Hoppa till innehåll

ئەو ٨ دەقیقەی ”ترامپ” و ”زیلینسکی” دنیایان هەژاند, ئاسۆ کەریم 

ئەمڕۆ پەیجووری میدیاییم ڕایکێشام کە تەواوی فیلمی دانشتنەکەی دوێنێی ”ترامپ” و ”زیلینسکی” لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە ژووری ”ئۆڤالا” لە کۆشکی سپی بدۆزمەوە و سەیری بکەم.

چوونکە ئەوانەی لە مێدیادا کاریان کردبێ دەزانن کە تەنیا بە چەند چرکەیەک فیلم یان وێنەیەک ناتوانڕی هەموو قوژبنەکانی ڕووداوێک نیشانبدرێ و ببیندرێ.

تەواوی فیلمەکە ٤٨ دەقیقەیە. لەو کاتەوە دەست پێدەکا کە ”ترامپ” و ”زیلنیسکی” و تیمەکانیان دادەنیشن و بە رۆژنامەنووسان دەڵێن: ” فەرموو دەست پێ بکەن”. دەمەقاڵەکەی نێوان ”ڤانس” و ”زیلینسکی” و دواتر ”ترامپ” و ”زیلینسکی” لە ٨ دەقیقەی دوایی دا ڕوودەدا.

پرۆتۆکۆڵی پرێسکۆنفرانسی ژووی ”ئۆڤاڵا” لە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی ئاسایی بەو شێوەیە: دوای ئەوەی کە سەرۆکی مێوان لە ڕێوڕەسمێکی رەسمی پێشوازی لێدەکرێ. لە ژووری ”ئۆڤالا” کۆدەبنەوە. سەرەتا سەرۆکەکان و تیمەکانیان کۆبوونەوەیەکی کورتیان دەبێ و دواتر ڕێگە بە رۆژنامەنووسان دەدەن بێنە ژوورەوە. سەرەتا سەرۆکی ئامریکا بەخێرهاتن و وتەکانی خۆی پێشکەش دەکا، دوایە سەرۆکی مێوان و دواتر ڕێگە بە پرسیاری رۆژنامەنووسان دەدەرێ.

٤٠ دەقیقەی فیلمەکە کەشێکی زۆر پتر لە رادەی ئاسایی دۆستانە و سەمیمانەیە. ”ترامپ” باس لە وەزعی ئۆکراین و یارمەتییەکانی ئامریکا دەکا، و هەروەها باس لەوە دەکا کە ئامریکا پشتی ئۆکراین دەگرێ تا ئاشتی و گەشەکردن و بەستنی چەند پەیماننامەیەکی گرینگ. دوایە زیلینسکی قسە دەکا. ئەو زیاتر قسە دەکا. سپاس و پەسنی ئامریکا و خەڵکی ئامریکا و یارمەتییەکانیان بە خەڵک و وڵاتی ئۆکراین دەکا. باس لەوە دەکا کە دواتر لە مەراسمێکدا چەند پەیمانێکی گرینگ ئیمزا دەکرێن. دەقیقەی ٣٩ کۆتایی بە قسەکانیان دێ و ڕێگە دەدەن بە پرسیاری رۆژنامەنووسان.

پرسیاری یەکەم رۆژنامەنووسێک – کە دواتر لە زانیارییەکانەوە بۆم دەرکەوت کە رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ترامپە و عادەتەن رێگەی پێ دەدەن پرسیاری یەکەم ئەو بیکات لە پریسکۆنفرانسەکاندا- لە زیلینسکی کرد کە بۆ کۆت و شەڕواڵی لەبەر نەکردووە و لیباسی ڕەشی لەبەرکردووە. زیلینسکی بەم پرسیارە زۆر تووڕە بوو. جوولەی لەش و شێوەی دانشتن و تەنانەت رەنگی دەمووچاویشی گۆڕا. وەک دەرکەوت نەیتوانی ئەو بارودۆخەی تا کۆتایی دانشتنەکە ئاسایی و ئارامبکاتەوە. رۆژنامەنووسەکە دووبارە مچی گرتەوە و پێی گووت کە بۆ لانی کەم لیباسە سەوزەکانی لەبەرنەکردووە کە هەمیشە لەبەری دەکردن؟

