"an independent online kurdish website

چاوخشاندنێکی خێرا بە بەشێک لە بەرهەم و زمانی وەرگێڕانی نەمر “ماموستا هەژار”

 ماموستا هەژار؛ شاعیری نەتەوەیی (سەردەمی کۆماری کوردستان)، وەرگێڕ، زمانزان، فەرهەنگنووس و نیشتمانپەروەری کورد لەو دەستە کەسایەتییانەیە کە لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا زۆر نین و نەک هەر چینی هەڵبژاردە و ڕووناکبیر و خوێندەوار دەیناسن و شانازی پێوە دەکەن بەڵکوو سەرجەم چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بەهەزاران مناڵیان بەناوی دەکەن، ئەمە نەریتێکی جوانی کوردەواری و جیهانییە و بەم شێوەیە گەل مافی خۆی پێ دەبەخشێت. بەجۆرێک کە ئێستا دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ، کاریگەریی هەژموونی زمانیی و قەڵەمیی ناوبراو بەسەر زمانی کوردیدا ماوەتەوە. “هەژار” لەو چینە ڕووناکبیرە نڤیسیارانە بوو کە کەمتر لێدوانی دەدا و زۆرتر دەینووسی و بە کردەوە ئەوەی سەلماندبوو کە دەبێ خزمەتی زمانەکەی بکات. ئەو بۆ ئەو مەبەستە هەموو باغێکی بەسەر کردەوە و شتڵ و نەمامێکی لێ چاند! گوڵێکی ڕواند کە بۆنی وەک تەمەنی درێژ کردەوە و هەتاهەتایە زمانی کوردیی لەژێر سێبەری ئەو داروگوڵ و شینکایە لێی حەساندەوە و لە فەوتان و ژاکاوی ڕزگاری کرد و نەیهێشت سیس و وشک بێت. ئەو بەرهەمانەی ناوبراو بەئانقەست و ئاگاهانە قەڵەمی بۆ برد و وەریگێڕانەوە سەر زمانی کوردی، لەو دەستە بەرهەمانە بوون کە هەتا پێش ئەو هیچ کەس یان کەم کەس دەستی بۆ بردبێت و ئەو بەجۆرێک زیندووی کردنەوە و زیاتر بە گەلەکەی خۆی ناساندن تەنانەت خەریک بوو بەسەرمان دا بسەپێ کە زمانی کوردی توانای زۆر وەرگێڕانی نییە و قەوەی بە هەندێک زانست ناشکێ، ئەم بۆچوونەشی کردە بڵقی سەر ئاو!

لەباسی زمان دا هەر بابەت و مژارێک زمانی تایبەتی خۆی هەیە وەک چۆن دەڵێن زمانی ژۆڕنالیستی، زمانی شێعر یان … کە ئەمانە هەرکام تایبەتمەندی زمانیی خۆیان هەیە. لە هاسانترین مانادا، زمان جگە لە ئەوەی کە کەرەسەیەکە بۆ پەیوەندیگرتنی مرۆڤەکان، بەڵام کارکردی دیکەشی هەیە و ئەوەیش بڕگەیەکە لە جۆرەکانی زانست و هونەر، بۆ وێنە لە هونەری شێعردا، وشەکان ڕێک ئەو ڕۆڵەی دەگێرن کە دەنگەکان لەناو مۆسیقادا یان ڕەنگ لە نیگارکێشی دا و لەش لە پەیکەرتاشی دا. لێرەشدا ماکی هونەر وشەیە کە زمانێکی تایبەتی دەوێ بۆ خوڵقاندنی، هەربۆیە شاعیر سەربەست و ئازاد نییە کە چ وشەیەک بەکار ببات (هەڵبەت ئەمە لە شێعری کلاسیکدا زۆر باوە بەڵام ئێستا بە شکاندنی ئەم نەریتە لەو شێعرە نوێیانەدا ڕەنگبێ ئەو ڕێسایە زۆر لەبەرچاو نەگیرێ). لێرەدایە کە هونەری زمانیی و زمانناسی ماموستا هەژار دەردەکەوێ کە چەندە ژیر و زانا بووە بۆ هەرکام لەو مژارانەی ئاوەزمەندانە هەڵیبژاردوون، زمانی تایبەت بە خۆی هەیە. نموونەیەک لە وەڕگێڕانی قورئانی پیرۆز ئایەتی “مەسەد”:

وەناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە

١.ئەبوولەهەب هەردوودەستی شەلە بێ و عەمری نەمێنێ.

٢.نە سامانی و نە ئەوەی پەیدای کردووە بەهرەی بۆدا.

٣.هەربینا، ئاگری بەگڕ ئەیسۆزێنێ.

٤.ژنەکەشی دەستەچیلە بە کۆڵ دێنێ.

٥.گورزەهۆنی سیرمەی دۆبادی دەملدا.

ماموستا هەژار لە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆزدا هەوڵی داوە لە هەموو توانا و دەفرایەتی زمانی خۆی کەڵک وەرگرێ و زیاترین تێکچڕژاوی زمانیی لە ڕووی جوگرافیای وشەی کوردیدا بەکار هێناوە و لە هەموو زاراوەکانی کوردی کەڵکی بەجێی وەرگرتووە کە ئەمە لە جێگای خۆشیدا ڕەنگبێ جۆرێک خۆڕانانی زمانیی بێ بۆ ئەوکەسانەی پێیان وابووە کە کوردی ماتەوزەی وەرگێڕانی قورئان یان هەر دەقێکی فەلسەفی و ئایینی و زانستی تێدا نییە.

“پیاوی هەژار، پیاوی بێ هێز -با چاکیش بێ، با پاکیش بێ- بەرچاو نییە. نەدار سووکە لەبەر چاوان؛ ناخرێتە ناو ڕیزی پیاوان. کەس فەقیری پێ پیاو نییە. بەڵام هەرکی خاوەن زێڕە، خاوەن زۆرە، ئەگەر پیسە، ئەگەر ڕەشە، ئەگەر بۆرە، لە بەر چاوان زل و زۆرە. دەراوی دەمی ناخۆش بێ، دەم پیس بێ، جنێو فرۆش بێ، دەڵێن پیاوێکی زۆرزانە، لفت خۆش، گفت ڕەوانە؛ قسەی جوانە، کاری جوانە، شارەزای شارەزایانە.” ئەمە پێشەکی دەقی کتێبی “یەک لەپەنا سفر و خاڵی بێ بڕانەوە”ی دکتور شەریعەتییە، کە ڕەنگبێ ئەگە خۆی مابا و کوردی زانیبا و ئەو دەقەت بۆ خوێندباوە شاگەشکە ببا!

یان لە کتێبی “ئارێ برا! واڕابرا” ئاوای وەرگێڕاویتەوە: “زۆرداران و گەلخۆرانی بەری ئەوبەری دەریاکان – کە وەکوو داڵ لە شوێن کەلاکان دەگەڕێن – لە چەندبەرەکی و ناڕێکی و کەنەفتی و کاڵای بە قیمەت و نەفتی ئێمە وەخۆ کەوتن. بە ناوی شارستانیەتی سپیپێستان، بە ناوی ئاواکردنەوەی وێرانبووی وڵاتانی تر، هێرشیان هێنا و دەمیان تێناین. گەورە و گچکە و سپی و زەڕی و ڕەش و بۆریان کردە ئاژاڵی دۆشین و هەموو ڕەنج و تێکۆشینمان بە ڕێی ئاودا بەرەو ڕۆژاوا بار کرا. لە بەرانبەر ئەم کارەدا بە ناوی ئەو ئازادبوونەی کە خۆیان ناویان لێ ناوە و لە ڕاستیشدا بۆ هۆش کوشتنمان ژەهراوە، کردوویانینە کۆیلەی خۆ و تەگبیری سەربەخۆ بوونی خۆماڵیمان لە مێشک و دڵ، داتەکاوە.”

کەسێک بیهەوێ دوو دەقی وەرگێڕدراو هەڵسەنگێنێت دەبێ بەسەر هەردووک زمانەکەدا زاڵ بێ و بنج و بناوانی ئەو دوو زمانە باش بناسێت، ئێمە کە سەرەتەقەیەک لە زمانی فارسیش دا دەکەین بە لەبەریەک گرتنی ئەو دوو دەقە شادەی ئەوە دەدەین کە “ئەلحەق” زمانەکەی هەژار پاراوتر، جوانتر و ڕەوانترە. ئەمەیە هونەری زمانی هەژار کە دەتوانێ دەقێکی ئایینی فەلسەفی بە زمانێکی پاراو، پەتی و ساکاری کوردی بنووسێتەوە و کوردی خوێندەوار و نەخێندەواریشی پێ سەرخۆش بکا. بەڵام کە باسی ماموستا هەژا دەکرێ خێرا “خەییام” و چوارینەکانی دێننە بەرچاوانمان و هەرنەبی یەک دوو چوارینە خۆ دەخزێننە مێشکمان کە ئەگە بەراوردێکیان لەتەک یەک بکەین، ئەو قسەیەی کە دەگوترێ چوارینەکانی خەییام بە هەژارییەوە ناسراوە، چەندە لەجێی خۆی دایە:

ڕاستت دەوێ کاکە؟ لێم ببیسی چاکە

جوانێکی پەیاکە، بادەیەک پێداکە

خوا کاری جیهانی کرد و لێ بۆوە ئیتر

لە سمێڵی من و لە ڕیشی تۆ بێباکە

خیام:

ای دوست حقیقت شنو از من سخنی

با باده لعل باش و با سیم تنی

کانکس که جهان کرد فراغت دارد

از سبلت چون تویی و ریش چو منی

یان ئەو چوارینەیەی لەبەر یەک هەڵوەشاندوویەتەوە و کورداندوویەتی:

ڕابوێرە بە سەربەرزی بە نان و ئاوێک

سەر دامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێک

لەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا

مەردایەتی مەفرۆشە لەپێناو تاوێک

خیام:

یک نان به دو روز اگر بود حاصل مرد

از کوزه شکسته‌ای دمی آبی سرد

مامور کم از خودی چرا باید بود

یا خدمت چون خودی چرا باید کرد

بە ڵام دوو وەرگێڕانی “شەڕەف نامە و مێژووی ئەردەڵان” جیاوازییەکی تایبەتیان لای من هەیە، یەکەم لەبەر ئەوەیکە خۆم حەزم لە مێژوو و بەسەرهاتی کەسایەتی و هۆز و عەشیرەتەکانی نەتەوەکەمە و دووهەمیش چوونکە زمانی ماموستا هەژار لەو دوو دەقەدا ئەوەندە بەهێز و بەپێز و شیرن و ڕەوان و جوان و چاک و پاکە، مرۆڤ پێی خەنی دەبێ! و جیا لەوەیکە بە قەڵەمێکی سەنگین و ڕەنگین دایهێناوە، تامی شیرنی دیرۆک دەنیشێتە سەر ڕوح و ڕەوانی بنیادەم. ماموستا لە سەرەتای “مێژووی ئەردەڵان”ی (مەستوورە) دا دەڵێ: “لای زانایان هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک لە جیهاندا، وەک ئەو دارەن کە جێگەی لە لێرەوار؛ هەر دارێ پتر ڕەگدارە، زۆرتر لە داری کەم ڕەگتر خۆی لەهەمبەر گێژەڵووکە و ڕەشەبا و باهۆز و تووشی و بەفر و بۆران و کڕێوە و بێ ئاوی و لافاو ڕادەگرێ. تەنانەت کە بشبردرێ بە یەکجاری بنەبڕ نابێ و لەبن نایە، لە ڕەگ و ڕیشەی بڵاوی پرزەداری بە ناخی زەمیندا ڕۆچووی -زوو یان درەنگ- دووبارە هەڵدەداتەوە و دیسان بەخۆدا دێتەوە و سەری بەرز دەکاتەوە.” لێرەدا دەبینین کە وەرگێڕ چۆن بە وشەکان کایە دەکات و پتر لە چەند مانا و چەمک بۆ یەک وشە دێنیتەوە کە هاومانان و لە زاراوەکانی کوردی دا هاوبەشن و خۆی فەرهەنگێکی وشەی تێدا ڕۆناوە. یان لە باس و بەسەرهات و گێڕانەوەی کەسایەتییەکانی ناو “شەڕەفنامە” دا ئەوەندە جوان و ساکار و خۆماڵی و کوردانە و مەردانە وەرگیڕاویتەوە کە خودی میر شەرەفخان ئاوای نەڕازاندووتەوە کە ئەمە هونەرێکە بۆ ئەوەیکە بەردەنگی کورد لای ئەوەندە گرنگ و بەتام بێ، وازی لێ نەهێنیت و بەردەوام بێ لە خوێندنەوەی هەتا لەسەر دیرۆک و مێژووی نەتەوەکەی زانیاری هەبێ و ئاگاداری بی.

“مەلیک ئەشرەف لە دیمشقدا لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی جێگیر بوو؛ لەڕاستی دا خێر و بێرێک بوو خودای گەورە بۆ داماوان و لێقەوماوانی ناردبوو. هەتا خوا حەزکا دلۆڤان و دڵنەرم و بەکار و کارزان و خوێن گەرم و بەمشوور و ڕێک و پێک و بەدام و دەستوور و دەست پاک و ئاکارچاک و لە بەدفەڕی بەدوور بوو، هەموو خەڵکی شام شەو و ڕۆژ بۆی دەست و دووعا بوون، کە ئەو پادشا خاوەن داد و ئەو بەهرەی خودادادەیان لێ نەستێنێ، سەرداران وسەربازانی لەشکری ئەو ساتەیان لەخودا دەویست کە فەرمانیان بۆ دەربکا و خوێنی خۆیانی بۆ بەخت بکەن و کۆسپی سەر ڕێگەی تەخت بکەن، خوێندەواری زۆر خۆش دەویست و پەرەی زۆری بە خوێندن دەدا، گەلێک فێرگە و زانکۆی گرینگ و پڕبایەخی بنیات نان و ماموستای هێژای بەسەرەوە نان …”

ئەو چەند پاڕاگرافە مشتێکە لە خەراورێک و دڵۆپێکە لە پاناوێکی بن بنی نادیاری. هەتا زمان هەتەر بکا ڕەوان و ڕەگدار کە زمانی کۆڵەواری بێ خاوەن (دەستەڵاتی سیاسی -حکومەت) لە مەرگ ڕزگار بکا، ماموستا هەر بە تەنیا کاری یەک ئەنستیتۆی مەزن کە سەدان کەس کاری تێدا دەکەن، کردووە و هەر بەو وەرگێڕانانەش نەوەستاوە و مەزنترین کاری زمانیشی کردووە کە ئەویش نووسین و کۆکردنەوەی وشەی کوردییە لە قالبی فەرهەنگێک دا بە ناوی “هەنبانەبۆرینە” کە ڕاستە یەکەم فەرهەنگی کوردی نەبووە و پێشتریش چەندین فەرهەنگی بەپێزی دیکەی لە کەسایەتیە ئەدەبییەکانی کورد هەبووە بەڵام ناوبانگی هیچکامیان ناگاتە “هەنبانە بۆرینە” و ئەگە ماموستا مابا بەدڵنیاییەوە پەرەی زیاتری پێدەدا و لەبواری وشەی کوردییەوە دەوڵەمەندتری دەکرد. هەژاری هێژا و خودان ئاوەزی بەهێز چەندین دەقی چەتوونی عەرەبیشی وەرگێراوەتەوە سەر زمانی فارسی کە نمونەی هەرە بەرزی دەتوانین ئاماژە بە “قانون در طب”ـی ئەبوعەلی سینا بکەین کە وەرچەرخانێکی مەزنی لە وەرگێڕانی زمانی عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی فارسی کردووە، ئەمە واتە شارەزای زۆر باشی لە زمانی فارسی و عەرەبی دا هەبووە. یان بە قەولی خۆی زۆرجاریش نانی بە نانی خواردووە! جیا لە شەرحێک لەسەر شاعیری مەزنی کوردی سەدەی ١٤(مەلای جزیری) “مەم” و زینی”ـیشی لە کرمانجی سەروو کردووتە سۆرانی و شاکارێکی لێ خولقاندووە کە وەک خۆی دەڵێ ئەم چیرۆکە مەنزوومەییە شان لە شانی بەرهەمە جیهانییەکانی کەسانی وەک شکسپیر دەدات.

بەڵام بە ڕوانینێکی دیکەوە دەتوانم بڵێم؛ “چێشتی مجێور” لە ڕووی زمانی و مێژووی شەفاهییەوە دەگمەنە و جیا لەوەی کە دەیان جار چاپ و بڵاو بۆتەوە و بە دەنگیش ئێستا دەکرێ گوێی بدەیەی، شاکارێکی زمانی و گێڕانەوەییە کە خوێنەر لێی تێر نابێ. “چێشتی مجێور” فێری ژیان و کۆڵنەدان و خەبات و ئازادیخوازی و نووسین و بیرکردنەوە و وڵام دانەوە و سەرسەختیت دەکات! زمانی شیرین و ڕەوان و پەتیی ماموستا ئەوەندە کوڵاوە، هێسک و پرووسکی پێوە نەماوە و وەک کاکڵەگوێز خاوێن و پاقژ و بێگەرد ڕازاندوویەتەوە کە هیچ بووکێک بە تارای سووریشەوە ئەوەندە ناسک و لەبار و جوان و لەبەردڵان نییە.

لە سەد ساڵەی لەدایک بوونی ماموستا هەژار، هەزاران سڵاو دەنێرم بۆ ڕوحی نەمری و ئاواتەخوازم هەموو تاکێکی کورد بەرهەمەکانی ئەو زانا و دانایە بخوێنێتەوە و لێیان فێر بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی