"an independent online kurdish website

سەرەتا ،    کۆبوونەوەکە ڕۆژی جومعە، ١٠ فێبریوەری کە بە ناوی (داهاتووی بزوتنەوەی دیموکراسیی ئێران) لە زانکۆی جۆرج تاون لە ئەمریکا بەڕێوە دەچێت کە بەهەشتەگی هاوپێوەندی(همبستگی)

 بەڕای گشتی گەیەنراوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە گوتارێکە کە زۆربەی بەشداربووەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەری کۆکن. ئەویش گوتاری ئێرانشارییە کە لێرەدا ڕەزا پەهلەوی بە سیمبۆل و سەرمایەیەکی سیاسیی ئەو گوتارە دانراوە و زۆربەی کەسایتییەکان بەدەوری ئەوەوە کۆبوونەتەوە. هەر بۆیە شایانی سەرنجدانە بزانین  لەباری گوتارییەوە چۆن نوێندراوەتەوە. بەتایبەتی، بە کورتی لێردا سەرجێک بدەینە، دیمەنی زمانیی ئەو پۆستێرەی کۆبوونەەوەکەی تێدا ڕاگەینراوە. ئەوەی زۆر گرنگە ھێز یان دەسەڵاتێکە کە گوتارەکە بەرھەمی دەھێنێتەوە یان کۆمەک دەکات بە بەرھەمھێنانەوەی و ئەو ئایدۆلۆژیا زاڵەیە لەخزمەتی بەرھەمھێناوەی دەسەڵاتەکەدایە.

دیمەنی زمانی:

فرە زمانی دیاردەیەکی باوە، کە دەتوانرێت لە ڕوانگەی  جیاوازەوە لێی بکۆڵرێتەوە.  بەکارهێنانی زمانەکان لە بەستێینی کۆمەڵایەتیدا  یەک لەو لایەنانەیە. گرنگیدان بە  زانیارییە نووسراوەکانی سەر نیشانەکان کە لە بوارێکی دیاریکراودا دەردەکەون یەک لەوانەیە. وەک ، تابلۆی ڕیکلام، زمانی هێماکانی ڕێگا گشتییەکان، ناوی شەقامەکان تابلۆی دوکانە بازرگانییەکان، تابلۆی گشتی لەسەر بینا حکومییەکان و زۆر شتی تر. بە پێی (لاندری و بۆرهیس، ١٩٩٧) دیمەنی زمانی دەتوانێت خزمەت بە دوو ئەرکی بنەڕەتی بکات: ئەرکێکی زانیاری گەیاندن و ئەرکێکی ڕەمزی.

ئەوەی لێرەدا شایانی سەرنجە لایەنە ڕەمزییەکەیەتی کە لایەنێکی ئایدۆلۆژیانەی هەیە و پێوەندییەکانی دەسەڵات و هێز دەخاتە ڕوو. گونتەر کرێس (1993)دەڵێت: «هەموو نیشانەکان بە یەکسانی وەک یەک دەکەونە بەر خوێندنەوەی ڕەخنەیی، چونکە هیچ نیشانەیەک بێ سوچ[بێ لایەن] نییە». کە سەیرێکی دیمەنی زمانیی ڕاگەیەنراوی هاوپێوەندیی سیما دیارەکان  لە زانکۆی جۆرجتاون دەکەین، زۆر کەس لەوانەیە ئاسایی ببینن و زۆرکەسیش دیتوویانە کە ئاسایی نییەوە و ڕەخنەیان لێگرتووە. چونکە، هەموو نیشانە گشتیەکان لە ڕواڵەتدا ئایدیۆلۆژیاوی نایەنە بەرچاو. هەر بۆیە لەوانەیە وا باشتر بێت بڵێین بە جۆرێک، نیشاندەری هێمای پێگە و دەسەڵاتن، و لە چوارچێوەی سیستەمی نیشانەیی پێگەی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن. هەڵبژاردنی زمانی و پێشخستن و دواخستنەکان و فۆنتەکانیان لە دەقی نووسراودا، هەر وەها ڕەنگ و شێوازی نووسینیان لە فەزای گشتیدا خزمەت بە نیشانکردنی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان بەرامبەر بە زمانە جیاوازەکان و لە ئاکامدا قسەکەرەکانیان دەکەن. ئەم هەڵوێستانە لەوانەیە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی زمانی نوخبە یان دەوڵەتی نەتەوەیی یان ناوچەیەکی دیاریکراو بن، بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە فرە زمانن.

لە ڕێگەی وردبوونەوە و شیکردنەوەی ئەم کردانەوەیە کە دەکرێت پێوەندییە ڕەمزییەکانی دەسەڵات ئاشکرا بێت.

ڕوونکردنەوەی پۆستێرەکە

سەرنجێکی دیمەنی زمانیی ئەم وێنەیە بدەن، کە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لێ نووسراوە.

زمانی فارسی لەسەرەوەیە. بە ڕەنگی سوور و بە خەتی نەستەعلیق، نووسراوە. نەستعلیق، کە خەتێکە کە فارسەکان لەبەرباڵادەستییان لە دەسەڵاتدا وەک نوێنەری زمانی فارسی ناساندوویانە و بەکاریان هێناوە. سوور گەرمترین ڕەنگە و لە کەمترین فریکوێنسی نووردا دەناسرێتەوە. لە دەروونناسیی ڕەنگەکاندا ڕەنگی بابەت و دڵخوازی پیاوانە. کە پێدەچێت لە ڕێی ئەم ڕەنگەوە هاوسەنگ لەگەڵ ناوی ڕەزا پەهلەویدا دروشمی «پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی»ی و وەک هاوتایەکی «ژن، ژیان، ئازاد»هاتبێت کە لایەنگرانی پەهلەوی بەرزیان کردەوە.لەم سۆنگەیەوە لە ئەم  ڕەنگەدا نوێندارابێتەوە. ئینگلیزییەکە لەناوەڕاست و بە فۆنتێکی گەورە، بەڕەنگی ڕەش.کوردییەکە، بەفۆنتێکی تر ، بچوکتر لە ھەدووکیان و بە ڕەنگی سپی؛ ڕنگێکی بێلایەن یان خەسیو کە لەپاڵ ڕەنگی دیکەدا واتا دەدات، بەتایبەتی لەگەڵ ڕەشدا. ڕەنگی سادەیی، پاکی و بێ تاوانییە. سپی لەڕاستیدا جۆرێک واتای بێ ڕەنگی دەگەیەنێت.

بە کورتی،  ئەم دیمەنە زمانییە پێمان دەڵێت، هێزی زمانی زاڵ، و گوتاری زاڵ دیاری دەکات زمانی بن دەست چۆن دەرکەوێت. چ واتایەکی پێ بدرێت. بوونەکەی چۆن لە قازانجی باڵادەستییەکەدا واتادار بێت. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا، کوردستان لەباری گوتاریی و مەیدانی باڵا دەست بوو. بۆیە، پێویستە ئەو دەورەی لەباری میدیایی لێ وەربگیرێتەوە و بەتایبەتی لە ڕێی ئیلیتی سیاسییەوە کە سیمایەکی ناسراوی هەیە، کۆی نەتەوەکەش بخاتە دووی کەسێک کە بڕیارە دەسەڵاتە ناوەندییەکەی پێ ڕاست بکرێتەوە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە کە سروشتی بزوتنەوەی دیموکراتیکی کورد، زۆر لەگەڵ بزوتنەوەی دیموکراسیی ئێران(ئێرانشاریی: فارسی) جیایە. چونکە، بزوتنەوەی دیموکراتیکی  کورد بزوتنەوەیەکی فرەیی خوازە، لە ڕووی زمانی، نەتەوەیی و ناوچەیی. بەڵام دیموکراسیی ئێران، تاک نەتەوە، تاک زمان و ناوەندخوازە. بەشداریی  و ئەکتی کەسایەتییەکی سیاسیی کورد خەریکە کورد دەکاتە ئامراز بۆ جوانکردنی ویترینی شاپەرەستی بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەتێکی سۆڤینیستیی بە ناوەندێتی تاران. هەربۆیە، بەڕێز موهتەدی بەچاک و خراپ ھەرچییەک بڵێت لەو کۆنفرانسانەدا ھیچ نییە. چونکە ڕەزاپەھلەوی پێویستیی بە جێکەوتنە و کورد بۆ پێگەسازیی خۆی لەبەرانبەر نەیارەکانی تری بەکار دەھێنێت، و دەسکەوتیشی نابێت.  بەپێی میدیا فارسییەکان و کەسانی نیزیک لە ڕەزا پەھلەوی وەک «سوفیا مێھر»، لە ئەم کۆنفرانسە یان کۆبوونەوەی «ھاوپێوەندییە» (ھمبستگی)دا سیما بەرجەستەکانی ئێران بە دەوری ڕەزاپەھلەوییەوە کۆ دەبنەوە.

بەڕێز موھتەدی خەریکە بەناوی خۆیەوە کوردیش دەکاتە شەریکی برەوسەندنی ڕەوتێکی شۆڤینیستی و بەرھەمھێنانەوەی دەسەڵاتێک کە ھیچ باوەڕێکی نە بەدیموکراسی ھەیە، نە بە مافی نەتەوەکان.

حامد اسماعیلیون ،  مسیح علینژاد، شیرین عبادی (آنلاین) ،  رضا پهلوی، علی کریمی (آنلاین)،  نازنین بنیادی، عبدالله مهتدی (آنلاین). گلشیفته فراهانی (آنلاین)

مدیر جلسه: کریم سجادپور

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی