Hoppa till innehåll
Hem » ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دورگەی خارگ!، شه‌ریف عەلی

ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دورگەی خارگ!، شه‌ریف عەلی

تەماشای بەرنامەی میلیتەری شۆی ئینگلیزیم ئەکرد، کە چەند شیکەرەوەیەکی پسپۆڕ بە وردی تایبەتمەندییەکانی دورگەی خارگ و، ڕێگاکانی چۆنێتی داگیرکردنیان شیدەکردەوە.

لەو بەرنامەیەدا، ئەوە خرایەڕو؛ لە کۆبونەوەیەکی نێوان سیناتۆرە کۆمارییەکان و ترەمپ دا، داوایان لە ترەمپ کردوە کە دورگەکە داگیربکات و. دەستەواژەی؛ Die on the vine یان بۆ بەکارهێناوە.

ئەو دەستەواژەیە لە ئینگلیزی دا چەند مانایەکی هەیە، بەتایبەت بۆ پێگەیشتنێکی زیاد لە پێویست کە ئیتر پێویست بە لێکردنەوە بکات. هەروەها، بۆ بڕینی سەرچاوەی ژیانی بەرانبەریش بەکاردێت کە دەبێتەهۆی لاوازبون و لەناوچونیی، بەو ئەنجامەی کە هەرگیز بەرانبەر نەتوانێت بگاتە پێگەیشتویی و کامڵبونی تەواو.

واتە: ئەم دەستەواژەیە مەبەست لێی قۆناغی لەناوبردنی شاڕەگی ژیانی بەرانبەرە، بەرەو سیسبون و، لەناوچون.

ئینجا شیکەرەوە پسپۆڕەکان، بە بەڵگەوە نیشانیان دا، ئێران هەمیشە لە ٪٨٥ بۆ ٪٩٥ی نەوتی خۆی لەم دورگەیەوە هەناردە کردوە. گرتنی ئەم دورگەیەش بەمانای؛ وشکردنی داهاتی ڕژێمەکەیە.

بێگومان، زۆربەمان دەزانین، ڕێژەی ٪١٠ ی نەوتی هەمو جیهان و، ڕێژەی ٪١٥ ی هەمو گازی دنیاش لە کێڵگەکانی ئێران دایە.

لەو ڕێژە بەرزەش، چەندین کێڵگەی فرە دەوڵەمەند لە کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان و، لوڕستانی کوردەواریی دایە.

ئەڵبەتە، کانی زێڕیش لە شارۆچکەی سەقزەوە بۆ ورمێی قاسملو، تەنانەت لە کرماشان تا لوڕستانی کوردەواریش بونی هەیە.

بەمانایەکی تر، ئەگەر بتوانرێ لوڕستانی کوردەواریی لە پرۆسەی ئاسمیلاسیۆن پاکبکرێتەوە؛ خۆرهەڵاتی کوردستان دەوڵەمەندترین و گەورەترین پارچەی کوردستانە.

پرسێکی تر کە لەو بەرنامە ئینگلیزییەدا ئاماژەی پێکرا، ئەوەبو؛ مەرج نییە هێزەکانی ئەمریکا بەلەمی هێرشبەر بەکاربێنن، بۆ ئەوەی قوربانی کەمتر بدەن.

بەڵکو، سەرەتا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەچڕی دورگەکەو پشت جەبهەکەی زۆر توند دەکوتن. بەڵام لەوەش بە ئاگان کە بۆی هەیە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمو لایەکی ئێرانەوە بە درۆن و موشەکی بالستی دورگەکە بکەنە ئامانج و، مارێنزەکان قوربانیی بەرچاو بدەن، بەتایبەت کە دورگەی خارگ تەنیا بیست مایل (٣٢ کم) دورە لە کەنارە وشکانییەکانی ئێرانەوە.

لەکاتێکدا ئێستا نزیکترین خاڵی سوپای ئەمریکا بۆ گەیشتنیان بە دورگەی خارک؛ سەدو بیست مایلە (١٩٥ کم).

جەنەراڵەکانی ئەمریکا پێیان وایە: دەتوانن لە ڕێی هێزی ئاسمانییەوە وەڵامی زۆربەی درۆن و موشەکە بالیستییەکانی ئێران بدەنەوە، کاتێک دورگەکە بە ئامانج بگرن (لە ئەگەری گرتنی دا).

بەڵام بە هەڕەمەکیی کردنە ئامانجی دورگەی خارگ لەلایەن ئێرانییەکانەوە (لە پاش ئەگەری داگیرکردنی!)؛ ڕەنگە بشبێتە هۆی کاولبونی عەمبارە نەوتییەکانی دورگەکە و، زیانگەیاندن بە بۆرییەکان، کە ئەوەش هەر بە زەرەری زۆر گەورەی ئێرانەو، بە مانای خۆکوشتنیەتی.

بژاردەی دووەمی هێزەکانی ئەمریکا ئەوەیە: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مین و بۆمبانە دەکەن کە لە دورگەکەدا بۆیان چێنراوە.

بژاردەی سێیەمی هێزەکانی ئەمریکاش زۆر کەم تێچوترە بۆیان، ئەویش بریتییە لە: بۆمبارانکردنی هەمو شتێکی دورگەی خارگ، کە بەوە؛ شاڕەگی ئابوریی-ستراتیژیی ئێران کاول دەکەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی؛ ئێران هەناردەکردنی یەک ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەدەست بدات، کە ئابورییەکەی بەتەواوی تێکدەشکێنێ و، بەلای کەمیشەوە زیاد لە یەک ساڵی دەوێ بۆ دوبارە بنیادنانەوەی دورگەی خارگ کە بتوانرێ بەکاربهێنرێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت.

لەم ئەگەرەدا نەک تەنیا ئێران، بەڵکو پشتی ئابوری چینیش دەشکێ؛ چونکە لە ٪٨٠ ی نەوتی ڕۆژانەی ئێران بۆ چین لە دورگەی خارگەوە هەناردەکراوە.

بژاردەی دورگەی خارگ وەک خاڵێکی لاوازی ئێران کە بەدەست ئەمریکییەکانەوەیە، ئەو دەرئەنجامە دێنێتەکایەوە:

١- یا؛ ئێران هەندێ سازشی نهێنیی بۆ ئەمریکییەکان دەکات، پێش ئەوەی ئەمریکییەکان بەرەو دورگەکە پێشڕەوی بکەن.

٢- یان؛ ئەمریکییەکان دورگەکە دەگرن و، ئێران لەو تەوقیتەوە ناچارە تەسلیمی ئەمریکییەکان ببێت؛ ئەگەر ئەمریکا لەو کاتەدا تەسلیمنامەی لێ قبوڵ بکات.

٣- یاخود ئەمریکا لە دوای گرتنی دورگەی خارگەوە؛ ڕوخانی ڕژێمەکە بەخێرایی دەخاتە جێبەجێکردنی تەواوەوە.

لەم دەرئەنجامەوە بۆ شیکەرەوەو سیاسییەکانی کورد ڕونتردەبێتەوە، کە:

١- پێویستە لەگەڵ پێشڕەوی ئەمریکا بۆ سەر دورگەی خارگ؛ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش بەکردەوە دەستبکەنە ڕزگارکردنی خۆرهەڵاتی کوردستان و، گێلە گێل نەکەن بەوەی؛ ئەم شەڕە درێژخایەنە. چونکە بۆی هەیە؛ پاش گرتنی دورگەی خارگ، ئێران تەسلیم ببێت، ئەگەر ئەمریکا قبوڵی بکات.

٢- پێویستە پارتیی-یەکێتیی لەکاتی گرتنی دورگەی خارگ دا، دۆخەکە بقۆزنەوەو؛ دوزخوورماتو، خانەقین، کەرکوک، شنگال و، موسڵی کوردستان ڕزگاربکەن.

٣- ئەگەر ئێران پێش داگیرکردنی دورگەی خارگ؛ تەسلیمی ئەمریکا ببێ، دواتر مەترسییەکانی بۆ باشوری کوردستان زیاد دەکات و، دەستەواژەی؛ ”ئێمە بێلایەنبوین!” لای داگیرکەرانی کوردستان نایخوات. لە سیاسەتیش دا؛ [بەرژەوەندی گشتیی دەوڵەت-نەتەوە] گرنگترینە.

لە کۆتاییدا، ئایا دەکرێ ئەم مارێنزانە تەنیا بۆ فشار بهێنن، یان بۆ ناوچەیەکی تری ئێران!؟

بۆ زیاتر، دەتوانن بابەتێکم کە لە ڕۆژی ١٨-٣-٢٠٢٦ لە ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە، بەناونیشانی: ”ترەمپ ئەو مارێنزانە بۆ کوێ و بۆچی دەهێنێت!؟”، بخوێننەوە، کە ئەمە لینکەکەیەتی:

https://www.awene.com/article?no=27366&auther=1251&fbclid=IwdGRjcAQx8kpleHRuA2FlbQIxMABzcnRjBmFwcF9pZAwzNTA2ODU1MzE3MjgAAR5hFoa6VI-ItqYoNbRtqq8QR697nhpiu_hAby0b-20vDbaR9YDkpHKichSrGQ_aem_Iqns73nYZmvomMub5flzQg

لە کۆتایی ئەو بابەتەدا، دەقاودەق ئەم پەرەگرافەم نوسیوە:

”ئەشگونجێ تێکەڵەیەک فەن لە تاکتیکێکیش دا بگونجێنن، بۆ نمونە؛ ئەم مارێنزانە بۆ داگیرکردنی دورگەی خارگ، یان بۆ لایەکی هورمز بێنن و، بە فڕۆکە بەردەوام پشت جەبهەی ئێران بکوتن. بەڵام لەو ئەگەرەش دا هەر مارێنزەکان گیانیان لە ڕیسک دایە.

بە تێفکرینی من: ئەگەر ترەمپ-نەتەنیاهۆ مەبەستیان داگیرکردنی دورگەی خارگ، یان باڵادەستیی و بەڕێوەبردنی هورمز بێ؛ ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت. یا دەبێت بەردەوام لەگەڵ داگیرکردنەکەی دا؛ پشت جەبهەکانی ئێران بە فڕۆکە بکوتن. یان هەڵگەڕانەوەیەک لە ناو پاسداران دروست بکەن.

یاخود؛ ئەو ئەگەرەی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەم ڕژێمەی ئێران کە تا ئێستا نەکوژراون؛ سازش بۆ ترەمپ-نەتەنیاهۆ بکەن لەسەر نەوت و گازی ئێران.

لەم ئەگەرەی کۆتایی دا، تێرمێکی سیاسیی-دبلۆماسیی لە مێژوی سیاسیی-دبلۆماسیی بەریتانیاو ئەمریکا هەیە، کە من بەزانستیی خوێندومە، پێی دەوترێت: ”جەنگ لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ژێر زەوی؛ نەوت و گاز”.

ئەوکات تاکتیکەکە بریتی دەبێ لە: کۆنترۆڵکردنی خارگ و هورمزی ئێران کە ستراتیژیترین شادەماری ئابوری و بازرگانیی ئێرانن”.

شه‌ریف عەلی

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

سەرچاوە: ئاوێنە