"an independent online kurdish website

بڕیارە ١١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ هەتاوی، بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلسی شوڕای ئیسلامیی ئێران و شەشەمین خولی مەجلیسی بەناو خوبرەگانی ئێران بەڕێوە بچێ.

 وەک بنەماڵەیەکی شەهیدی بزوتنەوەی « ژن  ژیان  ئازادی »و وەک تاکێکی ئەو کوردستانە، داوام لە سەرجەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە هەیە کە بە تەواوی هێز و بڕستەوە ئەو بەناو هەڵبژاردنانە بایکۆت بکەن.

هەر دەنگدانێک بەهەر پاساوێک یان هەر نییەتێک خیانەتە بە خوێنی شەهیدان، برینداران، زیندانیانی سیاسی و سەرجەم بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد.

لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەماندا، بە هەزاران ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە شەهید کراون، گیراون و تەبعید و دەربەدەر کراون. لەبواری کلتووریشەوە بەو هەمووە دەزگا قورس و گرانەی میدیایی، پەروەردە، زانکۆ و… هەوڵی تواندنەوەیان داوین. ویستوویانە لە کوردایەتی بشۆڕێینەوە، هەست و نەستمان بۆ ماف و داواکارییە ڕەواکانمان بسڕنەوە، دوژمنانی نەتەوەکەمان، بۆ ئەم مەبەستە لە هیچ چەشنە پیلان و چالاکییەکی نامرۆڤانە درێغیان نەکردووە. چ لە ڕژیمی پێشوو و چ ئەو بەناوی نیزامە ئیسلامییەی ئێستا. دوای هەموو ئەو کارەساتانە، بە شانۆی هەڵبژاردن هەوڵ دەدا مەشرووعیەتی نەبووی خۆی بە دەنگدان بسەپێنێتەوە و وەک ڕێکڵام و پڕۆپاگەندە پێشانی هەموو دنیا بدا ئەوەتا خەڵک دەنگمان پێدەدا، بەڵام ئەگە هەر هەموومان پێکەوە وەک سەلماندوومانە، هیچ نەتەوەیەک وەک کۆمەڵگای کورد لە ناوخۆدا یەکگرتووتر و هاودڵتر نییە، ئەمجارەش بە حیماسەیەکی نوێ بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە بە ڕژیمی پەت و سێدارە بڵێینەوە ئێمەی کورد ئێوەمان ناوێ و هەموو جیهانیش لەو راستییە بگەیەنن کە کۆماری ئیسلامی بژاردەی خەڵک نییە و بە زەبری هێز خۆی بەسەر ئێران و کوردستاندا سەپاندووە. ڕۆژئاواییە بەرژەوەندیخوازەکانیش باش بزانن. ئەگە توانیمان ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرە زاڵمەکان ببینەوە و چاو لە چاویان بکەین و لە فیشەک و تەقە و گرتن و کوێرکردن و شەهیدکردن نەترساوین، چۆن لە مۆری سەر سجیل دەترسێین. ئێمە ئەو ڕۆڵە بە ئەمەگانەی کوردستانین بە خوێنی خۆمان کۆشکی زۆرداری “خامنەیی”یمان وەلەرزە خست و هێزە بۆگەن و چڵکاوخۆرەکانیانمان تەنیا بە یەکگرتوویی و دەستی بەتاڵ داماو کردبوو. ئێستاش بە دەنگنەدان و بایکۆت ئەو حیماسەیە دووپاتە دەکەینەوە و کوڵی دڵی خۆمان بەو چالاکییە مەدەنییە کە تێچووەکەی زۆر زۆر کەمە و بۆ هەموولایەکمان دەگونجێ، هەڵدەڕێژین.

سەلیم حەقیقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی