Hoppa till innehåll
Hem » کتێبی ئەزموونی من، ” کاک مستەفا شەڵماشی”. چەند سرنجێک لەپێوەندی گێڕانەوەی کارەساتی شەهید کرانی پۆلێک پێشمەرگەی هێزی ئاوارە ، سەدیق بابایی

کتێبی ئەزموونی من، ” کاک مستەفا شەڵماشی”. چەند سرنجێک لەپێوەندی گێڕانەوەی کارەساتی شەهید کرانی پۆلێک پێشمەرگەی هێزی ئاوارە ، سەدیق بابایی

کتێبی ئەزموونی من نووسینی کاک مستەفا شەڵماشی. چەند سرنجێک لەپێوەندی گێڕانەوەی کارەساتی شەهید کرانی پۆلێک پێشمەرگەی هێزی ئاوارە لە ناوچەی هەوشار (تکاب) ٢٣/٦/ ١٣٥٩


پێشەکی سپاسی تایبەتیی کاک مستەفا و ئاماژەی بە چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەرێنی من و تێکۆشانم لە ناوچەی هەوشار دەکەم.
تێبینی:
پێشەکی خۆزگە دەخوازم تێکۆشەرانی سەردەمانی ڕابردوو، ئەو کەسانە بیرەوەری خۆیان دەنووسن حەول بدەن ئەگەر ڕووداوەکانیان وەک خۆی لە کاتی قەوماندا تۆمار نەکردوە، دواتر هەلی نووسینیان بۆ ڕەخساوە، تێبکۆشن بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ڕاستی و درۆستی تۆمارکراوەکانی مێشکیان ڕاوێژی چەند کەسێک لەوانە کاتی قەومان یا هەلکەوتی بەسەرهاتەکاندا دەوری ڕاستەوخۆیان گێڕاوە ئەگەر ژیاندان پرسوجۆ بکەن تا خوا نەخواستە تووشی هەڵە، لاری یا چەوت گێڕانەوە بە پێچەوانی واقع نەبن.

بۆ زانیاری خوێنەر ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩ نووسەری ئەم دێڕانە ( سدێق بابایی) شەرەفی بەرپرسیارەتی کۆمیتەی حێزبی دێمۆکرات لە ناوچە کانی تکاب و سایین قەڵا)م پێ سپێردرا بوو.
لە گەڵ ئەوە کە خەلکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری هەوشار لە هەرچەشنە فێداکاری وئەرکی نیشتمانی هەمبەر داپڵۆسێنەرانی کوردستان لە ڕیزی حێزبی دێمۆکرات دا درێغیان نەبوو، مەخابن بە هەڵسەنگاندن لە گەڵ زۆر ناوچەیتری کوردستان کەمترلە پۆشتەوپەرداخ کردنی ئەم ناوچە واتە هەوشار بۆ بەرئەنگاری بەرانبەر دوژمنی دڕ ئاوڕ دەدرایە.
ئەوە لە حاڵێکدا بوو هەڵکەوتی ناوچەی هەوشار ژیارێکی هەستیارو وپێکهاتەیەکی تێکەڵ لە دوو نەتەوەی کورد و ئازەری بوو. هەموومان دەزانین ئازەریەکان لەو سەردەمەدا هەر نەبێ بە تایبەت بە هۆکاری باوەڕی ئایینی هاوبەش لە گەڵ دەسەڵاتی تازە ی کۆماری ئێسلامی لاینگری بێ ئەملاو ئەولا و توند ئاژۆی تاران بوون. بە چەشنێک نە هەموان بەڵکوو زۆربەیان بەرانبەر داخوازەکانی کورد چەند باڵا لە تاران توند ئاژۆتر بوون. بۆ وێنە ”مووسڵانی و زاخۆرانی)کان ” وێرای بەرپرسانی تازە بە دەوران گەیشتووی شارەکانی تکاب و سایین قەڵا شیاوی ئاماژەن.
لە گەڵ ئەوە خەڵکی هەوشاربۆ هەرچەشنە داکۆکی لە بزاڤی نەتەوەیی بە سەروماڵ هەروەک سەردەمی کۆمار ئامادەبوون حێزبی دێمۆکرات تەنێ جاروبار بە ناردنی هێزی یارمەتیدەری لاوەکی وەک پێشمەرگەی ناوچەکانی تر بۆ پاڵپشتی پێشمەرگەی هەوشار هەنگاوی پاڵپشتی کردنی دەنا کە کەفاف وچارەسەرئ دڵخواز وبنەڕەتی نەبوو. دەنا. لە ڕاستیدا چارەسازی ڕیشەیی گرفتی ناوچەکە پێ ڕاگەیشتن بە هێزی خۆجییی هەوشار بوو نەک ناردنی بەینابەینی هێزی لاوەکەی بۆ چەند ڕۆژێک.
لە سەرجەمی ئەم هەڵسوکەوتەدا هەم حێزبی دێمۆکرات و هەم تاوچەکە وێرای هەموو گیان فێدایی تووشی زیانی لە قەرەبوو نەهاتو کرایەوە.
یەک لەو زیانە مەزنانە بەڕێزکاک مستەفا لە کتێبی ”بیرەوەریەکانی من” ئاماژەی پێکردوە شەهید کەوتنی پۆلێک پێشمەرگەی پاڵپشتی کاتی هێزی شەهیدانی هەوشار واتە هێزی سەربەرزی ئاوارە لە پیرانشار مەبەستی ئەم نووسینەیە.

دەوروبەری ١٩/٦/١٣٥٩ تیمێکی هێزی ئاوارە بە راسپاردەی دەفتەری سیاسی حێزبی دێمۆکرات دەگەنە ناوچەی هەوشار گوندی مایین بڵاغ.
تیمێکی زۆر پۆشتەو بەرداخ بە چەکی سووک و تەقەمەنی پێویست، گەنجی شۆڕشگێڕ و خۆش سیما کە لە یەکەم دیداردا سرنجی هەر بینەرێکیان بۆ لای خۆیان وەک لەشکرێکی خاوەن ئیرادە بۆ داکۆکی لە نیشتمان ڕادەکێشا، بە چەشنێک خەڵکی ناوچەکە لە هەڵسەنگاندن بەرانبەر بە پێشمەرگەکانی خۆیان نەک هەر سەریان سووڕ دەما پێیان وابوو ئەم پۆلە دەتوانن بە ڕۆژێک تا نێو شاری تکاب هەرچی مۆڵگەی ڕژیم هەیە ڕای ماڵن. وەک من بزانم بەرپرسی ڕاستەو خۆی ئەم تیمە کاک ڕەحمان پیرۆتی بوو کە دواتر لە چەند سالی پێشماندا لە کۆی( باشوور ) بە مووشەکبارانی تاراندا شەهید کرا.
بەرپرسی حێزب لە هەوشار ( سدێق بابایی) لە سەر ئەم بنەما کە ڕەنگە پێشمەرگەکان تووشی سۆزی پاڵپشتی گەرم و گوڕ و چاوەڕوانی بە تینی خەڵکی دڤەرەکە بۆ دەمکوتی دوژمنی هار بن، بە بێ ئەوە شارەزایی و ناسیاری تەوایان لە ڕادەی دوژمن و ناسینی ناوچەکە هەبێت بەرەوڕووی دوژمن ببنەوە. بۆیێ خۆی ناچار دیت سەرپاکی مەترسیەکان لە کۆبوونەوەیەک دا بۆ پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە لە ئاوایی مایین بڵاغ ڕوون بکاتەوە. لە هەمانکاتدا داوای لە سەرەخۆیی و پێویستی شارەزایی سەرەتایی وناسینی دەوروبەری لەوان کرد.
دوای ئەو کۆبوونەوە بەرپرسی کۆمیتە( ( نووسەر) بۆ پێشوازی مێوانی تر کە بریتی بوون لە کاک مستەفا هێجری، کاک مستەفا شەڵماشی و کاک ڕحمان کەریمی بەرپرسی هێزی ئاوارە، بە جیا ڕاسپاردەی حێزبیان بۆ دیداری ناوچەی هەوشار هەبوو بەرەو پیریان لە بۆکانەوە [ ئەوکات بۆکان ئازاد و لە بەردەستی پێشمنەرگە بوو] دەهاتن لە پێشمەرگەکان ماڵ ئاوایی دەکات.
بە مەودای دووسێ ڕۆژ کاتێک مێوانە تازە گەیشتوەکان لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەی هەوشار لە ئاوایی سانجوود [ نێوان سایین قەلا و تکاب] ئەبن خەبەری لەکەمین کەوتنی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە و شەهید کەوتنی هەشت کەس لەواندەگات.
لێردەدا دەبی ئەو تێبینیە بخرێتە بەر دیدەی خوێنەر کە بەرپرسی گشتی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە ( کاک ڕحمان کەریمی) بە تێگەیشتنی سدێق بابایی نە تەنیا بە بیستنی ئەو هەواڵە جەرگبڕە بۆ شەهید بوونی پۆلێک پێشمەرگەی هێزەکەی گرژیەک لە ڕۆمەتی دا بە دی ناکرێت بەڵکوو بەجۆرێک حەزێکی شاراوە لە ڕۆمەتیدا هەست خۆ نیشان دەدا کە سرنجی نووسەر ڕادەکێششێت..تێگەیشتنی نووسەر لە ئاکاری کاک ڕەحمان دەقاودەق هاودەنگی وپشتڕاست کردنەوەی پێشمەرگەی هێزی ئاوارە ( حەمەدئەمین خراپە) بەشدار لەو شەڕە دوای دیدار لە مایین بڵاغ و باسی شەهیدەکان لە لاین ئەم بەرپرسەوە بە تەواوی هاو شانی وتەی سەرەوەی نووسەرباس وپەسەند کرا .
بە کورتی؛ شەڕی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە لە ناوچەی نزیک بە تکاب تەنیشت ئاواییەکانی نەویکەنی( نەبی کەند) و پەنای حەسەن ئاوا شوێنێک بە ناوی ”پردی قەڵاکۆن” باخە چناری ((حاجی ئەحمەدی پیازاو)) لە لە ئاکامی بەرنامەڕێژی چەند ڕۆژەی تاقی کاری شوێنەکان بۆ دانانی کەمین لە سێ شوێن؛ تیمی یەکەم نەبی کەندی، تیمی دووهەم نەبی کەندی بۆ ئاغدەرە، تیمی سێهەم ئاغدەرە بۆحەسەنئاوا. بە فەرماندەری عەلی مەحمودی سەرپەل، خەڵکی زەنگیاوێ و بایز جهانبەخش جێگرەکەی . لەبۆ لێدانی ئەو تەئمینانە ی جادەکان کە ڕۆژانە دەهاتن داڕێژرابوو. هەموو بەیانیەک لە جادەکان دادەمەزران بەڵام بە هۆی کەسێک بە ناوی باقی خەڵکی ئە دەڤەرە مۆڵگەی ”بێژنگ بەسەر” ئاگادار دەکرێت و دوژمن پێش پێشمەرگەکان لەو شوێنانە دادەمەزرێن. هەرچەند پێشمەرگەکان ئازایانە بەرئەنگاری هێزی دوژمن دەبنەوە و تا پەنای خاکڕێژی پایگاکە ڕاویان دەنێن بەڵام پاشتر هێزی زۆر وزەبەنە لە تکاب بە هەموو جۆرە چەکی قورسو دۆشکە کە پێشتر ئاگادار کرابوون دەگەنە سەریان هەموولایێکیان لێ دەتەنن. بە تۆپ ، خۆمپارە و دەسڕێژی دۆشکە لە سەعاتی دو تا چواری ئێوارە هەشت کەسیان شەهید دەبن. عەلی وخدر دوای هەڵبڕان لە پێشمەرگەکان بەدیل دەگێرێن وهەر لەوێ شەهید دەکرێن. دیارە تەرمی شەهیدەکان لە بەردەستی دوژمن بە جێ دەمێنن.هەڵبەت ئەمە جیا لە زیانی هێزە پەلاماردەرەکانی تکاب. لە بەرەیەکی تری شەرەکەدا پێشمەرگەکان وێرای ئەندامانی یەکیەتی لاوان دەست بەسەر ماشینێکی سیمۆرغ کە کوڕی بەرپرسی کۆمێتەی پاسدارەکانی تکاب بە ناوی ( نصرت) لەگەڵ چەند کەسیتری تێدا دەبن دەگرن وکەسەکان قۆڵ بەست دەکەن. پاش ئەوە خەبەرەکە لە سانجود زانرا، وێرای مێوانانی بەرپەرس بەرەو ماین بڵاگ وەڕێکەوتین.
لە ئاکامدا بڕیارمان هاتە سەر ئەوە ئەگەر هەڵە نەبم بە هۆی ( حاجی سمایل ناوێک) بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی لە تکاب ئاگادار کەین لە بەرانبەر ڕادەست کردنی تەرمی شەهیدەکانی حێزب لە هێزی ئاوارە هەموو ئەو یازەد کەسە بەزیندوویی ئەسیر کرابوون و لە بەردەستی ئێمە بوون بە سڵامەت ئازاد بکرێن.
وەڵامی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئێسلامی لە تکاب هەمبەر داخوازی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدەکانمان و ئازاد کردنی ئەسیرەکانی ئەوان وەک وترا یازدە کەسەکە ئەوە بوو ” تەرمی شەهیدەکانی ئێمە نادرێنەوە، با ئێمە پاسدارەکانی ئەوان بسووتێنین!”دیارە هاوکات ئەو خەبەرەش گەیشت کە تەرمی پێشمەرگەکان مێن ڕێژ کراوە. ئەمە ئەوەی دەخستەڕوو دۆژمن بیرۆکەی وەشاندنی زەبری زیاتری هەبوە.
لە وەڵام ودژ بە هەڵوێستی تکاب سێ بەرپرسی ڕاسپێردراوی حێزب لە هەوشار پاش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی خۆیان کە تەنانەت بەرپرسی کۆمیتەی هەوشاریان لەو دانیشتنەدا بەشدار نەکرد! بڕیاری وەڵامی تکاب یان دەر کرد. دواترتەرمی شەهیدەکان پاش ئەوە بە خەڵکی ناوچەکە پیشان دران بە ئەو پەڕی سووکایەتی خۆڵ وخاکیان بە سەردا کراوە.
وەک زانیاری نووسەر تا سەردەمی ئەم نووسینە کۆماری ئێسلام ڕێگەی بە گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدەکانی حێزبی دێمۆکرات لە هێزی ئاوارە نەداوە. بنەماڵە داخ دیتوەکانی ئەم قوربانیانە لە ڕیزی پێشمەرگە دا تا هەنووکە داخی ئەو خەمە مەزنە بە تاسەی گەڕانەوەی تەرمەکانیان لە دڵیان ماوەتەوە. سەرجەمی ئەو پێشمەرگانە لەو کاتەدا هاتبوونە هەوشار لە نێوان ٥٠ تا ٦٠ کەس بوون کە کرابوون بە دوو دەستە دەستەیەک لە ئاوایی چۆپلی ودەستەکەی تر کە بەشداری شەڕەکەبوون لە گوندی قزقەپان جێگیر کرابوون. بەرپرسی گشتی ئەو پێشمەرگانە کاک ڕەحمان کەریمی و و نەفەری دووهەم وەک فەرماندەری ڕاستەوخۆیان کاک ڕەحمان پیرۆتی لەگەڵ پێشمەرگەکان بوو. ڕەحمان کەریمی پاش گەیشتنمان بۆ مایین بڵاغ لە گەڵ پێشمەرگەکان کۆبوونەوەی پێک هێنا.
بۆ زانیاری خۆێنەری بەڕێز لە کۆتایی ئەم کورتە زانیاریە وەک بەرپرسی حێزب لەو سەردەمە لە کۆمێتەکانی تکاب وسایین قەڵا ( هەوشار) بەشێک لە نووسراوی کاک سەید عەلی هاشمی کادری کۆنی حێزب لە پیرانشار وەک خۆی کە ناوی یەک بە یەکی شەهیدەکان وێرای وێنەکانیان تۆمار کراوە لە گەڵ دەقی بیرەوەریەکانی کاک مستەفا شەڵماشی بۆ مێژوو دەخرێتە پێش چاوی ورد بینی خوێنەر.

بیرەوەریەکەی کاک سەید عەلی هاشمی:
لەو پۆلە پێشمەرگەی هێزی ئاوارە کە ناردران بۆ هەوشار لە ڕێکەوتی ٢٣/٦/١٣٥٩ی هەتاوی (١٤/٩/١٩٨٠) لە یەک رۆژدا دوای شەڕێکی پێشمەرگانە، بەداخەوە پۆلێک پێشمەرگە لە ئاوایی” نەبی کەند” نەیکەنی بە زاراوەی هەوشاریان، گیانیان فیدای نیشتمان کرد، کە بریتین لە:
شەهید بازید بایەزیدی خەڵکی گوندی ” خەراپە”
شەهید ئەحمەد رەسووڵی ناسراو بە ئەحمەد خانزاد خەڵکی گوندی” قەڵاتەڕەشێ”
شەهید بایز جانبەخش خەڵکی کولیج و دانیشتوی شاری ”پیرانشار”
شەهید حەمەدەمین شەهدی خەڵکی ئاوایی ”خواجاڵی”
شەهید عەلی مەحموودی خەڵکی گوندی ”زەنگیاوێ”
شەهید ئەبوبەکر حەوتەوانە خەڵکی ئاوایی ” کێلەسیپان”
شەهید خدر عەلی نژاد خەڵکی گوندی ” گردەبن”
شەهید حەمەدەمین جەوانبەخت خەڵکی گوندی ” گردەبن”
شەهید سولەیمان سوڵتانی ناسراو بە سولەیمانی سوڵتان مەلۆی خەڵکی ئاوایی ” قوڕوچاوێ”
شەهید حوسێن خزریان لە دایکبووی شەختان و خەڵکی ” پیرانشار”
پێویستە بەوترێ کە دوو شەهید بە ناوەکانی خدر عەلی نژاد و حوسێن خزریان بە برینداری دەکەونە دەست دوژمن و بێدەوا و دەرمان و چارەسەرکردن ئیعدام دەکرێن، بەشێك لە شەهیدەکان لە گوندی حەسەناوای هەوشار و بەشێکیش لە سەر تەپۆڵکەیەک لە شاری تیکاب ” کە دوژمن بە ناوێکی سووک ناوی لەو شوێنە ناوە” بەخاکی نیشتمان دەسپێردرێن.سەید عەلی هاشمی ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، (٢٠٢٣/٣/٢٩
شەهیدەکانی هێزی ئاوارە لە هەوشار ٢٣/٦/١٣٥٩

کۆپی بیرەوەریەکانی ڕێزدار کاک مستەفا شەڵماشی لە کتێبی ئەزموونی من سەبارەت بە سەفەری هەوشار ساڵی ١٣٥٩ مانگی خەرمانان.

لە کۆیاییدا پێویستە پێداگری ئەو ڕاستیە بکەم کە؛
١ــ شوێنی شەڕ وشەهید کرانی پێشمەرگەکان لە بەری تکاب ئاواییەکانی نەبی کەندی بۆ ئاغدەرە و حەسەن ئاوا، پردی قەڵاکۆن پۆلە چناری حاجی ئەحمەدی پیازاوا هەڵکەوتوە نەک ناوچەی نزیک بە سایین قەڵا. ٢ ــ ڕادەی سەرجەمی شەهیدەکان وەک لە بیرەوەریەکەی کاک سەید عەلیش بە ناو ووێنە هاتوە ١٠ کەس بوون نەک شازدەکەس.
٣ ــ کاتی ئاگادار بوون لە شەهید کرانی پێشمەرگەکان لە گەڵ مێوانەکانی دەفتەر ئێمە لە ئاوایی سانجود بووین و چ مەترسیەک لە سەر ئێمە کە مەودایێکی زۆرمان لە گەڵ بەرەی شەڕەکە هەبوو بەدی نەدەکرا.
٤ــ پاش ئەوە ئێمە بەرەو مایین بڵاغ ، چۆپلی و تکاب کە دوور لە مەیدانی شەڕ بوو و شەڕ کۆتایی هاتبوو ڕۆیشتین. لەوێ ئەو بەڕێزانە دوابڕیاری خۆیان پاش وەڵامی بەرپرسی کۆمیتەی پاسدارانی تکاب( بابی نوسرەت ) کە بە دیلی لای پێشمەرگەکان بوو هەمبەر سیاسەتی بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی لە تکاب دەرکرد. شیاوە بوترێت کاک ڕەحمان لە گەڵ پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارە دیدار وکۆبوونەوەی پێک هێنا.
٥ـ بڕیاری بەپەلە و بێ سەبرانەی هاوڕێیانی دەفتەری سیاسی هەمبەر هەڵوێستی توند و نامرۆڤانەی کۆمیتەی تکاب لە کۆی خۆیدا زیانی مەزنی بە تاقی کردنەوەی ئەگەری چارە سەری گرفتەکە و شانسی وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدەکان لێ کەوتەوە. سەیر و سەمەرەتر ئەوەبوو لەو پێوەندیەدا چ ڕاوێژیک لە گەڵ بەرپرسی کۆمیتەی هەوشار نەکرا و ئاوڕ لە دوارۆژی وەزعی هەستیاری ناوچەکە ( ژیانی تێکەڵی کورد وتورک کەمتر سرنجی خرایە پال.)
٦ ـ بەرپرسایەتی نووسەر لە ماوەی دوو ساڵ مانەوە لە هەوشار هەڵگری زۆر ئەزموونی تایبەتە کە گونجاو نیە لێرە بخرێتە بەر باس . تەنێ ئاماژە بە ئەو راستیە لەو ماوەداپێویستە. پێنج بەربرسی هێزی پێشمەرگەی ئەم ناوچە ( هێزی شەهیدانی هەوشار) ئاڵو گۆڕی ڕاسپاردە لە سەر پێشنیاری بەرپرسی کۆمیتەکران. بەشێک لەم بەرپرسانە نە تەنیا بێ ئەزموون لە ڕێبەری و ناسیاری سیاسەتی حێزب بوون بگرە مەیلیان بۆ فام کردنی شۆڕشی کورد زۆر کز و لاواز بوو. لەوانە دەکرێ (سەروانوریا) ناوێکی ئازەدی خەڵکی تەورێز، کە ئەفسەری پێشووی سوارە لە ئەرتەشی ئێران بوو بە وێنە باس بکەم . ئەم زاتە کەمترین مەیل وناسیاری لە سەر ئامانج و ڕابردووی دمۆکرات نەبوو. تا ئەو ڕادە پاشتر تووشی پلانی بەعسیەکان هات و ژیانی لەو پێناوەدا کۆتایی پێ هێنرا. کەسێکیتر لەو پێنج فەرماندەرە بە ناوی گۆران ئەفسەری هەوا بۆردی دەسەڵاتی پێشووی پاڵەوی بوو. کوڕێکی خۆش مەشرەب لە سەر دڵان بەڵام سازگار لە گەڵ وەزعی ئەوکاتی جووڵانەوەی کورد وەک خۆ وخدە نەدەهاتەوە. دوای کۆتایی بەرپرسایەتی لە هەوشار بە پێ زانیاری خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی تاران و واز هێنان لە تێکۆشانی ئەو سەردەمەکرد. کەسێکیتر ئەر هەڵە نەبم ” میرزا عەوڵا ناوێکی خەڵکی بۆکان بوو کە گۆیا گروهبانی دەورانی شا و بەڕاست وێرای باوەڕمەندی زۆر لاواز لە کاری فەرماندەری بوو. شیاوە بوترێت هێزی شەهیدانی هەوشار ماوەیەک دواتر لە ژێر فەرماندەری سەرهەنگ ڕەبێعی دا بوو کە هەم هێزی ١١٠ی بەیان ـ بۆکان و هەم هەوشاری ڕێبەری دەکرد. بەڵام زۆرتر لە بۆکان سەرقاڵی تێکۆشانی پێشمەرگانە بوو تا هەوشار. ڕەنگە سەرجەم دوو جارم سەردانی هەوشاری کردبێت. لە گەڵ ئەوە نێوانمان زۆر گەرموو گوڕ بوو. سەروان سابر باریک یەکیتر لە فەرماندەرانی هێزی شەهیدانی هەوشار بوو کە وێرای گەرموو گوڕێ نێوانمان زۆر دڵسۆزانە و بە باوەڕ هەڵسوکەوتی دەکرد بەڵام وەک وترا هەوشار کوڕی زڕدایک بۆ پێڕاگەیشتن دەهاتە بەرچاو کە نموونەی کارەساتباری بەرپرسێکی باڵام لەم پێوەندیەدا لە مێشک بە تۆمارکراوی ماوە، مەخابن بۆ باس کردن نابێت. سەرەتای ڕاسپاردەی نووسەر لە هەوشار کاک عەلی پێشکاری کاربەدەسی هێزی چەکدار لە ژاندار مری زەمانی شا فەرمادەری پێشمەرگەبوو. کۆتا قسە لەم پێوەندیەدا ئەوەیە کە نووسەر پاش کۆنگرەی پێنجەمی حێزبی دێمۆکرات وکۆتایی ساڵی ١٣٦٠ لەبەر نارەزایەتی بەرانبەر کەمتر ئاوڕدانەوەی حێزب لە ناوچەی هەوشار کە کەمێک سامانی گرتبوو و خاوەندارەتی چەندین کۆمیتە ناوچە بە کادری دڵسۆزی خۆجێیی، هێزی کارامە وبەزموونترسەرەڕای کەم ئاوڕدانەوی حێزب دەکرد، وێرای دمەقاڵە وتووڕەیی دشەهید دۆکتۆر سەعید بۆ پێویستی مانەوە کۆتایی لەم بەرپرسایەتیە هێنرا. بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی ئەوکات نووسەر ئەگەری دواڕۆژی زیانبارتری لە چاو دوور نە دەدیت. ئەوە بە ڕاشکاوی لە گەڵ شەهید دۆکتۆر سەعید شی کرایەوە. بەلگە بۆ ئەم تێڕوانینە تووڕەیی ڕژیم لە دەسەڵاتدارەتی پێشمەرگە لەو ناوچە پانوبەرینە بوو کە مەیدانی هەلسوورانی پێشمەرگەی کوردستانی لەناوچەکان ، زاڵبوون بە سەر بەندوای بۆکان، تەیارکردنی هەلی کەم گیروگرفت تر بوونی هاتووچۆی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پاڵپشت و پەنابوونی ئارامتر بۆ تێکۆشانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی سەقز وبۆکان لە لایێک، هاوکات سەقامی زیاتری ئەزموونی هێزی دوژمن بۆ بەرئەنگاری شۆڕشی کوردستان بوو. قەزاوەتی ڕاستی وناڕاستی پێش هاتی ئەو هەلومەرجە زیانبارەی دواتر تووشی خەڵکی هەوشار هات بە خەلکی ناوچەکە دەسپێردرێت. هەلومەرجێک تەنانەت گیانی دوایین بەرپرسە دڵسۆزەکەی (کاک سەید کامیل) وێرای بەشی هەرەزۆری هێزی پێشمەرگەی هەوشار وەک قوربانی لێ کەوتەوە!
٦ ـ ماشینی بەر پرسی کۆمیتە جیبێکی مووشەکتاو دەسکەوتی پادگانی مەهاباد بوو. لە نووسراوەکەی کاک مستەفا بە جیبی شەهباز نووسراوە.
٦ــ یەک لە شاهیدانی ئەوکات وەک ئەندامی یەکیەتی لاوان و پێشمەرگەی هێزی ئاوارە کاک مەولود سوارەیە کە بەخۆشیەوە لە ژیاندایە و باشی لە بیر ماوە کە نووسەر مەترسیەکانی سەر ڕێی پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارەی لە کۆبوونەوی ماین بڵاغدا بۆ باس کردون، ئەوە کە نابێ گیانی خۆیان بە هۆی ناشارەزایی لە خەتەر باوێژن.
٦ ــ کاک ڕەحمان کەریمی لە گەڵ ئەندامانی تیمەکەی دەفتەری سیاسی حێزب بەرەو بۆکان گەڕانەوە. ناو براو چ تەرمێکی پێشمەرگەی بۆ پیرانشار لە گەڵ خۆی نەگەڕاندەوە لە بەر ئەوە تەرمەکان لای دوژمن مابوونەوە.
ئەوەش بڵێم کەک ڕەحمان داوای لە نووسەر( سدێق بابایی ) کرد دواتر چاومان بە یەکتر بکەوێت. کە زۆری نەخایاند شک وگۆمانی پێشووی نووسەر بۆ هۆکاری نەشڵەژان بەرانبەر ئەو کارەساتە لە سەر ناو براو بە بێ ئەوە چیتر یەکترمان چاو پێ بکەوێت بە هەڵوێستێک کە گیانی لە سەر دانا ئاشکرا بوو.
هەڵبەت ئەر باشم لە بیر مابێت پێشمەرگەیەکی تری هێزی ئاوارە بە ناوی حەمەدەمین خراپە ئەوکات لە گەڵ بوو کە شاهید و بەشداری شەڕ وسەرجەم ڕاسپاردەی هێزەکەیانە. دیارە کاک عۆسمان نەڵۆسی خەڵکی نەڵۆسەی ناوچەی سەردەشت ئەو کات لە ناوچەکە بوو کە ئەویش دەبێت هەرچەند ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە نەبوو زۆر شتی لە بیر مابێت. کاک عوسمان فەرماندەرێکی ئازا ونەترس بوو.

لە گەڵ ڕێزی دووبارە و سڵاو بۆ قارەمانەتی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی قارەمانی ئاوارە کە خۆم شاهێدی دەیان قارەمانەتی کەم وێنەیان ساڵانی ١٣٦٣ و ١٣٦٤ لە ناوچەکانی پیرانشار بوومە.
تێبینی:
کاک رەحمان کەریمی کورت پاش ئەو ماوە هەڵوێستی دژبە سیاسەتی حێزبی دێمۆکرات ونزیک کەوتنەوە لە کۆماری ئێسلامی هەڵبژارد کە لە ئاکامدا گیانی لەو پێناوەدا بەخشی.


سدێق بابایی ٤/٤ ٢٠٢٥