"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ:  رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی مانگی رابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیلی کراوەتە ئامانج.

رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2022، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ناسراو بە “هیومان رایتس وۆچ”، لە نوێترین راپۆرتیدا سەبارەت بە ‌هێرشەکانی مانگی رابردووی ئێران بۆ سەر کەمپی ئاوارە و بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات بەگوێرەی ئەو کەسانەی قسەیان لەگەڵ کردوون، ئێران لەو هێرشانەدا هەندێک شوێنی کردووەتە ئامانج، کە هیچ بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نەبووە و شوێنی نیشتەجێی خەڵکی سڤیل بووە. 

لەوبارەیەوە، ئادەم کوگڵ، جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێکخراوەکە، رایگەیاند: “هێزەکانی سوپای پاسداران ‌هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی دانیشتووانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە ئەمەش بەشێکە لەو مێژووە دوورودرێژەی بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە رێگەی هێرشی مەترسیدارەوە، لەنێویشیان جەنگی سووریا. ئەو وڵاتانەی لە چەند رۆژی رابردوودا، ئێران بە بەرپرسیار دەبینن بەرامبەر بە سەرکوتکارییە دڕندانەکانی ئەمدواییە، دەبێ دڵنیایی بدەن لەوەی ئەوانەش بە بەرپرسیار دابنێن، کە هەڕەمەکییانە خەڵکی سڤیل لە دەرەوەی سنوورەکانیان دەکوژن”.

هەروەها لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ هاتووە کە بەگوێرەی رێکخراوی یونسێف، یەکێک لەو شوێنانەی بەر هێرشەکانی ئێران لە کۆیە کەوتووە، قوتابخانەیەکی سەرەتایی بووە و لە ئەنجامیشدا ئافرەتێکی دووگیان گیانی لەدەستداوە و دوو منداڵیش بریندار بوون.

رۆژی 28ی ئەیلوولی رابردوو، سوپای پاسداران لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە، کەمپی ئاوارە و بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز و شێراوە کردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، 18 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون.

هەروەها فوئاد خاکی بەيگی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچی راگەیاندووە، “ئێمە پارتێکی سیاسین، نەک گرووپێکی چەکدار. دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵدەدەن، سەرنجی خەڵک لەسەر خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران لابەرن، بۆ ئەمەش پەنا بۆ هێرشی هەڕەمەکی بۆ سەر ناوچەی سڤیلنشین لە نێو هەرێمی کوردستانی عێراق دەبەن”.

ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لانیکەم 200 کەس کوژراون و بە سەتانی دیکەش برینداربوون.

ڤیدیۆ

پەیامنێر و کامێرامانی رووداو بەهۆی بوونی درۆن لە ئاسمانی کۆیە، لەکاتی کارکردن ناچار بە هەڵاتن دەبن

دایکی قوتابییەک: منداڵەکەم دوای بۆردوومانەکەی ئێران دەڵێت، ناتوانم بچمەوە ئەو قوتابخانە بخوێنم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی