"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان:  شەوی 2024/01/16 نیزامی تێرۆریستی کۆماری ئاخوندی ئێران، بە مووشەک و درۆن هێرشێکی وەحشیانەیان کردە سەر شاری هەولێر و دەوروبەر.

لەم هێرشە دڕەندەیەدا، پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر، کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینا بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هاوژینێکی بە ناوی هانا جووتیار و دوو منداڵەکەی دیکەی بریندارن.

هەروەها ، کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق، بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی کە میوان پێشرەو دەزیی بوو گیانی لە دەست داوە.

سپای تێرۆریستی پاسداران لە بڵاوکراوەکانی دا، دەڵێ هێرشمان کردۆتە سەر مووسادی ئیسرائیل و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئایا شەهید کردنی پێشرەو دزەیی و ژینای یەک ساڵەی دژایەتی مووسادە؟

ئەگەر هێندە ئازان و ترسەنۆک نین خۆ دەزانن، ئیسرائیل و مووساد لە کوێن، ئیسرائیل هەموو رۆژێک لە سوریە و لە ناوخۆ بە دڵی خۆیان دەتان کوژێ و نەترسانە لێتان دەدا بەڵام ئەوان لە کوردیان هەژارتر و بێ پشتیوانتر دەست ناکەوێ.

هێزی ترسەنۆک پێی وایە بە تێرۆر دژی کورد و کوردستان دەتوانێ ئیرادەی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنن بەڵام خەیاڵیان خاوە. کورد و کوردستان وەک شێر لە بەرابەر داگیراکەران رادەوەستن و نابەزن.

تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێڕاق زۆر باش بووە و ئەگەر کاتی موشەک بارانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، وەک ئێستا هەڵوێستیان گرتبا . کۆماری ئیسلامی نەی دەوێرا جارێکی تر ئەم کردەوە تێرۆریستیە دوپاتە کاتەوە. .

 ئێمە وەک سایتی پێشمەرگەکان، ئەم کردەوە تێرۆریستیە مەحکوم دەکەین و پرسەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک پێشرەو و کەرەم میخائیل دەکەین.

رورەشی بۆ نیزامی ئاخوندی ئێران و دار و دەستەکەی.

بابەتی پەیوەندی دار

بە مووشەک و درۆنی خۆکوژ  بۆ جاری سێهەم هێڕش کرایە سەر حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە

بنکەکانی حدکا و کۆمەڵە هێرشی موشەکی کرایە سەر.

‌ شەهید وانیار چۆوە لای دایکی

بۆمبارانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکێکی دیکە لە برینداربوونی مووشکەبارانی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی گیانی لە دەستدا

سوپای پاسداران وردەکاریی هێرشەکەی کۆیە بڵاودەکاتەوە

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناوی 4 شەهیدی راگەیاند

کاک محەممەد حەسەن پوور بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بە داخەوە گیانی لە دەست دا

بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە بۆردوومان کرا

ناو و وێنەی ئەندامانی حدک کە لە بۆردوومانی کۆیە گیانیان لەدەستدا بڵاو کردۆتەوە

هەواڵی لەم بارەوە، وەرگیراو لە مێدیاکان

درەنگانی شەوی دووشەممە لەناکاو دەنگی مووشەک خۆشی و شادی لە کۆبوونەوەیەکی خێزانی لە باخێک لەسەر رێگەی پیرمام تۆراند. لەو باخەدا خێزانی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کۆببوونەوە کە هەموویان سڤیل بوون.

هەر زوو دوای ئەوەی دەنگی مووشەکبارانەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانی راچڵەکاند، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە”بنکەی تیرۆریستی” و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.

ئەوەی تاوەکو ئێستا روون بووەتەوە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج ماڵی سەرمایەداری دیاری هەولێر پێشڕەو دزەییە کە بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە خۆی و کچێکی گیانیان لەدەستدا و هاوژین و دوو منداڵی دیکەی بریندار بوون. شایەتحاڵێکی بۆردوومانەکە لە نزیک ماڵی پێشڕەو دزەیی بە رووداوی گوت، “مووشەک لە ماڵی کاک پێشڕەوی داوە، گوێمان لە قیژەی ژنەکانە.. ئەمە جینۆسایدە.”

پێشڕەو دزەیی بازرگان و سەرمایەدارێکی دیاری هەرێمی کوردستانە، خاوەنی فاڵكۆن گرووپ و ئیمپایەر وۆڵد‌ە. لە ساڵی 2015 و لەکاتی شەڕی داعشدا، یەکێک بوو لەو سەرمایەدارانەی بە بەخشینی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاریی کەمپەینی رەنجی شەهیدانی کرد کە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بوو بۆ خێزانی پێشمەرگە شەهیدەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش.

 فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە هێرشە مووشەکییەکەدا بازرگانێکی کریستیانی عێراقی بە ناوی کەرەم میخائیل،  خاوەنی کۆمپانیای سامسوون، کە هاوڕێی پێشڕەو دزەیی بووە و لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵیدا بووە، گیانی لەدەستداوە. هەریەک لە رەوان پێشڕەو دزەیی، رۆژ پێشڕەو دزەیی، هانا جووتیار هاوژینی پێشڕەو دەزیی، دوو خزمەتگواریی فلیپینی بەناوەکانی ئالین و مایک بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، رەوان پێشڕەو تەمەنی 7 ساڵان بووە، رۆژ تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 27 ساڵان بووە و لەگەڵ باوکیدا کاری بازرگانی کردووە. هەروەها هانا جووتیاری هاوژینی پێشڕەو دزەیی پیشەی پزیشکی ددان بووە. بەگوتەی کەسوکارەکەی، دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەی باشە.

کەمتر لە ساڵێک

 دیمەنێکی دڵهەژێن لە بۆردوومانەکەی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، گیانلەدەستدانی ژینە بوو، کە تەمەنی نەببووە ساڵێک، ئەو لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەیان جەستەی ناسک و منداڵانەی تێکەڵی خۆڵەمێش و پاشماوەی مووشەک و شیش و ئاسن بوو. دوای چەند کاژێرێک لە گەڕانی تیمەکان، تەرمەکەی لەژێر داروپەردوودا دۆزرایەوە.

ژینە 10 رۆژی دیکە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی بوو و لە 25ـی کانوونی دووەم تەمەنی دەبووە یەک ساڵ.

هەروەها لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و پێداویستیی نەخۆشخانەکان هاوکاریی تەندروستیی هەولێری کرد.

شەوی رابردوو هەولێر بە 10 مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە ئامانج گیرا، لەوانە پێنج مووشەکیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوت، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەو کەسانە کەرەم میخائیل، بازرگان بوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کەرەم میخائیل، لەدایکبووی ساڵی 1981ـە، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق، بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی.

بازرگانەکە دانیشتووی ئیمارات بوو، لە بەریتانیا لەدایکبووە، یەکێک بوو لە خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ، هەروەها لە دوبەی کاری خانووبەرەی دەکرد.

کەرەم میخائیل، خێزاندارە و دوو ساڵ وەک بەڵێندەر لە پرۆژەی بولیڤارد کاریکردووە.

***

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات: هێرش بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان مەحکووم دەکەین

شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٥ لەسەر ١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی) چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران.

لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکارانی بیانی و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەتایبەت ماڵی یەکێک لە کەسایەتییە سەرمایەدارەکانی باشووری کوردستان، بەداخەوە پێشڕەو دزەیی و چەند کەس لە بنەماڵەکەی شەهید و بە دەیان کەسی مەدەنیی دیکە بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماددی بە هاووڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتوە.

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە دوایین ڕاگەیاندراویدا وێڕای وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی ئەم هێرشە تێرۆریستییە، تۆڵەکردنەوە لە بکەرانی تەقینەوەکانی کرمان و کوژرانی چەند مۆرەیەکی خۆی لە سووریەی کردووەتە پاساوی ئەم هێرشە تێرۆریستییە کە گوایا شوێنی بەئامانجکراو، شوێنی کۆبوونەوەی دەزگا سیخوڕییەکانی دژ بە ئێران بووە، کە ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ئیدیعایەی سپا ڕەت دەکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆی قوربانیی دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ساڵێک پێش لە ئێستا و لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا بنکە و بارەگاکانی لە لایەن سپای پاسدرانی ڕێژیمەوە کرانە ئامانج، ئەم هێرشە تێرۆریستییەی سپای پاسداران بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان مەحکووم دەکات و هاوکات وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، ئارەزوو دەکات بریندارەکان هەرچی زووتر چاک ببنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی

١٦ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی

***

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشکردنە سەر هەولێر: ناکرێ چیدیکە لەبەرانبەر ئەو ستەمە بێدەنگ بین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن.”

سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) لە پەیامەکەیدا دەڵێ “ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت، بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.”

ئەو خێزانەی سەرۆک بارزانی باسی دەکات، خێزانی پێشڕەو دزەییە، کە لەو 10 مووشەکەی شەوی رابردوو ئاراستەی هەولێر کران، نیوەیان بە ماڵەکەی ئەو کەوتن، لەکاتێکدا ئاهەنگی خێزانیان هەبوو بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشڕەو دزەیی خۆی و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووە بە ساڵێک، لەگەڵ بازرگانێکی عێراقیی هاوڕێی و خزمەتگوزارێکی بەڕەچەڵەک فیلیپینیی، کوژران.

سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوە “هەموو لایەک ئاگادارن، لە ساڵی 2020ـەوە هەتا ئێستا بە دەیان جار شاری هەولێر کەوتووەتە ژێر هێرشی ناڕەوای مووشەک و درۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە هاودەستەکانیان. ئەو هێرش و پەلامارانە زوڵم و ناحەقییەکی ئاشکرایە بەرانبەر خەڵکی کوردستان.”

سوپای پاسداران، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ. شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، دووانیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بوون و تێیدا زانیاریی ناکۆکی بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا رایگەیاند “بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە دژبەرە ئێرانییەکان” کراونەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆتاییدا کە ماوەیەکی کەم دواتر و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ  بڵاویکردەوە، دەڵێ “بنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنی (موساد)” [ئیسرائیل] کراونەتە ئامانج.” 

سەرۆک بارزانی نووسیویەتی “ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لە پشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن.”

هەروەها دەڵێ “ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی رابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران.”

***

وێنەی شەهید #ژینا_دزەیی

کچۆڵە ساواکەی شەهید پێشڕەو دزەیی کە بە ناوی #ژینا_ئەمینی کرابوو و شەوی ڕابردوو لە پەلاماری هاژەکی سپای تیرۆریست بۆ سەر هەولێر ناجوامێرانە وێڕای بنەماڵەکەی شەهید کرا.

بە خاک سپاردنی ژینای یەک ساڵە

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵكی هەولێر بە وتنەوەی دروشمی “تیرۆریست ئێران”

پێشڕەو دزەیی، ئەو سەرمایەدارەی هەولێر کە ماڵەکەی بە مووشەک لە لایەن سپای ترۆریستیەوە کرایە ئامانج لە ساڵی 2015 بەمشێوەیە باسی هاوکاریکردنی بنەماڵەی شەهیدان دەکات لە کەمپەینی ڕەنجی شەهیدانی رووداو. ئەمشەو خۆی بەهۆی بۆردوومانەوە شەهیدبوو.

***

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆسەر هەولێر بە کارێکی “نامرۆڤانە و نائەخلاقی” ناودەبات و دەڵێت، “ئەو هێرشە ناڕەوایەی شەوی رابردوو کرا، تەنیا و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەولێر و هەرێمی کوردستان ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات.”

رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر رایگەیاند، “ئەمڕۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان خەفەتبارن بەو کردەوەیەی دەرحەق بە شارەکەمان و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئەوە درێژکراوەی ئەو پیلان و پلانانەیە کە دەرحەق بە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان ئەنجامدەدرێن.”

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، “ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامدراون و ئەو هێرشە ناڕەوایەی شەوی رابردوو کرا، تەنیا و تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەولێر و هەرێمی کوردستان ئیرادەی خۆی تەسلیم بکات، وەکو زۆر جێگای دیکە کە ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردووە.”

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەیدا لە هەولێر بەشدار بوو. ئومێد خۆشناو گوتی، “هاتنی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەشداریکردنی لە بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدەکانمان بەشێک لە خەمەکانی ئێمە وەکو ئیدارە و حکومەت، ماڵبات و کەسوکاری ئەو شەهیدانە کەم دەکاتەوە.”

پارێزگاری هەولێر رووی قسەکانی کردە حکومەتی عێراق و ئاماژەی بەوە کرد، “چاوەڕوانیمان لێی ئەوەیە دەرحەق بەو تاوانانە هەڵوێستی جیدیتری هەبێت. ئەوەی دەکرێت کارێکی نامرۆڤانە و نائەخلاقییە. بە بیانووی پڕوپووچ کە هیچ بنەمایەکیان نییە، خەڵکی سڤیل و منداڵی کەمتر لە یەک ساڵان شەهید دەکرێن.”

ئومێد خۆشناو، پێشڕەو دزەیی و بنەماڵەکەیی بە بەشێکی گەورە لە “شانازییەکانی شۆڕش و هەولێر و کوردستان” ناوبرد و گوتی، “کاک پێشڕەو تەنیا وەبەرهێنەرێکی بەسوود نەبوو بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان، بەڵکو خێرخواز و چاکەکارێکی باشیش بوو. گەورەترین شاهێدیش بۆی ئەوەیە کە تازە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی باسی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە خزمەت پێشمەرگە و هاوکاریکردنیاندا بوو. ئەوەش هەڵوێستێکی نیشتمانییە بۆ بەرگریکردن لە خاک و وڵاتەکەی.”

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “هاتنی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو پەیامە روونەیە کە ئێمە سەرمان دانانەوێنین بۆ ناحەزان و شەهیدەکانمان سەریان بەرزە و گەلەکەشمان بە سەربەرزی دەمێنێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتانە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە خاکی کوردستان بکرێت و سنوورێکیش بۆ ئەو دوژمنکارییە دابنرێت.”

***

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو بیانووانە رەتدەکاتەوە کە ئێران بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی بۆسەر هەولێر دەیانهێنێتەوە و دەڵێت، “کۆنسوڵی ئێران لە هەمووان باشتر دەزانێت هەولێر هیچ کات بنکە، بارەگا و شوێنێک نەبووە بۆ هەڕەشە لە دراوسێکانمان.”

رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر و کچەکەی، کە شەوی رابردوو لە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆسەر ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، گوتی، ئامانجی ئەو هێرشە بازرگانێکی دیاریکراو یان کەسایەتییەک نەبوو، بەڵکو ئامانج هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان بوو.”

جگە لەوەی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە “دووژمنکارانە” ناویبرد، دڵشاد شەهاب گوتیشی، “ئەو پاساوانەی هێندراونەتەوە بۆ دروستکردنی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەسەر شاری هەولێر، کارێکی رەتکراوەیە، لەبەرئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە هەولێر هەیە، دەزانن هەولێر هیچکات بنکە، بارەگا و شوێنێکی هەڕەشە نەبووە و نابێت بۆسەر هیچ یەک لە دراوسێکانمان.”

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “کۆنسوڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لە هەولێرە و زۆر باشتر لە هەموومان دەزانن هیچ هەڕەشەیەک لە هەولێرەوە بۆسەر هیچ شوێنێک نییە. ئەو کردەوە دووژمنکارانەیە ناخی هەموو تاکێکی کوردستانی هەژاندووە.”

دڵشاد شەهاب هێرشەکەی سوپای پاسداران بە دەستدرێژی بۆسەر حکومەت و سیستمی سیاسی ناودەبات و دەڵێت، “ئەو هێرشە دەستدرێژی نییە لە هاووڵاتییەکی سڤیل و بازرگانێک، بەڵکو دەستدرێژییە لەسەر هەموو تاکێکی کوردستان” و “ئەوەی لە کەمتر لە 20 کاژێری رابردوو روویدا، دەبێتە هۆکارێک بۆ پتەوترکردنی گیانی خۆڕاگری، تەبایی و یەکڕیزی لەنێو گەلی کورد و گەلی کوردستان.”

هەروەها هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی بە هەوڵدانێکی “مایەپووچانە” ناوبرد و رایگەیاند، “زۆر هەوڵی دیکە دراون بۆئەوەی ئیرادەی گەلی ئێمە بشکێندرێت، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە چۆن لە رابردوودا ئەو هەوڵانە مایەپووچ بوون، ئێستا و لە ئایندەشدا هەر وا دەبن.”

دڵشاد شەهاب داوای لە حکومەتی عێراق کرد “وەکو چۆن لەسەر هەموو پرسەکان دووپاتی پارێزگاریی سەروەریی عێراق دەکەنەوە، پێیان دەڵێین، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بە رژدی نیشان بدرێت کە سەروەریی عێراق خاوەندارێتیی هەیە. بۆیە ئەو هەنگاوانەی نراون، چاودێرییان دەکەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین.”

ئەمڕۆ بەناوی کۆماری عێراقەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی یاداشتنامەی ناڕەزایەتیی پێشکێشی نوێنەرایەتیی ئێران کردووە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، “زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهانیش ئەم کارە بە ناحەق دەزانن. دڵنیاتان دەکەمەوە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و گەلی ئێمە و تێکڕای لایەنە سیاسییەکان، یەکدەست و یەکدەنگ دەبین لەوەی هەموو رێکارێکی رێگەپێدراوی یاسایی و دەستووری بگرینەبەر و داوای مافی خۆمان بکەین.”

بە ئاماژەکردن بە رێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەریی وڵاتان و هەروەها رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، دڵشاد شەهاب گوتی، “هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو رێککەوتنە ئەمنییە. ئەوەی روویداوە سەرپێچییەکی گەورەیە لە هەموو ئەو رێککەوتنانە؛ بۆیە هەموو رێکارێک دەگرینەبەر بۆئەوەی ئەو ستەم و دەستدرێژییانە لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل رابگرین.”

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداودا کە لە ماوەی دوو ساڵدا دوو بازرگانی گەورەی کورد لەلایەن ئێرانەوە لە هەولێر کراونەتە ئامانج دڵشاد شەهاب گوتی، “ئەم هێرشە دەستدرێژی نییە لە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو دەستدرێژییە لەسەر هەموو خەڵکی کوردستان.”

سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەنجامدا، بەڵام گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هیچ یەک لەو بیانووانەی هێندراونەتەوە، بە بیانوو نازانین. هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە هاتوون و خۆیان لێدوانیان داوە کە شوێنی بەئامانجگیراو شوێنێکی سڤیلە. تەنانەت ئەو ناوچەیە کۆمەڵێک نوێنەرایەتیی وڵاتان و کۆنسوڵخانەی لێیە و هاتووچۆی رۆژانەی شاندەکانی تێدا دەکرێت و هەمووشیان دەزانن کە شوێنێکی سڤیلە و هەڕەشەی بۆسەر هیچ شوێنێک نییە؛ بۆیە ئەو پاساوانە هەموویان رەتکراوەن.”

***

پێشڕەو دزەیی کێ بوو؟ کەسوکارەکەی قسە بۆ رووداو دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری شاری هەولێر، خۆی و کچێکی، لەگەڵ میوان و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی بریندارن.

دوای هێرشەکان، سوپای پاسداران لە راگەیاندنەکانی نزیک خۆیەوە چەند زانیارییەکی لەسەر ژیان و کارەکانی پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە، بەڵام کەسوکاری پێشڕەو، سەرلەبەری زانیارییەکان رەتدەکەنەوە.

سوپای پاسداران، پێشڕەو دزەیی تۆمەتبارکردووە بەوەی پاڵپشتی دەزگایەکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی کردووە.

رووداو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری نووسینگەکەی پێشڕەو دزەییەوە کرد و لە وەڵامدا گوتی “تۆمەتەکان لە هێرشەکان زیاتر تووشی شۆکیان کردین، چونکە کاک پێشڕەو دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت و حیزب و دەزگای هەواڵگرییەوە نەبووە، کەسێکی سەد لە سەد بێلایەن بووە.”

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چوونەتە ماڵی پێشڕەو دزەیی و “دەرکەوت بانگەشەکانی کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین. لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانمان لەم بارەیەوە و راپۆرتی خۆمان بۆ فەرماندەی گشتی بەرزدەکەینەوە.”

پێشڕەو دزەیی کێیە؟

پێشڕەو مەجید ئاغا دزەیی، ساڵی 1966 لە هەولێر لەدایک بووە، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن و پڕۆژەی ئیمپایەر، دوو هاوژین و چوار منداڵی هەبوو، کچە بچووکەکەی کە ناوی ژینا بوو، هێشتا تەمەنی نەببووە ساڵێک، لەگەڵ خۆی لە بۆردوومانەکاندا گیانی لەدەستدا. هاوژینێکی بە ناوی هانا جووتیار و دوو منداڵەکەی دیکەی بریندارن.

کوڕە گەورەکەی بەناوی رۆژ پێشڕەو، تەمەنی 25 ساڵە، لە رووداوەکەدا قۆڵێکی لەدەستداوە و بڕیارە بۆ چارەسەر رەوانەی ئیمارات بکرێت. کوڕەکەی دیکەی، رەوان پێشڕەو، ئەویش بریندارە، بەڵام برینەکەی سووکترە.

نائیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی پێشڕەو مەجید ئاغایە، لەبارەی کارەکانییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی “ئەو کەسێکی سڤیل بوو، نەک خۆی، تەنانەت خوشک و براکانیشی هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەت و دەزگای ئەمنی و سەربازییەوە نەبووە.”

پێشڕەو، چوار برای هەیە:

د. عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی پێشووی یانەی هەولێر

د. عومەر مەجید، مامۆستای زانکۆ و یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر

چاپووک مەجید، وەبەرهێن

سەرباز مەجید، جووتیار

پێشڕەو دزەیی لە کوێ ژیاوە؟

پێشڕەو دزەیی، بازرگان بوو، لە 1991ـەوە چووەتە سوێد و تاوەکو ساڵی 2003 لەوێ ژیاوە، دوای رووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003، چووەتە بەغدا و لەوێ ماوەتەوە تاوەکو ساڵی 2007، هەر لە بەغدا کۆمپانیایەکی سکۆریتیی دامەزراندووە. ساڵی 2007 هاتووەتە هەولێر و گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆنی دامەزراندووە و پرۆژی ئیمپایەری دروستکردووە.

سالار هاوار ئاغا، ئامۆزای پێشڕەو بە رووداوی گوت “لە رابردوودا، هەرگیز نەمبیستووە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا هەبووبێت، یان هەڕەشە لەسەر ژیانی هەبووبێت.”

کارە خێرخوازییەکانی پێشڕەو دزەیی

پێشڕەو مەجید دزەیی، لەگەڵ ئەوەی کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی دەکرد، یەکێک بوو لە خێرخوازە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتی شەڕی داعشدا، زیاتر لە شەش مانگ لە میحوەری دیبەگە ئەرکی دابینکردنی خۆراکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرتە ئەستۆی خۆی. بە هاوبەشی لەگەڵ نۆ بازرگانی دیکە، ژمارەیەک قوتابخانەیان دروستکردووە، کە تاوەکو ئێستاش هەندێکیان تەواو نەکراون.

لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، 93 ھەزار دەستکێش، 750 چاویلکەی پزیشکی، سێ هەزار ماسکی N95، 1875 جلی تایبەب بە کۆرۆنا و چەندان کارتۆن پێداویستیی پزیشکی دیکەی پێشکێشی تەندروستیی هەولێر کرد.

هەروەها لە کەمپەینی رەنجی شەهیدان کە تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2015ـدا رایگەیاند، بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە ماڵباتی شەهیدانی شەڕی داعش.

سالار هاوار ئاغا دەڵێت “مووچەی بۆ دەیان خێزانی بێسەرپەرشت بڕیوەتەوە، بەڵام تەنیا خۆی دەزانێت و نەیوستووە کەس بەو خێرە بزانێت.”

سەرچاوە: روداو  و سوسیال مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی