"an independent online kurdish website

سیاسەتی ڕازیکردن شکستی هێنا. ئەمریکا پێویستی بە گەڕاندنەوەی سیاسەتی بەرپەرچدانەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر شوێنێکی دیکە.

هەڵکشانی دوژمنکارییەکانی ئێران بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن. ناکرێت چیدیکە کردەوە تووندوتیژە نەبەخشراوەکان لەلایەن دەوڵەتی پێشەنگ لە سپۆنسەری تیرۆریزمدا بەبێ سزا تێپەڕێت. ئەمریکا دەبێت بە پێشاندانی دەستبەجێ و ڕاشکاوانەی هێز وەڵامی بداتەوە، کە ببێتە دەستپێکێک بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی بەرپەرچدانەوە، کە نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە تەواوی جیهان لە دەستی داوە.

لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دیپلۆماتکارەکانی سەرۆک بایدن بە بەردەوام دەستپێشخەری و ئیمتیازاتیان خستووەتە بەردەم ئێران، کە تەنیا بوونەتە هۆی زیادکردنی ڕەفتاری دوژمنکارانەی ڕژێم. ئیدارەی بایدن لە ستراتیژی ئەوپەڕی گوشاری ئیدارەی ترەمپ پاشەکشەی کرد، ڕازی بوو بە پێدانی شەش ملیار دۆلار باج لە بەرامبەر پێنج بارمتەی ئەمریکی، ڕێگەی بە ئێران دا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە نەوت هەناردەی چین بکات، هەروەها حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا. لەوە خراپتر، ئیدارەی بایدن بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کە تاران دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی یەکەم لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

ئەنجامی ئەم ڕازیکردنە بریتییە لە شەڕ، 7ی ئۆکتۆبەر بە تاوانکارییەکانی حەماس لە دژی ئیسرائیل دەستی پێکرد. لەو چوار مانگەدا، ئیدارەی بایدن بەردەوام بووە لە پەنابردنە بەر سیاسەتی ڕازیکردن بە دابەزاندنی ئاستی وەڵامدانەوەی بەهێز لە دژی هێرش و هەڵکشانەکانی ئێران.

مەلاکان لە خۆڕا هەموو لقە زەیتوونەکانیان شکاندووەنەتەوە و بەڕێز بایدن و دیپلۆماتەکانی درێژەیان پێدا. کاتی ئەوە بەسەرچوو ئەم ڕێبازە قبووڵ بکرێت، کە بە تەواوەتی شکستی هێناوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەمریکییەکان. بۆ پاراستنی سەربازانمان و گەلەکەمان بە سەلامەتی، دەبێت ئیدارەی بایدن هەڵوێستێکی زۆر تووندتر بەرامبەر ئێران وەربگرێت.

مەلاکان تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن. سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئیدارەی ترەمپ کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری دەستپێکرد، کە سەپاندنی سزای پەکخەری بەسەر ئێراندا لەخۆ دەگرت. ئێمە لە ئەنجامدانی کردەوەی یەکلاییکەرەوە بۆ وەستاندنی فەرماندەی هێزەکانی قودس، قاسم سولەیمانی دوو دڵ نەبووین، کاتێک کە هەڕەشەی لە گیانی ئەمریکییەکان دەکرد. تاوەکو 2020 ڕژێمی ئێران لە هەر کاتێکی دیکە گۆشەگیرتر بوو. توانا و ویستی بۆ ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە لە هەر کاتێکی دیکە لاوازتر بوو.

تەنیا بە گەڕانەوە بۆ ئەوپەڕی گوشارە کە ئەمریکا دەتوانێت سەقامگیریی ناوچەکە بە دەست بێنێتەوە و بە باشی گیانی سەربازانی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانمان بپارێزێت. ئێمە هانی ئیدارەی بایدن دەدەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی چاوپۆشیکردن لە 10 ملیار دۆلار سزا کە مانگی نۆڤەمبەر دەریکرد. ڕژێمی تاران ئەم پارانە بەکار دەهێنێت بۆ پارەدارکردنی تیرۆر، کوشتن و ئازاردان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەک ڕێبەری جیهانی ئازاد، سەرۆک دەبێت داوا لە بانکە نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی دارایی هەموو پرۆکسییە ئێرانییەکان کە لە ناوچەکەدا چالاکن.

کەس شەڕی ناوێ؛ هەموو کەسێکی بەڕێز دژایەتیی دەکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێمە لە ئیدارەی ترەمپ مۆدێلێکی بەرپەرچدانەوەمان بونیاد نا کە سەرکەوتووانە نەیارانی ئەمریکای لە تێوەگلان لە دوژمنکاری دوورخستەوە. ئەو مۆدێلەی بەرپەرچدانەوە لە قازانجی سیاسەتی ڕازیکردن لەناو براوە، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە زیانەکان پێشانی دەدەن کە پێویستە مۆدێلەکە زیندوو بکرێتەوە، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان.

پێویستە هەنگاوی یەکەمی ئێمە وەڵامدانەوەی هێرشە خوێناوییەکەی ئێران بێت بە لێدانی کاولکارانە: نەک هەر بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵکشانی ئێران و پاراستنی سەربازانی ئەمریکا، بەڵکو بۆ دەستکردن بە دووبارە بوونیادنانەوەی مۆدێلی بەرپەرچدانەوە کە شەڕ دووردەخاتەوە. دەبێت سوپای ئەمریکا ئامانجە بەنرخەکانی ئێران تێکبشکێنێت، لە ناویشیاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و ژێرخانی نەوتی و دەریایی. لێدانە پەیامییەکان لە عەمبارە بەتاڵەکان هیچ دەستکەوتیان نابێت. ڕازیکردن هیچ کات بۆ یەک جاریش لە مێژوودا کاریگەر نەبووە، ئێستاش کاریگەر نابێت.

پارێزراویی و ئاسایشی وڵات و خەڵکەکەی دەبێت هەمیشە لە سەروو هەموو شتێکەوە بێت. ئەوانەی کە خۆبەخشانە بەرگریی لە ئازادیمان دەکەن، نابێت بەتەنیا بەجێ بهێڵدرێن. ئەوانەی کە ئەوپەڕی قوربانی دەدەن بۆ خزمەتکردن بە وڵاتەکەمان، شایستەی دادپەروەریین. ئەوانەشی کە دەوێرن هەڕەشە بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا شایستەی بیرهێنانەوەیەکن کە لێی پەشیمان ببنەوە.

سەرچاوە. ئاڤا نیوز

ئەم وتارە لەلایەن مایک پێنس (جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا 2017-2021) و مایک پۆمپیۆ (وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا 2018-2021) نووسراوە.

سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرنال

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی