ئازادکردنی حەمید نووری، گەورە تاوانبار و یەکێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لەلایەن وڵاتی سویدەوە جێی شەرمەزارییە و بە بڕیاڕێکی ناڕەوای دەزانین.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی حەمید نووری کە لە تاوانی ڕەشەکوژی و ئێعدامی بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی لە هاوینی ۱۳٦۷ی هەتاویدا، کاربەدەست و دادیاری بەندیخانەی گەوهەردەشتی کەرەج بووە، جێی سەرسووڕمان و کردارێکی نامرۆییە.
حەمید نووری کە بە ناوی خوازراوی “حەمید عەباسی”، لە تاوانی ئێعدامی بەکۆمەڵی سەدان و هەزاران زیندانیی سیاسی و دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەشدار بوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی سویدەوە، بڕیاری زیندانی هەتایی بۆ دەرچووبوو،بەرانبەر بە ئازادکردنی دوو زیندانی بە بارمتەگیراو بە ناوەکانی یوهان فلودرووس و سەعید عەزیزی دوو هاوڵاتی سویدی ئازاد و ڕادەستی ڕێژیمی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە.
بەم بۆنەوە، وێڕای دەربڕینی بێزاریی خۆمان لەم بڕیارە نادادپەروەرانەیەی دەوڵەتی سوید، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەین سەبارەت بەم ساتوسەودایەی ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی و ودەوڵەتی سوید، بێ هەڵوێست نەبن.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی
٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