"an independent online kurdish website

رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر گیانی لەدەست دا، ڕابردوویەکی خوێناویی هەبووە و دەستی لە کوشتنی هەزاران کەسدا هەبووە.

ئەم سەرۆککۆمارە، بکوژی هەزارن مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بووە. ئەم جینایەتکارە هەر لە سەرەتاوە، بۆ مرۆڤکوژی پەروردە کرابوو. ئیبراهیمی ڕەئیسی ناودێر کرابوو بە: “ئایەتوڵڵای ئیعدام، جەلاد، قەسابی تاران، دڕندەیی، تیرۆر، مەترسی و زوڵم” نەک ئەوەی کە بە پێچەوانەوە لەناو ڕژیمی ئاخوندی پێی دەڵێن: “سەیدی مەزڵوومان”!!

ڕەئیسی لەو ساڵانەی کە لە ئێراندا پلە و پایەی هەبوو، لە هەموویاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی لە کوشتنی خەڵکی بێتاواندا بووە و یەکێک لە هەرە چالاکترین سەرۆککۆمارەکانی ئێران بووە لە کوشتوبڕدا.

هەندێک لە تاوانەکانی ئەم جینایەتکارە ئەمانەن:

– ڕەئیسی ڕۆڵی هەبووە لە کوشتنی زیندانییانی سیاسی.

– ڕۆڵی ئاشکرای هەبووە لە گرتن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و شاردنەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر دەستبەسەرکراوەکان.

– سزای قورس و نادادپەروەرانەی بۆ ئەو پیاوە ئایینیانە دەر دەکرد کە ڕەخنەیان لە حکوومەت دەگرت یان دژایەتیی حکوومەتیان دەکرد.

– بە فەرمانی ئەو، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکانی ژینگەپارێز بەردەوام بوو.

– ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی نایاساییی ڕۆژنامەنووسان.

– ڕەئیسی بەرپرسیارێتیی هەبووە لە گیانلەدەستدانی زیندانیانی سیاسی لە زیندان.

– ئەو بەشداریی کردووە لە بەدامەزراوەییکردنی هەڵاواردنی جێندەری.

– ئەو لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

لە سەردەمی ڕەئیسی، کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران بەچڕی داخرابوو.

– لەژێر چاودێریی ڕەئیسی و بەرێوەبەریی ئەو، سیستەمی مرۆڤکوژی بەڕێوە دەچوو.

– ئیبراهیم رەئیسی بەشێک لە داڕێژەری ئەو سیستەمە دادوەرییە کوردکوژەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە ڕاستەوخۆ واژۆی لەسەر لەسێدارەدان، کوشتن و لە ئەشکەنجەدانی هەزاران چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان کردووە.

– لە ماوەی دەسەڵاتی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار، بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکوت، کوژرانی حکوومەتی و لەسێدارەدانەکان زیادی کرد بەتایبەت لەسێدارەدانی کوردەکان.

– لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەئیسی کە شۆڕشی ژینا سەری هەڵدا، سەدان هاووڵاتی کە زۆربەیان لە کوردستان بوون بە توندوتیژییەکی دڕندانە کوژران، لەسێدارە دران، بە گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژران یان چاویان لەدەست دا و هەزاران کەس دەستبەسەر کران و کەسانێک تا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە.

– لە ماوەی سەرۆکایەتیی ڕەئیسی، توندوتیژیی ئاشکرا و ڕۆژانە دژ بە ژنان لەسەر شەقامەکانی ئێران و لە شارە کوردنشینەکان بەڕێوە دەچوو.

– لە دەورانی سەرۆککۆماریی ئەم جەلادە و بە فەرمانی ئەو پرۆسەی گرتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی کوردەکان بەردەوام بوو.

ئەوانە تەنیا بەشێک لە جینایەتەکان پێشێلکردنی مافی مرۆڤن کە بە دەستی ڕەئیسی جێبەجێ کراون.

بێگومان لێکۆڵینەوەی زیاتر لیستی تاوانەکانی ئەم جەلادە زیاتر دەکات.

ئەمڕۆ بە کوژرانی ئەم جەلادە کە بکوژی خەڵکی بێتاوان و بکوژی منداڵان بوو، دڵخۆشین و ئاهەنگ دەگێڕین.

بێگومان بە مردنی جەلاد ڕەئیسی، دڵی دایکانی خەمبار و دادخوازیش ئارام بووە.

ژن، ژیان، ئازادی ✌️

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی

Edris Hashemi

2024-05-23

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی