"an independent online kurdish website

بنەماڵەی ئیمانوێل لە سوید بار دەکەن بۆ سانتپیترسبۆرگی رووسیە و لەوێ دەگیرسێنەوە و ئیمانوێل لەوێ کۆمپانیایک دادەنێ، پاش ماوەیەک ئەم کۆمپانیایە هەڵدەشکێ و ئیمانوێل مایەپووچ دەبێ.

 ماریتای خێزانی ناوبراو کە لە ناز ونێعمەتدا ژیاوە ناچار دەبێ لەبەر هەژاری و مایەپوچیی مێردەکەی بە شوێنی کاردا بگەڕێ و کارێکی دەست پێ کەوێ. ئەوە بوو لە دوکانێکی سەوزە و شیرفرۆشی کارێکی دۆزیەوەو لە بەیانیان زوو تاکو ئێوارە لەوێ کاری دەکرد، لە هەمان کاتدا منداڵێکی لاواز و هەژاریشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد بۆ کار و ئەم منداڵە هەژارەش هەر لە بەیانی تاکو ئێوارە لە شەقام و کۆڵانەکانی سانتپیترسبۆرگ خەریکی شقارتە فرۆشتن بوو بۆ ئەوەی یارمەتی دایکی بداو بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان دەست کەوێ. ئەم منداڵە هەژارە بەو سەرماو سۆڵەی ئەو شارە و بە زکی برسی ڕۆژ تاکو ئێوارە دەجووڵایەوە و ئەم سەرو ئەو سەری شەقامەکانی دەپێوا بۆ ئەوەی شقارەتەیک بفرۆشێ، تاکو لەو هەژاریە بتوانێ یارمەتی بنەماڵەکەی بدا.

ئەم منداڵە هەژارە ئالفرێد نۆبێل بوو، کە دوایی بوو بە گەورەترین زانای جیهان و هیچ کەسێک نیە وەک نۆبێل هەموو ساڵێک لە مانگی دیسامبێردا لە جیهاندا یادی بکرێتەوە. نۆبێل بەو ناوناوبانگەی کە هەی بوو هێشتاش هەر هەیەتی زۆر سادە و بێ فیس ژیاوە. لەم ڕۆژانە سەردانی گۆڕەکەی نۆبێلم کرد و بۆ زانیاری پێم خۆش بوو بزانم گۆڕەکەی چۆنە و چۆنیان ڕازاندووەتەوە. کە نزیک بوومەوە ئەو کرێکارانەی لە گۆڕستانەکاندا زەحمەت دەکێشن و کار دەکەن، کەسێکیان خەریکی شۆردنی کیلی گۆڕەکەی نۆبێل بوو. ڕاوەستام تاکو کارەکەی تەواو کرد و ئینجا فەرموی لێ کردمو چوومە پێشەوە ولای گۆڕی نۆبێل. پاش بیرکردنەوە و لێکدانەوە بۆ خۆم بیرم کردەوە کە کەسێکی بەناوبانگی جیهانی وەک نۆبێل گۆڕێکی سادە و ساکار و تەنیا لەسەر کیلی قەورەکەی نووسراوە نۆبێل. زۆر سادە و بەبێ ڕازاندنەوەو وەک هەموو گۆڕی ئەو خەڵکانەی تری کە لەوێ نێژراون. لە گۆشەیەکی قەورسانی سولنا هەڵکەوتووە و تەنانەت کەسیش بەلایدا ناڕوا… بەڵام گۆڕی سەرکردە و پیاو کۆژەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، جگە لە کوشتن و تۆقاندن و ڕفاندن و نابوود کردنی خەڵکەکەی هیچی تریان بۆ نەتەوەکەیان نەکردووە کەچی گۆڕەکانیان دەکەنە کۆشک و تەلار و بە زێڕ دەیڕازێننەوە. دەیانەوێ بە مردوویش خەڵکی سوجدەیان بۆ ببا. بەڕاستی دنیایەکی سەیرە. نۆبێلی داهێنەر و بەخشەر وەهایە و سەرکردە بکوژەکانی وڵاتانی بەڵا لێدراوی ئێمەش لە ژیانیاندا هەر دزی و کوشتن پیشەیان بووە وەها دەیانڕازێننەوە؟؟

ئالفرێد نۆبێل

ناوی تەواوی (ئالفرێد بێڕنارد نۆبێل Alfred Bernhard Nobel) ە لە ٢١ی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٨٣٣ لە شاری ستۆکهۆڵم لە دایک بووەو لە ١٠ی دیسامبری ساڵی ١٨٩٦ لە شاری سان ڕێمۆ، لیگورییەن لە ئیتالیا کۆچی دوایی کردووە.  ناوبراو شارەزای زانستی کیمیا، شیمی، داهێنەری دینامیت، شارەزای بواری تێکنیک، بنیاتدانەری کۆمپانیای تەکنیکی، بەخشەر، ئەندازیار و دانەری خەڵاتی نۆبێل. ناوی باوکی ئیمانوێل نۆبێل و لە مانگی مارسی ساڵی ١٨٠١ لە شاری یەڤلە لە دایک بووەو لە ٣ی مانگی سێپتامبری ساڵی ١٨٧٢ لە هێلێنابۆری لە ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کردووە. ئیمانوێلیش ئەندازیار و کەشتیی سویدی دروست کردووەو ئارشیتێک و داهێنەریش بووە. ئیمانوێل لە ساڵی ١٨٢٧ لەگەڵ کارولینا ئاندریتا ژیانی هاوسەری پێک دێنن و چوار کوڕیان دەبێ بە ناوەکانی ڕۆبێرت، لوودڤیگ، ئێمیل و ئالفرێد نۆبێل. هەڵبەتە ئیمانوێل هەشت منداڵی بووە کە تەنیا ئەم چوارەی بۆ ماوەتەوەو ئەوانی تری هەر بە منداڵی مردوون. ڕەچەڵەکی بنەماڵەی نۆبێل دەگەڕێتەوە بۆسەر پێتر نۆبیلیوس Petter Nobelius کە (بەخشداری) ئۆپلەند بووە و لە بنەڕەتدا خەڵکی دوورگەی ڕۆژهەڵاتی سکۆنەیە Skåne و لە ساڵی ١٧٠٧ کۆچی دوایی کردووە.

نۆبێل کەسایەتیەک و زانایەکی جیهانیە و داهێنەری دینامیت و دانەری خەڵاتی نۆبێلە کە هەموو ساڵێک لە مانگی دیسامبردا لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە.

لە ساڵی ١٨٤٢ بنەماڵەی نۆبێل بار دەکەن بۆ سانت پێترسبۆرگ و کارگەی میکانیکیەکەی باوکی نۆبێل هەڵدەشکێ واتە مایەپووچ دەبێ و بنەماڵەکەیان تووشی هەژاری دەبن و دایکی نۆبێل ناچار لە دووکانێکی شیر و سەوزە فرۆشی کار دەکا. لە هەمان کاتیشدا ئالفرێد دەست دەکا بە کرمیت، کبریت یان شقارتە فرۆشتن لە شەقامەکاندا و هاوکاری بنەماڵەکەی دەکا. دیسانەوە باوکی کۆمپانیەیەکی تر بنیات دەنێتەوەو تێدا سەردەکەوێ تاکوو شۆڕشی ڕووسیە ڕوو دەداو ئینجا ساڵی ١٨٥٩ دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی سوید.

ئالفرێد خوێندنی لە زانکۆکانی ئۆرووپا و ئامریکا لە بواری دینامیت و کیمیا و تێکنیک تەواو کردبوو، تەنانەت پێنج زمانی فەرانسەیی، ئینگلیزی، ئاڵمانی ، ڕووسی و ئیتالیی زانیوە. ئالفرێد لە ژیانیدا هاوسەرگیری پێک نەهێنا. ناوبراو لە بواری تێکنیک و داهێنان سەرکەوتنی زۆری بەدەست هێناو بازرگانێکی زۆر گەورەو سەرکەوتوو بوو. ناوبراو خاوەنی ٩٣ کارگە و کۆمپانیا بوو لە ٢٠ وڵاتدا. جگە لەوەی بازرگان و تێکنیکر بووە، نووسەریش بووە زۆر جار هۆنراوەی بە زمانی سویدی و ئینگلیزیش نووسیووەو و لە بواری نووسینی شانۆش سەرکەوتوو بووە.

ئالفرێد لە ساڵی ١٨٦٧ دینامیتی دۆزیەوەو و لە ساڵی ١٨٦٧ پاتێنتی بۆ دۆزینەوەی دینامیت وەرگرت و بەو کارەی دنیای بەرەو پێشکەوتنی گەورە گۆڕی، هەرچەند ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە بواری چەکەوە دژی مرۆڤایەتی بوو بە گشتی.

ئالفرێد نزیکەی ٣٥٠ پاتێنتی بۆ کارو داهێنانە جۆراوجۆرەکانی وەرگرتووە.

بە پێی وەسیەتنامەی ئالفرێد خەڵاتی نوبێل لە ساڵی ١٨٩٥دامەزراوە و ئەم زانایانە لە بواری کیمیا، فیزیک، وێژەیی یان ئەدەبیات و مێدیسن، زانستی تەندروستی سالانە ئەم خەڵاتی نۆبێلە دەبەنەوە. هەروەها لە ساڵی ١٩٦٨ بانکی ناوەندی سوید ئەو کەسانەی کە لە زانستی ئابوری سەرکەوتوو بوون، ئەم خەڵاتە دەبەنەوەو سویدیش ئەم خەڵاتەی بۆ یادی نۆبێل پێ زیاد کردووە. هەروەها کۆمیتەی ئاشتی بۆ نۆبێل لە ئۆسلۆی پاتەختی نۆروێژ دابەش دەکرێ.

تاکو ئێستا زانایانی نزیکەی ٧٥ وڵات خەڵاتی جۆراوجۆریان بردووەتەوە بۆ وڵاتەکانیان و زۆرترین براوە زانایانی ئامریکان و دوای ئەویش بریتانیا، ئاڵمان، فەرانسە و سویس و سویدیش بۆ خۆیان ٣٠ خەڵاتیان بردووەتەوە. نزیکەی ٩٠٠  زانا خەلاتیان بردووەتەوە کە تاکو ساڵی( ٢٠١٥)،  ٨٢٥  پیاو و ٤٩ ژن و ٢٦ ڕێکخراوە براوەی نۆبێل بوون.

خەڵاتی نۆبێل ساڵانە لە ١٠ دیسامبێرکە دەکاتە ڕۆژی مردنی ئالفرێد نۆبێل دەبەخشرێ، تەنانەت ئەو ڕۆژەش لە وڵاتی سوید بە ڕۆژی نۆبێلیش بەناوبانگە. خەڵاتەکەش بۆ هەر براوەیەک دە ملوێن کرۆنی سویدی یان یەک ملوێن دۆلاری ئامریکییە و دیپلۆمێک و میداڵێکی زێڕە لە لایەکی وێنەی نۆبێل و لە لایەکی تری ناوی براوەکە دەنووسرێ. قورسایی میدالیەکە ٢٤٠ گرام و ٢٤ کاراتە ئێستا گۆڕاویانە بۆ ١٨ کارات.

حەمید تەیموری

٢٧|١١|٢٠٢١

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی