Hoppa till innehåll

کۆتاییەکی شایستە؛ ئۆجەلان، ئەردۆغان و باخچەلی، رەسەن رەمزی

دوابەدوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گرتووخانەی ئیمراڵی، لە 27ی شوبات، ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا هەیە کەوتە قۆناخێکی تازە.

رووداوە سیاسییەکانی تورکیا بە جۆرێک روودەدەن کە خێران و رەنگە ئەو خێراییە لە چاوەڕوانیی هیچ لایەنێکدا نەبووبێت. پەکەکە لە ماوەی 48 کاژێردا وەڵامی پەیامەکەی ئۆجەلانی دایەوە و ئاگربەستی راگەیاند. پەیامەکەی ئۆجەلان و وەڵامەکەی پەکەکە لەلایەن پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی تورکیا پێشوازی لێکرا. نەک هەر رۆژەڤی تورکیا، بەڵکو رۆژەڤی میدیا جیهانییەکانیشی داپۆشی. گۆڕانکارییەک لە پێش تورکیایە، کە نە کورد، نە تورک، نە پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە رەنگە ئامادەکاریی تەواویان نەبێت بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە مەزنە، چونکە پرۆسەکە لە ئۆتۆبانێکدایە کە کەشوهەواکەی تەمومژە و مەوداوی دووربینی تێیدا کورتە، بەڵام دەوڵەت دەزانێت بەرەو کوێ دەچێت.

ئێستا چاوەکان لەسەر قەندیلە کە هەنگاو بەرەو کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە بنێت. بەپێی ئەو پەیامەی لە قەندیلەوە بڵاوکراوەتە، پەکەکە ئامادەیە کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە ببەستێت، بەڵام تاکە مەرجی ئەوەی کە ئۆجەلان سەرپەرشتیی ئەو کۆنگرەیە بکات. پەکەکە دەزانێت کە ئۆجەلان ئازاد ناکرێت، بەڵام لانی کەم دەیەوێت ئۆجەلان لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆیی یان تەلەکۆنفرانسەوە بەشداربێت، دەکرێت پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک داماڵین ئاسانتر بکات، چونکە تائێستا لەنێو پەکەکە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوە و چاک داماڵین. پەکەکە رێکخراوێکی یەکگرتوو نییە. چەندین باڵی جیاوازی تێدایە. جگە لە کورد و عەلەوی و ئەرمەنییەکانی نێو پەکەکە، گرووپە مارکسیست/لینینیستەکانیش لەژێر چەتری پەکەکە کۆبوونەتەوە کە ئەوان ئامانجیان جیاوازە، سەرکردەکانیان جیاوازە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نەتوانن خەباتی چەکداری لە تورکیا بەڕێوەببەن لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە رۆژئاوا، لەژێر باڵی پەکەکە کۆبوونەتەوە و سوود لە کەمپە سەربازییەکان و سەرچاوەی چەکی پەکەکە وەردەگرن. ئەمە جگە لەوەی کە باڵی سەر بە وڵاتانی ئیقلیمی و ئەرووپی لەنێو پەکەکەدا هەن. بۆیە هەموو کۆک نین لەسەر چەکداماڵین و هەڵوەشانەوە. مەگەر پەیام و موداخەلەی ئۆجەلان بتوانێت بیانهێنێتە سەر یەک بڕیار، بۆیە پەکەکە داوای ئۆجەلان دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنگرەکە. لێرەدا دەکرێت پەیامی تۆماری ڤیدیۆیی ئۆجەلان، کاریگەری لەسەر بڕیاری ئەو کۆنگرەیە هەبێت. لە راستیدا سرری سورەیا ئۆندەر کە ئەندامی سەرەکیی شاندی ئیمراڵییە ئاماژە بەوە دەکات، بەڵێ لە ئیمراڵی ڤیدیۆیەکی ئۆجەلان تۆمار کراوە، بەڵام ئاگادار نییە لەوەی ئەو گرتەیە بڵاودەکرێتەوە یان کەی بڵاوبکرێتەوە. ئەو پەیامەی لە ئیمراڵی تۆمار کراوە، بۆ رۆژێکی ئاوا هەڵگیراوە. ئەگەر هەیە تورکیا دەرفەت بدات پەیامی ڤیدیۆیی دیکەی ئۆجەلان ئامادەبکرێت راستەخۆ بۆ قەندیل بۆ ئەوەی هاوکاربێت لە بڕیاردانی چەکداماڵین و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، بەڵام دوور لە زانیاریی میدیاکان و رای گشتی. هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییەکانی قەندیل، شاندی ئیمراڵی لە دانیشتنەکانی لەگەڵ ئۆجەلان و پارت و لایەنە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبێت.

وەڵامەکەی پەکەکە و چارەنووسی یەپەگە

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، هاوشێوەی پەکەکە لەژێر چەتری کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە دایە و لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا چالاکی هەیە. یەپەگە پێی وایە کە پەیامکەی ئۆجەلان ئەوان ناگرێتەوە و تەنیا ئاراستەی پەکەکە کراوە، بەڵام تورکیا دەیەوێت یەپەگەش بەشێک بێت لەو پرۆسیەی هەڵوەشاندنەوە و چەک داماڵین. سرری سورەیا ئۆندەر لە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵێکی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پەیامە بۆ هەموو لایەنەکانی ژێر چەتری کەجەکەیە. ئەگەر پێویستیش بکات، شاندی ئیمراڵی سەردانی رۆژئاڤا دەکات. سووریا بۆ پەکەکە گرنگە. ئۆجەلان کە چەند مانگێک پێش کودەتاکەی 1980 تورکیا جێهێشت، تاوەکو ساڵی 1998 سووریا حەواندیەوە. ماڵ و بارەگای ئۆجەلان بۆ چەند ساڵانێک لە سووریا بوو. کەمپەکانی دۆڵی بەقاع لە سووریا پێگەی گرنگی راهێنان و مەشقی سەربازیی چەکدارانی پەکەکە بوون. زۆرینەی چەکەکانی پەکەکە لە رێگەی بەندەری لازقیەی سووریاوە لە وڵاتان و لە بازاڕی رەش دەگەیشتنە دەست پەکەکە. جەمیل بایک کە هاوسەرۆکی کەجەکەیە لە چاوپێکەوتنێكی لە 2ی شوباتی 2014 لەگەڵ رۆژنامەی وەتەن، ئاماژە بەوە دەکات، سووریا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگە و ئەوەی لە سووریا چالاک بێت، واتای ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چالاک و خاوەن پێگەیە. ئەو کاتە تورکیا لە گەرمەی پرۆسەی چارەسەریدا بوو. بایک لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر پەکەکەش چەک دابنێت، بەڵام دەیانەوێت پێکهاتەکەی یەکەپە لە رۆژئاڤا درێژە پێبدەن و لەگەڵ ئەنقەرەش لەسەر ئەوە دانوستاندن بکەن. ئێستاش بەهەمان شێوە هەمان پرسیار دەکرێت، یەپەگە وەکو پەکەکە چەک دادەنێت؟ رەنگە یەپەگە چەک دانەنێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمی چارەسەرەی لە سووریا ئامادە دەکرێت، چارەنووسی یەپەگە هاوشێوەی پەکەکە، هەڵوەشاندنەوە یان چەک داماڵین نابێت.

وەڵامێک بۆ خاوەن قوربانییانی ئەو شەڕە خوێناوییە

شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە و تورکیا زیاتر لە 55 هەزار رۆڵەی ئەو وڵاتەی کردووەتە قوربانی. ژمارەکان لە تورکیا جیاوازن، بەڵام ژمارەی فەرمی لە تورکیا تابلۆیەکی خوێناوی ئەو شەڕەمان پێشان دەدات. لە 15ـی ئابی 1984 تاوەکو 15ی ئابی 2024 لە تورکیا 14902 کەس لە ئەنجامی شەڕ گیانیان لەدەست داوە. لەوانە 6387ی سەرباز، 1512 پاسەوانی لادێ، 587 پۆلیس، 6416 خەلکی سڤیلن. جگە لەوەش 21667 برینداری ئەو شەڕە هەن. لەوانە 16140ی سەربازن، 2301 پاسەوانی لادێن، 2626 پۆلیس و 600 خەلکی سڤیلن. لە بەرامبەردا تورکیا لە داتاکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 45000 ئەندامی پەکەکە لە چالاکی خستووە. ئێستا سیاسەتڤانانی تورکیا یەکێک لە پرسیارە هەرە گرنگەکان لەلایان ئەوەیە کە چۆن پرۆسەی ئاشتی وەڵامی خاوەن قوربانییانی ئەو شەڕە بدەنەوە. خاوەن قوربانییانی ئەو شەڕە لە تورکیا مافی خۆیانە کە دەپرسن رۆڵەکانی ئێمەتان کردە قوربانی، ئێستا چۆن ئۆجەلان دەکەنە کۆتری ئاشتی و پەکەکە وا بە ئاسانی بەسەریدا بچێت؟ کوردیش لە تورکیا مافی ئەوەی هەیە کە دەپرسێت، ئەو 45000 قوربانییەی کە لە ئەنجامی سیاسەتە رەقەكانی تورکیا بە ویستی خۆیان یان بە زۆرەملی چوونە پاڵ پەکەکە و گیانیان لەدەست دا، کێ باجی ئەو قوربانییانە دەدات؟

رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە یەکێک بێت لە کارە هەرە سەختەکانی ئەو پرۆسەیە کە بۆ رای گشتی کۆمەڵگەی تورکیا باس بکرێت، بەڵام دواجار ئاشتی تاکە رێگەیە بۆ رێگریکردن لە قوربانیی زیاتر و لانی کەم بەرجەستەکردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ نەوەی داهاتوو. تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسەی ئاشتییە پێویستی بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. بەدیهێنانی ئەو ئاشتیی کۆمەڵایەتییە کاتێکی درێژخایەنی دەوێت و وا ئاسان نابێت، بەڵام هەنگاوێک بۆ دەستپێکێکی زووتر، باشترە لە دواخستنی.

کۆتاییەکی شایستە: ئۆجەلان، ئەردۆغان، باخچەلی

ئۆجەلان تەمەنی 75-76 ساڵە، دەوڵەت باخچەلی (سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست – مەهەپە) تەمەنی 77 ساڵە، رەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆککۆماری تورکیا) تەمەنی 71 ساڵە. تەمەن بەدەست خودایە، بەڵام بارودۆخی تەندروستیی هەرسێکیان ئەگەری زۆرە رێگر بێت لە درێژەدان بە خەباتی سیاسی. ئۆجەلان تاوەکو ساڵی 1999 تەنیا کێشەی هەوکردنی جیوبەکانی هەبوو. لەوەتەی لە گرتووخانەی ئیمراڵیە چەند نەخۆشییەکی دیکەش بەرۆکیان گرتووە. لەنێویشیان دا رەبۆ (هەناسەتووندی). کەشوهەوای دەریای مەڕمەڕە بەهۆی زۆریی شێدارییەوە، دانیشتووانی دوورگەکانی ئەو دەریایەی تووشی هەوکردنی سییەکان، رەبۆ و، چەندین نەخۆشی تایبەت بە کۆئەندامی هەناسەدان کردووە. ئەردۆغان لە ساڵی 2007ـەوە بەدەست شێرپەنجەی قۆڵۆن دەناڵێنێت. دوای نەشتەرگەرییەکی 7ی شوباتی 2012 رەوشی باشترە، بەڵام زوو زوو بەهۆی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵەکانی، پرۆگرامی رۆژانەی ئەردۆغان گۆڕانکاری تێدەکەوێت. باخچەلی، ئێستا رەوشی تەندروستیی باش نییە و لەژێر چاودێریی چڕی دکتۆرە. راپۆرتی پزیشکی باخچەلی ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە تاوەکو سێ مانگی دیکە باخچەلی نەتوانێت بەشداریی کار و چالاکی سیاسی بێت. بەڵام لەو ماوەیە لە ژووری نەخۆشخانە لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە چاودێریی پرۆسەی ئاشتی دەکات لە تورکیا. هەرسێ ناو، دەزانن لە کۆتاییەکانی خەباتی سیاسین. هەریەکەیان بە جۆرێک نازناوی لەکەدار بووە لە ماوەی رابردوو. رەنگەی ئەو پرۆسەی ئاشتییەی ئێستا کە لەسەر دەستی هەر سێ ناو بەڕێوەدەچێت، دوا دەرفەت بێت بۆیان بۆ تۆمارکردنی مێژوویەک و کۆتاییەکی شایستە. کۆتاییەک باخچەلی دەستپێشخەریی کرد، ئەردۆغان پاڵپشتیی کرد و ئۆجەلان بە ئەنجامی گەیاند.

سەرچاوە: روداو

بابەتی پەیوەندی دار

ئایندەی  پارتی کرێکارانی کوردستان ”پەکەکە”، حەسەن قارەمانی

عەبدوڵا ئوجەلان ئاشبەتاڵی راگەیاند، ساڵە نەڵۆسی

پەکەکە: لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین