"an independent online kurdish website

٢٦ی گه‌لاوێژی ١٣٦٣(١٦ی ئاگۆستی ١٩٨٤) له‌ جانداران رەحمان سۆفیزادە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی رەبەت شەهید بوو.

 

سوڵتان مام قادری:   چل ساڵ لەم ڕۆژە تاڵە تێپەڕی

ئەودەم پێم وابوو زەمانە، زامی لە دەست دانی ئەم کادرەمان ساڕێژ دەکاتەوە. کە چی ئێستا، دوای چل ساڵ و دوای گەڕانی زۆر وڵاتان و ناسینی خەڵکێکی زۆر، زیاتر لە ئەو دەم بۆم دەرکەوتووە کە ڕەحمان سۆفیزادەی تر هەڵناکەوێ.

ڕەحمانی سۆفیزادە زۆر تایبەتمەندی خوێ هەبوون.  تەمەنی تەنیا دەوری ۲٥ ساڵ بوو کاتێک ، جگە لە هەمو سەر و سامانی کە پێشتر خزمەتی شۆڕشی کردبون، گیانیشی پێشکەشی کوردستان کرد.

مرۆڤێکی زۆر زانا ، سیاسی ، تەشکیلایەتی ، کۆمەڵناس ، شۆڕشگێڕ ، بە داخەوە نەترس ، سادق ، مێهرەبان و خاکی بوو.

زستانان کە لە چۆمی ڕکاوێ دەپەڕینەوە، ئاوەکە ئەوەندە سارد بوو کە دڵی نەدەهات پێشمەرگەکانی تر ئازارمان پێ بگا. یەک بە یەک، لە کۆڵی دەکردین و لە چۆم دەیپەڕاندینەوە!

قسە خۆش بوو و هەر بە قسەی خۆش، گرنگترین بابەتی لە مزگەوتان لە گەڵ خەڵک باس دەکرد وەکو چەوسانەوەی ژن و… بە شێوەیک قسەی بۆ خەڵک دەکرد کە خەڵکەکە لە جێی دژ کردەوە ، بۆخۆیان پێکەنینیان بە هەڵەکانی خۆیان دەهات.

کاک ڕەحمان، سامانێکی بەنرخی نەتەوەکەمان بوو کە تاریک پەرستان زوو لێیان ئەستاندین.

تایبەتمەندییەکانی ، قەڵەم ناتوانێ ئاماژەیان پێ بکا. ئەوانەی وەکو من ئەو شانازییەیان هەبووە کە لە نزیکەوە لەگەڵی ژیابن دەزانن کە ئەگەر لەگەڵی نەژیابی نازانی ڕەحمانی سۆفیزادە یانی چی!

شەوی ۲٥ بۆ سەر ۲٦ی گەلاوێژ ڕژیمی کۆنەپەرستی ئاخوندەکان بە هێزیکی زۆرەوە پەلاماری هێنا سەر جانداران. ئێمە چاوەڕوانی ئەم هێرشەمان دەکرد و بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی جانداران نەگا، هەر بە شەو دێیەکەمان بە جێ هێشت و لە گردەکانی دور لە دێ سەنگەرمان گرت.

پێشمەرگەکان بە هەمو دەور و بەر دا دابەش کرابوین. ئێمە، ئەندامانی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت کە کاک ڕەحمان بەرپرسمان بوو، نزیکەی دە کەس دەبووین کە لە تەپکەکانی دەستی ڕاست، لە ڕێگەی جانداران بەرەو گاگەشی خوارێ سەنگەرمان گرتبوو . جانداران لە دەست دوژمن دابوو.

کۆنتڕۆڵی شەڕەکە لە دەست پێشمەرگە دابوو. دوژمن لە زۆر بەرە خەریکی پاشەکشە بوو. بڕیاڕمان دا ئێمەش پێشڕەوی بکەین. لە گردەکان یەک یەک هاتینە خوارێ بۆ لای قۆپێکەی سەر ڕێگەی جانداران بۆ گاگەش. دێ لە دەستی ڕاستمان بوو. لە پشت تەپۆیەک چاوەڕوان بووین. گەڵاڵەکە ئەوە بوو بە ناو قۆپیەکە دا بەرەو جانداران پێشڕەوی بکەین.

کاک ڕەحمانی نەترس یەکەم کەس بوو گردەکەی بە جێ هێشت و بە ناو قۆپییەکە دا بەرەو جانداران وەڕێ کەوت. دوای دە میتر مەحمودی فەیزی یاریدەدەری بەشی ماڵی. دوایی نۆرەی من بوو. هەر کە لە کردەکە وەدەر کەوتم تا بچمە ناو قۆپییەکە، لە بیست میترییەو دەسرێژم کرایە سەر. ستونی نوێی یارمەتی دوژمن تازە گەیشتبوو و ئێمە ئاگامان لێی نەبوو. لەو بەری قۆپییەکە دامەزرابوون.

لە ڕاستی دا ڕێگەی پاشەکشەمان نەبوو بەڵام مانەوەش لە ناو قۆپییەکە لە پشت گردێکی بچوک خۆ کوشتن بوو.

دەبا زوو بڕیاڕمان دابا چونکو تەنیا سەری ستونەکە گەیشتبوو و ئەگەر چاوەڕوان باین، دۆخەکە خراپتر دەبوو.

بڕیاڕ درا هەموو پێکەوە تەقە لە دوژمن بکەین تا یەکمان بەرەو بەرزاییەکانی پێشوومان پاشەکشە دەکا. بەم شێوەیە هەموومان توانیمان بگەڕێینەوە سەر بەرزاییەکان.

دو کەسمان کە لەناو قۆپییەکە دابوون و لە ئێمە دور کەوتبونەوە، ڕێگەی پاشەکشەیان نەبوو، ئێمە، هاوسەنگەریانیان نەمانتوانی ڕزگارییان بکەین. دەبوا هەڵی بژێرین ، لە نزیک قۆپییەکە شەڕی مان و نەمان بکەین یا دەست بە سەر بەرزاییەکانمان دا گرینەوە.

لای ئێوارێ کە دوژمن پاشەکشەی پێ کرا و چووین بۆ ناو قۆپییەکە ، لە سەرەتا دا چاوم بە کەلاکی ۲۳ کەس لە بەکرێکیراوان کەوت. بەڵام ، ئاخ هەزار جار ئاخ، تەرمی پیرۆزی شۆرە پیاو، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت لەگەڵ هاوڕێی بە ئەمەگی مەحمودی فەیزی لە نزیک جۆگەلەکە دۆزرانەوە. پێکەوە بوون. بیست میتر دورتر لەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین.

ئێوارەیەکی غەمگین، خۆر ئاوا ببوو، دو خۆر ئاوا ببوون. ئێوارەیەکی مات بوو. لەو دەمەوە بێزم لە ئێواران دێ.

ئاواتی ئەو هەموو شەهیدانەمان ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک و کوردستانێکی خودموختار بوو. دەبی حەول بدەین ئاواتیان وەدی بێنین.

دەرکەوتووە کە کورد بە تەنیایی ناتوانێ بەم ئاواتە بگا، پێویستی بە هاوکار هەیە. ئەم ڕژیمە تەنیا بە هاوکاری فارس دەڕوخێ. دەبی تاکتیک بزانین. دروشممان دەبی ئێرانی یەکگرتوو و دێمۆکڕاتیک یا فدڕاڵ بێ. پشت کردنمان لە ئێران ئاواتی ڕژیمە چونکو تەنیا لە یەکیەتی و یەکدەنگی هەمو گەلانی ئێران دەترسێ.

***

قادر وریا: ئاوابوونت لە بستووی ژیان بوو بەچل ساڵ!

ڕەحمان سۆفیزادە، نموونەی “ژینی کورتی پڕ لە شانازی و شەڕەف”

قادر وریا ١٦/٨/٢٠٢٤ (١٤٠٣/٥/٢٦)

٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٦٣(١٦ی ئاگۆستی ١٩٨٤) له‌ جانداران، ڕێوره‌سمێکی زۆر ڕازاوه‌ و خۆشمان به‌ به‌شداریی خه‌ڵکی ئه‌و دێیه‌ و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر به‌ڕێوه‌ برد. هیچمان نه‌مانده‌زانی سبه‌ینێ چ ڕوو ده‌دا، ته‌نانه‌ت شه‌وی ٢٥ له‌ سه‌ر ٢٦یش هه‌تا دره‌نگ هه‌لپه‌ڕکێ و شادیکردنی کادر و پێشمه‌رگه‌کان دریژه‌ی هه‌بوو. دیاره‌ ئێواره‌ دره‌نگانی ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک هێندیک ڕۆژی پێشتر خه‌به‌ر و ده‌نگۆی هێرشی دۆژمنمان بۆ هات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ له‌م جۆره‌ خه‌به‌رانه‌مان بۆ هاتبوون‌ و راست ده‌رنه‌چووبوون، به‌ جیددیمان نه‌گرت‌و کارقایمیی ئه‌و شه‌وه‌شمان به‌ ڕاده‌ی پیویست نه‌بوو. به‌یانی ٢٦ی گه‌لاوێژ که‌ له‌ خه‌و هه‌ستاین له‌ راستیدا له‌ چه‌ند لاوه‌، ده‌ورمان گیرابوو، بێ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌کانی که‌مینی ئێمه‌ هه‌ستیان پێ بکه‌ن.

نامه‌وێ داستانی به‌ره‌نگاریی قاره‌مانانه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی کادر و پێشمه‌رگه‌کانی کۆمیته‌ی شارستانی ره‌به‌ت که‌ ‌ شه‌هیدبوونی کاک ره‌حمان سۆفیزاده‌ و کادری ئازا مه‌حموود فه‌یزیی لێکه‌وته‌وه‌،  بگێڕمه‌وه‌. بیست و پێنج ساڵێک لەمەوبەر له‌ نووسینێک له‌ ژێر ناوی” له‌ سه‌ر کانیی جانداران ڕا  ‌تا نێو گۆڕستانی گه‌رۆر”، هێندێک لایه‌ن و دیمه‌نی ڕووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆژه‌م  گێڕاوه‌ته‌وه‌. یادی ئه‌م دوو لاوه‌ شۆڕشگێڕه‌ که‌ له‌م ڕۆژه‌ دا له‌ ته‌نیشت یه‌کتر گیانیان به‌خشی، لای من هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێ.

**

کاک ڕەحمان لە کاتی شەهیدبوونیدا، تەنیا ٢٥ساڵ تەمەنی هەبوو. زۆر له‌ قاره‌مانانی دنیای وه‌رزش‌ و ناودارانی بواری هونه‌ر، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانیش، له‌و کاته‌دا که‌ له‌ ترۆپکی سه‌رکه‌وتن و ناوبانگ‌ و خزمه‌ت‌ و خوڵقاندندان، ده‌کشێنه‌وه‌.  چونکه‌ ده‌یانه‌وێ وێنه‌یه‌ک له‌وان که‌ له‌ بیر‌ و یادگه‌ی خه‌ڵکدا به‌ جێ ده‌مێنێ، وێنه‌ی هه‌ڵکشان‌ و مانه‌وه‌یان له‌ به‌رزاییدا بێ. ڕه‌حمان سۆفیزاده‌ش له‌ لووتکه‌ی پاکی، بوێری، خۆنه‌ویستی و شۆڕشگێڕیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مابا‌‌‌ و ئاوا زوو گیانی لێنه‌ستیندرابا،‌ به‌و هه‌مووه‌ توانا‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌ و ئاماده‌ییه‌ی تێیدا بوو، له‌ تێکۆشانی حیزبه‌که‌ی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌یدا، ڕۆڵ‌ و ئه‌رک‌ و به‌رپرسایه‌تیی گه‌وره‌تری ده‌که‌وته‌ سه‌رشان، ناوبانگی زۆر زیاتر بڵاو ده‌بۆوه‌. له‌وانه‌ بوو یه‌ک له‌ جوانترین که‌سه‌کان بۆ ژیانی هاوبه‌ش هه‌ڵبژێرێ، ببێته‌ باوکی ژیرترین‌ و شیرینترین کچ و کوڕ، زۆر شوێنی جوان ببینێ، زۆر خۆشیی ژیان که‌ پێشتر نه‌یدیون تاقی بکاته‌وه‌؛ له  ئەرک و به‌رپرسایه‌تیی حیزبی و‌ سیاسییشدا، هه‌تا ئه‌و په‌ڕی بڕوا. به‌ڵام مه‌رجیش نه‌بوو ئه‌و سیما بێگه‌رد و بێخه‌وشه‌وی کاتی شه‌هیدبوون‌‌و ئه‌و کارنامه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌ی بۆ هه‌میشه‌ بۆ بپاریزرێ. ئه‌و، “هێمن” وته‌نی ژێنیێکی کورت به‌ڵام پڕاوپڕ له‌ شانازی و شه‌ره‌فی هه‌بوو، به‌ خۆبه‌ختکردنی ئاگایانه‌ی له‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاری له‌ گه‌ڵ دوژمنی داگیرکه‌ر له‌ هه‌ڕه‌تی لاوه‌تیدا، جوانترین وێنه‌ی خۆی له‌ بیره‌وه‌ریی هاونه‌سله‌کان‌ و هاوسه‌رده‌مه‌کانی خۆیدا به‌جێهێشت.

یادی هه‌میشه‌ به‌ به‌رزی ده‌مێنێ.

****

عەلی هاشمی:  لە ڕۆژێکی وەکو ئەوڕۆ

٢٥ لەسەر ٢٦ی گەلاوێژی١٣٦٣ی هەتاوی، دوژمن هێرشێکی بەر بڵاوی کردە سەر ناوەندی کوردستان، کە هێزەکانی پێشەوا، نەحۆ، سمکۆ، ئەفشین، ئاوارە و زمزیرانی لێ جێگیر بوون، لەو هێرشە بەر بڵاو پان و بەرینەدا کادری زانای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک ڕەحمانی سۆفی زادە بەرپرسی کۆمیتەی شەرستانی ڕەبەت و كاك مەحموودی فەیزی، كادری كومیتە شارستانی رەبەت، لە ٢٦ی گەلاوێژ لە گوندی جانداران شەهید کران.

بۆ خەڵک و ئەندامانی حیزب لە ناوەندی کوردستان، شەهید ڕەحمان ئەستێرەیەکی پڕشەنگداری  تەشکیلاتی و هیوایەکی بەهێزی دوا ڕۆژ و خۆشەویستێکی کەموێنەی نێو دڵی خەڵک و پێشمەرگە و هاوسەنگەرانی بوو، ژانی لەدەست دانی شەهید ڕەحمانی سۆفی زادە و هاوڕێکانی بە بارتەقای زامی لە دەستدانی ناوەندی کوردستان بوو. ساڕێژبوونەوەی برینی لە دەستدانی شەهید ڕەحمان سۆفی زادە لە ناو ڕیزەکانی حیزب و خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لەمەڵبەندی پیرانشار برینێکی ساڕێژ نەکراو زیانێکی قەرەبوو نەکراوە. سڵاو لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی مانگی گەلاوێژ و گشت شەهیدانی کوردستان.

سەید عەلی هاشمی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی

وێنە: نەمر لوقمان مێفەر و شەهید رەحمانی سۆفیزادە

Search Results for “رەحمان سۆفیزادە” – Peshmergekan

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی