Hoppa till innehåll
Hem » کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر گوڵموراد مورادی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕی خەڵکی سەرپێڵ

کۆچی دوایی پڕۆفیسۆر گوڵموراد مورادی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕی خەڵکی سەرپێڵ

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوکتور گوڵموراد مورادی، بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و لە کەسایەتییەکە کاریگەرە فەرهەنگی و مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆچی دوایی کرد.

ژیانی ناوبراو گێڕانەوەیەکی ڕوون لە تێکەڵاوبوونی ئازار، زانست و بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی بوو.
ناوبراو لە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣١٩ لە گوندی چیاکەچەڵ لە شاری سەرپێڵ سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایک بوو و لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە دەستی بە کار کرد و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەکوو بەردەستی وەستا، کاری درومانی کرد.
بۆ ماوەی ٨ ساڵی کاری نیزامی کرد و ئەمە بوو ئەزموونێک کە دواتر لە شرۆڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیدا، ڕەنگی دایەوە و وای کرد کە بە شێوەیەکی واقعبینانە و ڕەخنەگرانە چاو لە هێز و ساختاری هێز بکا.
قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەکابر و شەوانەدا تێپەڕاند و هاوکات لەگەڵ کارکردن، لە قوتابخانەی ئەمریکایی دیپلۆمی وەرگرت.
بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ئەمریکایی درێژەی بە خوێندن دا و بۆ درێژەدان ڕووی لە وڵاتی ئالمان کرد و لە زانکۆی هایدلبێرگ، لە بوارەکانی زانسستی ئابووری و کۆمەڵناسی هەتا ماستەری خوێند و دواتر دوکتوراکەی لە زانستی سیاسیدا وەرگرت.
لووتکەی چالاکییەکانی لە زانکۆ، نووسینی تێزی قۆناغی پڕۆفیسۆرییەکەی بوو و بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەیەکی بەنرخی سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەەکان لە ئێراندا ئەنجام دا.
لە ساڵەکانی ١٩٨٨ هەتا ١٩٩٣ لە زانکۆکانی هایدلبێرگ، بێرمەن و هامبورگ کاری وانەوتنەوەی دەکرد.
دوکتور گوڵموراد لە ساڵانەدا، مێژوو، کۆمەڵناسی و پرسە نەتەوەییەکانی بە ڕوانینێکی شیکارانە فێڕی خوێندکارەکانی کرد و هاوکات ڕۆڵێکی کارای لە ناساندنی مێژوو و فەرهەنگی کورد لە زانکۆکانی ئورووپادا گێڕا.
دواتر لە دامەزراندنی نووسینگەی ڕاوێژکاریی بنەماڵە و وەرگێڕان، بەشێوەی پرۆفێشناڵ چالاکییەکانی خۆی بە شێوەی هاوکات بە چوار زمانی کوردی، فارسی، ئاڵمانی و ئینگلیسی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زمانی درێژە پێ دا.
لە ئاسەوارەکانی ئەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: بزووتنەوەی نەتەوەکانی ئێران لە هیرشی عەرەبەکانەوە بۆ سەر ئێران هەتا کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە زمانی ئاڵمانی، مێژوو و گێڕانەوەکانی جێژنی نەورۆز بە ئاڵمانی، ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژوو و فەلسەفەی یارسان، کورتەیەک لە مێژووی دینەکان و ڕۆمانی چ هەقیقەتێکی تاڵ کە لە کانادا بڵاو کرایەوە.
لە چوارچێوەی چالاکیی مەدەنیدا، بۆ ماوەی سێ دەورە ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران لە تاراوگە و یەک دەورە ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکارانی کانوونی نووسەرانی ئێران لە تاراوگە بوو.
ناوبراو ساڵی ١٩٩٨، وەکوو وتەبێژی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی یارسان لە دەرەوەی وڵات ناسرا و لە ٢٠١٢ـەوە بەرپرسایەتیی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافی مرۆڤی لە ئەستۆ گرت.
دوکتور گوڵموراد لە دانیشتنەکانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ و وتارەکانیدا بە زمانی ئینگلیزی، بەرگریی لە مافی کەمینە دینی و نەتەوەییەکان بەتایبەت یارسانەکان دەکردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

سەرچاوە کوردستان میدیا

***

لە لایەن بەڕێوەبەری سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دوکتور گوڵموراد مورادی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. 

دوکتور گوڵموراد مورادی دەیان بابەتی بۆ سایتی پێشمەرگەکان ناردووە و کەسێکی دڵسۆز و بە توانا بوو لە دەست دانی خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ کورد و کوردستان .

روحی شاد بێ.

بابەتەکانی نەمر د. گۆلموراد لە سایتی پێشمەرگەکان