"an independent online kurdish website

ئیسماییل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بەرەبەیانی ٣١ی جولای ٢٠٢٤ لە تاران ی پێتەختی ئێران لە رێگای موشەک (یا دروێن) لە شوێنی مانەوەی، لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانی کوژران.

ئێران و سپای پاسداران ئەنجامی ئەم کردەوەیان خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئیسراییل و خامنەیی و وردو درشتی دەسەڵاتدارانی ئێران باس لە تۆڵە لە ئیسراییل ئەکەنەوە.

شەڕی  ئەم دوواییەی غەزە کە بەدوای کردەوەی تیروریستی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ دژبە خەڵکی سیڤیلی ئیسراییل، دەستی پێکرد، پێ ئەنێتە دەهەمین مانگی خۆی. شەڕێکی وێرانکەر کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٩ هەزار فەڵەستینی و چەند هەزار ئیسراییلی تێدا کوژراوون. شەڕێک کە نزیک بە دوو ملوێن کەسی ئاوارە کردووەو هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاگربەس و سازان لە نێوان ئیسراییل و حەماس هەتا ئێستاش بەدی ناکرێت. بۆیە تەنانەت ئەگەر ئێرانیش نەڵێت، هەموو سەرنجەکان ئەچنەوە سەر ئیسراییل و بە بەکەری ئەم کارە ئەناسرێت هەرچەندە هەتا ئێستا ئیسراییل وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی، بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ئیسراییل لەسەرتای شەڕەکە رایگەیاند کە رێبەرانی حەماس لە هەر شوێنێک بن ئەکرێنە ئامانج. بۆیە لەسەرەتای ئەمساڵیش، “ساڵەح العاروری” کەسی زۆر نزیک لە ئێران و لە دامەزرێنەرانی باڵی سەربازی حەماس واتە “کەتایبی قەسام” لە بەیروتی پێتەختی لوبنان و سەرەڕای پارێزگاری توندی حیزبوڵای لوبنان، لەلایەن ئیسراییلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. هەروا دەنگۆی کوشتنی “محەمەد زەیف” فەرماندەی حەماس لە غەزە لە ١٣ی جولای هەیە. دوێنێش ئیسمایل هەنییە کەسی ژمارە یەکی حەماس بە هەمان شێوە لە تاران و لەژێردەسەڵاتی مەلاکان، کرایە ئامانج و کوژرا.

کوشتنی هەنییە لەم کات و ساتانەدا ئەتوانێت ئەم ئامانجانەی خوارەوەی لە پشتەوە بێت:

١. درێژەپێدانی سیاسەتی ئیسراییل بۆ لەناوبردنی رێبەرانی حەماس لە هەرشوێنێک بن.

٢. گوشارێ زیاتر بۆسەر حەماس بۆ ملکەچ کردنی بە مەرجەکانی ئیسراییل بۆ ئاگربەستی داهاتوو.

٣. شکست دان بە پرۆژەکەی وڵاتی چین کە بریتیە لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە لەلایەن حەماس و ئەلفەتح بەدوای کۆتایی شەڕی غەزە.

٤. پەکخستنی وتووێژەکانی ئاگربەس کە بە نێوەندگیری ئیدارەی بایدن و قەتەرو میسر چەند مانگێکە درێژەی هەیە.  

٥. لە هەمان کاتدا، ئەنجامدانی ئەم کارە لە تاران هەڵگری پەیامێکی روون ئاشکرا بوو بۆ مەلاکانی ئێران کە: ئیسراییل توانای ئەوەی هەیە کە هەرکارێکی بوێت لەو وڵاتە ئەنجامی بدات. دەزگای هەواڵگری موساد باڵادەستی تەواوی لە ئێران هەیە و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئێرانی تەنیوەتەوە و بەم جۆرە ترس و تۆقاندن بخاتە دڵی مەلاکانەوە و پێیان بڵێت کە ئێران بەرانبەر بە زانیاری و توانای سەربازی ئیسراییل، هیچی لەدەست نایەت بۆیە ئەگەر مەلاکان ئەیانهەوێت درێژە بە ژیانی نگریسی خۆیان بدەن باشترە واز لە یارمەتی و تەیارکردنی حەماس، حوسی، حەشد و حیزبوڵا بە چەک و پارە بهێنن.

٦. لەم ماوەیەشدا، موحسین پزشکیان، کۆنە پاسدارو ئەو کەسەی کە هەر لەسەردەمی گەنجییەتی و لە زانکۆی تەورێز، کاری دەرهێنانی چاوی دژبەرانی کۆماری مەلاکان بوو، ئەمجارەو لەژێر ناوی “چاکسازیخواز” و “گۆرباچۆفی ئێرانی”، لەلایەن خامنەیی یەوە کرا بەناو سەرۆک کۆمار. ئەویش بۆ دوو مەبەستی ناوخۆ و دەرەوە.  لەناوخۆ مەلاکان چەند ساڵێکی دیکە ئێرانییەکانی پێ بگەوجێنن کە گۆیا چاکسازیخوازێک کراوە بە سەرۆک کۆمار و لە دەرەوەش لەگەڵ ئەمریکا و ئۆرۆپا رێککەوتن بکەن و ئێران لەو قەیرانە قوڵە ئابوورییە رزگاری ببێت.

بۆیە کوژرانی هەنییە لە تاران لەم سات و کاتەدا، ئێران ناچار ئەکات کە هەڵوێستێکی توند وگەمژانە وەربگرێت و جارێکی دیکە و لەژێر ناوی “بەڵێنی راستگۆ” (وعدە صادق ژمارە ٢)،  چەن بۆرییەکی دیکەی ئاو بگرێتەوە ئیسراییل و ئەوسا هەموو ریسەکەی “جۆزێف بوڕێل” لە ستراسبۆرگ و “جەو بایدن” لە واشێنگتۆن بۆ رێککەوتن لەگەڵ مەلاکان ببێتەوە بە خوری.

بەتایبەت لەم کاتەدا کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیک ئەبینەوە، دوور نییە ئیدارەی بایدن ناچار بکرێت (لە ئەگەری وڵامی ئێران دژبە ئیسراییل) هەڵوێستی توند و تەنانەت دەست وەشاندنی سەربازی دژبە ئێران بگرێتە بەر، بەس لەبەر ئەوەی کە “کامالا هەریس” بەربەژاردەی دێمۆکراتەکان هەڵبژاردنەکە بباتەوە. 

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی