مەحموود بەچەکورد (لاوازە) یەکێکی دیکەیە لە فەرماندە دیار و بوێر و چەنگاوەرەکانی هێزی ئاوارە و قەندیل.

کەم نین ئەو مرۆڤانەی بەشێکی بەنرخی ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ خزمەت بە گەل و ئازادی و ڕزگاری کوردستان. گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە خەباتی درێژخایەنی سیاسی لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادییەکانیدا، بە داخەوە قوربانی زۆر و بەنرخی داوە و تا ئێستاش بە مافەکانی نەگەیشتووە. خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری نەتەوەیی و لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر یەکگرتووە. مێژووی خەباتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بێ گومان جێگەی ڕێز و پێزانینە و لە هەر دەرفەتێكدا ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو مرۆڤە جوامێرانە دەگرین. کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و هێزی قەندیل یەکێکن لەو هێزانەی حیزب کە ڕۆڵی بەرچاویان لە پارێزگاریکردن لە ماف و کەرامەتی نەتەوەی کورد هەبووە. لە نزیکبوونەوەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە پێویستمان زانی ئەگەر بە کورتیش بێت، ئاوڕێک لە لاپەڕەکانی خەباتی ڕۆڵەیەکی ئەو نیشتمانە بدەینەوە و بە ڕێگای چەند دێرێکدا ڕێز لە خەبات و ژیانی پێشمەرگانەی بگرین کە چۆن لە گەرمەی شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک پێشمەرگە و پاشان وەک فەرماندەیەکی ئازا ناو و ناوبانگ دەردەکات.

خەباتی سیاسی و پێشمەرگانە
کاک مەحموود بەچەکورد (لاوازە) زیاتر لە چوار دەیە مێژووی پڕ لە شانازی لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا وەک پێشمەرگە، فەرماندە و کادر هەیە. ئەو یەکێکە لە فەرماندە بوێر و چەنگاوەرەکانی مەڵبەندی پیرانشار کە لە ڕۆڵەی پەروەردەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆڵی بەرچاوی لە خەباتی سیاسیدا دەبێت. ئازایەتی و هەڵمەتی قارەمانانەی بۆسەر دوژمن و هێزە کۆنەپەرستەکانی ڕێژیمی تاوانکاری ئێران، ببووە وێردی سەر زار و زمانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی لە هێزی قەندیل و مەڵبەندی سپی سەنگ. کاتێک یاد لە تێکۆشەرێک دەکەینەوە و خەباتی سیاسی بەرز دەنرخێنین، بە دڵنیاییەوە دیسانیش ناتوانین بە قەد باڵای خۆڕاگری و فیداکارییەکانی، ماندوو بوون و شەونخوونییەکانی، شەکەتی ڕێگای خەبات، مافی خۆی پێ بدەین.
مەحموود بەچەکورد بە مانای وشە فەرماندەیەکی ئازا، بوێر و خۆڕاگر بوو لە مەیدانی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی بە دژی سیاسەتی مرۆڤکوژی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران؛ بە هەق ڕۆڵەی ڕۆژی تەنگانە و قۆناغە سەخت و دژوارەکانی خەباتی شار و شاخ بوو.
سەرەتای تێکەڵبوون بە خەبات
لە گەرمەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا، وەک زۆربەی لاوانی ئازادیخواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشداری چالاکانەی زۆربەی خۆپیشاندانەکانی نێو شاری پیرانشار بە دژی حکوومەتی پاشایەتی دەکات. ئامانج لەو بڕیارە سیاسی و مێژووییە، جگە لە گەشەکردنی هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی، ژیانی سیاسی ئەو لاوەش وەک زۆربەی لاوانی دیکەی وڵات دەخاتە قۆناغێکی نوێ. لەپێناوی شۆناسخوازی و سەلماندنی مافی گەلی کورد لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە، دەست بە بەرخۆدانی سیاسی دەکات و بێ بەش نابێت لەو شانازییە گەورەیە و بەو باوەڕەوە دەست پێدەکات کە بە مافی سیاسی و سەرکەوتنی خەباتی گەلەکەی دەگات.
کاک مەحموود وێڕای هەزاران خەباتگێڕی ڕێگای ئازادی کوردستان، بەشداری چالاکانەی شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت، کە مەبەست لەو خەباتەش سڕینەوەی سیاسەتی هەژموونخوازی و هەڵاواردنی سیاسی حکوومەتی تاران بەسەر گەلی کورددا دەبێت.
لە زۆربەی ڕاپەڕینەکانی ئەو شارەدا کە لەژێر ڕێنوێنی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات و بە سەرپەرشتی شەهیدان ڕەحیم مەحموودی و ڕەحمان سۆفیزادە و دەیانی تر لە تێکۆشەرانی نێوشاردا بوو، وەک بنەماڵە و تاکی کۆمەڵگا، تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەستیان لە خەبات هەڵنەگرت. سەرەنجام بە ئاواتی خۆیان کە ڕووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندی شا بەئامانج گەیشتن دەستیان لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری هەڵنەگرت.
کاک مەحموود وەک تازەلاوێک هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی شا، خولیای کاری سیاسی و چالاکی دەبێت و بە خێرایی تێکەڵ بە خرۆشانی خەڵک لەپێناوی ئازادی کوردستان دەبێت. خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان هانی دەدات لە مەتینگی گەورەی ١١ی ڕەشەمەی شاری مهاباد ، کە بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان ئامادەی دەبن، بەشداری بکات. کاک مەحموود لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزب بە ئامادەبوونی ڕێبەری گەورەی شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دکتۆر قاسملووی نەمر، ئامادە دەبێت و ئەوەش ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ هەستی نیشتمانپەروەری وەك ڕێبوارەی ڕێگای ئازادی کوردستان خۆی نیشاندەدات.

کاریگەری بنەماڵە و چەکی پێشمەرگایەتی
کاک مەحموود، بەهۆی تێکەڵاوبوونی باوکی لەگەڵ کاری سیاسی و چالاکی لە نێو ڕیزەکانی ڕێکخستنی نهێنی حیزبدا، بەتایبەتی لە جووڵانەوەی ساڵانی ٤٦/٤٧ دا، زووتر بە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەی ئاشنا دەبێت و بە تەواوی دەکەوێتە ژێر کاریگەری خەباتی سیاسی حیزب کە لەو بەشەی کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندا بوو. باوکی ڕەحمەتی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تێکۆشەرانی خەباتی نهێنی، بە تایبەتی شەهید سەید ڕەسوڵی بابی گەورە، هەبووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییەکانی شار کە وەک تێکۆشەرێکی حیزب خزمەتی بە خەباتی سیاسی کردووە. لاوازە، جگە لەوەی کاریگەری باوکە کوردپەروەرەکەی لەسەر دەبێت، پاش ڕووخانی حکوومەتی شا و گەڕانەوەی حیزب بۆ نێوخۆ، زیاتر تێکەڵ بە کار و هەڵسووڕانی سیاسی دەبێت. ئەو کاتەی حیزب دەست بە کردنەوەی بنکە و بارەگا سەرەکییەکانی وەک کۆمیتەی شارستان و هێز و کۆمیتەی لادێ و ناوچەکان دەکات، ئەوەیش وەک زۆربەی لاوانی دیکە چەکی شەرەف و ئازادی کوردستان دەکاتە شان.
کاک مەحموود لە ساڵی ١٣٥٨ بە کردەوە چەکی شەرەف و پارێزگاریکردن لە ماف و ویستە سیاسییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەگرێ و بە شانازییەوە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە لکی ١ی هێزی ئاوارە ڕێکدەخرێت. لاوازە زۆر بە خێرایی دەبێتە جێگەی متمانە و خۆشەویستی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و مرۆڤێکی بە نەزم و دیسیپلین و شۆڕشگێڕ دەبێت و بەردەوام ڕەچاوی ئوسووڵ و پرینسیپە سیاسی و ڕێکخستنییەکان دەکات. لە بەرامبەر هاوڕێیانیدا نەرم و لەسەرخۆ ، و لە ئاستی دوژمنیشدا وەک پۆڵا هەڵوێست دەگرێت و ئێستاش شانازی بەو کاتانەوە دەکات کە لە خزمەت گەل و حیزبەکەیدا لە مەیدانی خۆڕاگریدا خزمەتی کردووە.
گەورەیی و ڕەوشتی پێشمەرگایەتی
بەها و نرخی تێکۆشەرانی هاوشێوەی کاک مەحموود جگە لە خزمەت بە بزووتنەوەی سیاسی کورد، چاوەڕوانی دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە حیزب وەک میداڵیای شانازی بەشدارییان لە قۆناغە سەخت و دژوارەکانی ژیانی سیاسیدا پێ بدات. بەڵکوو بیر و هزری نەتەوەیی و پەروەردەی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزب ڕۆڵی بەرچاوی لەسەر بار هێنانی پێکهاتەی ڕێکخراوەی سیاسی و کادر و پێشمەرگەکان دەبێت.
لاوازە کەسێکی خاکەڕا و ئەهلی قسەی بێ کردەوە نەبوو، بەڵکوو ئەهلی خوێندن و خۆپێگەیاندن بوو، حەزی لە خۆدەرخستن و بەخۆداهەڵدان نییە. کاتێک باسی بیرەوەری شەڕێکی قارەمانانەی گێرابێتەوە، تەنیا باسی ڕۆڵ و کاریگەری هاوسەنگەرانی دەکات و کەمتر هەبووە وەسفی خۆی بکات و خۆی لە ڕووداوەکاندا دەربخات و کۆی سەرکەوتنەکان بە ناوی خۆی تۆمار بکات. مافی خۆی خواردووە تا بتوانێت بە باشترین شێوە باسی هاوسەنگەرەکانی بکات. بێ گومان وشەیەکی ئەوتۆمان لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەدۆزیوەتەوە تا بتوانین وەسفی گەورەیی و قارەمانێتی هاوڕێ کاک مەحموود لاوازەی پێ بکەین. تەنیا ئەوەندە دەڵێم: کاتێک لاوازە لە هەر شەڕگەیەک سەنگەری گرتبا، جگە لەوەی ورەی بە هاوڕێکانی دەدا، مەحاڵ بوو دوژمن بستێک بتوانێت لە سەنگەرەکەی نزیک بێتەوە.
بەشێک لە ئازایەتییەکان و برینداربوون
بەڕێز مەحموود لاوازە لەو شەڕە حەماسییانەی خوارەوەدا، وەک: شەڕی چیانە، گرتنی پایەگاکانی گردی عەرەبان، شەڕەکانی لاجان و بەربنە، و لە زۆربەی شار و ناوچەکاندا بەشدار بووە. لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتییدا 5 جار بریندار دەبێت، بۆ یەکەمجار لە شەڕی قوبەی دا بریندار بووە و پاش ساڕێژبوونەوەی برینەکانی، لە جاران گەرمتر و خۆڕاگرتر گەڕاوەتەوە نێو سەنگەری خەبات لەپێناوی ڕزگاری کوردستاندا.
کاک مەحموود پەیوەندییەکی ساڵم و تەندروستی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا هەبوو و ئێستاش هەیە. بە چاوی ڕێز و قەدردانانەوە سەیری ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڕێیانی کردووە و ڕێزی بۆ بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بە بابەتە سیاسی و ڕێکخستنییەکان داناوە. ئەگەر ڕەخنە و سەرنجێکی هەبووبێت، بەوپەڕی نەزاکەتەوە دەری بڕیووە و خۆی لە بەکارهێنانی زمانی زبر بەرامبەر بە هاوڕێکانی پاراستووە.
گەشەکردن لە پلەکاندا
کاک مەحموود لاوازە هەڵقوڵاوی ژینگەی سیاسی و سروشتی کۆمەڵایەتی کوردستانە. بە هەوڵ و هیمەتی خۆی و فیداکاری و لەخۆبوردوویی لە مەیدانی کردەوەدا گەشە دەکات و پێدەگات، بە سەرکەوتنەوە پلە بەرزە سیاسی و نیزامییەکانی بڕی و تا جێگری فەرماندەری هێزی قەندیل دەڕوات. کاک مەحموود لاوازە لە زۆر شەڕی حەماسی و خوێناویدا بەشداری چالاکانەی کردووە. هەر ئەوە بەسە بۆ وەسفکردنی ئەو قارەمانەی مەڵبەندی پیرانشار کە لە شەڕی سەخت و خوێناوی چیانە دا بەشدار بووە. بە گوتەی چەند هاوڕێیەکی، لەو شەڕەدا زۆر ئازایانە بەرەنگاری هێزە دژی گەلییەکانی ئێران بووەتەوە.
بە داخەوە لەو شەڕە حەماسی و خوێناوییەدا 22 پێشمەرگەی ئازا، خۆڕاگر، بوێر و قارەمان لەو بەرگرییە نەتەوەیی و خۆڕاگرییەدا گیانی بەنرخیان فیدای خاك و ئازادی و کەرامەتی تاکی کورد کرد. هێزی ئاوارە بەرگریی بێوێنەیان نواند بۆ پارستنی خاکی کوردستان و چەند جارێک هێزەکانی ڕێژیم تێک شکاندران و بەرەو دواوە پاشەکشەیان پێ کرا. دوژمن زیانی زۆری بەرکەوتبوو، زیاتر لە 1000 کوژراو و برینداری هەبوو، و چەك و تەقەمەنی زۆر کەوتە دەستی هێزی ئاوارەی خۆڕاگر و دوژمنشکێن.
شەڕی قارەمانانەی چیانە
شەڕی قارەمانانەی چیانە بەداخەوە بە خوێنی ئەو پۆلە لە باشترین ڕۆڵەکانی نیشتمان تۆمارکرا:
1. محەممەد ئەمین یوسفی ناسراو بە حەمەدەمین سەکر، سەرپەل لە لکی ١
2. برایم حەیدەری، خەڵکی بابخاڵاوێی شنۆ، لکی ١
3. زوڕار بامروەت، خەڵکی سینگانی شنۆ، لکی ١
4. محەممەد محەممەدیان، ، لکی ١
5. عومەر داودی ناسراو عومەر سمێڵ، خەڵکی چەپەراوێی شنۆ، لکی ١
6. سمایل عومەری، خەڵکی دربکە
7. برایم سوارە، لە خەڵکی سێڵوێ، لکی ١
8. حەسەن لیلان، خەڵکی پیرانشار، لکی ١ (تۆپهاوێژ)
9. ئەبوبەکر ڕەسووڵ ئەقدەم ئەبووبەکری ئایشە ڕەش، خەڵکی کەڵەکین، لکی ١
10. محەممەد بەڕهوونی، خەڵکی جەڵدیان، لکی ١
11. خالید حەسەن زادە ناسراو بە خالیدی حەمەدە سوورکەی،، خەڵکی قیسقەپان، لکی ١
12. عەلی بایەزیدی ناسراو بە عەلی شێخ ئاغایا، خەڵکی کەڵەکین، لکی ١
13. جەبار عوبەید، خەڵکی چیمەنەی کەرکووک، لکی ٣
14. محەممەد قادری خەڵکی شیناوێ، لکی ٣
15. حەسەن بایز ئاغا، لکی ٣
16. قادر داوەردان لکی 3
17. عەبدوڵڵای مامەندی، خەڵکی زێوەی، لکی ١ دەستەی شەهید مارف خاڵە
18. حەسەن حوسێنزادە ناسراو بە حەسەن سوور، خەڵکی بەرکەمران، لکی2
19. مراد ڕەسووڵی عەلیزادە، خەڵکی پیرانشار ، لکی 3
20. حوسێن عەبدوڵاپوو ناسراو بە وەستا وسێن، خەڵکی شیناوێ، لکی 4
21. محەممەد کوردە، لە لکی ٣ بوو
22. کەریم شەمسی, لە لکی دوو ، خەڵکی کاسەکەران
لەو شەڕە خوێناوی و حەماسیەدا ٣٥ پێشمەرگەش برینداربوون کە بەشێکیان برینەکانیان سەخت و دژواربوو.
لاوازە یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی کە لە هەڵمەتبردن بۆسەر سەنگەری دوژمن و تێکشکاندنیان لە شەڕگەی خۆیان ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو. بە قسەی هاوڕێکانی، بە ڕاستی هەڵمەت و توانای پێشمەرگانەی هێما و نموونەی بەرزی بوێری ئەوی نیشان داوە. وەک ڕۆڵەیەکی چاونەترس هەر لەوێوە قارەمانێتی بە باڵا دەڕوات. کاک مەحموود بە ئارەق و خوێن و فیداکارییەکانی بوونی خۆی وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان دەسەلمێنێت و پارێزگاری لە ماف و شۆناسی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەی دەکات. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ خەڵکی شار و ناوچەکانی لاجان و بەربنە هەبووە و ئەو پەیوەندییانە جگە لەوەی بەهێزتر بووە، وەک سیمایەکی بوێر و خۆشناوی حیزب ڕێزی لێ دەگرن.
خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز
لاوازە بەهۆی ئازایەتی و کەسایەتی بەرز و مەردانەی زۆر بە خێرایی جێگەی خۆی لە نێو دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا دەکاتەوە و ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن، بە دڵنیاییەوە شاهیدی ئازایەتی و جەسوورییەکانی بۆ دەدەن و بە هەق شایستەی بەرپرسیارێتی سیاسی و نیزامی لەوەی بەرزتر بوو. هەر ئەرکێکی لەلایەن حیزبەوە پێ ئەسپێردرابێت، بەوپەڕی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕییەوە ئەنجامی داوە و زۆر جار ژیانی لەپێناوی کار و چالاکی سیاسیدا خستووەتە مەترسییەوە.
گەورەیی مرۆڤە خۆڕاگر و فیداکارەکان لە نێو بزووتنەوەی سیاسی گەلی کورددا، بە لەخۆبوردوویی و چاونەترسییان دەردەکەوێت. کەم نین ئەوانەی لەپێناوی ئازادی و شۆناسی نەتەوەییدا گیانی بەنرخیان لەسەر لەپی دەست دانا و بەشداری چالاکانەی خەباتی سەختی شار و شاخیان کرد و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەڵۆئاسا بەشداری شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.
کاک مەحموود بەچەکورد یەکێک بوو لەو ڕۆڵە ئازا و چاونەترسانەی هێزی ئاوارە و قەندیل کە لە هەر شوێنێک سەنگەری لێ گرتبا، دوژمن جگە لەوەی نەیدەتوانی پێشرەوی بکات، بەڵکوو هێزە داگیرکەرەکانی لە ئاستی هەڵمەت و فیداکارییەکانیدا، هەستیان بە زەلیلی و داماو ی دەکرد و ناچار بە پاشەکشەی دەکردن. لاوازە کێوێک لە ورە و ئیمان بە خەباتی ڕەوای گەلەکەی بوو. کاک مەحموود لەگەڵ هەر دەستە و پۆلێک لە هاوڕێکانی ئەرکی سیاسی و نیزامی پێ دەسپێردرا، دەبووە مایەی ورە و وزەی خۆڕاگری و ئومێد و ئازایەتی لێ دەباری. جگە لەوەی پێشمەرگەکان بە بوونی لە تیمەکەدا دڵخۆش دەبوون، بەڵکوو دەیانزانی کاک مەحموود لە هەر هێرش و بەرەنگارییەکدا دەربکەوێت، دوژمن بە تەواوی تێک دەشکێنێت و کوڕی ڕۆژی سەخت و هی تەنگانە یە.
ئەرکی نوێ و بەسەرهاتە مێژووییەکان
وەک پێشمەرگەیەکی بە ئیمان و باوەڕ بە ڕێبازی سیاسی ح.د.ک.ا، جگە لەوەی تێکۆشەرێکی خۆنەویست و ئازادیخوازێکی کەم وێنەیە، هەر لەو کاتەشدا باوەڕێکی قووڵی بە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان هەیە و بەردەوام لە سەنگەرە جۆراوجۆرەکانی خەباتی نەتەوەییدا بەشداری کردووە و لە هەموو کاتێکدا ئامادەی فیداکاری بووە لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا و بە مەعموریەت و ڕاسپاردەی حیزبی چۆتە کۆمیتەی شارستانی بانە و شنۆ.
گێڕانەوەی سێ ڕووداوی گرینگ و مێژوویی لە زمانی بەڕێز کاک مەحموود خۆیەوە، وەک ئەزموونێک هەوڵیداوە تیشك بخاتە سەر ئەو سێ وێستگەیە لە بەرگری لەپێناوی خەباتی سیاسی و نەتەوەییدا و چۆنیەتی پێداچوونەوە و شەن و کەوکردنیان بۆ داهاتووی سیاسی و خەباتی چەکداری حیزب.
کاک مەحموود بە ڕاشکاوی و زۆر بێلایەنانە باسی ڕۆڵی هێزەکان و دەستەکانی کرد و مافی کەسی بە نادیدە نەگرت و ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەڕی حەماسەخوڵقێنەری چیانە دا، جگە لە فیداکاری و خۆڕاگری لکەکانی ١ و ٢ و ٣ و 4ی هێزی ئاوارەو کادرەکانی پیرانشار، بەرامبەر بە هێزی زۆری ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران و چەند جار تێکشکاندنی دوژمن لە بەرەکانی شەڕ، باسی لە ڕۆڵی خەڵکی گوندەکانیش کرد و دەڵێت: «بە بێ هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی ناوچەی پیرانان کە لەو ڕۆژە گرینگ و مێژووییەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا لە ڕاگواستنی شەهید و بریندارەکان و گەیاندنی نان و کەلوپەلی پێویست بە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، زۆر دژوار بوو.» بێ گومان خوڵقاندنی ئەو حەماسە گەورەیە بەشێکی پەیوەندی بە ئازایەتی و خۆڕاگری و گیانفیدایی پێشمەرگەکان لەسەردەستی حیزبدا هەبووە. هەر لەو کاتەشدا ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی ناوچەی پیرانان و بە تایبەت ئەو گوندانەی لە مەیدانی شەڕ نزیک بوون، بە دەست نەدەهات، دوژمن ئەو زیانە گەورەیەی بەرنەدەکەوت. ئەو شەڕە سەلماندی کە دەسەڵاتی ئاخوندی زۆر بە ئاسانی ناتوانێت بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا سەربکەوێت و هاوکات لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی حیزبدا دووچاری تێکشکاندن و پاشەکشە هاتبوون.
بەتایبەتی شێرەژنانی گوندی قەڵاتەڕەش ڕۆڵی گەورەیان بینی و هەرگیز ئەو بوێرییەیان لە بیر ناکرێت. وەک پێشمەرگەیەکی بەشدار لەو شەڕە حەماسییەدا، بەڕێز و پێزانینەوە سوپاس و ئەمەگناسی خۆی بەرامبەریان دەربڕی. لە درێژەی لێدوانێکیدا دەڵێت: «زۆر جار خەبەرمان لەسەر هێرشی ڕێژیم لە شارەوە بۆ سەر ناوچە و بە دیاریکراویش بۆ داگیرکردنی گوندی چیانە کە شوێنێکی گرینگ بوو، پێدەگەیشت. شەوانە کەمین مان دادەنایەوە و لەبەر ئەوەی زۆری برد تا هێرش بکات، تۆزێک بێ موبالاتی بەسەرماندا زاڵ ببوو.»
کارەساتی چۆمی کەڵوێ و شەڕی لاجان
کاک مەحموود لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە پەڕینەوەی هێزی قەندیل لە چۆمی کەڵوێ لە نزیک گوندی شیوەمێرێ، باری مێرەوان، گێڕایە و گوتی: جگە لە ئاماژەکردن بە نەبوونی بەرنامەی دروست و ئیمکاناتی پەڕینەوە، باسی کرد کە بە داخەوە پێنج پێشمەرگە بە ناوەکانی:
1. عەلی ئیسماعیلی (عەلی وسوەشەلی)
2. تاهیرتاشە، کادری دەرمانی، خەڵکی گوندی گەزگەسکی پیرانان
3. یوسف ئەحمەدی، خەڵکی قوبەی بەشی ماڵی، لکی ١
4. باییزە قەندە، خەڵکی بیکۆس
5. حوسێن مامەندی، خەڵکی زێوەی
لەو کارەساتەدا گیانیان لە دەست دا تێکەڵ بەکاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوون.
تیمێکی 10 پێشمەرگەیی بۆ گەیاندن و شاردنەوەی تەقەمەنی دەگەڕێنەوە ناوچەی لاجان
بەر لەوەی بگەڕێنەوە، کاک ئەبووبەکری پیرمە لەسەر تیمەکانی گەشتی و زانیاری کۆکردنەوەی دوژمن زانیارییان پێدەدات و بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە لەو بارەیەوە زیاتر ڕەچاوی خۆحەشاردان و هەڵبژاردنی شوێنی چڕ و شیاو لە ڕووی شەڕی پێشمەرگانەوە دەکەن.
بۆ ئەوەی باشتر لاوازە بناسین و بە گێڕانەوەی شەڕێک لە ناوچەی لاجان لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی ، بە گرینگمان زانی لێرەدا وەک مێژوو تۆمار بکرێت و مافی خۆمان بەو پۆلە پێشمەرگەیە بدەین کە بە داخەوە ژمارەیەکیان شەهید بوونە. گێڕانەوەی ئەو کورتە مێژووەی خۆڕاگری و ڕێکخستن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی پیرانشار ڕەنگە بەس بێت کە تەنیا 10 پێشمەرگە لە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی تا 8ی ئێوارێ لە قووڵایی ناوچەی لاجاندا بەرامبەر بە هێزی زۆری جاش و پاسدار سەنگەر دەگرن و جگە لە تێکشکاندن و گەیاندنی زیانی گیانی، دوژمن بەرەو مۆڵگەکانی ڕاودەنێن. شەهامەت و چاونەترسی ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لەو شەڕەدا بە فەرماندەیی کاک مەحموود، بوێرییەکەی سەلماند و ئەو دێڕانەی کە سەبارەت بە ژیان و خەباتی شۆڕشگێڕانەی کاک مەحموودە، گەورەیی ئەو مرۆڤەمان باشتر پێ دەناسێنێت.
ئەو تیمە 10 کەسیە بریتین لەو تێکۆشەرانەی هێزی قەندیل:
1. کاک مەحموود لاوازە، بەرپرسی ئەو تیمە پێشمەرگەیە
2. شەهید قادر قادری
3. شەهید موراد ڕەحیمزادە
4. شەهید جەعفەر ئەحمەدی
5. ئەبووبەکر پیرمە
6. شەهید محەممەد تام
7. ب.خ
8. ئەب.ب
9. ع.پ
10. ج ڵ
ئەو چەند ناوەی بە تەواوی ناویان نەهاتووە، بەهۆکاری تایبەتی و کۆمەڵایەتی وازیان لە ژیانی پێشمەرگایەتی هێناو ئێستا لە نێوخۆدا بەکارو ژیانەی رۆژانەی خۆیان سەرقاڵن و بەو هیوای ساخ و سەلامەتبن.
لە شەڕی قارەمانانەی 10 پێشمەرگەدا کە هێزێکی زۆر پێکهاتوو لە جاش و پاسدار لە بەرزاییەکانی شاز و قاز و بە دیاریکراوی بەردی گوێزێ کە هەڵکەوتووە لە بەرزاییەکانی شازوقاز، بەشداری دەکەن. سەرلەبەیانی لە لایەن یەکێک لە نیگابانەکانەوە بە ناوی بێ خێ لە جموجووڵی دوژمن لە نزیک خۆیان ئاگادار دەکرێن و ئەو 10 پێشمەرگەیە بەسەر دوو دەستەی پێنج کەسیدا دابەش دەبن و لە دوژمن دێنە دەست و بە تەواوی ڕاویان دەنێن و تا ئێوارێ موقاوەمەت دەکەن.
کاتێک گوێمان بۆ بیرەوەرییەکانی ڕێزدار لاوازە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕابردوو دەگرت، جگە لە سەداقەت شتێکی دیکەمان لێی نەبیست. تەنانەت بەردەوام باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری هاوسەنگەرانی لە شەڕەکاندا دەگێڕایەوە و بە جۆرێک نەدوا کە وەسف و مەدح و سەنای خۆی بکات. بەڵێ، مرۆڤ ئەگەر گەورە و ئازا و خۆڕاگر بێت، هیچ باکی نییە لە چۆنیەتی باسکردنی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان.
لاوازە جگە لە باسکردنی ڕۆڵی فەرماندەرانی سەردەمی خەباتی شار و شاخ، وەک: شەهیدان سەید ڕەسوڵی بابی گەورە، فەرماندەری هێزی ئاوارە، شەهید قادر ئیفتیخار ، فەرماندەری هێزی ئاوارە، شەهید قادر لاجانی و محەممەد شیرێژ، فەرماندەری لکی ٢، شەهید حەسۆ، فەرماندەری ١، و شەهید محەممەد مەلامینە، فەرماندەری لکی ٣، کاک مەحموود هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی شار و ناوچەکانی پیرانشاری بە جەوهەری سەرکەوتنی گەورەی هێزی پێشمەرگە لەو مەڵبەندەدا ناوبرد. لە کۆتاییدا هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازین و جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە کاک مەحموود و گشت تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کوردستان پیرۆز بێت.

محەممەد سلێمانی

پێداچوونەوە: ساڵە نەڵۆسی
سوپاس بۆ کاک سەید عەلی هاشمی کە هاوکاری کردین بۆ لیستی شەهیدانی شەڕی چیانەی