"an independent online kurdish website

ژەهراویکردنی گوماناویی قوتابیانی کچ لە قوتابخانەکانی ئێران بەردەوامە. تا ئەمڕۆ بە سەدان خوێندکار لە دەیان قوتابخانە لە سەرتاسەری وڵاتەوە کراونەتە ئامانج و ژەهراوی کراون.


ژەهراویکردنی قوتابییانی کچ، بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕووی داوە و گومانی تێدا نییە چونکە ڕۆژی ١١ی مێهری 1401، (03-10-2022)، خامنەیی جینایەتکار باسی لەوە کرد کە ((بەشێک لە تازەلاوان و لاوان بەهۆی هەست و سۆزەوە هاتوونەتە سەر شەقام و پێویستە بە سزایەک سزا بدرێن)).

ئێستاش دەبینین کە خامنەیی، قوتابییانی کچ بە ژەهراویکردن سزا دەدات.

ئەو خوێندکارانەی کە ژەهراوی کراون، بۆنێکی تیژیان هەبووە، دواتر تووشی سەرگێژخواردن بوون و هەروەها باری دەروونییان خراپتر بووە و تووشی هەناسەتەنگی، ڕشانەوە و سکچوون بوون و ژمارەیەکیشیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەنانت هەندێک کەسیان ڕەوانەی ژووری چاودێریی وردی پزیشکی کراون.

ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانی شارەکانی ئێران “بە مەبەست” و بە فەرمانی خودی خامنەیی بووە و تۆڵەی دەسەڵاتە بە مەبەستی  ڕێگری لە خوێندنی کچان و ژنان چونکە کچان و ژنانی خوێندکار، زیاترین بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە. لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی، کچانی خوێندکار ئامادەبوونی بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکاندا بوو. دەیان وێنە و تۆماری ڤیدیۆی خوێندکارانی کچ بڵاو کرایەوە کە وێنەکانی خومەینی و خامنەییان دەسووتاند.

ئەم ژەهراویکردنانە تۆڵەسەندنەوەیە لە کچەکان بەهۆی داکەندن و سووتاندنی “سەرپۆشی زۆرەملێ”.

ژەهراویکردنی زنجیرەیی کچانی قوتابی، بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاپەڕینەکانە لەلایەن خامنەیی و دەسەڵاتەکەی. بەڵام خامنەیی دەبێت ئەوە بزانێت ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە، نە تەنها ڕاپەڕینەکان بەلاڕێدا نابات، بەڵکوو خوێنێکی تازە دەبەخشێت بە دەمارەکانی گەلانی ئێران، بۆ لەناوبردنی ئەم دیکتاتۆرە.

سوپای پاسداران کە لەژێر چاودێریی خامنەییدایە، هیچ سنوورێک ناپارێزێت، تەنانەت کچانی قوتابخانەش بەهۆی جینایەتەکانی خامنەیی و سوپای پاسدارانەوە ئەمنییەتیان نییە و سڵامەت نین. دەبێت هەموو دنیا، سوپای پاسداران و خامنەیی جینایەتکار وەک تیرۆریست بناسنەوە.

نووسینگەی سندووقی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) لە ئێران، هۆشداریی داوە لە زنجیرەی ڕووداوی ژەهراویکردنی کچان و خوێندکاران لە ئێران و ڕایگەیاندووە؛ ئەم زنجیرە ژەهراویکردنە کاریگەریی خراپی لەسەر باری دەرونیی خوێندکاران و کۆمەڵگە دروست کردوە و پڕۆسەی خوێندنی ڕووبەڕووی کێشە کردووەتەوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی – نەرگس هاشمی

سوید 03-03-2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی