"an independent online kurdish website

هەرچەندە دیموکراتەکانی ئەمریکا [بەتەواویی!] هاوبیری ئیسرائیلیش نین، بەڵام نەفەس درێژ بن: ئیسرائیل نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت! کەچی لەگەل ئەم هەمو گۆڕانکارییە ستراتیژییانەدا: سەرکردەکانی کورد داغانن لە گەندەڵیی و دزی دا و، نە پڵانیان هەیە و نە ستراتیژ!

ئەو گورزە تۆفانییەی کە ئیسرائیل پێرێ شەو لە بەرەی مقاومە [بەرەی فرۆشتنی غەززە]ی سراواند، هەڵگری پەیامێکی ستراتیژیی ئیسرائیل-ئەمریکا بو بۆ ئێران، کە: هەرکاتێک بمانەوێت بەئاسانیی دەتڕوخێنین.

کەوابو، هێشتا ئیسرائیل-ئەمریکا دەرفەتێکیان بۆ ئێران هێشتۆتەوە کە لە خەتی [سور]یان دەرنەچێ؛ ئەگینا ئیتر ئیسرائیل-ئەمریکا سەرە هەرەباڵاکانی ئێران-حیزبوڵا لەناودەبەن. چونکە بەو کارە کە ئیسرائیل لە یەک شەودا کردی، نیشانەی ئەوەیە: بەئاسانیی دەتوانێ لە یەک کاتییش دا: خامنەیی و نەسروڵا ڕەوانەی ئەودنیا بکات. واتە: ئیسرائیل ئەتوانێ سەرە هەرە باڵاکانیان لە ناو بباو، لە ناوخۆیان دا پەرتەوازەببن و، بەئاسانیی لە سکە دەربچن و، بڕوخێنرێن. کوشتنی کەسی یەکەمی حەماس و هی دووەمی حیزبوڵا لە تاران و بەیروت لە یەککات دا: بەهێزترین گورزی پەیامدار بوە، لە مێژووی بەرەی مقاومە لێیان کەوتبێت:

یەکەم: لە ڕوی توانای هەواڵگرییەوە، ئیسرائیل بە جیهانی سەلماند کە مۆساد لە ماڵ خودی خامنەیی و نەسروڵادا، دەمێکە ڕەگی داکوتاوەو، دەزانێت لە کوێش دا دەخەون و، ئەوەتا ئەو ڕەگداکوتانە ئێستا بوەتە ڕوەکی گەورەو، بەرهەمدارەو، ئەوەش بەرهەمەکەیەتیی.

دووەم: لە ڕوی سیاسییەوە، بەم توانا هەواڵگرییە-گورزاوییە، ئیسرائیل-ئەمریکا دەرفەتێکیان بە ئێران-حیزبوڵا داوە کە بە خۆیان دا بچنەوەو، خەتی سوری ئیسرائیل تێنەپەڕێنن؛ ئەگینا بەئاسانیی ئەیانڕوخێنن. ڕاستە گەڕاندنەوەی خومەینیی لە فەرەنسا لە ساڵی ١٩٧٩ و، دروستکردنی بەرەی ئیسلامی سیاسیی ژێر هەیمەنەی ڕژێمی ئێران؛ ستراتیژێکی ئەمریکا-ئیسرائیل بو بۆ ناشیرینکردنی دینی ئیسلام و، لاوازکردن و لەناوبردنی چەپەکان و بزوتنەوە پان عەرەبیستەکانی دوژمنی ڕاستەقینەی ئیسرائیل. بەڵام ئیتر ڕۆڵی ئەم ڕژێمەی ئێران بۆ ئەمریکاوئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەمتربۆتەوە. بگرە، لە هەندێک حاڵەتیش دا، نزیکبونەوەی ئێران لە ڕوسیا، دەکرێ دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوئیسرائیل بێت. بۆیە گورزەکەی ئیسرائیل لە یەک شەودا پەیامێکی سیاسیی وەهای بە ئێران-حیزبوڵا-حەشد دا کە لە هێڵە سورەکانی ئیسرائیل دەرنەچن!

سێیەم: لە ڕوی دبلۆماسییەوە، ئەم توانا هەواڵگرییە-گورزاوییەی ئیسرائیل لە ماڵ خامنەیی و نەسروڵادا بۆ جیهانیی سەلماند هەواڵگریی ئیسرائیل زۆر لەوە بەهێزترە کە بەرەی مقاومە لەلایەک و، تورکیا و ڕوسیا-چین پێشبینیان بۆی کردبو. چونکە ئەمە پەیامێکی دبلۆماسیی هێندە کاریگەری بە جیهان دا کە هەواڵگری ئیسرائیل لە ناو کۆشکی حوکمڕانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دایە، تەنانەت بە کۆشکی حوکمڕانەکانی دژبەرەکانیشییەوە، بە هی ئێران-حیزبوڵاشەوە. واتە: ئەو پەیامە دبلۆماسییەی بە جیهان دا کە مۆساد بەهێزترین دەزگای هەواڵگرییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا لە ئاست دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان دا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیتر دەبێت هەم دیموکراتەکانی ئەمریکاو، هەم ڕوسیا-چینیش حسابێکی تر بۆ ئیسرائیل بکەن. بەو مانایەی ئیسرائیل خۆی وەکو هێزێکی زۆر پێشکەوتو و بەهێزی هەواڵگری-تەکنەلۆجیی جەنگیی سەلماند، کە لە ستراتیژ دا لە هەر گۆڕینێکی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەبێت ئیسرائیل پشکێکی پێ بدرێت. بە واتایەکی تر، ئیتر دەبێت ئیسرائیل وەک نیمچە-زلهێزێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. زلهێز نەک لە ڕوی گەورەی نەخشەی جوگرافییەوە، زلهێزبون لە ڕوی توانای هەرەلەپێشینەی هەواڵگریی و پێشکەوتویی تەکنەلۆژیای جەنگییەوە. واتە: ئیسرائیل سەلماندی کە بۆ ستراتیژ پلان و ستراتیژی فراوانخوازیی هەیەو، پێشی ئەکرێت!

چوارەم: لە ڕوی سەربازیی و تەکنەلۆژیای جەنگییەوە، ئیسرائیل بەم گورزە هەواڵگرییە کاریگەرە ئەو پەیامەی بۆ ئێران-حیزبوڵا  نارد، کە بەراوردی توانای ئیسرائیل لەگەڵ ئێران-حیزبوڵا جیاوازییەکەیان زۆر زۆرەو، ئەگەر جەنگی بەرەیی لەگەڵ ئیسرائیل دا بکەنەوە، ئەوا ئیسرائیل بەئاسانیی سەرە هەرە باڵاکانیان لەناو دەبات. کورتوپوخت: ئیسرائیل بەم گورزەی خەوی لە چاوی دژبەرەکانی تاراند. ئادەی کوا کاردانەوەیەکی کاریگەری دژبەرەکانیی؟ کامەیە و چۆنە هێرشە کاریگەرەکەیان؟ ئایا لە دە ساڵی ڕابردوادا، چ فەرماندەیەکی پاسداران ماوە لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن کە ئیسرائیل نەیکوشتبێت و کونە مشکی لێ نەکردبنە قەیسەری؟ ئەی کوان بەرەی مقاومە [بەرەی فرۆشتنی غەززە]؟ ئایا توانیویانە کام جەنەراڵ یان کام سەرکردەی ئیسرائیل بکوژن؟ واز لە کەفوکوڵی ڕاگەیاندن بێنن: هەرکاتێک عەلی باپیر هێندە ئازایەتیی و دینداریی و ڕاستگۆیی تێدابو کە بچێتە جەنگی ئیسرائیل یان پێنج لە پەیڕەوانی بنێرێت بۆ ئەو جەنگە: ئەوکاتە [ڕەنگە!!] بەرەی مقاومە ئەو غیرەتەیان هەبێ وەزیرێکی ئیسرائیلیی، بکوژن!

ئیتر با ڕەهەندەکانی تری ئەم گورزە هەواڵگرییە کاریگەرەی ئیسرائیلیش بوەستێت. بۆ نمونە؛ لە ڕوی ئابورییەوە هێندەی تر دراوی وڵاتانی بەرەی مقاومە، بەتایبەت هی ئێران داغان دەبێ و، لە بازرگانیی نێودەوڵەتییش دا ئەم بەرەیە داڕوخاوتر دەبن. ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابوری ناوخۆیان هەیەو، داڕماوتریان دەکات.

لەگەل ئەم هەمو بێنەوبەرە و گۆڕانکارییە ستراتیژییانەدا: سەرکردەکانی کورد داغانن لە گەندەڵیی و دزی دا و، نە پڵانیان هەیە و نە ستراتیژ! ستراتیژ و پلانی ئەوان بەس دزیکردنەو، بە؛ بە ملیاردێربونیش تێر ناخۆن، بە وەرەسات سەپێنیش تێر نابن، بە داغانکردنی میللەت ویژدانیان یەک زەڕڕە ناهەژێ!

ئەی تاکی کورد ئەمە لە یاد مەکەن: ڕاستە زۆربەی سەرکردەکانی گروپەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان تاڵانکارن و ئامێری دەست داگیرکەرانن و، دز و وەرەسە-سەپێنن. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل [لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی] دژی عەرەب و ئێران نەبوایە؛ دڵنیابن ئیمپریالیزمی [ئێستا]ی فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب دەیانخواردین. بڕۆن بەڵگەنامەکانی ئیسلام بخوێننەوە کە لە بەریتانیا هەڵگیراوە بزانن لە سەردەمی سەلاحەدین زۆرینەی دانیشتوانی تکریت کورد بوە یاخود نا؟ بزانن سنوری باشوری کوردستان تکریتیشی لەخۆگرتوە یاخود نا؟ بڕۆن بەڵگەنامە لەسەر شەهری کورد و کوردە بەختیارییەکانی سەر کەنداو بخوێننەوە، بڕۆن هەتا ساڵی ١٨٠٠ بەڵگەکانی ئینگلیز لەسەر ناوەندی شاری موسڵ بخوێننەوە بزانن هی کورد بوە یاخود نا؟ بڕۆن بەڵگەنامەکان لەسەر ئەنتاب بخوێننەوە بزانن هی کورد بوە یاخود نا؟ ئایا ئێستا ئەو ناوچانە [بە عەرەب و، بە فارس و، بە تورک]، نەکراون؟ کەوابو، ئەگەر ئیسرائیل لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی دوژمنی ئیمپریالیزمی [ئێستا]ی فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب؛ نەبوایە، ئەوکات ئیمپریالیزمی ئێستای فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب؛ دەیاخواردین.

تەنیا یەک بەیاننامەی فەرمی گروپەکانی فەلەستین بخەنەڕو کە دانیان بەو حەقیقەتەدا نابێت کە باشوروخۆراوای کوردستان؛ داگیرکراوی ئیمپریالیزمی عەرەبی عێراقیی و سوریین. گروپەکانی فەلەستین هەر بە باکوری عێراق و باکوری خۆرهەڵاتی سوریا ناویان بردوەو ناوی دێنن و، هەرگیز ئامادەنەبون بە دێڕێک بنوسن: باشورو خۆراوای کوردستان؛ خاک و موڵکی کوردە! هەرگیز هیچ ڕێکخراو و سەرکردەیەکی فەلەستین نە بە نوسین و نە بە وتن؛ چەمکی باشوروخۆراوای کوردستانیان بەکارنەهێناوە. بڕۆن بەڵگەنامەکانیان بخوێننەوە، بزانن وایە یاخود نا؟ بڕۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەی تەواوی گروپەکانی فەلەستین ئەنجام بدەن؛ بزانن هەرگیز تەنیا یەک سەرکردەیان ئامادەیە چەمکی باشوروخۆراوای کوردستان بەکاربێنێ!؟

کورد سەرکردەی ناسیۆنالیستی ڕاستەقینەی نییە، ئەگینا مادەم سەرکردەکانی فەلەستین و فەلەستینییەکان نەیانوتوەو ناڵێن: باشوروخۆراوای کوردستان موڵکی کوردەو داگیرکراوە: بۆیە ئێمەش ناڵێین فەلەستین خاکی عەرەبەو داگیرکراوە. ئیسلامم و شانازیش بە خۆمەوە دەکەم کە مرۆڤێکی پاکم. بەڵام من مەبەستم؛ سیاسەتە. سیاسەت؛ دڵداریکردن نییە. دیرۆکێکە کە سەرکردەکانی فەلەستین دان بە دۆزی میللەتەکەی ئێمەدا نانێن و، هەرگیز ئامادەنین چەمکی باشوروخۆراوای کوردستان بەکاربێنن. هەرچەندە بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە جولەکە لەسەر خاکی ئیسرائیل دێرینترن هەتا عەرەب و، کۆنترین مێژوونوسانی دنیا جولەکەبون لەسەر خاکی ئیزرائیلا و نوسینەکانیان ماوە لە هەزار ساڵ پێش زاینەوە. بەڵام بەڵگە مێژووییەکان نایسەلمێنن کە عەرەب هەبوبێ لەسەر باشورو خۆراوای کوردستان، نایسەلمێنن: کە تورک و فارس هەبوبن لەسەر باکوروخۆرهەڵاتی کوردستان.

خۆشەویستیی نیشتیمان و نەتەوەپەروەربون: لوتکەی شەرەفمەندییە. لە بەردەم خوا و تاکەکانی گەلی کورد دا: سەرکزتربن تەواوی ئەو سەرکردانەی هەرچوارپارچەی کوردستان کە بونە ملیاردێر بەسەر خوێنی ڕۆڵەکانی کوردەوەو، ویژدانیان بەئاگانایەتەوە بەرانبەر نەتەوە خوێناوییەکەیان و، ئەم نەتەوە مەزنەیان لێکهەڵوەران کە بڕوای بە هیچ نەمێنێت. تاکی ناسیۆنالیست: نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینەیەو، دزو بێڕەوشت نییە. کەوابو زۆرینەی سەرکردەکانی کورد: ناسیۆنالیست نەبون و نین، بەڵکو سەرکارانی باندی بازرگانین.

لە ڕوی سیاسییەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی هاوچەرخ؛ [دوێنێ] لەدایک بوە، کە ساڵی ١٩٤٨ ە. کەچی گرنگترین فاکت ئەوەیە: کە سەلماندویەتی تەکنەلۆژیای جەنگیی هەرەپێشکەوتویی لە ئاستی جیهان دا هەیە. خاکەکەی کردۆتە یەکێک لە گرانبەهاترین زەوییەکانی جیهان. دەزگا هەواڵگرییەکەشی کردۆتە یەکێک لە هەرە بەتواناترین زانیارییزانەکانیی جیهان. لە ڕوی زانستیشەوە، زانکۆکانی لەوپەڕی پێشکەوتن دان. ئەمانەیە ئەیسەلمێنێ کە ئیسرائیلییەکان زیرەک و ئازان.

هەرچەندە خاکی ئیسرائیلییەکان؛ هێندەی خاکی عەرەب و خاکی کوردەکانیش دەوڵەمەند نییە، کەچی لەوپەڕی پێشکەوتنیشدان. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە حوکمڕانانی ئیسرائیل لە ١٩٤٨ ەوە تا ئێستا، نیشتیمانپەروەریی ڕاستەقینەبون و لە پێناو بەرژەوەندی [گشت] ئیسرائیلییەکان دا سیاسەتیان کردوە، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی سەرکردەکانی کوردە کە وەرەسەسەپێنیی ڕاستەقینەن و، هەمو شتێکی کوردستانیان کردۆتە و دەشکەنە قوربانیی وەرەسەکانیان. کەس نەبوە هێندەی مام جەلال و نەوشیروان لە ڕاگەیاندن دا باس لە دیموکراسیی و دژایەتیی خێڵگەرایی-وەرەساتسەپێنیی و شەفافیەتی داهات بکات. کەچی لە مێژوی هیچ نەتەوەیەکیش دا کەس نییە هێندەی ئەوان بەنهێنیی هەمو شتێکی نیشتیمان و نەتەوەکەیان کردبێتە قوربانیی وەرەسەکانیان. مرۆڤی نیشتیمانپەروەر و ناسیۆنالیست چ تاکێکی ئاسایی بێت یان سەرکردە دەبێت هەمیشە [بەرژەوەندی گشت نیشتیمانەکەی] پێش بەرژەوەندی خود و خێڵ و ناوچەیەکی تایبەت بخات. لەناو کورد دا ئەمە نابینین. هەر سەرکردەیەو خوێنی دەیان هەزار ڕۆڵەی کورد دەکاتە قوربانیی وەرەسەکانیی. بریا سەرکردەکانی کورد هەر هیچ نەبێت دەشیانتوانیی وەرەسەکانیان بە ڕەوشتێکی نیمچە-باش پەروەردە بکەن.

پارتیی و یەکێتیی تەنانەت عەشیرەتەکانیشیان لەت کردوە، شارەکانیان لەت کوردوە، شاخەکانیان لەت کردوە، ڕوبارەکانیان وشک کردوە. لە هەر عەشیرەتێک و سێ-چوار بەناو-سەرۆک عەشیرەتیان زیندوکردۆتەوە، بەوەش تەنانەت تاکەکانی عەشیرەتەکانیشیان بەرداوەتە یەکتر. لە چوار ساڵ پێش ئێستاوە ئاگاداری پیلانێک بوم کە یەکێتیی دەیەوێت پاش کۆچی دوایی سەید موحسینی سەرۆک عەشیرەتی تاوگۆزیی، گروپێک دروست بکات و بیانکاتە هەیمەنەی خۆی لە ناو تاوگۆزیی داو، پارەیان بەسەردا بڕژێنێت؛ بۆ ئەوەی تاوگۆزییەکان بکات بەگژ یەکتر دا. ئەمە ڕەفتاری پارتیی و یەکێتیی بوەو هەیە. ئیتر ئێمەی  کورد چۆن دەبینە ئیسرائیل. سەرکردە دەبێت میللەت لەسەر بەهاکانی نیشتیمانپەروەریی پەروەردە بکات، کەچی نەزانترین پاسدار و جەندرمە و حەشد دڵسۆزترن بۆ خاک و نیشتیمانی خۆیان هەتا سەرکردەکانی کورد: ئیتر ڕۆڵەکانی کورد چۆن داناڕوخێن؟

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی