Hoppa till innehåll
Hem » حیزبی دێموکرات حیزبی کوردستانی و ئازادیخوازانە ، دروشمیش نادا!، کاووس عەزیزی

حیزبی دێموکرات حیزبی کوردستانی و ئازادیخوازانە ، دروشمیش نادا!، کاووس عەزیزی

با هیندێك نموونەی ساددەتان بۆ بنووسم* ساڵی ١٩٤٥ کە حیزب دامەزرا بارزانی و هێزێکی چەکدار و ژمارەیەکی زۆر بنەماڵە ئاوارەی موکریان ببوون، لە کۆماری کوردستان دا بارزانی پلەی ژنڕاڵیی پێ بەخشرا و هێزەکەشی بوو بە بەشێک لە سوپای میللیی کوردستان و ئەوانیش نازناوی پێشمەرگەیان بە بەژن و باڵایان بڕا.

* لە کۆماری کوردستان دا خەباتکاری کورد لە ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور بەشدار بوون، ڕۆشنبیری وەک مامۆستا سەعید ناکام بوون بە ئەستێرەی گەشی ڕۆژنامەی کوردستان کە هەم دەربڕی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و هەمی ڕۆژنامەی کۆماری کوردستان بوو.

* حیزبی دێموکرات بە هەموو توانایەوە بەشداریی کرد لە شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان.

* لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب ، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات سیاسەتوان و کەسایەتیی نێونەتەوەیی کورد دوکتۆر کەنداڵ نەزان دەبێتەوە نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و تەنانەت دوکتۆر کەنداڵ نەزان و دوکتۆر یەکتا ئووزن ئۆغلوو لەلایەن دوکتۆر قاسملووە مەئموور دەکرێن تا بڕۆنە لای سەرۆکی چەند وڵاتێک و داوای یارمەتیان لێ بکەن بۆ ئیدارەی شار و ناوچە ڕزگاکراوەکانی کوردستان کەلە ژێر گەمارۆی کۆماری ئیسلامی دا بوون.

* بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە ، حیزب داوا لە حیزبی شیوعیی عێراق دەکا تا چەند کەسی بە ئەزموون لە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە دا بنێرێ بۆ نێو حیزب کە هەموومان دەزانین مامۆستا ئەبوو تارا بە ناوی (مەلا محمد جوانڕۆیی) هات و تەنانەت خۆی بریندار بوو و هاوڕێی دیکەشی شەهید بوون.

* دوای دەست بەسەردا گرتنی پادگانی مەهاباد، مامۆستا عەزیز محمد داوای هیندێك چەکی ژ_٣ لە حیزب دەکا کە ئەو داوایە لە لایەن حیزبەوە جێ بە جێ دەکرێ.

* کاتێک مەهدی زانا لە ١٩٧٧ کاندیدی شارەوانیی ئاماەد دەبێ، دوکتۆر قاسملوو لە چەندین ڕێگاوە پەیوەدنی بە کەسایەتی و تەنانەت سەۆک هۆزەکانیش دەگرێ تا دەنگ بە مەهدی زانا بدەن ، کە سەردەکەوێ یەکەم کورد کە پیرۆزبایی دەکا دیسان هەر کاک دوکتۆر خۆی دەبێ کەلە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیی پێوە دەگرێ.

* دوای کوودەتای ئەیلوولی ١٩٨٠ی تورکیە، بەسەدان کادری بە ئەزموون و لێهاتووی پارتی سۆسیالیستی کوردستان/باکوور دێنەوە بنکە و بارەگاکانی حیزب و دەبنە هاوکار بۆ خەڵک و پێشمەرگە و لەو مەیدانەش دا نرخ دەدەن.

* لە شەڕی جاددەی سەردەشت پیرانشار دا حیزب داوا لە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکا تا بەشداریی بەرگرییەکە بکات و نازناوی هێزی پشتیوانیشی دایە ئەو بەشدارییە گرینگە.

* کاتێک تێکۆشەرانی جنبش دموکراتیکانقلابی زحمتکشــان گیلان و مازندرانمەیدانی تێکۆشانیان بەرتەسک دەبێ و مەجالیان نامێنێ ، دێنە کوردستان و حیزب لە پەنا بنکەکانی خۆی داڵدەیان دەدا و هاوکارییان دەکا.

* کاتێک تێکۆشەرانی بەلووچ دەکەونە بەر هێرش ، ئەوە حیزب بوو لە ڕێگای تەشکیلاتی خۆییەوە زۆربەی ئەو تێکۆشەرانەی دەرباس کردە کوردستان و لە نێو بنکە و بارەگاکانی خۆیدا داڵدەی دان.

* هەر تێکۆشەرێکی موخالیفی کۆماری ئیسلامی لێی قەوما بێ، حیزب نرخیشی داوە ،بەڵام لە ڕێگای تەشکیلاتی خۆیەوە ڕزگاری کردوون کە نموونەی هەرە دیاریان احمد باطىی و ….. .

با کەمێک بێینە خوارت و وردتر

* حیزبی دێموکرات بوو ، دوکتۆر یەکتا ئووزن ئۆغلووی خەڵکی ئامەد و دانیشتووی چیکوسلاواکی، هێنابووی و لە شپیران و لە نەخۆشخانەیەکی هەژارانە دا خزمەتی کوردایەتیی پێدەکرد.

* چێشت لێنەری سکرتاریای حیزب کوردێکی بە تەمەن بەڵام وڵاتپارێزی خەڵکی ئامەد و دانیشتووی سوئێد بوو ، و هاتبوو پێشمەرگایەتیی دەکرد.

* فەرماندەری هێزمان هەبوو مامۆستایەکی خەڵکی شاری قەرس بوو کە ئاخەرین نوقتەی کوردستانە ،ئەو فەرماندەرە نەک لە باکووری ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە سەردەشت و شنۆش فەرماندەری هێز بووە و ئێستاش لە ژیاندایە و بەرپرسی کۆمیتەی حیزبە لە بێڕڵین.

* فەرماندەری هێزمان هەبووە کە خەڵکی شاری باتمان و لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێری ئەو شارە ڕا هاتبوو و ببووە پێشمەرگەی حیزب.

* مامۆستای فێڕگەمان هەبووە لە تێکۆشەرانی باکووری کوردستان کە ئێستاش لە ژیاندا ماون.

* ئێستاش بە سەدان کەسایەتیی سیاسی، خەباتکاری بوارەکانی دیکەی تێکۆشانی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان ئەندام و لایەنگر و هاوکاری حیزبن. تەنانەت کەسایەتیی ئیداری لە نێو ئەو تێکۆشەرانە دا.

* بە سەدان تێکۆشەری باشووری کوردستان هاوخەبات و بەشداری تێکۆشانی دێموکرات بوون و هەن .

* دوو سکرتێری دیاری حیزب و چەند ئەندامی ڕێبەر ئەندام و بەشداری کار و خەباتی کۆڕی زانیاریی کوردبوون کە لە عێراق بە فەرمی هەبووە .

* دیارترین و کاریگەرترین میدیای خەباتی حیزب لە سەدەی ڕابردوو دا ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو . مهندسی دامەزرێنەر و پارێزەری ئەو دەنگە زوڵالە، مهندس رضا خیاطی لە نەتەوەی ئازەری ، ڕاوێژکاری سکرتێری گشتیی حیزب بۆ کار و باری ڕادیۆ بوو و هەر لەو ئەرکەش دا شەهید بوو .

* چالاکترین بەشی فیلم کە لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەدەی ڕابردوو دا هەبووە و زۆرترین بەرهەمەکانی لە تۆماری خەباتی خەڵک و پێشمەرگە دیارن و ماون، بەشی فیلم هەڵگریی حیزب بووە، کە بەرپرس و خەباتکاری دیاری ئەو بەشە خەڵکی ڕەشت و غەیرە کورد بوو کە لە ڕزگارکردنی کەرکووک لە نەورۆزی ١٩٩١ لەسەر داوای بەرەی کوردستانی ، حیزب ناردبووی بۆ فیلم هەڵگرتن ، بەداخەوە بێ سەرەوشوێن کرا.

* بێژەری بەشی فارسیی ڕادیۆ دەنگی کوردستان خەباتکارێکی شێرازی بوو.

* بەرپرسی بەشی ئامووزش لە مەڵبەندی شیمال، ئەفسەرێکی ئازەری بوو کە شەهید بووە.

* لە شیمالی کوردستان ، و ناوچەکانی دیکەی کوردستان سەدان کادر و پێشمەرگەی ئازەری و فارسمان هەبووە و زۆریشیان شەهید بوون.

* بەرپرسی بەشی عەمەڵیاتی دانانەوەی مین بۆ هێزەکانی دوژمن لە مەڵبەندی شیمال، پێشمەرگەیەکی خەڵکی موغان سەربە پارێزگای اردبیل و ئازەری بوو کە شەهید بووە.

* تەنانەت شۆفێری دوکتۆر قاسملوو و ئەندامانی ڕێبەریی حیزب پێشمەرگەی ئازەری بوون و بەشێکیان شەهید بوون.

* تێکۆشەرێکی ئەفغانی و بە نەتەوە بەلووچ ،لە ڕێزەکانی حیزب دا بەساڵان تێدەکۆشا ، ڕاوێژکاری ڕێبەرانی حیزب بۆ دۆخی ئەوکاتی ئەفغانستان بوو .

* بە ساڵان سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، خانمێکی تێكۆشەر و چالاکی ئازەری بوو و هاوکات ئەندامی ڕێبەریی حیزبیش بوو .

* لە سەردەمی خەباتی شاخ دا، ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠ بیسیمی ڕاکاڵ( ڕادیۆ تەلەفۆن) ی ئۆرگانەکانی حیزب لەو سەری کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەو سەر و بنکەکانی حیزب لە باشووری کوردستان بەردەوام کاریان دەکرد و تەواوی کار و چالاکی و هەواڵەکانی کوردستان و خەباتی پێشمەرگە بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ڕێگای ئەو دەزگا بێسیمانەوە بوو. بێسیمێکی ٢٤ سەعاتەی سکرتاریای حیزب هەبوو ، دوو کەس لە سەر ئەو بێسیمە کاریان دەکرد کە حەساسترین بەشی موخابراتی حیزب ، بێسیمی سکرتاریا! دوو گەنجی بەلووچ بوون و ئێستاش لە ژیاندان و هەر تێکۆشەری حیزبن.

* مامۆستای فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب مان هەبوون کە تێکۆشەری ئازەری بوون .

خوێنەری هێژا ، ئەمانە بەس نموونەن، ئەگەر بمەوێ بە درێژی باسی بکەم، دەبێتە کتێبێکی ٢٠٠ ڵاپەڕەیی.