"an independent online kurdish website

دوای ئەوەی دەستمان گرت بە سەر پایگاکەی گوازدا، وەک وتم 2 لە کادرەکانی کومیتە شارستانی کرماشان، سەرپەلێک و مام ئەکبەر مینبەری لێمان جیا بوونەوە و  هەموو ئەو چەکوچۆلانەی بە دەستکەوت گیرابوون،

لە ڕێگای ئەو هاوڕێیانەوە ناردران بۆ ئەوەی بیانگەیەننە جێگای مەبەست. ئێمەش رۆیشتین و بۆ رۆژی دوایی لە نزیک نییەر ماینەوە. رۆژەکەی پیاوێکی بە تەمەنی خەڵکی نییەر کە بۆ کاروباری باخداریی هاتبووە ئەو ناوە، هات بۆ لامان. پاش ماوەیەک ئێمەی بە جێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە. لە کاک حەسەنمان پرسی بۆ هیچ پرسیارێکی لە سەر جموجۆڵی هێزەکانی رێژیم لەو کابرایە نەکرد؟ کاک حەسەن وتی: ئەو پیاوە لە نییەر بەوە بە ناوبانگە کە لە سەر هیچ کەس و لایەنێک زانیاری بەوی دیکە نادات. بۆیە ئەگەر ئێستاش رێژیم بیگرێ و بیهەوێ لە سەر ئێمەش زانیاری لێ وەرگرێ، دڵنیابن گیانی دەبەخشێ، بەڵام ئەو زانیارییانە بەوانیش نادات.

رۆژمان لەوێ تێپەڕ کرد و ئێوارەکەی دەبوو گەشتەکەمان بەرەو ناوچەکانی بێڵەواری کامیاران و شاخی شاهۆ درێژە پێ بدەین. پێیان راگەیاندین کە قەرارە هێندێک خواردنمان لە نییەرەوە بۆ بێنن، بۆیە من و پێشمەرگەیەکی دیکە دەبوو لەوێ چاوەڕوانی گەیشتنی خواردنەکەمان کردبا و باقی هاوڕێیان دەستیان بە رۆیشتن کرد. دیارە ئەوەش بۆ ئەوە بوو کە تا دەکرێ، ئیحتیاتی پێویستمان کردبێ و ئەگەر ئەو کەسانەی کە قەرار بوو خواردنەکەمان بۆ بێنن لە لایەن رێژیمەوە چاودێری کرابان، لە جیاتی ئەوەی هەموو تیمەکە لە کەمین کەوتباین، ئەو دوو کەسەمان بۆ پووچەڵکردنەەی ئەو جۆرە پیلانە بەکار دەهێنا. ماوەیەک چاوەڕێمان کرد و خواردنەکە گەیشت، خێرا شوێنەکەمان بە جێهێشت. جگە لە هێندێک نان و پێداویستی دیکە، قاولەمەیەکی گەورە برنجی ئامادەکراویان هێنابوو. تا گەیشتینە لای پێشمەرگەکان، خەریک بوو بڕستمان لێ دەبڕا، جگە لە چەکوچۆڵەکانی خۆمان کە هەر بۆ خۆیان بە رادەی پێویست قورسایییان هەبوو، هەر یەکەو زیاتر لە 20 کیلۆ باری زیادیمان هەڵگرتبوو. دوای ماوەیەک رۆیشتن، دەستمان کرد بە خواردنی برنجەکە و لە کۆڵ خۆمان کردەوە. ئیستا کە خواردنی باشمان خواردبوو، دیاربوو وزەی پیویستمان دەست کەوتبوو، رێگا ڕۆیشتن ئاسانتر بوو بۆمان. کە دەڕۆیشتین، کەوتمەوە بیری سێ شەو لەوەوبەر و لەو دەوروبەرە، کاتێ مام ئەکبەر مینبەری دواکەس بوو لە ریزی پێشمەرگەکان و منیش کەسی پێش ئەو بووم. جاروبارە پێکەوە قسەمان دەکرد. وتی کاک فڵانەکەس، ئێرە ناوچەی ئێمەیە، بۆ نەیەین، رێککەوتنێک بکەین؟ وتم مام ئەکبەر لە سەر چێ؟ وتی ئێمە نەختێک بارودۆخی تۆ لە بەر چاو دەگرین و تۆش کە گەراینەوە بۆ قەسڵان، تەنها جارێک یارمەتیمان بدە کە لە فوتباڵ دا مەڵبەندی یەک لە مەڵبەندی ٣ بیباتەوە. رێککەوتنێکی قورس بوو، منیش لە وڵامدا وتم ئەگەر تۆ لە جیاتی من بی، ئەوە قبووڵ دەکەیت؟ مام ئەکبەر دیار بوو بەشێکی هەر بۆ ئەوە بوو کە بابەتێکمان هەبووبێ لە سەری قسە بکەین. بەڵام دیاریش بوو کە لایەنگرییەکی زۆری بۆ فوتباڵ هەبوو. ئێمە بە رێوە بووین و کاتەکەش شەو بوو، هەربۆیە فرە حەوسەلەی ئەوشێوە لە ڕێکەوتنمان نەبوو. هەر وا لە خەیاڵی ئەو باسانەی ما ئەکبەر دا بووم، گەیشتینە سەر بەرزاییەک و وتیان لێرە پشوویەکی کورت ئەدەین. دیارە بە مەبەست ئەو جێگایەیان بۆ پشوودان هەڵبژارد و وتیان ئێرە ئەو شوێنەیە کە سالار ئیبراهیمی لێی شەهید بووە. شەهید سالار، ئەو کات جێگری فەرماندەری هیزی بێستوون بوو، لە ساڵی 1366 لە شەڕێکدا شەهید ببوو. بۆ ماوەیەک لەوێ پشوومان دا و دواتر کەوتینەوە رێ. بۆ بەرەبەیانییەکەی گەیشتینە بنارەکانی شاخی شاهۆ و ماینەوە. شاخی شاهۆ، لە رووی بێڵەوارەوە خاوەنی جۆغرافییایەکی ئەوتۆیە کە زۆر بە ئاسانی بۆ رێژیم کۆنترۆڵ ناکرێ، نەک تیمێکی 20 کەسی وەک ئێمە، بگرە هەزاران پێشمەرگەش حەشار دەدات. گەرچی، مخابن کەم ئاویی یان باشترە بێژم بێ ئاویی، رێگای نەدەدا زۆرتر لەوێ بمێنینەوە.

