"an independent online kurdish website

گۆمان لەوە دانیە نـابـەرانبەری و زوڵـم و زۆر دەهـەق بە ژن لە ڕابردوو بگرە ئیستاش دەگەڵی کـراوە و دەکرێ. هـەر چەنـد بـەخۆشیەوە دەگەڵ پێشکەوتـنی زانست گۆڕانی بەسەردا هاتەوە

و کاری زۆری بۆکراوە دەکەرێ بەڵام بنەبڕ نـەبـووە. دیـاردەیەکی قـێزەونـە هەر تایبەتی کوردیـش نـیـە بـەڵام مخابن هێندێک جۆرێک قسە دەکەن هەر دەڵێی ئەو تاوانە مەزنە هەر کورد ئەنجامی داوە! دنیا هەر ڕەش و سپی نیە، نە هەر ژن چاکە و زوڵمی لـێکراوە، نە هەر پیاو زاڵمە و هیچی بە ژن نەداوە. لـە هەردوک لا چاک و خراپ هەیە لە هەردوک لا هەبوون و هەن کە بەمەیلی خۆیان ئەسپی خۆیان تاو داوە، ڕەنگە نیسبەتـەکەیـان کەمـتر یان زیاتر بێ! لەو نێوەشدا سەوداگەر هەن بەو بابەتە بازاڕ گەرمی بۆ خۆیان دەکەن و بەبێ تێڕوانین لایەک تاوانبارو لایەک بێتاوان دەناسێنن.

هەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیوەی کۆمەڵ کە پێی دەڵێن ژن، بە دژی جیاوازی لـە نێوان ئـەو دوو ڕەگەزەدا لە بـواری ماف و ئازادیەک کە بۆ مرۆڤایەتی دیاری کراوە ناڕەزایەتیان دەر بڕیوە . ئازادیەک کە لە ڕوانگەی منەوە جیا لە قانون و یاسای ناو دەوڵەتی خواش قبوڵی نـیە و مافی مرۆیانەی وەک پیاوی بە ژن داوە. دیـارە ئـەو ئـازادیـەی مـن پـێموایە مافی هەموو مرۆڤەکانە فەرقی هەیە دەگەڵ تەعبیرو تەفسیری هێندێک لە بەناو ڕۆناکبیرانی ئەوڕۆ. یان باشتر بڵێم: ئازادی دەگەڵ بەڕەڵایی بێسەرە و بەرەیی بەتەواوی لێک جیایە. خەبات بۆ ئازادی خەباتە بۆ وەدیهێنانی ماڤە مرۆڤانەکانی هەر تاکیکی کۆمەڵگا بەبێ وەبەرچاوگرتنی رەگەز و چین و توێژو تیرە و تۆرەمە. تەنیا مەرجی هەبونی یەکسانی لەو ماڤە دا، ئازادی و مرۆڤ بـونـە.

هەشتی مارس ڕێز لێنانە بۆ مێژوو خەبات و قوربانیدانی ژنانی کریکار کە لە کۆتایی سەدەی ١٩هەم دا هاتنە مەیدان و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دیواری لێک هەڵاواردنی ئەو دوو ڕەگەزەیان ڕوخاند و مافی یەکسانی خۆیان لـە بنەماڵـە و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەلماند. یادی ئەو ڕۆژە مەزنە و پیرۆزە و لە پێشدا لـە ژنانی کوردستان و دوایەش لە سەرجەم مرۆڤایەتی ئازدیخواز بەرز دەنرخێنم.

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاوڕێکی بە پـەلە لە خەبات و تێکۆشان و مـاف خـوازی ژنانی کوردستان بدەینەوە لە سەد ساڵێ ڕابردو دا، دەبینین کە ژنانی کوردستان سەرەڕای ئەو هەمو بەند و بەربەستەی لە سەر ڕێگای خەباتی پیاوان بۆ ئازادی هەبووە، ژنانی کورد زیدە لەوانـەش لـە لایـەن چەنـد چیـنی جـیاوازی دەسەڵات بە دەستی کورد وەک: ئاغا و شێخ و مەلا دیوار و بەربەستیان لە دەور کێشرا بوو ، دەچەوسێندرانەوە و مافیان پێشێل دەکرا، هێندێک نەزان و هەلپەرستیش چاویان لەوان کردوە ئەوەی نەدەبوو بیکەن ئـەنجامیان داوە. بـەڵام بـە ڕاشکاوی دەتوانـم بڵێم ژنان لە هەموو خەبات و تێکۆشانی ڕزگاری خوازانە و کار و کرداری بەڕێوەبردنی بنەماڵە و گەل دا دەوری کاریگەریان گێڕاوە، لە بەرەنگاری چەکداریشدا دەوریان هەبووە. شەهیدیان داوە بەند کراون لە داریش دراون. شێعری ئەختـەری مامۆستا هـێـمن بخوێننەوە کە نـمونـەی زیندوی ئـەو راستیەیـە کە من یەک لە سەدیشم بۆ نەکوتراوە. ئەوەی ڕۆژێک پێشمەرگە بووبێ دەزانێ ژنان چ نەخش و دەورێكی بەرخ و بەهەست و سۆزیان بۆ بەشداری لە خەبات دا گێڕاوە. ئێستا بەخۆشیەوە لە رێزی پێشمەرگە و سیاسەتیشدا چالاکن و جێگە و پێگەی ژنـان و کچانی کورد مایەی سەربڵیندی فەخر و شانازیە. ئەگەر بە چاوی بێغەرەزەوە بڕوانین ئەمرۆش لە کوردستانە داگیرکراوەکەمان دا ژنـان و کچان بـە هەست و بڕوا ، چۆن لە بۆنەکاندا بە جل وبەرگی کوردیەوە بەشداری دەکەن و زۆر لە پێشەوەی پیاوانـن. فـاتمـە محەمـمەدیمان دیـت کە لە حاڵی بردنی بـۆ بەندیخانە چۆن بە زەردەخەوە کوتێ: ( قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بـە بەندیخانەیە).  بۆ باس لە ڕۆڵی ژنی کورد ناچمە ناو کتێبان وشە و ڕەستەی بە ناو پێشکەوتۆیان بۆ بدۆزمەوە و پییان هـەڵبڵێم ، بەڵکو وەک کوڕە کوردێک لـە تەمەنی ١٤ساڵیڕا لە شارو گوندەکانی کوردستان گەڕاوم . نەمدیوە نەخشی ژن لـە ئی پـیاو کەمتر بـوبی ، بـەڵام شێوەکەی جـیاواز بـوەو . چینە زۆردارەکانیش هـەرچی هەیە بـۆ خـۆیان دانـاوەو زۆر بکەمی بـەشی ژنـانـیان داوە.! زۆر جار کوتومە و دوپاتی دەکەمەوە بۆ ناسین و ڕێـزگرتن لـە پـەلـە و جیگەی ژنـو بـایخـو نـرخی کـارو کردەوەکانی تـەنـیا لـە بیرتان نـەچی ژن دایکە و نـرخ وبـەهـای مـانـدوبـون و زەحمەتەکانی لەسەرەوەی هەمـو مانـدو بونەکانە. ڕیـز گرتـن و قـەدرزانی و وەفاداری بـۆ ژنـان لـە ڕاستیدا بـۆ دایکانـە .

ئەو ڕۆژە لە هەمو ژنانی کوردو جیهان پیرۆز بێی .

 براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی