رۆژی شەممە ڕێکەوتی 2022-08-20 بە بۆنەی پێرۆزکردنی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە لە لایەن کومیتەیەکی هاوبەشی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە
ئێوارە ئاهەنگێک لە شاری ویەن ڕێک خرا و لە ئاهەنگەکەدا ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش بەشدار بوون
سەرەتا لە لایەن کاک حوسەین خالخاڵەوە بە خێر هاتن و پێرۆزبایی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە میوانەکان کرا، پاشان لە لایەن خاتوون مونیرەی نیگەهدارەوە پاش بە خێر هاتن و پیرۆزبایی لە میوانان بەرنامەی ئێوارە ئاهەنگەکە ڕاگەیندرا
بەرنامەکە بە بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و بۆ ڕێز گرتن لە یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل و نیشتمان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیندرا
دواتر لە لایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە وتاری هاوبەشی هەر دوو کومیتەکە پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا سەرەڕای بە خێر هاتن و پیرۆزبایی لە میوانان ئاماژە بە بەشێک لە مێژووی دامەزرانی حیزب، خەباتی سەخت و دژوار ، پڕکەند و کۆسپ بەڵام شێلگیرانە و بەردەوامی حیزب ،کەڵک وەر گرتن حیزب لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات، دەسکەوتەکانی حیزب هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا کوو ئەمڕۆ،پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازایەتی و ورەی بەرزی پێشمەرگە و شێلگیربوونی حیزب لە سەر خەبات وەک بە هێزترین چەک بەرانبەر بە دوو سیستمی دەسەڵاتداری دڵڕەق و تەیار بە هەموو چەک و کەرەسەیەکی سەرکوت و داپڵۆساندن وەک سیستمی شایی و ئیسلامی لە ئێراندا ، جینایەتەکانی هەر دوو نیزام بەرانبەر بە خەڵکی بێدیفاعی کوردستان ،بە تایبەت هەوڵ بۆ تواندنەوە و سڕینەوەی زمان و کولتووری کورد ، دەستووری جیهاد و ڕاگەیاندنی شەڕ لە لایەن خۆمەینییەوە دژ بە خەڵکی کوردستان و بەرگری ئازایانەی خەڵکی کوردستان و مل دانەنەواندن بۆ داخوازیە ناڕەواکانی خۆمەینی، تیرۆر و ڕەشەکوژی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و بە تایبەت تیرۆری نەمران دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاوکارەکانیان لە ناوجەرگەی ئورووپای بە ناو ئازاددا
لە وتارەکەدا هەروەها ئاماژە بە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی حیزب وەک قۆناغی دامەزراندنی حیزب ،دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕووخانی کۆماری کوردستان و ڕەشبگیری و زیندان و ئەشکەنجەی ئەندامانی حیزب، قۆناغی دوور و درێژی خەباتی نهێنی پاش ڕووخانی کۆمار تا خەباتی چەکداری ٤٦،٤٧، خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٤٦ ، ٤٧ و قۆناغی کۆتایی واتە قۆناغی پاش شۆڕشی گەڵانی ئێران و خەباتی بە تایبەت دژواری حیزب و شەڕی بەرگری ئازایانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرابوو. لە کۆتایی وتارەکەدا هەروەها سەرەڕای ئاماژە بە دیاردەی دابڕان لە ناو ڕیزەکانی حیزب ،بە بۆنەی بە ئاکام گەیشتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزب پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی شەهیدان بە تایبەتی ، ئەندام،لایەنگر و پێشمەرگە قارەمان و کەم ئەندامەکانی کوردستان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان کرا و بەڵێنی بەردەوامی خەبات و لە بیر نەکردنی ئازارەکانی خەڵکی کوردستان و بەردەوامی پاڵپشتی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کرایەوە و بۆ بەشدارانی ئاهەنگەکە ئێوارەیەکی شاد بە ئاوات خوازرا
پاشان لە لایەن کاک محەممەدی فەقی عەلییەوە سەرەڕای بە خێر هاتن و پیرۆزبایی لە بەشداران پەخشانێک و پارچە هۆنراوەیەک لە ژێر ناونیشانی “شەکەتم” و “سەدان ساڵە” پێشکەش بە بەشداران کرا
دوای نۆش کردنی نانی ئێوارە کە لە لایەن بنەماڵە بەڕێزەکانەوە ئامادە کرابوو ، بەشدارانی ئاهەنگەکە بە سەما و هەڵپەڕکێ و شادی جێژنەکەیان زیاتر ڕازاندەوە و ئاهەنگەکە پاش زیاتر لە ٦ سەعات لە سەعات ١٢ی شەو کۆتایی پێ هات
لە لایەن کومیتەی بەڕێوەبەری جێژنی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە لە وڵاتی ئوتریش سوپاسی هەموو ئەو کەسانە ئەکەین کە لە بەڕێوە بردنی ئاهەنگەکەدا هاوکار و یارمەتی دەرمان بوون و ژیانێکی خۆش بۆ هەموو لایەکیان ئارەزوو ئەکەین
کومیتەی هاوبەشی بەڕێوەبردنی جێژنی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە ئوتریش