. لە خۆپێشاندانەکانی ئەوم ٢ ساڵەی دواتری ئێراق و سووتاندنی ئاڵای ئێران و کۆنسوولگەرییەکانی ئێران لە ناوچە شیعەنشینەکانیش، وڵامی تەواوی خۆی وەرگرتووەتەوە.
بۆیە ئێران دەیەوێت زیاتر فوکوس لە سەر کوردستان بکات وەک دەسەڵاتێکی دامەزراوە و پووختەتر لە ناوچەکە، لە سیاسەتی دژایەتی و تێوەردانی شارە زەردەواڵەی ( زەرگەتە ) شیعەکان بکات، بگۆڕێت بە شێوەی پشتگیری مەبەستدار، بۆ ئەوەی وانیشانبدات کە ئەگەر کوردەکان لەگەڵ ئێران دۆست و نزیک بن و لە ئەمریکییەکان دووربکەونەوە، دەسکەوتی سیاسی و ئارامی زیاتر لە خۆیان دەبینن. دڵنیاین کە سیاسیەکانی باشووری وڵاتیش لەم یارییە باش ئاگادارن، و ئەوەیش کە دەبینرێت، لەگەڵ یارییەکە باش دەچنە پێشەوە و ناهێڵن وەک دەیەکانی پێشووتر بە ئاسانی لەم یارییە نوێەدا گۆڵیان لێبکرێت.
کۆمێنت وبۆچوونی سەیر و سەمەرەی هێندێک لە کوردان.
لە دوێنێوە کە بینراوە بۆ یەکەمین جار ئاڵای کوردستان، لە پایتەختی یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری لە مێژینەی خاکی کوردستان هەڵکراوە، بەشێکی کەم بەڕق و کینەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، هەر ئەو جۆرە خەڵکە لە کاتێکدا سەرانی کورد سەردانی پایتەختی داگیرکەرانی کوردستانیان کردبایە و ئاڵای کوردستان لە پشت سەریانەوە دانەنرابایە، دەیاندانە بەر پەلاماری گاڵتەو ڕەخنەوە، لە هەموو زەقتر دەستەواژۆی ئاڵاکەتان جوانە؟
بەو هیوایە هەڵسەنگاندننی کێشەی نەتەوەیەکی زیاد لە ٥٠ ملۆێنی خاکداگیرکراو، تێکەڵ بە هەڵسەنگاندنی کێشەی تاکی و حیزبی نەکرێت، چەندە بە شتە خراپەکان دەگووترێت خراب، حەقوایە بە باشەکانیش بگووترێت باش، تا ڕیگە درووستەکان زیاتر خۆیان ببینەوەو کاریان لە سەر بکرێت.
٦ / ٨ / ٢٠٢١