ئەگەر بمانەوێت دەرس لە مێژوو وەرگرین، پێویستە لە خەبات و تێکۆشانی پێشینان، بەوەی دیندار و بێدین، ئەگەر زۆریش نەبێت، کەمێک لێی ئاگادار بین. من بۆ بەرکوڵی ئەو بابەتە، سەرێک لە بەسەرهاتی ئیبراهیم پێغەمبەر دەدەم.

بۆیەش چونکە دەگوترێ باوکی پێغەمبەرانە. جیا لەوەش لە ڕێگای پەرەپێدانی ڕاسپاردەکەی، لەگەڵ باوکیشی بەرەوڕوو بووە. کەسێکمان وەگیرناکەوێ ئیماندارێکی لەو بەهێزتر و دڵێکی ئاوا فراوان و کراوەی هەبێت. خاوەنی ڕۆحێکی بەرز و دڵێکی ئەوەندە فراوان بوو، ئەوەندە نەرمونیان و لێواولێو لە عاتیفە و خۆشەویستی و، بەدوور لە ڕق و قین و ئیرەیی بوو. داڕماو بوو لە خەسڵەتی مرۆڤانەی و سروپێداگر لەسەر باوەڕ و گەیشتن بە ئامانج. بارگەوبنە بۆ ڕۆژی سەڵا – واتە ئەو ڕۆژەی کە نە ماڵ و منداڵ، نە پلە و پایە، نە هێز و دەسەڵات، نە جوانی و ناحەزی هیچکامیان دەفریات ناکەون – جگە لە ئاکار و کرداری خۆت. شوعەرا (٨٨): {ئەو ڕۆژە کە ماڵ و منداڵ بەکارنایەن، جگە لەوەی بە دڵێکی پاک و بێگەرد هاتبیتە گۆڕەپانەکە}. وشەیەکی هێندە پاک و بەرز و بەهێزە هیچ فەلسەفەیەک پێی ناگا. هیچ ڕەوشتێکی ئەخلاقی شان لە شانی نادات. بەرزی و پڕناوەڕۆکی بۆ مرۆڤ مەزەندە ناکرێ. ڕێبازێکە دەتخاتە سەر ڕێگەی بەختەوەری بەردەوام. ئەوەش تەنیا کەسێک بۆی دەکرێ کە دووربێ لە خراپە و تێکەڵاو بێ لەگەڵ چاکە.
ئیمانی بەهێزبوونی نەیدەتوانی ببینێ باوکی لە هەڵەدایە و نەڵێت بابە خەتات کردووە. گەورەیی ئیبراهیم لەوە دایە هەرچی هەوڵی بۆ دەدا، هەر هەمووی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە. ئیبراهیم حەزی دەکرد هەموو مرۆڤەکان دڵپاک و ڕۆح بەرز بن، چونکە پێیوابوو، ئیمانی بەهێز لە دڵی گەورە و بەهێز دایە. بەرنامەی ئەوە بوو مرۆڤەکان لە دەوری یەک کۆ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی خزمایەتی و دۆستایەتییان هەبووبێت. دەیەویست خەڵک بیر بکەنەوە، چیتر لە دەوری ئەو دارو بەردە بێگیانە کۆ نەبنەوە، داوای یارمەتی لە شتێک نەکەن کە ناتوانێ یارمەتی خۆی بدا. بە دڵە گەورەکەی نەیدەتوانی بە بەرچاوی ئەودا خەریکی خوڕافات و دار و بەرد پەرستی ببنەوە، کە بۆخۆیان دروستیان دەکەن. ئەو کەسەی نە چاکە و نە خراپەی لەگەڵ خۆی پێناکرێت، چۆن دەتوانێ لەگەڵ تۆ و خەڵکی تریشی بکا؟
ئیبراهیم کەسێکی ئەوەندە بەهێز بوو کە دەیتوانی شتی کەس-نەکراو بکا. نموونەی ئازایەتی و بوێری و فیداکاری بوو، لە ڕێگای باوەڕەکەیدا لە بەرانبەر گەلەکەیدا ڕاوەستا. بتپەرستی بە تەواوی مانای وشە ڕەد دەکردەوە. بە بەڵگە بانگی دەکردن و پێی دەگوتن ئەوەی ئێوە دەیکەن هەڵەیە و خوا نەهی لێ کردووە. داوای لێدەکردن ئەو عەدەـتە هەڵەتە تەرک بکەن، بەڵام وانوقمی قاوڵاوێک ببوون، ڕەدکردنەوەیان بۆ نەدەکرا، چونکە باوەڕ ئەگەر لە مێشکی مرۆڤدا جێی گرت، زۆر بە زەحمەت دەتوانی تەرکی بکا. میراتی باوانیان بوو هەروا بە ئاسانی بۆیان وەلانەدەخرا. پێشینانمان گوتوویانە: خوویەک بگری بە شیری، تەرک ناکرێ بە پیری.
بێگومان مەعموورییەتی قورس توانا و سەبر و لەخۆبردوویی زۆری دەوێ. یەکەمین مەترسی لە ڕێی دینەکەیدا تووشی بوو، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ باوکی بوو. کاتێک بە باوکی گوت: ئەو ڕێگایەی تۆ گرتووتە هەڵەیە و بەرەو هەڵدێرە. باوکی پێی گوت: {لئن لم تنتە لأرجمنک واهجرنی ملیا}. ئەگەر وازم لێ نەهێنی بەردبارانت دەکەم و شار بەدەرت دەکەم.
مەبەستی من لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی پێغەمبەران ئەوەیە، کە خەڵک لە ڕابردوو تێبگا، هەڵە و خەتایان بناسێ، چاک و خراپەکان لێکجیا بکا، شتەکان هەڵسەنگێنێت و لێکیان داتەوە. بە چاوی بەستراو و گوێی ئاخنراو شتەکان وەرنەگرێ و بەبێ لێزانی بەناو خەڵکدا بڵاویان نەکاتەوە.
گەلی کورد زوڵم لێ کراوە، ماف و ئازادی غەسب کراوە، دەرەتانی فێربوونی زانستی نوێی بۆ نەڕەخساوە. تەنانەت مافی ئەوەی نییە لەگەڵ هاوزمانەکانی بە زمانی دایکی بدوێن. منداڵی کورد لە یەکەمین ڕۆژی مەدرەسەی بە زمانێک دەخوێنێت و قسەی لەگەڵ دەکرێ کە نە خۆیانییەتی و نە فێریش کراوە. ئەگەر ئێمە بۆ ماف و زێدی داگیرکراو خەبات دەکەین کە کردوومانە، دەبێت لە پێشدا دوژمنەکەمان باش بناسین. دەبێت بە پێوەری مێژوویی نەک هەڵچوون و ئیحساسات بەرەنگاریان ببینەوە. لە پێشدا ئەوە قبوڵ بکەین کە دوژمنانی ئێمە هەموو شتێکیان لە ئێمە زۆرترە، وڕە و ئیمان نەبێ. ئەوەش گەورەترین نێعمەتە خوای مەزن بە ئێمەی بەخشیوە. هەر ئەوەشە پێشمەرگەی گەل وەک کێوێک لە ئیرادە و وڕە لە بەرانبەر دوژمن ڕاوەستاوە و زەبری لە مەزەندەنەهاتوو لە دوژمن داوە.
من ٨٦ ساڵم تەمەنە، لە دەساڵیمەوە کەم و زۆر ئاگام لە ڕووداو و خەباتەکەی گەلەکەمان بووە. بەردەوام پروپاگەندەی دوژمن ئەوە بووە هێزی پێشمەرگەمان لەناوبردووە، جووقەواریان لێ بڕاوە و زۆر شتی تر، کەچی ئێستا دەبینی لە هەموو سەردەمی بوونی خۆی بەهێزتر هەیە، ڕێکخراوە و سازمان دراوە. بەداخەوە حیزبەکەی ئێمە دژبەرانی زۆرترن لە دوژمن. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بە نرخەکانی حیزبی دێمۆکرات ئەوەیە کە لە هەموو حیزبەکانی تری جیا کردۆتەوە، ئەوەیە کە بۆخۆی تا سنووری لێکدان، لەگەڵیان دەگیربووە، بەڵام هەرگیز نەبووەتە کڵاوسووری پێش لەشکری دوژمن. ئیمان و بڕوای ئەوەندە بەهێز بووە کە لە بەرانبەر هیچ دوژمنێک سەری شۆڕ نەکردووە، بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی ستراتیژی خۆی نەگۆڕیوە و لە ڕێگای وەدێهێنانی ئامانجی گەل هەموو چەشنە ئازار و خەسارێکی گیانی و ماڵی قبوڵ کردووە.
کە من باسی پێغەمبەران دەکەم، مەبەستم پەرەپێدانی دین نییە، چونکە کار لەو بوارە لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی بەلای منەوە گەلێک پیرۆزە. من لێکیان هەڵناوێرم، چونکە ئاکامەکەی بۆ مرۆی خاوەن بڕوا هەر دەبێتەوە دین. بۆ من جێگای داخە، هەوڵ دراوە و دەدرێ خەباتی گەلی کورد بە دژی دین بناسرێت، کە بۆ من وەک چۆن ئەرکێکی نەتەوەییە، ئاواش دینییە. حەزیش دەکەم هەرکەس بە ئەرێنی یان بە نەرێنی قسەی هەیە، بە خۆم بڵێت.
براتان، مەلا ئیبراهیمی مەجید پوور