Hoppa till innehåll
Hem » ئێران لە دوو قۆناغی جیاواز دا!، محەممەد بایزیدی

ئێران لە دوو قۆناغی جیاواز دا!، محەممەد بایزیدی

ساڵی ١٣٥٧ کاتێک خۆپێشاندانەکان زۆرتر و بەربڵاوتر دەبوون وڵاتانی پیشەسازیی گرووپی ٧ لە کۆبوونەوەی خۆیان لە ”گوادالوپ” بڕیاریان لەسەر گۆڕینی ڕێژیمی ”شا” دابوو و بەدوای جێگرەوەیەک دا بۆ ڕێژیمێک دەگەڕان کە بتوانێ بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز، بەتایبەت ئەمریکا و ئیینگلستان بپارێزێت.

هاوکات بەر بە نفووزی کۆمۆنیزم بۆ ئێرانیش بگرێت. بۆ ئەو مەبەستەش چ ڕێژیمێک لە ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکی سەدە ناوەڕاستی ئایینی باشتر دەبوو. هاتن ” ئایەتووڵڵا خومەینی”یان لە دوورخراوەیی لە نەجەفەوە بەرەو ”نۆفل لوشاتۆ” هێنا و گەورەیان کردەوە. دواتر کە دەسەڵاتی گرتە دەست، یەکەم بەگژداچوونەوەی دەست بەسەرداگرتنی باڵێوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایان بە ناو”دانشجویان پیرو خط امام” ەوە بوو کە هەموو کارمەندانی ئەو باڵوێزخانەیان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگرت و دواتر لە ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێر لە گەڵ کاندیدی کۆمارییەکان ”ڕۆناڵد ڕێگان” و وەرگرتنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیی پێشکەوتوو لە بەرنامەی ”ئێران-کۆنتڕا” دا بارمتەکانیان ئازاد کرد.
٢٣ی ئۆکتۆبری ١٩٨٣ هێرشێکی خۆکوژی لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانەوە کرایە سەر بنکەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و فەڕانسە ژومارەیەکی یەگجار زۆریان لێ کوژران.
بۆچی ئێران هێندە بۆ ئینگلستان و ئەمریکا گرینگە؟
بریتانیای گەورە لەو ناوچەیەدا زۆر بە ڕابردوویە، بەڵام ئەمریکا وەک چۆن وەک زلهێزێکی تازە ئەژمار دەکرێت، ئاواش لە مێژووی ئێراندا تازەیە، بەڵام هەردووک وڵاتەکە دەکرێ بڵێین لە هەموو بوارەکاندا هاوبەرژەوەندین. لە دابەشکاریی جۆغڕافیای سیاسی دونیاGeoplotics دا بەتایبەت لە ئورووپا و ئاسیادا یان ئەوەی پێی دەگوترێ ”ئەوراسیا” بەسەر دوو ناوچەی ”هایلەند و هاردلەند”ی ژێر نفووزی زلهێزەکاندا دابەش کراون. هەرچی هارتلەندە لە لای باکوورەوە بە دەریای بەستەڵەکی باکوور و لە باشووریشەوە بە زنجیرە کێوی زۆر ڕژد و ئەستەم دەورە دراوە، کە زۆرتر بە ناوچەی ژێر نفووزی ڕووسیەی تزاری و دواتر یەکیەتیی سۆڤیەتی دادەندرێت.
هەرچی هایلاندە شوێنی باشتری لە ژێر نفووز دایە و ڕێگای بە ئاوی گەرمی بەحری هیند و باقی ڕێڕەوە ئاوییەکان هەیە. ڕووسیە لە سەردەمی ”پێتری گەورە”وە(١٦٧٢-١٧٢٥)ی زایینی، هەوڵی گەیشتن بە ئاوە گەرمەکانی کەنداو و دەریای عومانی داوە، بەڵام بەهۆی بەربەرەکانی ئیمپڕاتۆڕی ئینگلیس سەرکەوتوو نەبووە. ئینگلیس لەو کاتەوە دەستی بەسەر هیندوستان پێش سەربەخۆیی و وڵاتانی ئێرانی ئەو کاتدا گرت، وەک حەوزەی نفووزی خۆی دیوارێکی پتەوی لە بەرانبەر نفووزی ڕووسیەدا دروست کردبوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی شوڕەویش، ئەو بەرنامانەی ئەو زلهێزە قەتیس ماوە لە پاش کێوەکانی قاوقازەوە هەروا لە جێگای خۆیان مانەوە، بەڵام ئەوجار ڕەنگی ئیدئۆلۆژیکیشیان بە خۆیانەوە گرت و جوڵاندنی هەستی ئایینیش، بە ڕواڵەت بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ کۆمۆنیزم، وەک بڵاوکردنەوەی بێ دینی بە هۆیەکانی پێشگرتن لە نفووزی شوڕەوەی لە ئێراندا زیاد کرا.
دژایەتی و ڕووخاندنی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان، ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی کە زۆربەی لێکۆڵەران بە سەرەتای دروستبوونی ”شەڕی سارد”ی دادەنێن و دواتریش کودەتا بە دژی حکوومەتی دوکتۆر”محەمەد موسەددیق” لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاویدا هەر لەو ڕاستایەدا بوون.
ئێستا کە وڵاتانی هاوسنووری باکووری ئێران سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە و تەنانەت دۆستایەتیی باشیشیان لە گەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئینگلستان هەیە، پێگەی ئیستڕاتیژیی ئێران وەک لەمپەرێک لە پێش گەیشتنی ڕووسیە بە ئاوە گەرمەکانی کەنداو و دەریای عومان مانایەکی ئەوتۆی نەماوە و چیدیکە پێویست ناکات گەلانی نێو سنووری دیاریکراوی جۆغڕافیاییی ئێران لە ژێر سێبەری ڕێژیمێکی دیکتاتۆری سەدە نێونجی دا بژین. بەڵام ئەو ڕێژیمە کە بۆخۆیان لەهێنانە سەرکاری دا نەقشیان هەبووە، لە لایەک بۆتە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی و سەپاندنی سزای ئابووری تووند بەسەری دا لە لایان ئەمریکاوە نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕ لە هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕێژیمەدا پێک بێنێت. لە لای دیکەوە بەهۆی ئەو سزایانەوە ڕێژیم ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر چۆتە ژێر کاریگەریی چین و ڕووسیەوە.
دامەزراندن و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستیەکان لە وڵاتانی لوبنان، فەلەستین، ئێراق، سووریە و یەمەن و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و هەروەها هاوکاریی نیزیک لە گەڵ ڕووسیە لە شەڕ بە دژی ئۆکڕاین دا، هەموو ئەو هۆیانە وڵاتانی ڕۆژاوایییان هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە تەمەنی نگریسی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دەبێ تێکەوە پێچرێت و جێگای بە ڕژیمێکی خەڵکی، کە چیدیکە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەک تەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو ناوچەی کەنداو و ئوقیانووسی هیند پڕ بکرێتەوە.
لایەکی دیکەی لابردنی هەڕەشەی ئێران!
