"an independent online kurdish website

دوای شەش ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوون تەرمی  محەممەد ڕۆیان، موحسین عەزیزی و ڕەزا کایشی، ئەو سێ شاخەوانە بوون کە بەهۆی ڕنوو، لە ژێر بەفر کەوتبوون دۆزرایەوە.

ئەو شاخەوانانە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە چیای “ڕندۆڵە” بە هۆی پسانی ڕنوو، بێسەروشوێن ببوون.

لەماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا خەڵکی ئاواییەکانی زمێ و ئاڵکاوێ وێڕای شاخەوانەکانی شنۆ و تیمی مانگی سوور دەوری سەرەکیان لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی ئەو شاخەوانانە هەبووە.

تیمەکانی شاخەوانی شارەکانی نەغەدە، ورمێ، پیرانشار و کۆمەڵێک شاخەوانی ناسراو و شارەزا لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بەشداری گەڕان و پشکنین بوون.

خەڵکی خۆبەخش و دڵسۆزی شاری شنۆ و ئاواییەکانی بە دابینکردنی خواردن و گواستنەوەی میوانەکان کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانەوە هاتبوون، چالاکانە بەشداریان کردبوو.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیم لە شاری شنۆ ویستوویە بە زۆر دەست بەسەر تەرمەکاندا بگرێ، بەڵام خەڵک و بنەماڵەی ئەو سێ شاخەوانە ئیزنیان پێنەداون و ڕێژیم هەر بەوەوە نەوەستا و شەقامەکانی شنۆ و نەغەدەیان بە هێزی سەرکوتگەر تەنی و سەدان هێزی چەکداریان لەسەر شەقامەکان جێگیر کردبوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو سێ شاخەوانە و سەرجەم خەڵکی کوردستان، سپاس و دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لە سەرجەم خەڵکی بەشداربوو دەکا.

تیکست: پەیجی فەرمیی حدکا

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی