"an independent online kurdish website

بۆ چەند چرکە لە نێو رێژنەی گوللە، بۆنی باروت و تەپوتۆزدا خۆمان بە زەوییەوە چەسپاند بوو و هەست دەکرا رزگاربوونمان مەحاڵە. لە پڕ کادرێکی لکمان بە ناوی م. ئ دەنگی یەکێک لە هێرشبەرەکانی ناسی و بانگی کرد فڵان کەس خۆمانین. بەم بانگ کردنە دەنگی تەقە نەما و ئێمەش هەستاینەوە سەر پێ.

خێرا بە پەرۆشییەوە ویستمان بزانین کەسمان لێ شەهید یان بریندار بووە؟ لە پشکنێکی سەرەتاییدا دەرکەوت کە کەسمان شەهید نەبووە و کەسیش هەستی بە بریندار بوون نەکرد. وتیان کارەساتەکە بە خێر تەواو بوو، بە راستی بۆ ئەوانەی باوەریان بە موعجیزە هەیە ئەوەی کە یەک نەفەریشمان لێ رزگار بوایە هەر وابوو، چوونکە چەند کەس لە مەودایەکی دە میترییەوە شەش کەس بدەنە بەر ئاگری چەکەکانیان و ئەوانیش جگە لە خۆ بە راکێشان لە سەر زەوی هیچ بەربەستێکیان نەبێ و کەسیان لێ شەهید نەبێ، جگە لە موعجزە چ شتێکی دیکە بە مێشکی مرۆڤدا دێت. خەریک بوو دەکەوتینە رێ، لە پڕ من هەستم بە ئێشێک وەک سووتانەوە لە سەرەوەی ئەژنۆم و هەروەها لە لای راستی فەقەراتمەوە کرد. کاتێ چاومان لێ کرد، دیتمان لەو دوو شوێنەوە گوللەم بەر کەوتووە بەڵام تەنها پێستی لەشمی سووتاندوە و نەچۆتە نێو گۆشت. کاک مەنسور فەتاحی و فەرماندەری هێز ئیسراریان کرد کۆڵلەپشتییەکە و رەختەکەم بخەمە سەر یەکێک لە هێسترەکان، هەر چی وتم پێویست ناکات، فایدەی نەبوو و کۆڵەپشتییەکە و ڕەختەکەم لە خۆم کردەوە و خستیانە سەر هێسترەکە. کەوتینە رێ، بۆ چەند چرکە چاوم هێزی بینینی نەماو هیچم نەدەبینی. لە سەفی پێشمەرگەکان هاتمەوە دەرەوە و پێم عەیب بوو بڵێم چاوم نابینێ. زۆری نەخایاند بیناییم بۆ گەڕایەوە و لەو دلەڕاوکەیە نجاتم بوو. پێم وایە هۆکارەکەی ئەوە بوو دوای ئەو هەڵسوکەوتە و یەکسەر ئەو قورساییەی کۆڵەپشتییەکە و ڕەختەکەم لە سەر لەشم نەما، هاتووچۆی خێرای خوێن ئەو شۆکەی دروست کردبوو.

پاش نیو کاتژمێرێک گەیشتینە شوێنی مەبەست بۆ مانەوە و پشوودان. چووم کۆڵەپشتی و رەختەکەم بێنمەوە کە وتیان بە داخەوە کۆڵەپشتییەکەت لە سەر هێسترەکە شەو کەوتۆتە خوارەوەو ون بووە. منیش رەختەکەم هێنایەوە. لە سەرپەلەکەمان پشتێنێکم قەرز کرد و بەوەی خۆمەوە هەر جۆرێک بوو لە جیاتی کیسەخەو بە کارم هێنانن و بۆی خەوتم. سبەینێ رۆژ بووە و لە خەو هەستاین، ئێستا کە دونیا رووناک بوو، دەمتوانی بە باشی بزانم کوێم بریندار بووە. دیتم شەرواڵەکەم لە زۆر جێگاوە گوللە ئاژنیوەتی و کون بووە بەڵام بە خۆشییەوە وەک وتیان بە خێر تەواو بووبوو.

بۆ نیوەڕۆژەکەی چەند مەڕمان لە شوانێک کە لەو نیزیکانە بوو کڕی و دوای نیزیکەی دوو حەوتوو، پێشمەرگەکان توانییان خواردنێکی پیویست بخۆن و نەختێک بوژاینەوە.

 جێگای باسە، هێزی پێشمەرگە کرابوو بە دوو بەشەوە و ئەو بەشەکەی دیکەمان خۆیان گەیاند بووە ناوچەکانی ژاوەرۆی سنە، بەڵام ئەم بەشەمان کە هێزی سەرەکی بوو، زۆربەی بەرپرسانی مەڵبەندەکانی لە خۆ دەگرت و زیاتر هەر هەمان هێز و پێشمەرگەکان بوون کە لە شەڕەکانی دۆڵی دەرە گەڕابوونەوە. سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە بە باشی هاوکارییان دەکردین، بەڵام ئەوەی راست بێ، خەریک بوو کێشەی پێداویستی خواردنمان بۆ پەیدا بووبوو. کەم شەو هەبوو تیمێکی تەداروکاتیمان نەچێتە دێیەک بۆ کۆکردنەوەی خواردن، بەڵام لە بەر ئەوەی هێزێکی زۆر بووین، خواردن بەشی نەدەکرد.

نیزیک بە یەک مانگ لە جموجۆڵمان لە ناوچەکانی مەریوان تێپەڕی و شەوی ٢٥ لە سەر ٢٦ی پووشپەڕ گەیشتینە کوڕەی میانەی مەریوان. لە ڕێگاماندا تیمێک سەردانی گوندێکیان لەو نیزیکانە کردبوو و خەڵکی لە بوونی پێشمەرگە لەو ناوچە ئاگادار بووبوون.

کە گەیشتینە ناو هێندێک باخ، وەک شوێنی مانەوە و پشوودان لەوێ ماینەوە. تیمێکی چوار کەسی ئەرکی دیدەبانییان پێ سپێردرا و سەرپەلەکەی ئێمە کە پێکەوە هاوخەرجیش بووین، یەک لەو کەسانە بوو. بە هەر حاڵ، دیدەبانەکان بەرەو شوێنی مەبەست کەوتنە رێ و ئێمەش دەستمان کرد بە پشوودان و بۆی خەوتین. شەوەکەی نەختێک سارد بوو و زۆر کەس بە باشی نەخەوتبوو ئیدی من کە کیسە خەویشم نەبوو هەر باس مەکە. سبەینێ کە رۆژ بوەوە، ئەوەی کە فریا کەوتبوو، ناشتای خوارد بوو، بەشێکیش لە بەر ماندوو بوون، هێشتا لە خەو هەڵنەستا بوون، دیدەبانەکان ئاگاداریان کردینەوە کە هێزێکی رێژیم بەرەو بەرزاییەکان دێن. هەموو پێشمەرگەکان ئاگادار کرانەوە و سازماندەهی کرا. دەوروبەری کاتژمێر دەی بەیانی بوو، کە شەڕ لە گەڵ تیمی دیدەبانەکان دەستی پێ کرد. دواتر تیمێکی دیکە بەرەو بەرزاییەکان بۆ پشتیوانی دیدەبانەکان بەڕێ کەوتن و تیمێکی دیکەش کە پێنج بۆ حەوت پێشمەرگە دەبوین، لە نێوان هێزی سەرەکی و لە ژێر دەمی ئەو بەرزاییەی کە دیدەبانەکانی لێ بوون جێگیر بووین. زۆری پێ نەچوو، عەبدوڵا ئەڵایاری جیگر لک هاتە لای ئەو تیمەی ئێمە. لە گەڵ خۆی پێشمەرگەیەکی هاوڕییانی هێزی زاگرۆسی بە ناوی بەختیار مورادیانی لە گەڵ خۆی برد و رۆیشت بۆ لای دیدەبانەکان. نیزیک بە کاتژمێرێک شەڕ لە گەڵ دیدەبانەکان بەردەوام بوو، لای ئێمەوە هیچ جموجۆڵێک نەبوو. داواکرا ئێمە بگەڕێینەوە بۆ لای مەڵبەند و بە مەودای چەند سەد میتر بەرەو خوارەوە پاشەکشەمان کرد. بەم جۆرە جگە لە تیمی دیدەبانەکان، پێنج بۆ حەوت کەسی دیکە یانی لە سەر یەک دەوروبەری ١٠ پێشمەرگە و لە دوو لوتکە دا جێگیر بوون و لە گەڵ هێزێکی زۆری رێژیم دەجەنگان. پێشمەرگەکان بە باشی لەو جێگایانە دامەزرا بوون و کەمتر مەجاڵی شەڕی دەستەویەخە دەدرا و زیاتر قەناسەکان کاریگەرییان هەبوو. شەڕ بەردەوام بوو لە کۆتایی رۆژ نیزیک دەبووینەوە، لە پڕ هەواڵێکی زۆر ناخۆش لە بێسیمەکانەوە گەیشتە هیز و مەڵبەند، گوایە عەبدوڵا ئەڵایاری و بەختیار مورادیان شەهید بوون. ئەم هەواڵە جەرگبڕ بوو، چۆن بڕوا بکەیت کە شێرێکی وەک عەبە رەش جوانڕۆیی شەهید بووە. چوار کەس ئامادەکراین بۆ ئەوەی بچین لاشەی شەهیدەکان لە نێو شەڕەکە بێنینەوە. دوو هێسترمان لە گەڵ خۆمان برد و مەودای نێوانمان نیزیک بە ٣ کیلومیتر دەبوو. گەیشتینە خوارەوەی ئەو شاخەی کە پێشمەرگەکان و شەهیدەکانی لێ بوو. تۆپخانەکانی رێژیم ئێمەیان دەبینی و کەوتینە بەر خۆمپارەبارانێکی خەست. پریشکی خۆمپارەیەک بەر سەری یەکێک لە هێسترەکان کەوت و بە خراپی بریندار بوو، ناچار بووین هێسترەکە بەر دەین و بۆ ئەوەی چەکەکانمان رووناکی بە دوژمن نەدا و هەمیش بە خێرایی بتوانین بۆ سەری شاخەکە هەڵکشێین، رەخت و چەکەکانمان لەوێ بە جێ هێشت و ئەو هێسترەکەی دیکەمان لە گەڵ خۆمان برد و رۆیشتین. کە گەیشتینە لای پێشمەرگەکان، شەڕ بەردەوام بوو، دیتمان زۆر بە داخەوە هەر دوو شەهیدەکان لە دوورەوە بە قەناس پێکرابوون. دیمەنێکی ناخ هەژێن بوو بەڵام بە داخەوە نرخی ئازادی کورد و کوردستان زۆر گرانە و پیویست بوو تەحەموڵی ئەم جۆرە کارەساتانەش بکەین. شەهیدەکانمان لە گەڵ خۆمان هێنایەوە و گەراینەوە بۆ لای مەڵبەند. ئەو شێرە فەرماندەیەی کە قاڵبووی دەیان داستانی ناوچەکانی داڵاهۆ، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و هەورامان بوو گیانی پاکی لە گەڵ پێشمەرگەیەکی روح سووکی وەک بەختیار مورادیان کە خەڵکی تەنگیسەری مەکۆی شۆڕش بوو، فیدای ئازادی کوردستان کرد. شەهیدەکان بە خاک سپێردران و رۆژ بەرەو کۆتایی دەچوو، لەدەستدانی عەبە رەش قورسایی خۆی لە سەر پێشمەرگەکان بە تایبەتی پێشمەرگەکانی هێزی بێستوون دانابوو. خەریک بوو هەوا تاریک بێ و دەست کرا بە رۆیشتن.

درێژەی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی