"an independent online kurdish website

هەشتی مارس لە ڕۆژژمێری جیهانیدا زۆر گرنگە، بەڵام ڕۆژی جیهانیی ژنان لە 2023دا لە سایەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، ڕەنگێکی جیاوازی وەرگرتووە.

ڕۆژی جیهانیی ژنانی 2023 دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ژنانی ئێرانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە شەڕی ڕووبەڕوو لەگەڵ حوکوومەتێکی جینایەتکار.

٨ی مارسی ٢٠٢٣ دەرفەتێکە بۆ پاڵنانی ژنانی جیهان کە نابێت مافەکانیان لەدەست بدەن، هەندێک جاریش ناچارن لە شەڕێکی توند و خوێناویدا مافەکانیان وەر بگرنەوە.

ڕۆژی جیهانیی ژنانی 2023 ئەو ڕۆژەیە کە چالاکانی مافی ژنان لە سەرانسەری جیهان بەڵێنیان لەگەڵ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێران نوێ کردەوە و داوایان لە سەرۆکی وڵاتان کرد کە لەتەنیشت ژنانی ئێراندا بوەستن.  هەرچەندە ناڕەزایەتیی جەماوەری لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شتێکی نوێ نییە؛ بەڵام ژنان و پیاوانی ئێران ئەم جارە زیاتر لە هەموو شتێک بۆ ئازادیی مرۆڤ و جیهان، بۆ “ژن، ژیان، ئازادی” لە بەرانبەری خامنەیی وەستاون.

خاڵی سەرکەوتنی بزووتنەوەی ئەم دواییەی ژنان لە ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکە ئەوەیە کە:

دروشمەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران ڕادیکاڵن و لە پرسی سەرەکی (ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی) لانادەن؛ یەکێک لە دروشمە گرنگەکانی ئەوە بوو: [«اگر با هم یکی نشیم، یکی یکی کشته می‌شیم.» ] “ئەگەر پێکەوە نەبین و یەکێتیمان نەبێت، یەک‌بە‌یەک دەکوژرێین”. بێگومان ئەمە دروشمێکی گونجاوە بۆ بزووتنەوەیەک کە بە جێگیری ماوەتەوە و جیهانییە. هەستی یەکبوون لەگەڵ ئەویتر لەم بزووتنەوەیە پێویستە بۆ ئەوەی لە بەرانبەری ڕژیمی ئاخوندی بوەستین.

خەڵکی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەبێ گوێدانە ڕەگەز، تەمەن، چینی کۆمەڵایەتی، نەتەوە و سنوورەکان پێکەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم یەکێتی و هاوپەیمانییە کاتێک تایبەتترە کە سەیری ژنانی ناڕازی لە ئێران بکەین. ئەو ژنانەی کە یەکەم کەس بوون لە دژی حیجاب وەستان؛  کاتێک ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئیرشاد بەهۆی چەند تاڵێک قژەوە گیانی لەدەست دا، ژنانی ئێرانی ڕاپەڕین و هێرشیان کردە سەر ڕژیمی پیاوسالاری ئاخوندی.

بزووتنەوەی ئەم دواییە لە ئێران (کە بە شۆڕشی یەکەمی ژنان ناودێر کراوە) بە ناڕەزایەتییەک لە دژی حیجاب دەستی پێ کرد و ئەوەی کە لەگەڵ بزووتنەوەکانی پێشوو جیاوازی دەکات ئەوەیە کە پیاوانیش لە ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ ژنان بەشدارییان کرد پشتیوانیی خۆیانیان نیشان دا و وتیان کە کێشەی ژنانی ئێران، کێشەی پیاوانیشە.

هەرچەندە لە سەرەتای بزووتنەوەکەدا، حیجاب تەواوی مەسەلەکە نەبوو؛ بەڵام لابردنی حیجابی ناچاری و هەڵگرتنی قژ و خولانەوەی سەرپۆش لە هەوادا و سووتاندنی، بوو بە هێمای “ژن، ژیان، ئازادی.

خۆپیشاندەران لە ئێران زۆر باش دەزانن حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە گرنگە کە لابردنەکەی دەتوانێت بنەمای ڕژیمی ئێران لەناو ببات. خومەینی هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1357ەوە حیجابی وەک پایەی ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جیاکردنەوەی ژن و پیاو، بە خەڵک ناساند؛ بۆ ئەوەی ژن و پیاو لە یەک جیا بکاتەوە و خەڵک نەتوانن حوکوومەت بڕووخێنن.

لە بزووتنەوەی ئەم دواییەدا، بەدەر لە پرسی حیجاب کە یەکێک لە پایەکانی حوکوومەتی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامییە، دەبێ باسی هەڵاواردنی نەتەوەییش بکەین.

ژنبوونی ژینا ئەمینی لە ماتەمینی بەکۆمەڵی نەتەوەیی بۆی کاریگەر بووە، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە نەتەوەی ئەویش گرنگە.

ڕۆژی جیهانیی ژنان دەرفەتێکە بۆ سەیرکردنی ژنان شانبەشانی نەتەوەکان. دەرفەتێک بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ناوی کوردی لە حوکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا قەدەغەیە و بنەماڵەکان ناتوانن ناوی کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن. (مهسا امینی) لە بنەماڵەکەی ژینا بوو، بەڵام لە ئێران و جیهاندا (مهسا)یە.

ناکرێ ناسنامەی کوردایەتیی ژینا ئەمینی لە ژنبوون جیا بکرێتەوە؛ بەتایبەت کە خودی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕەچەڵەکێکی کوردیی هەیە. دروشمێک کە ئێستا لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە بۆ دەربڕینی خەباتی ژنان؛ بۆ لەئامێزگرتنی ئازادی تەنها بە سێ وشە: (ژن، ژیان، ئازادی).

بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە ژنانی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە، هیی ژنانی کوردستان و هەموو خەڵکی ئێرانە و بزووتنەوەیەکە کە دەبێت بەڕاشکاوی بەدوای گۆڕانکاری و بنیاتنانی وڵاتێکی دێموکراتیکدا بگەڕێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە ژن و پیاو، خەڵکی ئێران، لەژێر ئاڵای “ژن، ژیان، ئازادی” کۆ ببنەوە و ئاڵای ڕژیمی ئاخوندی بخەنە خوارەوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

نووسینی وتار:

ئیدریس هاشمی، سوید 

2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی