دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەرکەوت کە ئێران هیچ دۆستێکی نییە و کەسیش بە دۆستی خۆی نایاناسێت بێجگە لە هێزە تێکشکاوەکانی بەرەی موقاوەمەت کە لەوەتەی ئاخوندەکان لە دەسەڵاتدان، بە خێویان دەکەن.

هێزەکانی بەرەی موقاوەمە، دایکیان مرد؛ ئەوانەی 48 ساڵ شیریان پێدا و گەورەیان کردن، ئەوانیش وەک ئاخوندەکان بوونەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە. ئاخوندەکان بێجگە لە بەرەی موقاوەمە، زۆربەی گرووپە مافیاکانی ئەوروپاشیان بە دژی وڵاتانی ئەوروپایی هان دەدا و بۆ کردەوەی تیرۆریستی کەڵکیان لێ وەردەگرتن. لە دەرەوە دەیان مزگەوتیان دروست کردووە و کردوویانەتە جاسوسخانە و پەرەپێدانی دواکەوتوویی و بارهێنانی کەسانی تووندڕەو بۆ مەڕامی تیرۆریستیی خۆیان.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە خۆی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەهێز بکات؛ بۆ ئەم مەبەستە دەیان گرووپی تووندڕەوی پێک هێناوە کە گەورەترینیان حیزبوڵای لوبنان، حەماس، حوسییەکان و بەشێک لە حەشدی شەعبین. بەڵام لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل، حەماس و حیزبوڵای تا حەدێکی زۆر لاواز کرد و زۆربەی ڕێبەرەکانی لە ناو بردن کە دیارترینیان حەسەن نەسڕوڵا بوو. ئەم گرووپانە بە کلکی مارەکەش دەناسران.
لە ڕۆژی شەممە 2026-02-28 وە نۆبەی سەری مارەکەش، واتە ئاخوندەکانی تاران، هاتووە و هێرشەکەی ئەمریکا بە ڕێبەریی ترامپ و ئیسرائیل بە ڕێبەریی نەتانیاهوو دەستی پێ کرد. خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەردەستەی سەرجەمی بەرەی موقاوەمە، لە شوێنی کاری خۆی لەگەڵ دەیان فەرماندەی نیزامی کوژران و بەم کارە ترامپ و نەتانیاهوو تۆڵەی خوێنی شەهیدانیان کردەوە و سەبوورییان تا ڕادەیەک خستە سەر دڵی دایکانی ئێران و کوردستان؛ بۆیە دەبێ تا ئەبەد سوپاسی ئەم دوو ڕێبەرە نەترسە بکرێ.
تا نووسینی ئەم چەند دێڕە، هێرش بۆ سەر ئێران بەردەوامە و تا ئێستا زۆربەی بنکە نیزامییەکانی ئێران بە نزیکەی 6000 بۆمب لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێران کراون و هێرشەکان بەردەوامن. سەرۆک ترامپ دەڵێ: «تا تەسلیم نەبن وازیان لێ ناهێنم و خۆشم سەرۆکی داهاتووی ئێران دیاری دەکەم.»
ئێران لەم ماوەیەدا هێرشی کردووەتە سەر هەموو وڵاتانی دراوسێی و کەسی نەپاراستووە، بە خۆشییەوە تا ئێستا زیانی گیانی زۆر کەم بووە و لە کردەوە تیرۆریستییەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیشی لە باشووری کوردستان لە کردەوە تیرۆریستییەکانی خۆی بێبەش نەکردووە و بە دەیان مووشەک هێرشی کردووەتە سەریان؛ هەر ئەمڕۆ بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە خۆشییەوە تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە.
کۆماری ئاخوندی دوای ٧ ڕۆژ، توانای مووشەک و درۆنی کەمتر بووەتەوە و ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێن 60%ی تواناکانی ئێرانیان لە بەین بردووە. بە پێی ڕۆژنامەی «فایننشاڵ تایمز»، ئەوەی کە ئێران هەموو دراوسێکانی کردە ئامانج، پێشتر ئاخوندەکان بڕیاریان داوە و هێرشەکان بە پلانی پێشتر بەڕێوە دەچن.
زۆر جار گوێمان لێ دەبوو کە ئاخوندەکان دەیانوت: «هێرش بۆ سەر ئێمە، شەڕی سێیەمی جیهانی لێ دەکەوێتەوە.» کە دیتمان وا دەرنەچوو، ئەوان هێرشیان کرد، بەڵام هیچ یەک لە وڵاتانی دراوسێ وەڵامیان نەدانەوە و تەنیا درۆن و مووشەکەکانیان تێک شکاندن.
شەڕ بەردەوامە و ئاخوندەکان دەست بە داوێنی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون بۆ وەستانی شەڕ، بەڵام وەک نووسیم ترامپ وتی: «تا تەسلیم نەبن شەڕ ڕاناوەستێ و ڕێبەری داهاتوو من دای دەنێم.» ئەوەش بە مانای گۆڕنانی کۆماری ئیسلامیی تیرۆریستتەوەر دوای 48 ساڵ کوشتاری خەڵکی خۆی و تیرۆر لە دونیا.
ساڵە نەڵۆسی
٢٠٢٦/٠٣/٠٦