چەند سەرنجێکی سەروەریخوازانە لەسەر فایلی دەنگیی سەرۆکی ئێستای پژاک

پێشەکی
١. ئامانجی ئەم خوێندنەوەیە تەنیا خزمەتە بە پرسی نەتەوەیی دوور لە شەڕی حیزبی. زۆر جار دەکوترێ (یەک لەوان بۆخۆم) دۆخەکە حەساسە و بە قسەکردن چیلکە لە ئاگردانی شەڕی ناوخۆ و دوژمن مەهاوێن. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە بێ دەخالەتی زۆر کەسی وەک ئێمە شەڕەکان کراون و دەکرێن. ڕەنگە بێدەنگی ئێمە زیاتر دەستی شەڕ ئاواڵە بکا. ڕەنگە هەڵوێست گرتن باشتر بێ لە بێدەنگی. کەوایە هەڵوێستی من تەنیا بۆ پێشگرتنە لە شەڕ نەک دەنەدانی شەڕ.
٢. بەهیچ جۆرێک ئامانج دەنەدان و شەڕخوازی نییە، چونکە بەداخەوە هێزی کوردی قەت لەسەر قسەی تاکی کورد حیسابی نەکردووە. ئەگەر وابا زۆر شەری ناوخۆیی لەبنەڕەتدا دروست نەدەبوون. شەڕ و ئاشتی ئەوان دوور لە ئیرادەی منی نۆعییە.
٣. ئەگەر دەمانهەوێ کەش ئارام بێتەوە ئەو لایەنەی کە فایلی دەنگی لێ بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا پژاک، بێت و بڵێ کە ئەم باسە هی چەند ساڵ پێشە و ئەوە سیاسەتی ئێستای ئێمە نییە و ئێمە هەوڵ بۆ ئاشتەوایی و پلورالیزمی سیاسی و دێمۆکراسیی ناوخۆیی دەدەین.
٤. بە هۆی ئەزموونی تاکەکەسیم تەنیا ئامانجی ئەم نووسینە ڕاگواستنی ئەزموونە بۆ خزمەت بە پرسی کورد.
٥. بۆ نووسینی ئەم باسە لە کۆی فایلی دەنگیی کۆبوونەوەکە کە ١:٢٢:١٢ خولەکە و بەرلە چەند ساڵ گیراوە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بڵاو بۆتەوە هەوەڵ دوو جار گوێم لە فایلەکە گرتووە، دواتر تەنیا ٢٩.٣٠ خولەکم لێ پیادە کردووە و کۆبەندی قسەکانم وەک خۆی نووسیوەتەوە.
٦. ئەوەی بۆ من گرینگ بوو ئەوەیە کە بۆ حیزبی دێمۆکرات بەردەوام لە ماوی ٨٠ ساڵدا دەکەوێتە بەر هێرشی پڕوپاگاندایی نەک ڕەخنەیەک کە بتوانێ زیاتر خزمەت بکا بە پرسی کورد.
٧. خوێندنەوەی من لێرەدا خوێندنەوەیەکی نیشانەناسی و مێژووییە. واتە لە وشەکان و ڕستەکان و نەگوتراوەکان تەفسیری خۆم دەکەم کە هەڵبەتە بێبەری نییە لە ئەزموونەکانی خۆم.
٨. باسەکەی من زیاتر لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە.

وێنە: د. قاسملوو
دەستپێک:
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی پژاک، ئەمیر کەریمی، بە شێوەیەکی پروپاگاندایی باسی سیاسەت و مێژووی حیزبەکان لە کوردستان دەکا. کاکڵی سەرەکی باسەکە ”حەرەکەتی حیزبی کلاسیک”ە. سەرۆکی پژاک بە گشتی باسی ئەم چەند خاڵە دەکا:
حیزبی کلاسیک لە بەرامبەر داگیرکەردا خەبات ناکا، ناوچەیەک داگیر دەکا و دەڵێ هی منە. حیزبی کلاسیک چوونە باشوور و پاسیڤ بوون و دەستی پارتی و یەکێتیان ماچ کرد. حیزبی کلاسیک هەمیشە بەهانەی بۆ تێکۆشان نەکردن هەیە. چونکە بڕیاری تێکۆشان نەکردنی داوە. مەنتقی حیزبی کلاسیک ئەوەیە دەستێک کە ناتوانی بیشکێنی دەبێ ماچی بکەی. حیزبی کلاسیک سنووری خستە ناو مێشکی ئینسانی کورد. خەتی کلاسیک جیاوازی خستۆتە ناو کورد. لەو بەشەی کوردستان کە خۆی بە حاکم دەزانێ بە حیزبی دی دەڵێ دەبێ دەستم ماچ کەن. شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکرات هەر بۆیە ڕووی دا. شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکرات شەری ئیدیۆلۆژی نەبوو شەڕی حاکمییەت بوو. هەرێمچێتی تایبەتمەندیی حەرەکەتی کلاسیکە. هەموو حەرەکەتێکی کوردی لەسەردەمی میر و خان و شێخ و ئەحزاب هەر یەک لە هەرێمێک بوون. دێمۆکرات هی هەرێمی موکریان و کۆمەڵە هی سنە بوو. خۆیان لە ناوچەی ئازەری نەدا چونکە دەردەسەری هەیە و پێیان خۆش نەبوو دەرگیر بن. کرماشانیان پێ کورد نەبوو. لە باشووری کوردستان سۆران و بادینانی ساز کرا. شەڕی هەولێر و سولێمانی حیزبەکان کردیان. ئەوەی دوژمن نایکا حیزبی کلاسیک دەیکا. لەناو حیزبە کلاسیکەکاندا شەڕی هەریمی هەیە. لەناو حیزبی دیمۆکرات شەری هەرێمی هەیە کە تا دابڕانی ئەسلەحەکێشان چووە. بەتایبەت لەناو حیزبی دێمۆکرات مەهابادچێتی بەناو بانگە. حیزبی کلاسیک نەتەنیا پارچەبوونی کوردستانی قەبووڵە کە ئەو بەشەی کوردستانیش لەت دەکا. زاتەن هێندێکیان حەزف دەکا دەڵێ کوردی شیعە کورد نێ. تۆ چۆن ناسنامەی مەزهەبی دەکەیەوە ناسنامە بۆ کوردێک. ئەتۆ ناتوانی ئەسڵی ئێعتقادی بکەیە ئەسڵی هۆییەتی. کرماشانیان حەزف کرد، شوعاری حیزبی دێمۆکرات ئەوە بوو نە کرماشان کوردستانە نە بانە ئێرانە. کوردی کرماشانی و غەیری سونییان حەزف کردووە. دەڵێن وەلا لە کرماشان کوردایەتی نەماوە، تۆ چەندت تێکۆشان کردووە کە ڕەخنە دەکەی. تۆ حەقی ڕەخنەت نییە. تۆ چ رەنجێکت کێشا لە کرماشان؟ حیزبی کلاسیک زێهنییەتی دەوڵەتی قەبووڵ کردووە. لە ئەدەبیاتی حیزبی کلاسیکدا ئێستاش دەڵێن فڵانی کورد نییە شیعەیە. پژاک لە ساڵڕۆژی عاشورا دا داخۆیانێکی نووسی. باس لە نرخەکان دەکا. ئەو نرخە مێژووییانەی کە باسمان کرد. دەڵێ کەربەلا نرخێکە چونکە لەبەرامبەر زوڵم بوو. حیزبی کلاسیک هاواری لێ هەستا کە پژاک پشتیوانی لە شیعەکان دەکا. پژاک یەک شتی کوت، ئەی کوردی کرماشانی تۆ کوردی ئەگەر خۆت بە لایەنگری حوسێن دەزانی، بزانە کە حوسێن دژی زوڵم شەڕی کرد. ئەوان هاواریان لێ بەرز بوو کە ئێمە ئەوانمان حەزف کردووە ئێوەش دەبێ حەزفیان بکەن. شەڕی دەسەڵاتی حیزبایەتی باسمان کرد چونکە دەیهەوێ هەرێمێک بێ و هی خۆی بێ. حیزبی کلاسیک نەتەنیا کورد بەش دەکا لەناوخۆشدا شەری دەسەڵات دەکا. ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک حیزبەکان لەت دەبن. تۆ دێی هیوای گەلێک بەخۆت دەبەستێتەوە هەموو ئێنرژێت بۆ شەری سەندەڵی بەکار دێنی. لە کۆنفرانسی ئاڵمان ٦٥ کورد لە بەرامبەر ١٥ فارس دا بێدەنگ بوون. کەسایەتی حیزبی کلاسیکی کۆیلەیە. دوڕوویاتی دەکا. ئەحزاب با هەبن بەڵام هیچ حیزبێک بۆی نییە ڕێبازی شکست بە خەڵک داسەپێنێ. ڕێبازی کلاسیک خزمەت بە بێگانە دەکا. لە ڕێبازی کلاسیکدا کورد یەکتر دەفرۆشێ. ئەو ڕێبازە سەرکەوتنی تێدا نێ. ئەحزابی کوردی کلاسیک دەتوانین تاریخچەیەکی کورتیان بۆ بڵێین بەتایبەتی هی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە ڕاستی دیرۆکی خۆیان نابێژن. لە مەنتقی حیزبی کلاسیک ڕەخنەدان نی، ئەحزابی کۆمەڵە و دێمۆکرات لە بن زەخەتی ئێران و لەبن زەختی پارتی و یەکێتی چوون دانیشتن و کاخەزیان ئیمزا کرد. کاخەزەکە هەیە، بەڵگە هەیە. یەکێتیش کاغەزی لەبەر دەم دانان ئیمزایان کرد. ئەحزابی کلاسیک توانا و جەسارەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆیان نێ. ڕاستی مێژووییان کە پێ دەڵێی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە. چەند کەس کە ڕاستیان نووسی لە حیزب دەرکران ئەوە کاک مەرەسەنە، کاک جەلیل گادانی. حیزبی دێمۆکرات بەدەست دوکتور قاسملوو ساز بوو. دوای ڕووخانی کۆمار چەند کەسێک چوونە باشوور لەبن سێبەری بارزانی دا بوون. بارزانی بەهۆی پەیوەندی بە شا نەیدەهێشت ئەوانە کار بکەن، مجمووعەیەک کەس بڕیاریان دا سەربەخۆ کار بکەن. کۆمیتەی سەرلە نوێ ژیاندنەوەی حیزبی دێمۆکرات ساز بکەن. لە مەنتەقەی سەردەشت دەستیان بە خەبات کردبوو. براکانی موعینی، سمایل شەریفزادە کە بەدەست بارزانی و شا شەهید بوون. ئەوانی دی بەتەواوی بوونە پێشمەرگە بارزانی. ئەحمەد تۆفیق دەیکوت من پێشمەرگەی بارزانیم. هەر بۆیە خەباتێک بەناوی حیزبی دێمۆکرات نەبوو. ویستیان کۆنگرە ببەستن، بوو بە شەری دەسەڵات لەنێوان دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق. دوکتور قاسملوو ئەندامی حیزبی تودە بوو. ئێمە کە باسی دەکەن نە بەو مەعنای کە بێڕێزی بە دوکتور قاسملوو بکەین. دوکتور قاسملوو شەهیدە و لە کاتی تێکۆشان دا شەهید بوو. هەموو شتێک کە لە حیزبی دێمۆکرات دا دەکرێ ئەو لە بەرامبەری دا بەرپرسە چونکە ئەو دامەزرێنەری حیزبی دێمۆکراتە. دوکتور قاسملوو نوێنەری حیزبی تودە لەناو حیزبی دێمۆکرات دا بوو. د. قاسملوو باسەکانی ناو کۆبوونەوەی حیزبی دێمۆکراتی بۆ حیزبی تودە دەگێڕاوە. د. قاسملوو بە ڕوانگەیەکی ئەورووپایی چاوی کە مەسەلەی کورد دەکرد. ئەو پێیوابوو لەڕێگای سۆسیاڵدێمۆکراسیی ئەورووپا مەسەلەی کورد چارەسەر بکرێ. لە واقیعەتی کوردستان دوور بوو. لەسەرەوەڕا وەک ئورووپاییەک تەماشای مەسەلەی کوردی دەکرد. کادری ساز نەکرد. لە ڕوانگەی ئەو کورد تەنیا چەکدار بوو. ئەوانیتری بە بچووک دەدیت. دوکتور قاسملوو لە بەغدا بوو تەنانەت پۆستیان دایە. دواتر چ شتێک ڕووی دا دیار نێ بەڵام دەوڵەتی عێراق بریاری دا دوکتور قاسملوو ئیخراج بکا. چ ڕووی دا کەس نازانێ. کوتیان دەبێ لە ٤٨ ساعەت دا بەغدا تەرک کەی. بەس لە کاتی شۆڕش پەیوەندی کردەوە بە سەفارەتخانەکانی عێراق و کوتی ئیلا دەبێ پەیوەندی بە سەدام بکەم و گەڕاوە عێراق و لەسەردەمی شۆڕش ئەو چەند کەسە هاتنەوە ئێران.
ئەو شتەی دوکتور قاسملوو سازی کرد حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران بوو. بەشێک لە سونەتە سیاسییەکەی لە حیزبی تودە وردەگرت، تەفەکوراتەکەی پارچەگەرایانە بوو، ناسیۆنالیتەی ئێرانی سەرەوەی هەرشتێک دەدی. ئەو حیزبە زۆر زۆر جودا بوو لەوەی قازی محەمەد سازی کردبوو. دە ڕێبازێکی هاوبەشدا نەدەرۆیشتن. حیزبی دێمۆکرات دوای گەڕانەوەی خەڵکێکی زۆر ڕووی تێکردن. چونکە حیزب و شتی ئەوتوو نەبوو، تەقریبەن هەر کەس چوو ناو حیزبی دێمۆکرات. بەڵام حیزبی دێمۆکرات ئامادەیی ئەوەی نەبوو، چونکە بە سازمان نەکرابوو. زۆر زەعیف و بچووک بوو. هەر نەبوو. مجموعەیەکی بچووک بوون لە بەغدایە کاتێک ئەو دەرفەتە سیاسییە بۆیان ڕوویدا. جا تایبەتمەندییەکی حیزبی کلاسیک بە گشتی ئەوەیە لە دەرفەت دەگەڕێن. حیزبی کلاسیک لە قۆناغی زەحمەتدا تێکۆشان ناکا. کاتێک دەوڵەتی مەرکەزی بەهێزە حیزبی کلاسیک زەعیفە و مەیدان چۆل دەکەن. بەهانەشیان هەیە کە تێکۆشان نەکرێ. کاتێک دەوڵەت زەعیفە حیزبی کلاسیک بەهێزە. دەی کاتێک دەوڵەت نەبێ نەنکیشم دەتوانێ شورشگێری بکا.گرینگ ئەویە لە سەردەمایەکی گەل لە تەنگەتاوی دان و ئیحتیاجیان بە شۆڕش هەیە ئەتۆ لەوێ بی.

وێنە: نەمر مامە قالە دەباغی ، د. ئاسۆ حەسەن زادە و شەهید د. قاسملوو
چوونە ناو باس
لە دوای جودابوونەوەی زۆربەی ئێمە گەنجانی کوردی ڕۆژهەڵات لە حیزبی تودە، ئەوە زیاتر لە چل ساڵە، واتە دوای بەهاری ١٩٨٣، لەگەڵ هیچ حیزبێک نیم و بەردەوام هەوڵم داوە تا ئەم دیاردەیە بناسم: بۆ ئێمەی گەنج توشمان بە تووشی حیزبی تودە هات؟ بۆ کۆنگرەی ٤ ڕوویدا و دواتر تێکەڵی حیزبی تودە بوو؟ ئەم باسە لە شوێنی خۆیدا گرینگە کە بۆ وێنە چ هەڵەگەلێک لەهەر دوولا بوونە هۆی ئەم دابڕانە. لێرەدا ئەوەی گرینگە باسی دوو چەمکی ئیدئۆلۆژی و ڕێبەرییە.
کورد لە دوای کۆماری کوردستان تووشی نەهامەتی ببوو و بەقەولی کوردان شەبکە هێندە توند بوو کە هەلی کاری سیاسی بۆ کورد نزیک بە سیفر بوو. لە باقی ئێراندا سەرەڕای کوشتوبڕ لە ئازەربایجان و گرتنی زۆر لە چالاکانی سیاسی لە تاران دیسان هەلی کار بۆ کەسانی وەک ”مصدق” و ئێلیت و نووسەران و شاعیرانی فارس هەبوو. لەم فەزایەدا ئەوانەی کە چووبوونە شۆڕەوی ئیمکانی پەیوەندیی مێدیاییان بە ڕێگای بۆ وێنە ”رادیو پیک ایران” لەگەڵ خەڵک هەبوو و چاپەمەنی فارسی دەگەیشتەوە ناو ئێران. خەتی فکریی مائۆیستیش لە کۆنفێدراسیون دانشجویان و یا هێندێک سازمانی چەپی ئێرانیدا بە نهێنی کاریان دەکرد. لەم فەزایەدا ئەوەی ئێلیت و دانشجوی کورد بوون زیاتر لەژێر کاریگەریی ئەم دوو ڕەوتە دا بوون: تودەیی و مائۆیسم. لەوەها دۆخێکدا بەشێک لە چالاکانی کوردیش لە گەرمێن دەژیان وەک زەبیحی، هێمن، هەژار، ئەحمەد تۆفیق و هتد. ئەوانەی لە گەرمێن دەژیان تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بناخەی بیری نەتەوەیی خۆیان ڕاگرت و پەرەیان پێ دەدا. دوکتور قاسملوو بە هۆی ئەوەی لە چیکۆسلۆڤاکی بوو و ”بەهاری پراگ” و کارەساتی سیستیمی تۆتالیتەری وڵاتانی کۆمۆنیستی دیبوو و هاتووچۆی عێراقیشی کردبوو و کەسانی وەک مووسا ئەنتەر و گۆنای دەناسی و شارەزاییەکی پتەوی لەسەر مێژووی کورد و کوردستان و شۆڕشەکانی هەر چوارپارچە هەبوو، وە هاوکات چەندین زمانی دنیای دەزانی و زۆر ڕێبەری ئەورووپی دەناسی، هەمووی ئەوانە لە ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی زاینی لە کوردێک ”تاقانە”یەک بەناوی قاسملوو دروست دەکا کە ساڵی ١٩٦٣ تێزی دوکتورای ”کوردستان و کورد” بنووسێ. لەلای دوکتور قاسملوو وردە وردە بیری سۆسیاڵدێمۆکراسی و ڕێگاچارەیەک بۆ پرسی کورد گەڵاڵە ببوو کە دواتر لە ”کورتە باس”دا باسی ”سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” دەکا. لەسەردەمی ”انقلاب ایران” دا زۆر لەمێژبوو کە مەودا کەوتبووە نێوان دوکتور قاسملوو لەگەڵ بیری تودەیی و ”ئۆردووگای سۆسیالیستی موجود”. دوکتور قاسملوو زیاتر لەبیری ئەوەدابوو کە حیزبی دێمۆکرات دووبارە نوێ بکاتەوە و لەناو حیزب و لە کۆنگرەی چواردا حیزب لە ژێر نفوزی هەڵگرانی خەتی حیزبی تودە نەجات بدا کە هەڵبەت ئینشعاب هەر ڕووی دا. ناڵێم دوکتور قاسملوو و خەتی سەربە دوکتور بێ عەیب بوون بەڵام دابڕانی کۆنگرەی چوار بەڕای من بە دوو هۆی بنەڕەتی ڕوویدا: یەکەم نفوزی حیزبی تودە لە ڕێگای هێندێک کادری حیزب و دووهەم کێبەرکێی ئەوان لەگەڵ دوکتور قاسملوو کە خۆیان شیاوتر دەدی بەڵام لەڕاستیدا توانایی و هەڵسوڕاویی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندییان نەبوو.
لەم بگرە و بێنەیەدا کۆی ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی لەگەڵ کەسانێک ڕووبەڕوو ببوو کە وردە وردە و سیستیماتیک دڕندەترین و گەندەڵترین حکومەتی مێژوویان ساز دەکرد. کۆماری ئیسلامی ئێران. گەرچی ناوی ئەم دەسەڵاتە تازەیە کۆماری بوو بەڵام بەهیج جۆرێک هەڵگری تایبەتمەندیی کۆماری نەبوو و تاقە کەسێک بەناوی ”خمینی” و سیستمێک واتە ”ولایت فقیە” حوکمی خۆی بەسەر ئێراندا داسەپاند. لە کاتێکا زۆر کەس فریوی خۆمێنی و ویلایەتەکەی خوارد تەنیا چەند کەسێک کە لە پەنجەکانی دەستێک کەمتر بوون خەتەری ئەم ڕژیمە تازەیان دەناسی و نەچوونە ژێرباری، گەرچی بەهەموو جۆرێک هەوڵی دیتنەوەی ڕێگاچارە و پێشگرتن لە شەڕیان دا. یەک لەوان دوکتور قاسملوو بوو.
لەم دەورانەدا من کچێکی زۆر گەنجی بێ ئەزموونی ١٦- ١٧ ساڵە بووم و وەدوای کۆنگرەی ٤ کەوتم (کە ئەمە باسێکە بۆ وای لێهات) و دواتر لە شاخ تێکەڵی حیزبی تودە بووین. حیزبێک کە نە لێی پرسین و نە بۆیان گرینگ بوو لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چمان بەسەر دێ. زۆربەی ڕێبەریی شاخەی کوردستانی ئێمەیان لەو شاخ و داخە بەجێ هێشت و بۆخۆیان چوونە ئەورووپا و نەگەرانەوە. خودا چاکە بۆ حیزبی شیوعی و پارتی بکا کە ڕایانگرتبووین. دەنا ڕەنگە ناچار بباین بگەڕێینەوە ئێران و هەر کام ئێستا چارەنووسێکی دیکەمان هەبا یا وەک زۆر کەسی دیکە ئێعدام کراباین.
دیسان لەم بگرە و بێنەیەدا ئەوە حیزبی دێمۆکرات بوو کە بەفریامان کەوت. هەر ئەو حیزبەی لە نامەی مردم دا پێی دەکوترا کە قاسملوو پارەی لە ناتۆ وەرگرتووە. هەر ئەو قاسملوویەی کە داوای ویزای ئەمریکای کردبوو بەڵام ئەمریکا نە تەنیا پارە کە ویزایەکی سادەشی پێ نەدابوو.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەسەر بنەمای ژ.ک و ڕێبازی کۆمار و باوەڕ بە ”پرس”ی کورد (جا گرینگ نییە خودمختاری دەویست یا سەربەخۆیی، گرینگ باوەڕی بە پرسێک بەناوی پرسی کورد هەبوو) درێژەی بەکاردا. ئەوەی لە ناو حیزبی تودە یا زۆر حیزبی سەراسەری و کوردی دیکەدا لە بناخەوە پرس نەبوو. لە ماوەی ٨٠ ساڵ ژیانی حیزبی دێمۆکرات سەرەڕای هەموو شکستەکان، کێشەکانی ناوخۆیی و ڕکابەریی دەروونحیزبی، بەڵام باوەڕی بە چەند بنەمایەک بووە: کورد یەک نەتەویە، کورد دەبێ بە مافی سیاسیی خۆی بگا، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتی، هاوکاریی هێزەکانیتری کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و دیتنەوەی دۆست لە دەرەوەی کوردستان چ لە ئێران بێ و چ لە ڕۆژئاوا.
حیزبی دێمۆکرات سەرەڕای هەموو گرفتەکانی ناوخۆی و دابڕانەکان هەمیشە ڕووبە دەرەوە هەوڵی داوە بە زمانێکی نەرم بدوێ، گەرچی تووشی شەڕی براکوژیش بووە. وە ڕاست لێرەدایە کە دەبێ بپرسین بۆ ئەم شەڕانە ڕوویان دا؟ وە ئایا خەتەری ڕوودانی دووبارەیان لەداهاتوودا هەیە؟ تەواوی ئەم نووسینە بۆ ئەوەیە ئەزموونێک ڕابگوێزرێ کە ئەم مێژوویە دووپات نەبێتەوە. چۆلەکەیەک بە دندوکی دەخوازێ ئاوی ئەزموون بەسەر ئاگردا بکا. بەڵکوو کەسێک گوێی لێ بێ.
کۆی قسەکانی سەرۆکی ”پژاک”دەکرێ لە چەند خاڵێکدا کۆ بکرێتەوە:
١. دابەشکردنی حیزبەکان بە کلاسیک و مۆدێڕن
٢. حیزبی کلاسیک تەنیا بۆتە هۆی قەبووڵکردنی سنوورەکانی داسەپێندراو
٣. حیزبی کلاسیک پارچەگەرا و ناوچەگەران
٤. حیزبی کلاسیکی حدکا کە دوکتور قاسملوو سازی کرد سونەتی حیزبی تودەی هەڵگرتووە
٥. ناسیۆنالیتەی ئێرانی بەسەر حیزبی کلاسیکدا زاڵە
٦. حیزبی کلاسیک کورد بە کەم دەبینێ
٧. حیزبی کلاسیک هەمجنسبازی پەرە پێداوە
٨. حیزبی کلاسیک شۆڕش ناکەن، تەنیا چەند کەسی باشیان تێدایە، ئەگینا باقی خەریکی مەشرووب خواردنەوەن.
جیا لەم خاڵانە لە تەواوی فایلەکەدا تۆنی دەنگی سەرۆکی پژاک ئاغاوتانە و ئۆتۆریتەگەرایانەیە و پڕە لە بێڕێزی بە پێشمەرگە، ژنان و گرووپەکانی پەڕاوێزخراو.
ئێستا هەوڵ دەدەم هەر کام لەم خاڵانە شی بکەمەوە.
١. حیزبی کلاسیک و حیزبی مۆدێڕن
لە هەوەڵ گوێگرتندا بۆ کەسێکی بێ ئەزموون و گەنج (وەک ئەو کاتەی کە من گەنج بووم و فریوی جیهانی بێ چینی شۆڕەویمان دەخوارد کە ڕێبەرانی حیزبی تودە باسیان دەکرد) کە لە ژوورێکدا دانیشتووە و گوێ دەگرێتە سەرۆکی خۆی ڕەنگە ئەم وشانە زۆر تازە و پڕمانا بن و ئەم گەنجە ڕاستەوڕاست حیزبی کوردی بە دوو بەرەی کلاسیک و مۆدێڕن دابەش بکا و کلاسیک بخاتە خانەی وەپاشکەوتوویی و حیزبەکەی خۆی هەر چونکە تازە چەند ساڵێکە دروست کراوە بخاتە خانەی مۆدێڕن بوون.
ئەوەی گرفتە ئەوەیە کە بەداخەوە زۆر وشە لە زۆر کۆنتێکست/کۆدەقدا بە هەڵە کەڵکیان لێوەردەگرترێ. کلاسیک بە مانای کۆن و وەپاشکەوتوویی نییە و بگرە زۆر جار بەمانای شاز و جوان و ڕەسەن و کوالیتەی بەرز دێ. بۆ وێنە دەکوترێ موسیقای مۆزارت و بێتۆوێن کلاسیکە. یا سێروانتس و شێکسپێر کلاسیکن، یا نالی و مەحوی و مەستوورە و هێمن و هەژار کلاسیکن. یا وشەی ”
”مۆدێڕن”یش بە هەمان جۆر بە هەڵە تەفسیر دەکرێ و خەڵک پێیوایە هەر شتێکی مۆدێڕن دەتوانێ چاک بێ. لە کاتێکا شتێک دەتوانێ تازە بێ بەڵام بەهیچ جۆر هەڵگری چاکە و باشە نەبێ و بەپێچەوانە هەڵگری توخمی کۆنەپەرەستی بێ. ”انقلاب ایران” یەک لەو شۆڕشانە بوو کە لە سەردەمی نوێ دا ڕووی دا بەڵام هەڵگری ئەوپەڕی دواکەوتوویی فکری و ئەخلاقی بوو.
حیزبی دێمۆکڕات بەرهەمی دنیای مۆدێڕن و هزری مۆدێڕن بوو نەک بیرۆکەی کۆن. بەرنامە و ئەساسنامەی حیزبی دێمۆکڕات لە کۆمار و دوای کۆمار چەندین خاڵی پێشکەوتووخوازانەی مۆدێڕنی لەخۆ گرتووە. لەوان: پرسی مافی ڕەوای کورد، ئازادی بیروباوەڕ، دێمۆکڕاسی، پرسی ژنان. ڕەنگە هەر کام لەم خاڵانە تا ئێستا پر بە پێستی خۆیان و ئارەزووی ئێمە جێ بە جێ نەبووبێن بەڵام ئەو حیزبە بناخەی خۆی لە سەر تێڕوانین و هزرێکی پێشکەوتووخواز بنیات ناوە. خۆ ئەگەر سەرۆکی پژاک بە تەبەعییەت لە هزری سەرۆکی پککش بووبێ دەبا ئەوە ببینێ کە بۆ نموونە حیزبی دێمۆکرات زۆر پێش ئاپۆ باوەڕی بە ئاشتیی نێوان نەتەوەکان بووە و لەگەڵ گەلانی دیکە لە پەیوەندیدا بووە بەڵام نە لەژێر ناوی ”برایەتی گەڵان” و چوونە ژێر باری بڕیارەکانی دەوڵەتی تورک، بەڵکو بە ڕوانگەی بەرامبەریی مافی گەلان. کە جوانترین نموونەی ئەوە پەیوەندیی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بوو. یا هەر ئێستا و لە ساڵانی ڕابردوودا حیزبە بەناو کلاسیکەکان گیانی دەیان ئینسانی غەیری کوردیان لەژێر دەستی ڕژێمی ئێرانی ڕزگار کردووە. ئەوەندەی ئەمن حیزبە کلاسیکەکان بناسم زۆر جار باوەشیان بۆ چەمکە مۆدێڕنەکانی وەک دیالۆگ و هۆمانیزم ئاواڵە بووە. بەڵام ئەوەندەی من وەبیرم بێ بەداخەوە لە پکک و پژاک دا نە دیالۆگم دیوە و نە باوەڕ بە دێمۆکڕاسی. لای ئەوان تەنیا یەک کەس قسە دەکا. ئەو کەسە خودا، کوڕی خودا و ڕوحی خودایە. کەسیتر بۆی نییە ئەم سێکوچکەیە بێنێتە ژێر پرسیار. خودا، کوڕی خودا و ڕوحی خودا قسەی هەوڵ دەکا و بڕیاری ئاخر دەدا. ئەو شتە سەداسەد بە پێچەوانەی حیزبێکی مۆدێڕنە کە دەبێ بە دیالۆگ و دێمۆکڕاسی دەروون حیزبی ئیدارە بکرێ. کەچی لە حیزبی کلاسیک دا نەتەنیا دێمۆکڕاسی هەیە کە تەنانەت ئینشعاب دەبینین. ناڵێم ئینشعابەکان شتێکی باش بۆ کورد بوون بەڵام نیشانەیەکی فرەڕەنگییە کە ئەوە لەناو پژاک و پکک دا هەر ئیمکانی نییە و هەر جیاوازییەکی هزری بە لەناو چوونی تاک تەواو دەبێ. نە پژاک مۆدێرنە و نە بە گوتەی سەرۆکی پژاک ”حیزبە کلاسیکەکان” وەپاشکەوتوو. دەگوترێ ئینسانەکان ئەوەی نییانە بە خۆیانی نیسبەت دەدەن. پژاک ئەگەر باوەڕی بە سەروەریی تاک، دیالۆگ و دێمۆکڕاسی هەبا هەوەڵ لە پێکهاتەی خۆیدا دەستەبەری دەکرد. مادام نییەتی و باوەڕی پێ نییە، دەبێ لافی سەربەخۆ بوون، دێمۆکراسی و هۆمانیسم لێ بدا.
٢. حیزبی کلاسیک سنوورەکانی داگیرکەرانی قەبوول کردووە
سەرۆکی پژاک لە بەردەوامیی قسەکانی خۆیدا باسی ئەوە دەکا کە پێشتر کورد سنوورەکانی قەبووڵ نەبووە و ئەوە حیزبی کلاسیکی بوون ( کە زۆرتر مەبەستی حدکایە) ئەو سنوورانەی قەبووڵ کردووە.
لێرەدا هەر لە لە سەرەتاوە سەرۆکی پژاک زانیاریی هەڵە دەداتە گریلاکان. حیزبی دێمۆکرات هەر لە کاتی دروست بوونیەوە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ پارچەکانی تری نیشتمان بووە و کوردی باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ حیزب پەیوەندییان بووە و لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئامادە بوون. هێزی پێشمەرگەی باشور بە سەرۆکایەتی نەمر بارزانی پشتیوانێکی هەر گەورەی کۆمار بوون. دوای ڕووخانی کۆمار و کودەتای ٢٨ی گەلاوێژیش زۆربەی کادرەکانی حیزب چوونەتە گەرمێن.
لە دوای ”انقلاب ایران” تەنانەت حیزبی دێمۆکڕات هێزی پێشمەرگەی بەناوی ”ئاگری” هەبوو. هەموومان دەزانین ئاگری چیایەکی گرینگی کوردستانە و لەلای شاری بایەزید لە باکوور هەڵکەوتووە و چیها ئەفسانە و چیرۆکی لەسەر گوتراوە. پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ”حیزبی کلاسیک؟” سنوورەکانی قەبوول بایە ناوی هێزی پێشمەرگەی خۆی دەنا ئاگری؟ هەر لە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی تاران چیها پێشمەرگە و فەرماندە لە بەشەکانیتری نیشتمان ڕا هاتنە ڕۆژهەڵات و تەنانەت شەهید بوون. لە تەواوی ئەو ساڵانەدا زۆر جار ئەو حیزبانەی کە سەرۆکی پژاک پێیان دەڵێ حیزبی کلاسیک بە دەیان جار گیانی گریلاکانیان نەجات داوە و دەرمانیان کردووە، کە من خۆم چەند جار لە ساڵانی ٨٣ تا ٨٨ لە شاخ شاهیدیان بووم. هیچ دوور نەڕۆین لە کاتی شەڕی داعش، باشوور ئەوەی لەدەستی هات بۆ ڕۆژاوای کرد. ڕۆژهەڵات بە هەموو جۆرێک لە پشتی باشوور بووە. کورد و حیزبی کلاسیک سەرەڕای گرفت و شەڕی ناخۆیی بە کردەوە قەت سنووری دەستکردەکانی قەبووڵ نەکردووە. ئایا ئەم ڕادە بەرزە لە هەست و بیری کوردایەتی سنووری دەستکردی داگیرکەران قەبووڵ دەکا؟
٣. حیزبی کلاسیک و ناوچەگەرایی
سەرۆکی پژاک باسی ئەوە دەکا کە حیزبی کلاسیک ناوچەگەران و کورد پارچە پارچە دەکەن. سەرۆکی پژاک دەڵێ کە ئەوان بۆ کوردی شیعە داخۆیانیان داوە و باسی حوسێنیان وەک ڕەمزی بەرخۆدان کردووە. لێرەدا زۆر باش دەبوو وەبیر سەرۆکی پژاک بخرێتەوە کە ئەو حیزبە کلاسیکانە بە دەیان شەهیدیان لە ناوچە و شارەکانی کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی کەلهوڕزوان داوە. جگە لەوەی کە پێشمەرگەیان بۆ وێنەی خەڵکی ناوچەی موکریان لە کرماشان و ئیلام شەهید بووە. هەر ئەو حیزبە کلاسیکەی ئەو باسی دەکا هێزێکی گەورەی پێشمەرگەی بەناوی هێزی بێستوون بووە. حیزبی کلاسیک گرفتیان زۆرە و ڕەخنەیان لەسەرە بەڵام بۆ خوێن و ڕەنجدان لە پێناو هەر بستێکی چوارپارچەی نیشتمان قەت کۆتا نەهاتوون. باشتر نەبوو بە جێی ناوی حوسێن باسی پێشمەرگە و فەرماندەیەکی کرماشان و ئیلام، وەک شەهید حەسەن، شەهید بەهمەن، شەهید خەلیل، شەهید حەکیم و دەیان شەهیدی دیکە بکرێ یا ناوی گریلایەکی شەهید لە داخۆیاندا بنووسرێ؟
٤. قاسملوو حدکای دروست کرد.
سەرۆکی پژاک باسی ئەوە دەکا کە دوای ڕووخانی کۆمار حیزب نەمابوو و دوکتور قاسملوو حدکای ساز کرد. هەمیسان باسی ئەوە دەکا کە هەر شتێک لە حیزبدا ڕوو بدا خەتای قاسملوویە.
هەڵبەتە ڕوونە کە دوکتور قاسملوو لە نوێکردنەوە و داڕشتنەوەی حیزبدا ڕۆڵێکی یەکجار بەرچاوی بووە و بیرمەندێکە کە تائێستا نموونەی کەمە بەڵام ئەو حیزبە کلاسیکە هەمیشە باوەڕی بە هێزی پێشمەرگە و کادر و خەڵکی ناو شەقام بووە. سەرۆکی پژاک چونکە هەموو شت تەنیا لە یەک کەسدا دەبینێ هەموو تاکەکانی دیکە دەسڕێتەوە. لەکاتێکا تەنانەت ئەو کاتەی دوکتوور قاسملوو لەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیدا بوو هەر چاوی لە کۆنگرە بوو کە داواکانی قەبووڵ بکرێ. ڕەنگە هێندێک جار ناچار بووبێ بڕیارێک بدا کە ئەوەش لەکاردا زۆر سروشتییە بەڵام هەمیشە فەزایەک لەناو حیزبدا بووە و خەڵک توانیوێتی قسەی خۆی بکا و تەنانەت نەمر قاسملوو بێنێتە ژێر پرسیار. هەر ئێستا کە خەڵک دەستی بە دنیای مەجازی ڕادەگا دەبینین تەنانەت ئەندامان و خەڵکی دەرەوەی حیزب زۆر جار ڕەخنە دەگرن و تەنانەت جاریوایە کاریکاتۆر و هەجو ساز دەکرێ. ئەو جۆرە لە دێمۆکڕاسی بۆ حیزبی تۆتالیتەر هەر ئێمکانی نییە. هەڵبەت دیسان ئەوە دەڵێمەوە کە لەو حیزبانەدا کەمکاری و هەڵەی جیدی کراون بەڵام سڕینەوەی مێژوو و کێوێک لە فیداکاری جگە لە پروپاگاندایەکی ناکوردانە و زەرەر بۆ کورد چ خێرێکی هەیە؟
دیسان دەبێ ئەم پرسیارە بکەین کە بە گوتەی سەرۆکی پژاک قاسملوو بەرپرسی هەموو هەڵەکانە، ئایا ئەمە وایە؟ ڕاستە ڕێبەری لە زۆر کار و شتدا بەرپرسە و پێویست بێ دەبێ لەسەر کار لابدرێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە تاکەکان بەرپرسی کاری خۆیان نەبن. لە هەموو حیزبێکی مۆدێرن لە دنیادا بۆ وێنە هەر لەم سویدە تاک بەرپرسی کاری خۆیەتی. دیارە ئەوانە لە پەیوەندیی ئۆرگانیکدان. ڕێبەری و تاک دەبێ یەکتر تەکمیل بکەن نەک تاک ببێتە بەردەی ڕێبەری. دیسان دەگەرێمەوە سەر ئەوە کە تۆ لەناو خۆتدا دێمۆکراسیت نەبوو و تاکت وەک بەردە دیت، تایبەتمەندیی خۆت بەویتر تەعمیم دەدەی.
سەرۆکی پژاک لە بەشێک لە قسەکانی دا دەڵێ کە حیزبی کلاسیکی دوکتور قاسملوو سوونەتی حیزبی تودەی هەڵگرتووە. جا لێرەدا دیار دەبێ کە تێکەڵکردنی فاکت لەلایەن شاگری تەمبەڵ یا بە ئانقەست کراوە، یا لە نەخوێندنەوەی فاکتی دروست. دوکتور قاسملوو لەو ڕۆژەوە کە لە حیزبی تودە دێتە دەر تا ڕۆژی شەهید بوونی تەنیا یەک پرسی بۆ گرینگ بوو، پرسی کورد و دێمۆکراسی. چونکە ئەم دوانەی لە پەیوەندیی دیالێکتیکی دا دەدیت. ڕاستە لەناو حیزبی دێمۆکراتدا هەمیشە خەتێکی تودەیی تا ساڵانی ١٩٨٣ هەبووە بەڵام دوای خستنە زیندان و لەناوبردنی زۆر یەک لە تودەییەکان، شاخەی کوردستانیی حیزبی تودە بە تەواوی لە هەموو شوێنێک، لە باکوو و لە شاخ لە حیزبی تودە دابڕان و دوای ئەوە جگە لە دوو سێ کەس نەبێ، کەس لە ناو حیزبی تودەدا نەما. هەروەها دوای ئینشعابی ک.٤ و شکستی سیاسەتی حیزبی تودە خەتی تودەیی لەناو حیزبی دێمۆکرات دا هەر نەما. ئەوانەی دەرەوە و تاکی سەربەخۆش کە پێشتر تودەیی بوون زۆربەیان ئێستا لە خەتی بیری نەتەوەییدا چالاکن. هەڵبەتە چەند کەسێک کە ئەزقەزا لە ڕێبەری شاخەی کوردستان دا بوون و دڵی زۆر کەسیان شکاند و خزمەتی چاکیان بە حیزبی تودە کرد ئێستا بوونەتە پژاکی و خەریکی بێرێزی بە زەمین و زەمانن.

وێنە: د. قاسملوو
دابەشکردنی ئینسانەکان بە چاک و خەراپ
لە بەیانییەوە بیر لەوە دەکەمەوە چۆن بەشێکیتری قسەکانی سەرۆکی پژاک شی بکەمەوە. ئاخر چۆن دەکرێ بە سەدان پێشمەرگە بە ناڕەوا بڵێی مەشروبخۆر لە کاتێکا ڕەفیقەکانی خۆت و هونەرمەندی دەروبەرتان لە سوید کەباب و مەشرووب دەخۆن و دەست دەکەن بە جنێودان بە ڕێبەرانی شەهید و خەڵک و میوان ناچار دەبێ لە ماڵەکەتان بێتە دەر. ئینسان چۆن باوەڕ بە ئێوە بکا کە لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەتاندا، لەسەر میز فشە بە ژنان دەکەن و جۆکی سێکسیستی دەڵێن؟ چۆن باوەڕ بەوە بێنین کە ئێوە لایەنگری مافی مرۆڤن بەڵام بڵێن ”حیزبی کلاسیک هەمجنسبازی پەرە پێدەدا”. چۆن باوەڕ بێنین کە دروشمی ”ژن ژیان ئازادی” بۆتان باوەڕە کاتێک کچ و ژن و مریشک دەهێننە ڕیزێک. گەرچی من خۆشەویستیم بۆ هەر ئاژەڵێک، سەگ، مریشک، ورچ، ئاسک و هتد هەیە. چۆن باوەڕ بکەم کە لە دەورەی پەروەردەتان گریلا خاوەن هزر و بە ڕووحی دیالۆگ بار دێنن کاتێک لەو فایلە دەنگییەدا ئەو هەموو فۆڵانە کراوە؟
بەڵام هەر وەک لە بەشی یەکەمی نووسینەکەمدا گوتم ئامانجی من تەنیا یەک شتە کە گەنجەکان فریوی بەهەشتی درۆیین نەخۆن. ئەو بەهەشتەی ڕێبەرانی ئیدیۆلۆژیک بۆمانی ساز دەکەن. جا فەرق ناکا چ ئیدئۆلۆژی ڕاستی تڕامپی بێ یا چەپی کرێملینی و چینی و ئاپۆیی. سەردەمانێک ئێمەی گەنجیان بەوە فریو دەدا کە لە شۆڕەوی و وڵاتانی سۆسیالیستی دا هەژاری و زوڵم و نایەکسانی نییە و کچێکی وەک منی شەیدای داهاتوویەکی ئینسانی فریوی دەخوارد و باوەڕم بە قارەمانی زیندانەکان دەکرد. بێ ئەوە لەخۆم بپرسم ئەو قارەمانە خۆ شۆڕەوی و زوڵمی ”ک.گ.ب.” و کوشتار میلیۆن ئینسان و ناردنی میلیۆنانیتر بۆ سیبیری نەدیوە. داخی هەرە گرانم ئێستاش ئەوەیە کە بۆ ئەوانەی چوونە شۆڕەوی و دوایە بوونە کۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودە و حدکا، درۆیەکی وا خەیاڵی جوانیان تەحویلی ئێمەی گەنج دەدا؟ نەدەکرا هەر تۆزقاڵێک لەگەڵمان ڕاستگۆ بن؟
بەڵام لەم نێوەدا کەسی وەک دوکتور قاسملوو سەرەڕای هەموو ڕەخنەیەکی کە لەسەری بێ ڕاستگۆیانە باسی ئەزموونی خۆی لەم بەهەشتە درۆیینەدا کرد. وە هەزار داخ کە ئەندامانی ڕێبەریی لایەنگری حیزبی تودە لەناو حدکا ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا. ئەوەش هیچ لە بەرپرسایەتی کەسانی وەک منی ١٦ و ١٧ ساڵە کەم ناکا کە دەبا تۆزێک بیرمان کردباوە و هێندە خۆشباوەڕ نەباین. ئێستا کە دەڕوانمە ڕابردوو، هەمیسان لەخۆم دەپرسم بۆ منی گەنج فریوی ئەم بەهەشتە درۆکارانەم خوارد؟ بۆ دەبێ دوای ٤٣ ساڵ ئێستا پژاک بێ و ئیدیۆلۆژییەکی خەیاڵی تەحویلی گەنجی کورد بدا؟ بەڕاستی هەموو ژانی من لەخۆمە. ئێستاش دوای ٤٣ ساڵ هەمیسان ببینم خوێنی گەنجی کورد بۆ ئیدیۆلۆژییەک بڕژێ کە تەنیا سیاسەتی داگیرکەرانی پێ دەچەرخێ. ئا من ئێستاش خەمی خۆمە. هەرکەس چاوپۆشی لە ئەزموونی خۆی بکا خائین بە خۆیەتی. لەخۆ بێگانەبوونی تاک پرۆسەیەکی دەروونییە. سیاسەتی ”ناکۆجائاباد”ی پژاک بەداخەوە گەنجەکان لەخۆیان بێگانە دەکا.
با بگەڕێمەوە سەر ڕوانگەی سەرۆکی پژاک بۆ مافی مرۆڤ. ئەو کاتێک هەموو پێشمەرگە یەکجێ ڕادەدا و دەڵێ ئەوانە مەشرووب خۆرن و هەمجنسبازییان پەرە پێداوە و ژن و مریشکیان دەبرد و ژنەکانیان دەکردە ژنی خۆیان تووشی خەتایەکی سەیر دەبێ: هەوەڵەن ئینسانەکان بە دوودەستەی خەراپ و چاک دابەش دەکا و خۆی لە بەرەی چاکەکان و پەیامبەران دادەنێ. دوایە مافی هەڵبژاردنی شێوەی ژیان لە خەڵک زەوت دەکا. ئینجا وەک هەموو نیمچە خوێندەوارێک چەمکەکان تێکەڵ دەکا. کاکی خۆم، سەرۆکی ئێستای پژاک، ئەوەی تۆ مەبەستتە ناوی ”هەمجنسگەرایی”یە کە لە هەموو مێژووی بەشەریدا بووە و لەو وڵاتەی ڕەفیقەکانی تۆ و منی لێین وەک مافی ئینسانی ناسراوە، نەک هەمجنسبازی. ئینجا هەمووی ئێمە دژی دەستدرێژی بە منداڵ، ژن، پیاو و پیرین. بەداخەوە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ئەو دیاردە نگریسانە هەن کە کەڵکی نابەجی لە ئینسانەکان وەربگرترێ. بەڵام من و جەنابت بێین و هەرچی پێشمەرگەیە و گریلایە بەدناو بکەین نەک کارێکی دروستمان نەکردووە کە کارێکی یەکجار ناشایست دەکەین و دەبێ داوای لێبووردن بکرێ. هیوادارم بەو تەمەن و ئەرکەی هەتانە ئەوەندە زانست و پرنسیپت هەبێ کە ڕووحی هەزاران پێشمەرگە و دایکو خوشکت بریندار کردووە داوای لێبووردن بکەی. داوای لێبووردن و لێبووردویی تەنیا بە ئینسانی بە پرنسیپ و خۆش فکر و مێهرەبان دەکرێ. ئەو حیزبە کلاسیکەی من دەیناسم بۆ دەرەوەی خۆی زۆر لێبووردویە. بەتایبەت لەم چرکەساتانەدا. ناکرێ ئێوە وەک حیزبێک لەم دۆخە ناسکەدا کە هەموو هومێدی کورد ئەوەیە هێزەکان لە دەوری یەکتر کۆببنەوە ئاوا بێی دەرگای دۆستایەتی و دیالۆگ دابخەی. فارس دەڵێن: ”بزرگی خرج دارە.” کەوایە تۆ کە دەڵێی حیزبی کلاسیک ڕەخنەدان ناکەن و ڕاستی خۆ نابێژن فەرموو ڕەخنەدان لەخۆت بکە.
ئاخر وتە
دیسکۆرس (کە میشێل فۆکۆ بیرمەندی فەرانسەوی داهێنەری ئەم چەمکەیە) واتە سیستێمێک لە دەربڕین، بیر، چەمک، جۆری ئاخاوتن و فامکردنی باسەکان. لە جۆری دەربڕین و هەڵبژاردنی وشە و چەمکی بێژەر یا نووسەر ئێمە دەتوانین بزانین جیهانی بیرکردنەوەی چۆنە.
هاوکات ”چەمک”ێکیترمان لە دریدا هەیە بەناوی deconstuction
دێکانستراکشن واتە هەڵوەشاندنەوە. دریدا مەبەستی لە دێکانستراکشن ”جۆرێک لە ئازادکردنی دەق و هەڵوەشاندنەوەی دەقە. بۆ دریدا هەموو شتیک دەقە. قسەکردنیش دەقە.
هەروەها بیرمەندێکیتری بولگاری_فەرانسەوی، جولیا کریستێڤا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە زمان هەم لایەنی پیاوانە/سیستیم و هەم لایەنی دایکانە/ سیمبۆلیکی هەیە. وشە و پێکهاتە هی باوکە بەڵام ڕیتم و گەرمای زمان هی دایکە.
دەگوترێ ئەو فایلە هی دە ساڵ پێشە. هەوەڵ پرسیار ئەوەیە کە بۆ ئەو فایلە دوای چەندین ساڵ ڕاست ئێستا بڵاو بۆتەوە؟ بەڵام بەهەر حاڵ و بەداخەوە تازە بڵاو بۆتەوە. ئێستا با بزانین تایبەتمەندییەکانی فایلی دەنگیی سەرۆکی پژاک چن.
کەش و فەزا:
ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بەر گوێ دێت، خەڵکێک لە شوێنێک دانیشتوون و دەنگی کچ و کوڕ دەبیسترێ. دەرگایەکی کراوە هەیە چونکە لە دوای چەند خولێک سەرۆکی پژاک دەڵێ ”ئەو دەرگایە داخە”.
فەزای کۆبوونەوەکە فەزایەکی تائیدکردنە نەک دیالۆگ یا وروژاندنی پرسیار. لەم فەزایەدا جار جار پێکەنینێک بۆ ”تائید” یا ڕستەیەکی تائیدی دەبیسترێ.
بێژەر:
بیژەر کادری پێشوو و سەرۆکی ئێستای پژاکە. لە ڕاستیدا بێژەر ”متکلمالوحدە”یە. هیچ کەس پرسیار ناکا و یا گوتەکانی سەرۆکی پژاک ناهێنێتە ژێر پرسیار. هیچ کەس قامک لەسەر فاکتی هەڵە لەسەر حیزبەکانیتر دانانێ. هیچ کەس باسی هەڵەکانی خۆیان ناکا. هیچ کەس هیچ ناڵێ.
کۆبوونەوەکە:
کۆبوونەوەکە دەورە و بابەتی ڕاهێنانی حیزبییە. لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە دەورانی نێوانناخۆشیی حیزبەکاندا گیراوە، باسی مێژوو و سیاسەت دەکرێ و بە قامک لەسەردانانی هێندێک ڕەخنەی دروست کۆی مێژوو و خەباتی کورد ڕەش دەکرێ و دەسڕدرێتەوە. کۆبوونەوەکە بۆ دروست نیشاندانی تەنیا یەک خەت و یەک حیزب و یەک سیاسەتە، ئەویش خەتی پژاکه. لەڕاستیدا گوتەکانی ناو ئەم کۆبوونەوەیە بە کەڵکوەرگرتن لە هێندێک فاکتی دروست، بینایەک لە پرۆپاگاندای نادروست هەڵدەچنێت. پروپاگاندایەک کە دەیهەوی تەنیا ئیدئۆلۆژییەک بەرحەق نیشان بدا کە ئیدئۆلۆژی خۆیەتی.
قسەکانی سەرۆکی پژاک لەو فایلەدا چەند شتێکمان پێدەڵێ: زمان و هەڵبژاردنی وشە و جۆری دەربڕین بەشێوەیەکی سەیر زمانێکی شەپڕێوە نەک زمانێک کە سەرۆکی حیزبێک دەبێ هەیبێ. دروست هەمان زمانی باڤل تاڵەبانی لەو شوێنانەی کە بۆ جەماوەر قسە دەکا. بەم جیاوازییە هێندێک جار مێدیا حزووری هەیە و ئێمە فەورەن دەیبینین.
بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەقی قسەکانی سەرۆکی پژاک و بۆ ئەوە بتوانین تەفسیری بکەین زەحمەتێکی زۆری ناوێ چونکە قسەکان هێندە ڕوون و ئاشکران کە بۆخۆیان خۆیان ڕووت نیشان دەدەن و پێویستییان بە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە نییە تا بزانین لە توێژی ژێرەوەی قسەکاندا چ حەشاردراوە. بەڵام هەمیسان دەتوانین ئەو وشە و زمانە فێئۆداڵی_ کۆنەپەرستانەیه ببینین کە بەکار دێ: دزینی ژن و کچ و مریشک، بەربووک. هاوکات ئاهەنگ و ڕیتمی قسەکان و مەسخەرەکردن لێرەو لەوێ هەست پێ دەکەین. لەڕاستیدا لێرەدا گوێگر هیچ نیشانەیەک لە گەرمای زمانی دایک نابینێ. ئەوەی دەگوترێ زمانێکی زبری نێرسالاری تۆتالیتەرە کە کەس غەیری خۆی بە شۆڕشگێر دانانێ. لێرەدایە کە من خۆم دەتوانم بەو ئاکامە بگەم کە حیزبی تۆتالیتەر ئەساسەن ناتوانێ زمانێکی دایکانە و نەرمی هەبێ.
سەرۆکی پژاک باسی شۆڕشەکانی پێشوو دەکا کە هەموو ناوچەگەرا بوون و شێخ و مەلا کردوویانە. وەک ئەوەی کە دەبا بۆ وێنە خەڵکی کرماشان ئاگاداری شۆڕشی شێخی نەهری ببان. وەک ئەوەی ئینتێرنێت لە مێژە هەیە و بە چەند خولەکێک خەڵک دەبا ئاگاداری لە سێدارەدانی سەید ڕەزا بن و تاد. سەرۆکی پژاک بەناوی ناوچەگەری و شێخ و مەلا تەواوی مێژووی سەرهەڵدان و شۆڕشەکانی کورد دەسڕێتەوە و بە وەپاشکەوتوو ناویان دەبا. لەکاتێکا شۆڕشەکانی کورد لە کاتی خۆیاندا دژی داگیرکەران و باڵادەستیی ئەوان بووە.
سەرۆکی پژاک (لەڕاستیدا من هاوسەرۆکی نابینم و لە ناو پژاکیشدا هەر پیاوان قسەدەکەن و بڕیاردەدەن) باسی ئەوە دەکا کە ئێمە دەبێ ”شۆڕشگێر” بین. (پێی بڵێن من ئاشقی شۆڕشم) بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی لە شۆڕشگێری ئەوەیە کە هەموو وەک ئەندامانی سێکتێک مێشکیان بە تاقە کەسێک بسپێرن و وەک سەربازانی حیزبێکی تۆتالیتەر گوێ بەفەرمان بن. مەبەستی ئەو لە شۆڕشگێر بوون بە هیچ جۆرێک ئەوە نییە کە ئینسانەکان تەنانەت دژی حیزبەکەی خۆی بتوانن دەنگ هەڵبڕین و پرسیار بکەن. شۆڕشگێڕی بۆ ئەوان بە مانای هەمەڕەنگی و پلوڕالیسم و دێمۆکڕاسی و خەبات بۆ کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگ نییە کە لەوێدا ئینسانەکان بتوانن ئازاد گەشە بکەن و کۆمەڵگایەکی باشتر دروست بکرێ. بۆ ئەوان تەنیا شۆڕشگێر هەر خۆیانن نە کەسی دیکە. ئەوانیتر نا-شۆڕشگێرن. بەگشتی کاتێک کەسێک، دامەزراوەیەک، حیزبێک تەنیا خۆی پێ بەرحەقە و زمانێکی وا دژە دێمۆکراسییانەی هەیە ناتوانێ لەبەرەی ”دۆزینەوەی حەقیقەت”دا بێ بەڵکوو دەکەوێتە خانەی پروپاگاندا و تۆتالیتاریسم. وە سرشتی پروپاگاندا دروست کردنی گومان، شک و سڕینەوەی ئەویترە.
لێرەدایە کە کارەکتەری دوکتور قاسملوو دیسان بەرجەستە دەبێتەوە. دیسکۆرسی قاسملوو کە سەدان دەق و کلیپ و فایلی دەنگیمان لێی هەیە، پێمان دەڵێ زمانی دوکتور قاسملوو چ زمانێکی پلوڕال، دێمۆکڕات، ئاشتیخوازانەیە. لەو فایلە دەنگییانەدا دوکتور قاسملوو بەردەوام پێداگری لەسەر مافی سیاسیی کورد دەکا. هەر بۆیە لە ”شۆڕشی ژینا”دا هەزاران گەنج لەسەر شەقام دەیانکوت: قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە!
بەڵام دۆخی ئەم چەند ڕۆژە ئاوێکە و ڕژاوە. ئەوەی دەتوانین لەم دۆخە ناخۆش و پڕلە هەڕەشە و گوڕەشە دژ بەیەکترە هەڵێبێنجین ئەوەیە چۆن بتوانین فەزایەک بۆ دیالۆگ و بۆ گەنجەکان بخوڵقێ کە تێیدا بتوانن ئازادانە بیر بکەنەوە، فرەڕەنگی و پلورالیسم و دێمۆکراسی ناو ماڵی کورد گەشە بکا، چۆن ڕوانگەیەکی جێندێری هەمیشە لەگەڵمان بێ تا لە قسەکردن دا بێڕێزی بە ژنان و گرووپەکانی پەڕاوێزخراو نەکرێ، چۆن نەتەوەیەکی ژێردەست ناهومێد نەکرێ، چۆن ئاشتەوایی ناوماڵی کورد پتەو کرێ؟
دوای بیستنی ئەم فایلە دەنگییە دەیان جار لەخۆم و لە دوستانێکم پرسیوە کە کێ ئەم فایلەی بڵاو کردۆتەوە و بۆ ڕاست ئێستا بڵاو کراوەتەوە؟ سەرەڕای ئەوەکە چ ئامانجێک لە بڵاوکردنی ئەم فایلەدا بووبێ، هیچ لەم حەقیقەتە کەم ناکا کە ئەم قسانە کراون و بیستراون. هیوادارم حیزبەکان بە مشورەوە ڕێگای دیالۆگ دانەخن و هەروەها پژاک بۆ ئارام کردنەوەی دۆخەکە هەنگاوی جیدی بنێتەوە.
ئێستا ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات چەند ئەرکێکمان دەکەوێتە سەر شان. قسەکانی سەرۆکی پژاک لە هەمان کارەساتباریی خۆیدا دەکرێ ببێتە هەلێک بۆ بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەوە و چاکسازی. لەم ٤٥ ساڵەدا چ کەموکوڕییەک کراوە بێتە بەر باس. هەوڵی خۆ نوێکردنەوە بدرێ و هێز و گوڕێکی تازە بخرێتە بەر جوڵانەوەی ڕەوای کورد. با بیری نەتەوەیی بە کەرەسەی وەک ڕێبەرییەکی بەتوانا، ڕوانگەی یەکسانیی جێندێری، هەوڵ بۆ دادی کۆمەڵایەتی، ئازادیی هەرچی زیاتری بیروڕا وەک پرنسیپی یەکەمی کار و تێکۆشان، دەوڵەمەند بکەین. با کوردایەتی ببێتە هێزێکی لەبننەهاتوو کە بتوانێ گەنجەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و نەکەونە داوی ئیدیۆلۆژیی توندڕەو و زمانی زبر. با لەو دۆخە شلەقاوەدا هەلی باشتربوونمان بخوڵقێنین. هەر چۆن نیچە دەڵێ لە دڵی ئاژاوە و شڵەقاویی دیۆنیسیسدا هونەر و ئارامی لەدایک دەبێ. با شێواوی بکەرێتە مەندی. شەڕ وەک شەری ئەم چەند ڕۆژە حەقانییەت نیشان نادا، بەڵکوو کاری بەردەوام و ڕووحێکی نەرم و نیان بۆ دیالۆگ و دێمۆکراسیی نێوخۆییە کە بڕینی ئەم ڕێگا چەتوونە هاسانتر دەکەن. ”ئەویتر”ی خەتی کوردایەتی بەو حاڵە و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فایلەش، دیسان پژاک نییە بەڵکوو بیری داگیرکەرانە کە بەسەدان ڕێگا و شێوە خۆیان بە گەنجەکان دەفرۆشن. ئەو گەنجەی ڕۆژێک فریوی ئیدیۆلۆژییەک دەخوا حەتمەن ئەگەر ڕووحێکی پاکی هەبێ ڕۆژێک لە خۆی دەپرسێ بۆ فریوی ئەوانەمان خوارد. با هەمیشە ئاگادار بین کە شەڕی براکوژی بە فیتی تیۆریسییەنی نەتەوەی باڵادەست نەکەوێتە ناو ماڵی کورد. با دەرگای دیالۆگ ئاواڵە بێ و گەنجی کورد خوێنی بەفیڕۆ نەڕژێ. ئەویتری ئێمە داگیرکەرانن.