 پرسیاری دووەم پرسیار لەسەر ئەوە بوو کە ئایا زیلینسکی ئاشتی دەوێ؟ وڵامەکەی زۆر ناڕوون بوو. لەو کاتەدا بوو کە ”ڤانس” بێئەوەی ئیزنی قسەکردن لە سەرۆکەکەی وەربگرێ دێتە ناو باسەکەوەو دوایە ئەوە ڕوویدا کە هەموومان دیتمان.

سەرەتا ترامپ نەیدەویست دەخالەت بکات، بەڵام وڵامەکانی زیلینسکی و کەشی دەمەقاڵەکە ڕایکیشا کە پشتی جێگرەکەی بگرێ و خۆی جڵەوی دەمەقاڵەکە لەگەڵ زلینسکی بە دەستەوە بگرێ.

هەموو ئەو دەمەقاڵەیە کە بە گوێرەی ”نیویوریک تایمز” مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی جیهانی سێهەمی دووبارە زیندووکردەوە تێکرا ٨ دەقیقەی کێشا و پەردەیەکی ڕەشی بەسەر ئەو ٤٠ دەقیقە کەشە دۆستانە و پڕ لە هاوپەیمانییەی پێش دەمەقاڵەکەدا کێشا.

هەندێک رۆژنامەنووسی جیددی ئامریکایی پێیان وایە کە ڕەنگە سەرهەڵدانی ئەو دەمەقاڵەیە یان پێکهێنانی کەشێک بۆ تووڕەبوونی زیلینسکی بەرنامەبۆدرێژراو بووبێ. ڕەنگە واش نەبێ.

بەدەر لەوەی کە خەتای کێ بوو یان ڕەفتاری کامیان نالەبار و نەگونجاو بوو سەرۆکی وڵاتانی ئورووپایی پێیان وایە ئێستا وەزەعە پێویستی بە هێوربوونەوە هەیە. سەرۆکی هەندێک وڵاتی ئورووپایی کەوتوونەتە نێوانەوە بەتایبەتی ”ماکرۆن” و ”مێلۆنی” کە دۆستی ترامپە. ترامپ مەرجی ”داوای لێبوردنی فەرمی و ئاشکرای” داناوە. زلینسکیش لە دوێنێەوە هەوڵدەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای دووپاتکردنەوەی سپاس و قەدرزانی خۆی بۆ ئامریکا و ئامادەیی بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەکان بە تایبەتی لە بواری کانزاکان ئەوە نیشان بدا.

ئەوەی جێگری ترامپ بە شێوەیەکی زۆر ناشارەزایانە ویستی نیشانی بدا، هاوسەنگی بوو لە هەڵوێستی ئامریکا لە پشتیوانی ئۆکراین و پێداگری ئاشتی بۆ ڕازیکردنی ”پۆتین”.

پەلەی ترامپ لە ئاشتیی نێوان ئۆکراین و ڕووسیە، بەرژوەندی ئابووری ئامریکایە. دیهەوێ بە دووبارە هاتنەوەی ڕووسیە وەک هێزێکی گەورەی ئابووری، پێش بە دنیاگیری هێژەمۆنی ئابووری چین بگرێ کە بە دوای تەریککەوتنەوەی رووسیە دوای شەڕ ئەوەندەی دیکە خێراتر بووە و بەو شێوە بۆشاییەک درووست بووە کە بە داخەوە ئورووپا وەک هێزێکی ئابووری نەیتوانیوە پڕی بکاتەوە.

نیگەرانی زیلینسکی و ئورووپاش لە دووبارە بەهێزبوونەوەی ڕووسیە، تەماح و پلانی پەلهاوێژی و داگیرکاریی زیاترە.