Hoppa till innehåll
Hem » هێزەکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە ”کردەوەی تێرۆریستی” ناوی دەبات!!!، ساڵە نەڵۆسی

هێزەکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە ”کردەوەی تێرۆریستی” ناوی دەبات!!!، ساڵە نەڵۆسی

کۆماری ئاخوندی کەوتووەتە فێڵکردن؛ هێرش دەکات و هەر خۆشی سەرکۆنەی دەکات و بە تێرۆر ناوی دەبات!!!

دەیانەوێت بەم جۆرە وا نیشان بدەن کە ئەوان لە پشتی هێرشەکەوە نین و ببنە بێبەری، تا تاوانەکە بخەنە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل. بەڵام درۆکانیان کورتخایەنن؛ تا ئێستا زیاتر لە 460 درۆن و مووشەکیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بەداخەوە بووەتە هۆی شەهیدبوونی 14 پێشمەرگە (کە 6یان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون).

دوای ئەو هێرشانە، پێشتر بەڵێنیان بە کاک نێچیرڤان بارزانی دابوو کە لێکۆڵینەوە بکەن و گوایە هێرشەکان هەڵەبوون، کەچی لە جیاتی لێکۆڵینەوە، جارێکی تر هێرشیان کردەوە و ئەمجارە بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەوان پێیان وایە زۆر زیرەکن، بەڵام دەبێت بزانن هەمووان لە فێڵبازییان تێدەگەن. لە ماوەی 47 ساڵی دەسەڵاتیاندا، هەمیشە سەرقاڵی تێرۆر بوون و تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500 کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە. بنەمای ئەم حکومەتە هەر لەسەر تێرۆر داڕێژراوە.

جێی سەر سوڕمانە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، ڕۆژی شەممە (28ی 3ی 2026) لە تێلێگرامە فەرمییەکەی خۆیەوە، وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، هیوای تەندروستیی بۆ سەرۆکی هەرێم خواستووە.

لەوەش سەیرتر، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە: ئەم هێرشە تێرۆریستییە شەرمەزار دەکەین و ئامادەیی خۆمان بۆ پاراستنی ئاسایشی دراوسێکان دەردەبڕین لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و پێکهێنانی قەڵخانی بەرگریی هاوبەش لە ناوچەکەدا، لە بەرامبەر شەڕفرۆشییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئەوان 47 ساڵە بە زەبری هەڕەشە و تێرۆر خۆیان سەپاندووە، بەڵام دوای ئەم شەڕە ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوت کە هیچ کەس بە دۆستی خۆیان نازانن، بەتایبەت باشووری کوردستان. ئەم فێڵەشیان سەر ناگرێت.

ئێمە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێم مەحکوم دەکەین.

ڕوڕەشی بۆ کۆماری ئاخوندی ئێران.

بە هیوای سەرکەوتنی کورد و کوردستان و نەمانی ڕژێمی ئاخوندی.