دەمێکە باس لە کردنەوەی ڕێگایەکی بارزگانی دەکرێت لە نێوان هێندوستان و ئیمارات و عەڕەبستانی سعوودی و لەوێوە بەرەو ئیسڕاییل و دەریای ناوەڕاست. بوونی ئێرانێکی بەهێز لەو نێوەدا و بەو هەڵوێستانەی ئێستایەوە، کە خۆی بە زلهێزی ناوچەکە دەزانێت لەمپەر و هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئەو پڕۆژە ئابوورییە ئێستڕاتیژییە گرینگە. ئەو پڕۆژەیە وەک پڕۆژەیەکی دژی ”ڕێگای ئاوریشمی” چین چاوی لێدەکرێت، کە چین زۆری پێوە دەنازی و خەونی وەگەڕخستنەوەی دەدا. ئەمریکا و ئیسڕاییل بە ڕووخاندنی ئێران و هێنانە سەرکاری ڕژیمێکی خەڵکیتر و نەرمتر لە هەڵسوکەوتکردن لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمنییەتی ناوچە و جیهاندا بە بەردێک دوو کێلان دەشکێنن. هەم خەونی چین بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشم تووشی کێشەی سەرەکی دەکەن، هەم ناوچەیەکی ئارام بۆ پڕۆژەکەی هیندوستان-ئیمارات- عەڕەبستان و … تاد دەخوڵقێنن. ”دۆناڵد تڕامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاتی سەردانی سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە کۆشکی سپیدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە سەبارەت بە کوڕی حەمە ڕەزا شای لێیان کرد گوتی؛ ”ئەو کەسێکی باشە، بەڵام پێمانخۆشە کەس یان کەسانێک لە نێوخۆ کە لەوی نەرماژۆترن بێن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.” ئەوە بەو مانایە دێت کە ئەوان پشتیوانی لە دیکتاتۆرییەکی دیکە ناکەن لە ئێران دا، بەڵکوو دەیانەوێ خەڵکی ئێران بەشێوەی ئازاد کەسانێک بۆ سەرکردایەتیی خۆیان هەڵبژێرن. ئەو وتانەی تڕامپ کاریگەریی زۆری لەسەر هەڵوێستی ڕەزا پالەوی هەبووە و لەو کاتەوە هەموو هەوڵی ئەوەیە خۆی لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلانی دیکەی ئێرانێ، بەتایبەت کورد نیزیک بکاتەوە. بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێوەندیی سەرۆک کۆمار تڕامپ بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە، بە جارێک حەجمینی لێ هەڵگیراوە.
ئیمتازی ئەمریکا بە وڵاتانی عەڕەبیی کەنداو!
دوای چەند ڕۆژ لە دەستپێکردنی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئیسڕاییل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هێرشی پێچەوانەی موشەکی ئێران بۆ سەر وڵاتانی بەحرێن، کوەیت، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی، ئیمارات ڕایگەیاند کە لەشەڕی دژی ئێراندا بەشداری ناکات و ڕێگاش نادات ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ لێدانی ئێران بەکار بهێندرێت. دەمێک ساڵە ئیمارات و ئێران لەسەر سێ دوورگەی ”ئەبوو موسا”، ”تونبی گەورە”، ”تونبی چوک” لە کێشە دان. هەموو جارێ کە وڵاتانی شۆڕای هاوکاریی کەنداو یان وڵاتانی کۆمکاری عەڕەب لە بەیاننامەی کۆتاییی کۆبوونەوەکانیان دا ئەو دوورگانە بە هی ئیمارات دەزانن، ئێران لە دژکردەوە دا ئەوان بێ ئەملاوئەولا بە خاکی خۆی دەزانێت. هیچ دوور نییە ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی ئیمارات بۆ نێو شەڕ و دابینکردنی بەشێک لە تێچووی شەڕ لە گەڵ ئێرانیش بەڵێنی بەڕەسمی ناسین و هێنانەدەری ئەو دوورگانە لە دەست ئێران بە ئیمارات بدات. ئەگەر ئەمریکا ئەو کارە بکات پشتیوانی وڵاتانی دیکەی عەڕەبیش بۆ لای خۆی و دابینکردنی بەشێکی تێچووی شەڕ ڕادەکێشێت.
ئاکام
بەهۆی لەدەستچوونی پێگەی ستڕاتیژیی ئێران لە ناوچەکە و زیادبوونی هەڕەشەکانی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەت ئیسڕاییل، لە ڕوانگەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاواییەوە ئێران دەبێ بڕووخێندرێت و جێگای خۆی بدا بە ڕێژیمێکی جێگای پەسەندی ڕۆژاوا و نەرم و نیان بەرانبەر بە وڵاتانی دراوسێ و خەڵکی خۆی. لەو پێوەندییە هەر لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن بە هەمان ڕوانگەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دەرەوەی پلانی ئەو وڵاتانە بۆ گۆڕینی ڕێژیم دا دەمێنێتەوە.