کوردستان مێدیا”مستەفا هیجری” لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا وێڕای پێشوازی لە بڕیاری دادگای سوید دژی دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران “حەمید نووری”
داوای دادگاییکردنی باقی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ئێرانێکی ئازاددا کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیه:
حەمید نووری پاسدار وهاوکاری جیناتکاری زیندانی گەوهەردەشت کە لە پرۆسەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا لەو زیندانەدا دەستی هەبووە لە موحاکمەیەکی بێ لایەنە و لە دادگایەکی دادپەروەردانەدا لە سوید زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە.
هەر چەندە نیگەرانیی ئەوە هەیە لە داهاتوودا ناوبراو لەگەڵ یەک یا چەند زیندانی سویدی کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە بارمتە گیراون یا دەگیرێن گۆڕینەوەی پێ بکرێت بەڵام دەرکردنی ئەو حوکمە بەڵگەیەکی بەهێزی دیکە بوو لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران و لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەی قوربانییان و هەموو ئازایخوازانی ئێران.
بە هیوای ئەوەیکە باقی جینایەتکارانی دیکەی ئەو ڕێژیمە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دادگایەکی دادپەروەرانە لە ئێراندا دوای کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆیان بگەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
****
بابەتی پەیوەندی دار
ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی سەبارەت بە مەحکوومبوونی تێرۆریست “حەمید نووری”
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ـی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش ٩ مانگ دادگایی و لێكۆڵینەوە، دادوەری دادگای ستۆكهۆڵم “حەمیدی نووری” یەكێک لە تێرۆریستانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تاوانی شەڕ و كوشتنی بەئەنقەست لە ڕەوتی ئێعدامەكانی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم کرد.
یەكەمین دانیشتنی دادگای “حەمید نووری” ناسراو بە “حەمید عەباسی” یاریدەدەری پێشووی قازی زیندانی گەوهەردەشت ڕۆژی ١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١ دەستی پێكرد و ڕۆژی ٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢ كۆتایی پێهات.
دادگا لە ٩٣ دانیشتندا گوێی لە وتەی سكاڵاكاران و كەسی تاوانبار گرت.
ئەمە بۆ یەكەم جارە كە پاش زیاتر لە سێ دەیە لە كوشتاری بە كۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ لە زیندانەكانی ئێران یەكێک لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیە دادگایی و مەحكووم دەكرێت.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە لە هەموو كەسوكاری قوربانیانی هاوینی ٦٧ـی هەتاوی دەكات و بڕوای وایە كە مەحكوومبوونی حەمیدی نووری لە دەرەوەی ئێران، ڕیسوایی و مەحكوومبوونی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی نگریسی خۆی دژی ئازادیخوازانی ئێران بە گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت و تێرۆر، گیانی هەزاران مرۆڤی ئازادیخوازی ئەستاندووە. لە كوردستانیش كە هەر لە یەكەم ڕۆژەكانەوە كرایە ئامانجی دڕندانەترین شێوازی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم، بە هەزاران كەس بە تاوانی ئازادیخوازیی لە نادادگاكانی ڕێژیم بە مەرگ مەحكووم كران. هەر بۆیە مەحكومبوونی حەمید نووری مایەی دڵخۆشی خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان و ئێرانە.
***
ئاوێنە: لەسەر ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ناو زیندان دادگای سوید سزای هەتاهەتایی بەسەر بەرپرسێكی پێشوی ئێراندا سەپاند
دادگای سوید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نوری، یەكێك لە بەرپرسانی پێشوی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بەهۆی بەشداریی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ناو زیندان لە ساڵی 1988دا.
ئاوێنە: حەمید نوری، ئەندامی پێشوی سوپای پاسداران و یاریدەدەری داواكاری گشتی بوە لە زیندانی گەوهەردەشت لە كەرەج لە كاتی ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 1988 لە ئێران.
دادوەرانی دادگای سوید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، حەمید نوری، رۆڵی هەبوە لە سێدارەدانی زیندانیاندا و هەم هاوكاری ئەوانەش بوە كە دەستیان لە ئیعدامی زیندانیاندا هەبوەو بەڵگە پێشكەشكراوەكانیش ئەوەیان ساغ كردۆتەوە.
حەمید نوری لەلایەن داواكارە گشتییەكانی سویدەوە بە “تاوانباریی پێشێلكردنی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان و كوشتنی بەئەنقەست” تۆمەتبار كرابو و بەپێی قسەی دادوەران لەسەر هەردو تۆمەتەكە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ناوبراودا سەپێنراوەو هەروەها دادگا بڕیاریشداوە كە پێبژاردن بدرێتە خانەوادەی قوربانیانی ساڵی 1988.
لەكاتی راگەیاندنی سزاكەی حەمید نوریدا، بەشێك لە خانەوادەی قوربانیان و زیندانیانی رزگاربوی ئێران، لە بەردەم دادگا كۆببونەوەو هەلهەلەی شادومانیان كێشا.
بەپێی ئامارەكانی ئەمینستی ئینتەرناشناڵ، نزیكەی پێنج هەزار زیندانی سیاسی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی هاوینی ساڵی 1988دا لەماوەی دو مانگدا لە سێدارەدراون، بەڵام تاوەكو ئێستا ژمارەی وردی لەسێدارەدراوان رون نییە.
ئەو زیندانییە سیاسیانە بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران و رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە، لەسێدارەدران و لە گۆڕستانی دەستەجەمعیدا بەنهێنی بەخاكسپێردران.
ئەمە بۆ یەكەمجارە بەرپرسێكی ئێرانی بەتۆمەتی بەشداریی لە ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی زیندانیانی سیاسی لەساڵی 1988، سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێستای ئێرانیش تۆمەتبتارە بەوەی كە یەكێك لە بەشدارە سەرەكیەكانی ئیعدامە بەكۆمەڵەكانی ساڵی 1988ی ئێران بوەو لەسەر رۆڵی لەو ئیعدامانەدا لەلایەن ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
حەمید نوری، بەناوی خوازراوەوە لە 9ی 12ی 2019، رویكردوە وڵاتی سویدو لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی ئارلاندای سوید دەستگیركرا. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای ئازادكردنی دەستبەجێی ناوبراوی كردبو، بەڵام هێشتا هیچ كاردانەوەیەكی لەبەرامبەر بڕیارەكەی دادگای سویددا نیشان نەداوە.
حەمید نوری، لەدایكبوی ساڵی 1960ی تارانە كە ناوی خوازراوی “حەمید عەباسی”یەو یاریدەدەری داواكاری گشتی بوە لە زیندانی گەوهەردەشت لە كەرەج لەسەردەمی ئیعدامەكانی ساڵی 1988داو دواتر بۆتە داواكاری گشتی لە زیندانەكە.
لە كاتی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردودا، ئەندامی سوپای پاسداران بوەو بەشداری لەو هێرشانەدا كردوە.
دادگاییكردنی حەمید نوری لە سوید ماوەی نۆ مانگی پێچوەو 92 دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەكەی بەڕێوەچوەو 34 كەس لەسەر دۆسیەكە سكاڵایان لەسەر تۆماركردبو و 26 شایەتحاڵیش دژی بون.