ڕۆژو مانگ و ساڵ دێن و دەرۆن ، ڕوداوەکان هەرکامەیان لە بواری خۆیاندا ڕودەدەن ، هێندێکیان تاڵو تفتو نەخوازراون ، هێندێکیان شیرنن و داواکراون ،
هەرکامەیان پێوەری خۆی هەیە دەبێی مرۆڤ بیزانێ. مرۆڤەکان هەم بکەرن هەم خوڵقێنەرن ، هێندێکیان دروستکەرو ، بـڕێکیـشیان ڕوخێنەرن . ئامانجەکان گەورەوچوکیان هەیە هێندێکیان جوانودڵخوازن. هێندێکیان ویستی تۆ نیەو لەلات قورسو گرانو نەخوازراوە. مرۆڤەکان هەریەکەیان بەدەست بابەت و کێشەیەکەوە گرفـتـارن. کوردیـش بە گشتی کێـشەیـەکی تـا ئـێـستـا چـارەسەر نەکراوی هەیە، ساڵانێکی زۆرە بۆ چارەسەری ئەو دەردە گرانـە خەبات دەکا ، مخابن تا ئەوڕۆ بۆی نەکراوە. بۆچی نەکراوە هۆی زۆرن بەڵام هـۆیـەکـیـان کە ئـەوانـیـدیـکەش زۆربەیان بەویەوە بەستراون، یەک نەبون و بێی بەرنامەییە. بەداخەوە حیزبەکانمان هەر یەکەی لە هەوایەک دان و ناتوانن یەکتر قـبـوڵ بکەن. یـان باشتر بڵێم: لە جیاتی خۆیان و حیزبەکەیان بکەنە قوربانی گەل، تا ئێرە بـەرژەوەنـدی گەلـیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەنـدی خۆیان. کاتـێک کۆسپێک دێـتە سـەر ڕێگا ئەگەر تاق و لۆق بەرەو ڕۆیان بین، چارەسەریان نـاڵـێـم محاڵە بەڵام گەلێک گرانە، کە هەرەوەزت بۆ کرد زۆر لەشانان خۆشە جێبەجێکردنەکەشی بێگومانە. هێندێکیش هەن هەر دەڵێن بۆ واناکەن و چی و چی و بۆخۆیان هـیچ ناکەن و ( پێمەڕە بە دەست خەڵکەوە سوکە) بـەڵام خـۆت کاری پـێـبـکەی گرانـە! بـۆیە هەمومان بە یەکەوە هەموو شتێک دەتوانین و دەزانین. لەبەر ئەوە یەکگرتویی ئەرکمانـە. بەڵام بە تەنیا ئەگەر بشزانین ناتوانین.
ڕاستی ئەوەیە ئەگەر لە سروشتی مرۆڤ ورد دەبیەوە وا دروست نـەکراوە هـەر بە تەنیا بژی، هەمو کارەکان هەر بۆخۆی بکا و کاری بەکەس نەبێ، ئەگەر زانا و بە تواناش بێ. کە وابوو دەکرێ بکوترێ، مرۆڤەکان وەک ئاڵقەی زنجیرێک وان کە هەم یەکتر قایم دەکەن، هەم زۆرکاری وادەکەن کە تاکەکان یان ناتوانن بیکەن یان زۆر بە زەحمەت بۆیان دەکرێ. ئـەوە لە مـاڵـێـڕا بیگرە تا دەگاتە کۆمەڵگا و حکومەتیش. بە بارێکیتردا مرۆڤ هەر بۆ ماڵی خۆی نیە، بەڵکوو بەشی کۆمەڵگاشی پـێـوەیـە. تـەنـانـەت لـە بـنـەمـاڵەشدا کە هـەمـویـان لـە دایـک و بـاوکێـش وەدیهاتوون هەر یەکەیان شتێک دەزانێ و بە هەمویان کارەکان بەڕێوە دەبەن. خواش لە قـورئانـدا فەرمویەتی {مرۆڤەکان ئێوە لە نێرو مێیەک کەوتونەوە، بوون بە نەتەوە و هۆز، بۆ یەکترناسین و هاوکاری کردن، ڕێزدارترینتان لای خوا ئەوانەن کە پارێزگارترن} مەبەست لە پـارێـزگاری لـێ تـرسان نیە وەک هـێندێکان تەعبیری دەکەنەوە. بەڵکو مەنزور ئەوانەن کە ئەرکی خۆیان دەناسن لە بەرانبەر بەڕێوەبردنیاندا هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و بڕوایان وایە لێپرسینەوە هەیە. بە پێی ئەوەی هەموومان عەولادی دایک بابێکین کە (ئادەم و حەوان) دەبینە خۆشک و برا، ئەودەم ئەرکدارین کە یارمەتی یەکتر بدەین. لە خێر و شەڕی یەکتری شەریکین، بەو مانایە ئەگەر دیتمان خیلافی هەق و بەرژەوەندی گشتی هەڵسوکەوت دەکەن، دەبێ ڕێـنوێنیان بکەین، ئـەگەر بـە پـێـچـەوانـەی پـڕەنسیپەکانی مافی مرۆف کاریان کرد پێویستە بەرگریشیان لێبکەین. چونکە سروشت وایە، خوشک وبرا، نابێ بە دژی یەکتری هەلسووکەوت بکەن. دەبێ یار و یارمەتیدەری یەکتر بن. دنیاکە پـان و بـەرینە، هەمومان لەودا جێگەمان هەیە و دیاریکراوە. بـۆ نـمـونـە خوێـنـدن شتێکە خوا لە پـێـشـ هـەمـوشتێکدا، نـاردراوەکەی ڕاسپـاردوە کە بخوێـنـن، سروشتـیە هەموو کەس خوێندەوار نیە. هێندێک خوێندەوارن دەبێ ئەوانیتر خوێندەوار بکەن. هەر یەکەیان سەنعـەتـێـک دەزانـێ،کە ئـەرکی سەرشانـیـەتی هـەم کاری پـێـبـکا و هەم فێری کەسانیتریشی بکا. دیارە گوند، شـار، وڵات بەکاری ئەوانە ئاوەدانە و پێشدەکەوێ، کە تاکەکان بە سەداقەتەوە ئەرکەکانیان بەجێ بێنن .
بڕوانن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە تاکە هێزی وەدیهێنەری ئەم جیهان و مرۆڤە، یان باشتر بڵێم: زەوی و عاسمانەکان و ئەوەی تێێاندایە هەر هەموی دەسکری خوایە. ڕەنگە لە دیدی ئەوانەی بڕوایان بە خوا نیە شتێکیتر بـێ! دیارە مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەکان و هەزارانیتر، بەزاندراو و نەزاندراویانەوە، نمونەی حاشا هەلنەگری هێزێکی بێوێنە و دەگەمەنن کە لە بەرچاوانن. سەیرکە بەیانی لە ڕۆژهەڵاتەوە خۆر هەڵدێ لە ڕۆژ ئاوا ئاوا دەبێ، کەچی سەر لە نوێ بەیانی هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە دەر دەکەوێتەوە. ئەوانە و هـیـتر کە باسیان دەکرێ و زانستیانە لێیان بکۆڵدرێتەوە، زۆریتریان لێدەردەکەوێ. با قسەی برادەرێکتان بۆ بگێڕمـەوە؛ مـن لە وتاریکدا باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم کرد بوو کوتبووم : بڕوانن ڕۆژ هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە دەر دەکەوێی. هـاوڕێیەک پـێم دەڵێ: مامۆستا ئەوە گوناح نیە دەڵێی ڕۆژ هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ؟! من کوتم برا گیان ئەدی ئەوە گوناح نیە تۆ نازانی رۆژهەڵات کوێیە!! من بە پێی تەمەن و ئەرک و کارە جۆرا و جۆرەکانم و ژیانی ئێرو ئەوێ و هەندەرانم. یان باشتر بڵێم پەنابەر و ئاوارەییم، پێموایە هێندێک شت بەکردار فێر بووم نەک بە خوێندنەوە، بۆیە دەزانم هێندێک شت دەکوترێن هەر قسەی سەر زارانە و ماناو ناوەرۆک و مەسبەتەکەی نەزاندراوە .ئەوانە وا دەزانـن چۆنکە مـن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم بۆیە کتومە: ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاوە هەڵدێ.
بەداخەوە داگیرکەرانی کوردستان ڕەخنەیان کردۆتە ناو مێشکیشمانەوە .مەودای بیرکردنەوە و لێکدانەوەیان بۆ نەهیشتوینەوە، بە دیوەکەی تریدا، هزر و بیریشمان دەستکاری کراوە. بۆ وێنە لە ئێران ئاخوندەکان بەرنامەیـەکیان داڕشـتوە، کە تۆ هـەرچی بـیـکەی بـە زیـانی خۆت تـەواودەبـێ، بـۆ وێـنـە تـۆ مــوسـوڵمانی خاوەنی باوەڕێکی تایبەت بە خۆتی، ئەگەر تۆ لە فەرمانی دەسەڵات دەرچی دژی دینەکەت کارت کردوە و فتوای کوفر و لە ڕێگە لادانت بەسەردا دەردەکەن! بەداخەوە چونکە خەڵکەکەمان زانستیانە دینەکەی هـەڵـنەبـژاردوە و هـەمـوی چـاولـێکەریـە، واتـە (تەقلیدەو تەحقیقی نیە) وەک خـۆی نـایـناسێ و نـاش وێـرێ لێی لادا. ئـەو چــاو لـێـکەریـە بـەداخـەوە لـە سیـاسـەتـەکەشـمـاندا ڕەنگی داوەتـەوە. لـە بـەر ئەوانە و زۆریتریش لەو باوەڕە دام کە زانایانی ئایینی، سیاسەتوانانی کورد، بە غیرەتەوە قۆڵی هیمەت هەڵماڵن ڕاستیەکان بدۆزنەوە و بیان ڵین و لەوەش نەترسێن کە دەگەڵ ئی باو و باپیرانیان یەک ناگرێتەوە. بە خۆشیەوە دەڵێم: سەرەڕای ئەو هەموو فرت و فێڵەی دەگەڵمان کراوە تەنیا شتێکی وەک ئەسڵێکی نەمر بۆ کورد ماوە و هەموشیان قبوڵیانە کورد بونەکەمانە،کەس حاشا لە کورد بونەکە ناکا، دەگەڵ ئەوەی هەمانە، خائینە، جاشە، خۆ فرۆشە. بەڵام هەر دڵێێ کوردم. تەنیا میراتێکی کە لە باوانەوە بۆمان بەجێماوە، کورد بوون و کوردستانی بوونە، کە سەدان نەخشە و پیلانی نامرۆیانەی بۆ داڕێژراوە، بەڵام بە هیزتر لە ڕابردوی خۆی هەرماوە.
بەهیوای سەرکەوتنی گەل لە ڕێی ئازادی و ڕزگاریدا.
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٢٣ ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ کوردی
١١ / ٢ / ٢٠٢٥ زایینی