"an independent online kurdish website

لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران (ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی “ژن، ژیان، ئازادی”) دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکوو ئێستا، لانی کەم 74 ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەنووس،

لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە خەریکی ڕووماڵی ڕووداوەکانی خۆپیشاندانەکان بوون.

حوکوومەتی ئێران “ڕووماڵی ناڕەزایەتییە نیشتمانییەکان دەکاتە بیانوو بۆ سەرکوتکردنی میدیاکان”.

یەكێک لە هۆكارەكانی دەستپێكردن و فراوانبوونی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ماوەی نزیک بە 5 مانگ، بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە دۆخی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانە و ڕووماڵكردنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی، و هەروەها ڕووماڵکردنی بەشداریی گەلانی ئێران لە خۆپیشاندانەکان، لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە بوو، ئەوەش وای كرد هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژنامەنووسان بكەونە بەر قورسترین تۆمەتەكانی دەسەڵات و لانی كەم تا ئێستا 74 ڕۆژنامەنووس و میدیاكار دەستبەسەر بكرێن. ڕۆژنامەنووسان بەردەوام لە هەوڵدان، كە ئەركی سەرەكیی خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەویش گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریی ڕاست و بێ سانسۆرە بۆ هاووڵاتیان. ئەم کارەش بووەتە هۆی ئەوەی، هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە، ئەم ڕۆژنامەنووسانەش هاوشێوەی خۆپیشاندەران بكەونە بەر ڕق و توڕەیی دەسەڵات و لەلایەن هێزەكانی سەر بە ڕێژیم دەستبەسەر بکرێن.

لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ئاخوندەکان، ئەوەی دەر کەوتووە ئەوەیە کە: ڕۆژنامەنووسان یەکێکن لەو گرووپانەی کە زۆرترینیان بە ئامانج گیراون و سەرهەڵدانەکان وەک دەرفەتێک بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکار هێنراوە.

لەنێوان ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو، دەیانیان ژنن، کە زیندانی و دەستبەسەر کراون و دۆسیەکانیان لە دادگادایە”. دەتوانین بڵێین کە: یەک لەسەر سێی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو، ژنن.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ژن، لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر دەکات و بۆ شوێنێکی نادیار دەیانبات، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ، تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان دەکات و سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنێت.

دەسەڵاتی ئێران و بەتایبەت وەزارەتی ئیتلاعات، تۆمەتی سیخوڕی دەخەنە پاڵ ڕۆژنامەنووسان و تۆمەتباریان دەکەن بە سیخوڕی و دەڵێن: ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت. بەهۆی ئەم تۆمەتانە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم ڕۆژنامەنووسانە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببنەوە. هەندێ لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەستبەسەر كراون بە دانانی بارمتە بە شێوەیەكی كاتی ئازاد كراون، بەڵام زۆربەیان تا ئێستا لە بەندیخانەن.

دەبێت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەی کە “نادادپەروەرانە لە ئێران بەهۆی ئەنجامدانی کارەکانیانەوە دەستبەسەر کراون، ئازاد بکات، ئازادیی‌دەربڕین پارێزراو بێت و کۆتایی بە سەرکوتی ئازادیی‌ڕادەربڕین بهێنرێت. هەموو هاووڵاتییان لە ئێران، مافی خۆیانە بزانن چی ڕوو دەدات؟

ڕێژێمی ئێران ساڵانێکە، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەتوندی سەرکوت دەکات و ئازادیخوازان لەسێدارە دەدات. زۆربەی ئێرانییەکان ئەم دەسەڵاتەیان قەبووڵ نییە و دەیانەوێت کۆتاییی پێ بهێنن.

من وەکوو کوردێک، ستایشی بوێری و ئیرادەی ژنان و پیاوانی ئێران دەکەم کە لە زیاتر لە 133 شار و شارۆچکە خۆپیشاندان دەکەن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی کە نایانەوێت بێدەنگ بن بەرانبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری جینایەت.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

سوید – 09-02-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی