هێرشی مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە.
ناوچەکانی سەقەر و بەربەزین و سیدەکان سەر بە سنووری پیرانشار بە چری تۆپباران کراوە و هەروەها تۆپباران و مووشک باران کردنی بنکەکانی حیزبی دیموکرات و کومەڵە لە کۆیە و زر گوێز بەردوامە.
تا ئێستا زیاتر لە 8 پێشمەرگەى حیزبی دیموکراتى کوردستانی ئێران بریندارن و دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی ڕێبوار عەبدی و ئاسۆ تەوانا بەداخەوە شەهید بوونە.
وەک بەڕیوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەم دوو شەهیدە و سەرجەم هاوڕێیانی حدکا دەکەین و روحیان شاد بی. بە هیوای چاک بوونەوەی بریندارەکان روخانی ریژیمی ئاخوندی ئێران.
کۆمەڵە لەم هێرشەدا بە خۆشیەوە زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوە هەواڵەکان، سوسیال مێدیاکان.
****
هەوالەکانی تری لەم بارەوە
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین.
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستێنێت.
رۆژی دووشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2022، ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا نووسی: “ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمڕۆی درۆن و مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و داوا لە ئێران دەکەین هێرشکردنەسەر دراوسێکەی و گەلی عێراق بوەستێنێت”.
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەڵێت، ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی عێراق لە بەغدا دەوەستێتەوە و سەرکۆنەی ئەم پێشێلکردنەی سەروەریی خاکی عێراق دەکات.
پێشتر، ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سنووری کۆیە و زڕگوێز گوتی: “ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشی لەم شێوەیە دەکات.”
هاوکات نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ عێراق، ناسراو بە یونامی لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییە دووبارەبووەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کورستان دەکەین” و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناوی بردن.
یونامی لە بەشێکی تویتەکەیدا داوایکرد رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت و “وەکو گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان” بەکارنەهێندرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
د. شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە “هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان.”
ئەوە جاری یەکەم نییە ئێران هێرشدەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان؛ کاژێر 16:00ـی رۆژی شەممە، 24ـی ئەیلوولی 2022، هێزی زەوینیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.
دوای چوار رۆژ و لە 28ـی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زرگوێز و شێراوا، لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.
****
فوئاد حوسێن بۆ هاوتا ئێرانییەکەی: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی روونی سەروەریی عێراقە.
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاند، هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی روونی سەروەریی عێراقە.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەلایەن ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پەیوەندی تەلەفۆنی پێکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، فوئاد حوسێن “هەڵوێستی عێراقی لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی لایەنی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە پێشێلکردنێکی روونە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی.”
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئاماژەی بە گرنگی دیالۆگ وەک رێگەیەک بۆ راگرتنی ئەو “پەرەپێدانە دووژمنکارە بێ پاساوانە” کردووە. بەردەوامی ئەو کارە تاکلایانەشی بە “مەترسیدار” وەسفکردووە .
رۆژی دووشەممە 14-11-2022، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی تۆپباران و هێرشە درۆنییە دووبارەبووەکان دەکات، کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان عێراق ئەنجامیدا، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: “ئەو کارە تاکلایەن و دووژمنکارانە، نابێتە هۆکارێک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، پێشتر هەڵوێستمان راگەیاندبوو، کە ئەمە پێشلکارییەکی روونە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتیانی. ئەو هەڕەشە بەردەوامانە، دەبێتە هۆی خراپبوونی دۆخی ناوچەکە و بارگرژییەکان زیاتر دەکات”.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو رێکارێکی دیپلۆماسی لە ئاستی باڵا دەگرێتەبەر.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022 جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشیکردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو هاونیشتمانی لە کۆیە گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکە برینداربوون، کە بریندارەکان و یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتن.
ئێران بوونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، بەڵام رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، هیچ کاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە نەبوونە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەردەوام دۆخی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتییەکانی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاو گرتووە.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەوە دووەم جارە ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆیە و زڕگوێز.
رەزا کەعبی، رایگەیاند: “دەمانزانی کۆماری ئیسلامی هێرش دەکات، جگە لە هەڕەشە و پڕوپاگەندەکان لە سنوورەکانیش جموجووڵی سەربازییان زۆربوو، فەرماندەکانی سوپای پاسداران بەردەوام ناوی کۆمەڵەیان دەهێنا لەبەر ئەوەی پێیانوابوو کۆمەڵە کاریگەری لەسەر خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە، رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە لە هەموو شارەکان چالاکییان هەبووە”.
رەزا کەعبی دەڵێت، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران، 10 رۆژ پێش ئێستا لە ناوخۆی خۆیاندا ئامادەیی تەواویان راگەیاند و هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو، سەنگەرەکانی خۆشیان تووندوتۆڵکردبوو، “ئاکامەکەشی ئەوەبوو ئەمڕۆ هیچ زیانێکی گیانیمان نەبوو.”
****
باڵیۆزی کەنەدا: هێرشەکان خزمەت بە چارەسەرکردنی داواکارییەکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری ناکەن.
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵات لە سنووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هێرشانە “هیچ شتێک بۆ چارەسەرکردنی داواکارییە رەواکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری ناکەن،” کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیاش لە هەولێر داوا لە ئێران دەکات “رێز لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق بگرێت.”
گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی: “هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین.”
ئەمە دووەم جارە لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تاران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان. ئێران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتباردەکات بەوەی لە پشت خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینییەوەن، کە لە 16ی ئەیلوول دەستیانپێکرد.
باڵیۆزی کەنەدا لە بەغدا لەو بارەیەوە دەڵێت: “ئەم هێرشانە سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن، ژیانی خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە و هیچ شتێک بۆ چارەسەرکردنی داواکارییە رەواکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری ناکەن.”
هاوکات کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و گوتی: “وەکو ئەیلوولی ئەمساڵ، داوا لە ئێران دەکەین رێز لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی عێراق بگرێت. پێویستە هێرشەکان دەستبەجێ بوەستێنرێن.”
هێرشی یەکەمی سوپای پاسداران لە 28ی ئەیلوول بوو کاتێک لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتە رۆژهەڵاتییەکان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە کە لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 50ی دیکەش برینداربوون.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
د. شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە “هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان.”
لە پاڵ ئەڵمانیا و کەنەدا، هێرشەکە سەرکۆنەی نێردە دیپلۆماسییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی بەدواداهات.
****
حیزبی شیوعیی کوردستان، پێشیلکارییەکان بۆسەر خاکی هەرێم سەرکۆنە دەکات
هاوڕێ (سوبحی مەهدی) وتەبێژی حزبی شیوعیی کوردستان ڕایگەیاند:
بەداخەوەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ ی نۆڤامبری ٢٠٢٢، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دڕۆنی بۆمبڕیژکراوەوە، بە بەهانەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، بوردومانی ناوچەکانی کۆیە و زڕگوێزی کردووە، کە زیانی گیانی و مادیی لێ کەوتەوە.
ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنەی ئەم پێشێلکارییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، داواکارین کە حکوومەتی عێراق لە ڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەوڵی ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بداتەوە.
دەستدرێژییە بەردەوامەکنی ئێران و تورکیە بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێم، پێداویستیی پەلەکردن لەو داخوازییەی کۆمەڵانی خەڵک و هێزە سیاسییەکان دووپات دەکاتەوە، کە پێویستە کار بۆ چەتری پارێزگاری ئاسمانی و زەمینی بکرێت بۆ کوردستان لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستانی گەلەکەمانەوە.
***
یونامی: سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین
نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بە هۆیەوە لانیکەم دوو کەس شەهید بوون و هەشت کەسیش بریندار بوون.
یونامی داوای کردووە خاكی عێراق وەکو گۆڕەپان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکار نەهێندرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ناسراو بە یونامی لە تویتێکدا وتوویەتی: “سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییە دووبارەبووەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق ناوی دەبات”.
یونامی لە بەشێکی تویتەکەیدا داوا دەکات ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت و وەکو گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بەکارنەهێندرێت. هاوکات هانی دیالۆگی نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دەدات بۆ چارەسەرکردنی “نیگەرانییە ئەمنییەکان” و بە تاکە ڕێگەچارەی دەزانێت.
ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو سنوورەدان.
****
نێچیرڤان بارزانی: هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان نابینین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “هیچ بیانوویەک” بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان “نابینین.” هەروەها داوا لە بەغدا دەکات “سنوورێک” بۆ هێرشەکان دابنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری لە گوتارێکدا باسی لە هێرشەکانی سنووری کۆیە و زڕگوێزی کرد.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، “هەرێمی کوردستان دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە دەیەوێت فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکە و دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەکی باشی هەبێت. ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین.”
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نابێت هەرێمی کوردستان ببێت بە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لە ئەوەشدا ئێمە هیچ بیانوویەک بۆ ئەو مووشەکبارانانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ کوردستان نابینین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، “سنوورێک” بۆ هێرشەکان دابنرێت و بەغدا وەکو سەروەری خاکی عێراق [لێی بڕوانێت]؛ “کە ئەمە بەشێکە لە پێشێلکردنی گەورەی سەروەریی عێراق و [بەغدا] لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنرێت.”
مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی کۆیە و زڕگوێزی سەرکۆنە کرد
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێرانی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق ناو برد.
هەر ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
ئەم هێرشە گیانلەدەستدان و برینداری بوونی هەیە چەندین پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی لێ کەوتەوە.
مەسرور بارزانی هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت و هیواداریشە “شوێنی شەهیدەکان بەهەشت بێت.”
***
لە دوایین پەلەقاژەی بەر لە نەمانتان تێدەگەین
بە ناوی “ژن، ژیان، ئازادی”
لە كاتێكدا خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ئێران خۆیان ئامادە دەكەن بە وزە و گوڕوتینێكی زیاتر و بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە پێ بنێنە مانگی سێیەمی شۆڕشەكەیانەوە، سپای تیرۆریستی پاسداران جارێكیتر بە موشەك و درۆن هێرشی كردەوە سەر بارەگاكانی حیزبەكانی كوردستان لە قووڵایی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بەداخەوە ئەو پەلامارە مووشەکییە دوو شەهید و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.
ئێمە و هەموو خەڵكی كوردستان و ئێران ئێستا سەیری دیمەنەكانی دوایین پەلەقاژەی بەر لە نەمانتان دەكەین. ئێستا نەك ئێمە و خەڵكی كوردستان و ئێران، بەڵكو خۆشتان دڵنیان ئەوەی دەبێت چۆك دابدات و لەنێو بچێت ئێوەن، نەك ئیرادەی خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران. بەدڵنیاییەوە ئێوەش دەزانن کە بنكە و بارەگای سەرەكیی حیزبەكانی كوردستان لەنێو دڵی خەڵكی كوردستاندان و هەموو ماڵێك و كۆڵان و گەڕەكێك و، هەموو شار و گوندێكی كوردستان سەنگەر و بنكە و بارەگای ئێمەیە. خەڵكی كوردستانیش نە بە مووشەك و درۆن چاوترسێن دەكرێن و نە شۆڕشەكەشیان بەم هێرشە ترسنۆكانەیە بەلاڕێدا دەچێت.
لەم بارودۆخەدا داوا دەكەین:
یەكەم، خەڵكی راپەڕیوی ئێران و كوردستان ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر وەك دەستپێكی مانگی سێیەمی شۆڕش، سەرلەبەیانی تا نیوەرۆ بە مانگرتنی گشتی و لە دوای كاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆش بە خۆپیشاندانی بەهێز و بەرفراوان پێشوازی لە مانگی سێیەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بكەن.
دووەم، لە ماوەی دوو مانگی شۆڕشدا بازاڕەكانی كوردستان ١٢ رۆژی تەواو لە مانگرتندابوون و بازاڕییەكانی كوردستان لەم ماوەیەدا قورساییەكی زۆری باری شۆڕشیان خستووەتەسەر شانی خۆیان. هەربۆیە لەپێناو بەهێزكردنی یەكگرتوویی هەموو خەڵكی ئێراندا، داوا لە هەموو لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران و هەموو چالاكوانان و كۆمیتەكانی گەڕەكەكان و هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە لەم ماوەیەدا لەم شۆڕشەدا رۆڵیان هەبووە لە مانگی سێیەمی شۆڕشدا جگە لە بەهێزكردنی خۆپیشاندانەكان، بە هەموو هێز و توانایانەوە هەوڵ بدەن كە بازاڕی شارە گەورەكان و كرێكارانی كارگە پیشەسازییەكان پەیوەستی مانگرتنەكان بن. بەمەش نەك هەر ئاستی یەكگرتوویی هەموو خەڵكی ئێران پتەوتر دەبێت، بەڵكو هەنگاوێكی گەورەش لە سەركەوتنی یەكجاری شۆڕش نزیك دەبینەوە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ (١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)
***
ڕاگەیەندراوی ژمارە ۲ی حیزبی دێمۆکڕات
بەداخەوە ڕادەگەیەنین کە بەهۆی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دوو پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەک پێشمەرگەش بریندارن.
“ڕێبوار عەبدی” کادری بەوەجی حیزب، خەڵکی سەقز و “ئاسۆ تەوانا” پێشمەرگەی تازەلاوەی خەڵکی بۆکان ناوی ئەو دوو شەهیدە سوورخەڵاتە تازەیەی حیزب و گەلن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی تازەی حیزبەکەمان و هاوسەنگەرانیان و خەڵکی کوردستان دەکات. بەدڵنیاییەوە خەباتی مافویستی و ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە ئێران هەتا سەرکەوتنی یەکجاری درێژەی دەبێت و کوڕان و کچانی ئازادیخوازی نیشتمان تۆڵەی شەهیدەکانیان بە خەبات و تێکوشان و نەسرەوتن هەتا سەرکەوتن دەکەنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
۲۳ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱
***
ڕاگەیەندراوی ژمارە ١ی حیزبی دێمۆکڕات
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!
کاتژمێر نیزیک ٨ و ٤٥ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتەوە. لەو پەلامارە مووشەکییەدا کە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، هەتا ئێستا پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سپای پاسداران لەگەڵ بەئامانجگرتنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، هەروەها هێرشی مووشەکیی کردۆتەوە سەر بنکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزیش لە نیزیک شاری سلێمانی.
بەردەوامیی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حاڵێکدایە زیاتر لە دوو مانگە ڕاپەڕینێکی سەرانسەری کە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەئامانج گرتووە، لە ئێران لە ئارادایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات. بەڵام وەک هەمیشە سەلماندوومانە ئەوان هەرگیز ناتوانن مافویستی و ئیرادەی ڕزگاریخوازی ئێمە بە چۆکدا بێنن. هەروەها خەڵکی ئێران بە هەموو پێکاتە و جۆراوجۆرییەکانەوە لێبڕاون کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمە بێنن.
بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەڵامی دڕندەیی، کوشتن و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامییان لە خۆپێشاندانەکان و لەسەر شەقامەکان دەدەنەوە و دەیسەلمێننەوە کە ئیرادەی ئەوان لە زەبروزەنگی دیکتاتۆری بەهێزترە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئیداری
٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١
****
خالید عەزیزی: هیچ جووڵەیەکی سەربازیمان دژی ئێران نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ناڕەزاییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەریانهەڵداوە، سوپای پاسداران بە بۆردوومان و تۆپباران دەیەوێت “تۆڵە” لە کورد بکاتەوە.
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 14-11-2022 میوانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. خالید عەزیزی باسی لە بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو هەرێمی کوردستان کرد و هۆکارەکەیشی لە روانگەی حیزبەکەیەوە خستەڕوو.
خالید عەزیزی گوتی، دەسەڵاتی ئێران لە نێوخۆی وڵات بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی رووبەڕووی “شکستێکی گەورە بووەتەوە و بۆی چارەسەر ناکرێت.”
گوتەبێژەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئێران دەیەوێت بە بۆردوومان و تۆپبارانکردن ئەوە پێشانبدات کە لە دەرەوەی سنوورەکان هێرشی لەسەرە. خالید عەزیزی ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: “بۆ هەموو لایەک روونبووەتەوە کە مەترسی سەرەکی لەسەر دەسەڵاتی ئێران خەڵکی ئێرانن بەگشتی. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، لەم ماوەیەدا هیچ جووڵەیەکی مەیدانی و سەربازیمان دژی ئێران نەکردووە و تەنیا خەڵکمان هان داوە بەشێوەیەکی ئارام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەڵکی ئێران جموجووڵیان هەبێت.”
بە گوتەی خالید عەزیزی، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت “تۆڵە” لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە سەرەتای ناڕەزاییەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کوردستانەوە سەریانهەڵداوە.
خالید عەزیزی کە ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە هێرشکرایە سەر هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان گوتی، تاوەکو دوو مانگ پێش ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە باسی ئێراندا سەرنجی لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی بوو، بەڵام ئێستا وەکو دوو مانگ لەمەوبەر نییە و ئەمریکا و ئەوروپا “ناچاردەبن” خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ ئێران بکەن و گوتیشی: “ئەگەر لە دۆسییەی ئەتۆمیدا رێکیشبکەون ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.”
لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆ دووشەممەوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ بنكە و بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە زڕگوێزی سلێمانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆردوومان کراون و لە ئەنجادا “دوو هاوڕێ شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.”