ئێمە چوار پێنج کەس بە یەکەوە هاوخەرج بووین. جەوانەیەکمان پێ بوو، ئاوی ناو مەتارەکان زۆر گەرم دەبوو ، بۆیە ئاوەکەمان دەکردە ناو ئەو جەوانە بۆ ئەوەی نەختێک فێنک بێ و بتوانین بیخۆینەوە. هەر ٢ بۆ ٣ کاتژمێر جارێک هەر یەکەو دۆلکەیەک ئاومان دەخوارد. ع. محەمەدی. هەم سەرپەل بوو و هەمیش ئەرکی دابەشکردنی ئاوەکەی لە ئەستۆ بوو. کاتێ ئەو دۆلکە ئاوەمان دەخوارد، وەک ئەوە وابوو، دەممان لە کانیاوێک نابێ. هەرچەند ئاوە فێنکەکە بەر لەوەی بگاتە ناو گەدە، تەواو دەبوو، چوونکە تەنها چەند قوومێک ئاو بوو. کە ناخۆش بوو.! جارێکیان خاڵۆ حەمە. ڕ. دوای ئەوەی دۆلکە ئاوەکەی ئاودیو کرد، داوای لە ئاو دابەشکەرەکە کرد، کە دۆلکەیەکی دیکەی بداتێ، دواتر چی ئەبێ با ببێ، وتی ئەگەر دۆلکەیەکی دیکە ئاوم پێ بدەیت، هەموو بناری شاخی شاهۆ، ببێت بە تانکی دوژمن، بە لامەوە وەک تاڵە پووشێکە. رووی کەمئاویی رەش بێ، ئەو داوایەی خاڵۆ حەمە. ڕ. بە نەخێر وڵام درایەوە. خاڵۆ حەمە ڕ. بۆ خۆی داستانی زۆرە و ناو بە ناوە باسی دەکەین. تەنها یەک متر پشتێنی هەبوو، جاروبارە بە رۆژ رایدەخست، لە سەری دادەنیشت و وەک فەرش کەڵکی لێ وەردەگرت، زۆر جار لە کاتی پیویستدا وەک کۆلەپشتی زیادی بە کاری دەهێنا، زۆربەی کاتیش بۆ ئەوەی مێش و خۆر عەزیەتی نەکەن، دەیدا بە سەر خۆیدا. کە لێمان دەپرسی ئێمە بە پێنج شەش میتر پشتێنەوە هێشتا کەموکۆڕیمان هەیە و پێمان وایە بەشمان ناکات، چۆن ئەو بەو یەک میترەوە ئەو هەموو کارەی پێ دەکات؟ لە وڵامدا دەیگووت، گرینگ ئەوە نییە چەندە زۆر بێ، گرینگ ئەوەیە چۆن کەڵکی لێ وەر دەگریت.

کەمئاوی خەریک بوو، وەڕەس و بێزاری دەکردین. وتیان لە بناری شاخی شاهۆ چاڵە بەفرێکی لێیە کە بەفری قەد لێ نابڕێت. دوو کاتژمێک لە ئێمەوە دوور بوو. شەش بۆ حەوت کەسمان ئامادە بووین بچین بەڵکوو بەفرمان دەست کەوێ. ئەوەی ئاومان لە مەتارەکاندا بوو، دامان بە هاوڕێکانمان کە مانەوە و هێسترێکمان پێ بوو لە گەڵ خۆمان بردمان و بەرەو بناری شاهۆ بەڕێ کەوتین. نیوەی دووەمی مانگی گەلاوێژ بوو، هەوا زۆر گەرم بوو، دوو کاتژمێر بە بێ ئاو و بە بەر خۆرەتاوەوە بە رێگادا ڕۆیشتین. تینوێتی تا دەهات کاریگەریی خۆی دادەنا. بەڵام بە هیوای ئەوەی زۆری نەماوە، دەستمان بگاتە بەفری سارد، بەرگەی تینوێتیمان دەگرت. گەیشتینە ئەو جێگایەی کە دەبوو بەفرمان دەست کەوێ و تۆڵەی ئەو رێگا و تینوێتییەمان بکەینەوە. کە دیتمان جگە لە هێندێک گژوگیای سەوز کە نیشانەی تەواوبوونی بەفر لەو جێگایە بوو، هیچ بەفرمان نەدیت. ئێستا نەک هەر بەفرمان دەست نەکەوت، بگرە لە بەر ئەوەی هەموو ئاوی مەتارەکانیشمان دابوو بە هاوڕێکانمان و 2 کاتژمێر بەو گەرما بە رێگادا رۆیشتبووین، توانای گەرانەوەشمان زۆر ئاستەم بوو. بێهیوایی خەریک بوو باڵی بە سەرماندا دەکێشاو بۆی دانیشتین. ئەو کەسەی کە شارەزای ئەو بەفرە بوو، وتی: ئێوە لێرە دانیشن، دەڕۆمە سەرەوەتر بەڵکوو بەفری لێ بێ. بەفری چی، بناری شاخەکە تەنها سەد مترێک لێمانەوە دوور بوو و بە روونی دەماندیت کە هیچ بەفرێکی لێ نەبوو. چەند خولەکێک تێپەڕی، هاواری لێ بەرز بوەوە، وەرن بەفری لێیە. ئێمە کە پێشتر بەرەو خوارەوەش توانای رۆیشتنمان نەبوو، وەک ئاسک بۆی سەرکەوتین و ئەو سەد مترەمان بە چەند چرکەیەک بڕی و گەیشتینە سەر چاڵە بەفرێك، کە بەفری سەدان و بگرە هەزاران ساڵی پێشتری لێ بوو. دوو تا سێ متر دەبوو بە پشتێن یەکترمان دابەزاندایە ناو چاڵە بەفرەکە، کە دەچوینە خوارەوە، خێرا لە سەرما، لەرز دایدەگرتین و داوامان دەکرد کە هەڵمان کێشنەوە سەر. تا تینوێتیمان شکا، بەو جۆرە بەردەوام بووین. دواتر دەستمان کرد بە بڕینەوەی بەفر بۆ ئەوەی باری هێسترەکەی لێ بگرین. پاش ئەوەی بارێکی زەبەلاحی بەفرمان بۆ سەر هێسترەکە دەرهێنا، هەر یەکەو تارمێک بەفریشمان بۆ خۆمان گرت بە دەستەوە کە بە دەم رێگاوە دەمانخوارد. پاش نزیکەی پێنج کاتژمێر بە بەفرەوە گەراینەوە لای هاوڕێکانمان و لەو کەمئاوییە رزگارمان بوو.

یەک دوو رۆژی دیکە لەو دەوروبەرە ماینەوە و دواتر بڕیار درا، پایگایەکی دیکەی رێژیم کە لە ناو ئاوایی تەنگیوەر بوو، تەمێ بکرێ. دەستەی فەرماندەیی رۆیشتن و بە دووربین شناسایی پایگاکەیان کرد. سازماندەیی کرا و تیمەکەی ئێمە کە پێنج کەس بووین، هەر هەمان ئەو کەسانە بووین کە بۆ گرتنی پایگاکەی گواز پێکەوە بووین و وەک تیمی هەڵمەت دانرابووین کە بچینە ناو پایگاکە. 19ی گەلاوێژ بەر لە ئاوابوونی خۆر، بەرەو شوێنی مەبەست کەوتینە رێ. کە هەوا تاریک بوو، خۆمان گەیاندە ئاواییەکە. پایگاکە لە خۆرهەڵاتی ئاواییەکەوە کە وەک ماڵی پەڕەوەی ئاوایی هەڵکەوتبوو. تیمەکەی ئێمە دەبوو بچین لە خۆرئاوای گوندکەوە خۆمان بکەین بە نێو گوندەکە دا و لە ناوەوەی گوندەکەوە بڕۆین بەرەو لای پایگاکە. کە گەیشتینە نێو گوندەکە، گوندەکەمان لێ بوو بە دوو گوند. دیارە پێشتر بە دووربین لە سەرەوە وەک گوندێک بینرابوو، کەچی چۆمێکی بچووک گوندەکەی دەکرد بە دوو لەتەوە. گوندەکە زۆر گەورە بوو، لێمان تێک چووبوو کە چۆن و لە کوێوە دەتوانین پایگاکە بدۆزینەوە. هاوڕێیانی دیکەشمان کە گەیشتبوونە جێگای مەبەست، چاوەڕێێ ئەوەیان دەکرد کە ئێمە بگەینە شوێنی خۆمان و لە کاتی دەستپێکردنی تەقە دا ئامادە بین. کە بێهوا بووین لەوەی کە بەو زوانە پایگاکە ببینینەوە، وتمان ئێوە تەقە دەست پێ بکەن بەڵکوو بەو جۆرە پایگاکە بدۆزینەوە. کە تەقەیان دەست پێ کرد، بێ ئەوەی بزانین ئەوە پایگاکەیە، گەیشتبووینە چەند متری ئەوێ و خەریک بوو بچینە ناو حەوشەی پایگاکە. خێرا خۆمان گەیاندە بن خانوویەک لە 10 بۆ 12 متری بینای سەرەکی پایگاکە. هاوڕێیانمان یەک دوو ئارپیجیان کێشا بە بینای پایگاکە دا و ئاورباران دەستی پێ کرد. چەند خولەک تێپەڕێ، لە پڕ نارنجۆکێک لە یەک دوو میتری ئێمە کەوتوو سەر زەوی و ئێمەش خۆمان تەختی زەوی کرد.

درێژەی هەیە.

تێبینی: مام ئەکبەر مینبەری کادری تەشکیلاتی بوو، لە گەرمەی راسانی حیزبی دیمۆکرات دا و لە سالی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شەڕێکدا لە شاخی کۆسالان شەهید بوو. رۆحی مام ئەکبەر و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی