دەزانم ئەمە بە دڵی من و هەزارانی وەک من نییە کە کۆماری ئاخوندی هێشتا نەڕوخاوە و بۆ کوشتنی کورد و گەلانی ئێران هێزی ماوە. دەبێ ئەوە بزانین ئەمریکا بە دوای قازانجی خۆیەتی.

ئەم نیزامە زۆر لاواز بووە؛ زۆربەی خوێنمژە ئەسڵییەکانی، کە گەورەترینیان خامنەیی بوو، لەناو بران. ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشیی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران. ئێستا ئێران و ئەمریکا هەردووکیان خۆیان بە براوە دەزانن و هەڕەشەکانیان لە یەکتر بەردەوامە. ئەمریکا ١٥ خاڵی دیاری کردووە و ئێران ١٠ خاڵ. ئێران دەڵێت: «١٠ خاڵەکەی ئێمە لەلایەن ئەمریکاوە قەبووڵ کراوە، بۆیە ئاگربەستمان پەسەند کردووە»؛ ئەمریکاش دەڵێت: «دەبێت ئێران ١٥ خاڵەکەی ئێمە قەبووڵ بکات».
بۆیە تا ئێستا داهاتوو زۆر ناڕوونە و نازانرێت ئەم ئاگربەستە تا کەی بەردەوام دەبێت. ئەمریکا پێی وایە بە ئامانجەکانی خۆی گەیشتووە. وەک پێشتریش باسم کردووە، نیزامی ئاخوندی وەک ورچی برینداری لێ هاتووە؛ ئەم ورچە بریندارە ڕەنگە چیتر زیانی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل نەبێت، بەڵام بۆ کورد و گەلانی ئێران زۆر وەحشیتر لە جاران دەبێت و تۆڵەی ئەم زەربە قورسەی لێی کەوتووە، لە خەڵکی بێتاوان دەکاتەوە.
ئێران دەیان ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت هێزی سەربازی و ژێرخانی ئابووریی خۆی چاک بکاتەوە و ببێتەوە بە ئێرانی پێش ”شەڕی ٤٠ ڕۆژە”. بەداخەوە لەم شەڕەدا ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا بوون؛ وڵاتانی دیکە هاوکارییان نەکردن و تەنانەت ناتۆ بێلایەنیی هەڵبژارد. وڵاتانی ئەورووپاش زۆر دژی ئەم شەڕە بوون، چونکە خەمی گەورەیان گرانیی نەوت و دۆخی ئابووریی خۆیان بوو.
کورد هەرچەند بێلایەن بوو بەڵام هێرشی گەورە کرا بۆ سەر هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە 28ـی شوباتەوە (مارس) بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسان (ئاپریل)، هەرێمی کوردستان بە 698 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر. ئەوەی کە پەیوەندی بە زیانە گیانییەکانەوە هەیە، لانیکەم 17 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەم جۆرە:
● 7 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
● 1 ئەندامی ئاسایش
● 6 پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
● 2 هاونیشتمانیی سڤیل
● 1 سەربازی فەرەنسی
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی بریندارانەوە هەیە، بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، 92 کەس لە دەستپێکی جەنگەکەوە بریندار بوون.
بە گوێرەی میدیای ئێران، 10 خاڵەکە ئەمانەی خوارەوەن: کە ئەمریکا دەڵێ ئەم خاڵانە درۆن و جیاوازیان هەیە لە گەڵ دەقی ئینگلیسیەکە
1- پابەندبوونی ئەمریکا بە گەرەنتیی ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ هەڵناگیرسێتەوە.
2- بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا.
3- قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی ئەتۆمی.
4- هەڵگرتنی هەموو سزا سەرەکییەکان.
5- هەڵگرتنی هەموو سزا لاوەکییەکان.
6- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.
7- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی ئێران.
8- پێدانی قەرەبووی زیانەکان بە ئێران بەهۆی ئەو لەدەستدانانەی لە جەنگەکەدا بەریکەوتووە.
9- کشانەوەی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
10- راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش بەرەی لوبنان.
وتەبێژی کۆشکی سپی 2026/04/08: قەبووڵکردنی پڕۆژە ١٠ خاڵییەکەی ڕێژیمی ئێران درۆیە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە دەنگۆی قەبووڵکردنی پڕۆژە 10٠ خاڵییەکەی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە درۆیە و پێشنیارە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا دەبێتە بنەمای دانوستانەکان.
ئەمریکا پلانێکی 15 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئاراستەی ئێران کردووە، دیارترین خاڵەکانیش بریتین لە:
1. ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی یەک مانگ.
2. هەڵوەشاندنەوەی تەواوی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران.
3. پابەندبوونی تاران بەوەی هەرگیز هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.
4. قەدەغەکردنی هەموو جۆرە پیتاندنێکی ماددەی ئەتۆمی لەناو خاکی ئێراندا.
5. ڕادەستکردنی سەرجەم ماددە پیتێنراوەکان بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
6. داخستنی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ.
7. ڕێگەپێدان بە ئاژانسی ئەتۆم بۆ بەدەستهێنانی هەموو زانیارییەک سەبارەت بە ماددەی ئەتۆم.
8. دەستبەرداربوونی ئێران لە گرووپە چەکدارەکان و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
9. ڕاگرتنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی دارایی، لۆجستی و سەربازی بۆ گرووپە چەکدارەکان و بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
10. ناساندنی گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی دەریایی نێودەوڵەتی و ئازاد، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە و بازرگانی جیهانی.
11. سنووردارکردنی ژمارە و مەودای موشەکەکانی ئێران لە داهاتوودا.
12. بەکارهێنانی توانای سەربازیی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی بەرگریی.
13. هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
14. هاوکاریکردنی تاران لە پەرەپێدانی پڕۆژەی ئەتۆمیی مەدەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی بوشەهر.
15.هەڵوەشاندنەوەی هەڕەشەی گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی سزاکان (Snapback).
***
بۆ چوونی چەند بەڕێزێک لە فەیسبووک لە سەر ئاگربەستەکە.
ئاگری ئیسمائیل نەژاد: کۆتایی شەرێک و دەستپێکی شەرێکیتر
ئەوەی من بەدی دەکەم ئامریکا و ئیسرائیل بەو شەڕە لەگەڵ ئێران سێ کاریان کرد:
١: توانایی نیزامی ئێرانیان تێدا برد، ئێستا ئێران دەوڵەتێکە کە هێزی نیزامییەکەی لەنێو چووە و ژێرخانی نیزامییەکە لە دوو بەستێنی دەریایی و ئاسمانیدا هەر نەماوە.
٢: ژێرخانی ئابووری ئێران پێش ئەو شەرەش لە قەیرانی وەکوو بەڕۆژنەبوون و نەبوونی سەرمایە دابوو، ئێستا ژێرخانی ئابووری ئێران لەنێو چووە.
٣:بەستێنی هەڵقەدنی ئێران لە ناوچەکەیان بەدی هێناوە.
واتە شەری ٤٠ ڕۆژە ئێرانێک کە هێژمۆنی ناوچەکە بوو لەنێو بردووە و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێرانی چەند هێندە قووڵتر کردۆتەوە.
بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ناو لەسەر دەسەڵاتە و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەم رژیمە هەمان رژیمە کە پێش شەر بوو؟!
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە زووە وڵام بدەینەوە، بەڵام ئەگەر ئەو رژیمە هەمان رژیم بێت، شەرێکیتر کە شەری سازمانە ئەمنییەکانە لە نێو ئێران دەست پێدەکات و وڵاتانی وەکوو ئیسرائیل، سعودی، ئامریکا هەوڵدەدن بە ڕێگای شەری ئەمنییەتییەوە کە پێش شەری ٤٠ رۆژەش لە گۆڕێ بوو، و هەموو قورسایی سیاسی و ئابووری خۆیان ئەمجارە بەستێنی گۆڕینی کۆماری ئیسلامی بخوڵقێنن. ئەم شەڕە لانیکەمی دوو ساڵ دەگرێ.
***

ئەحمەد شێربەگی:هەرچەند شەڕی تاران و ئەمریکا وئیسرائیل ، لە دەرەوەی ویست و بڕیاری نەتەوەی کورد بوو، بەڵام یەک قازانجی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات تێدا بوو.ئەم شەڕە لە ڕووی دەروونی و ورەوە، هەستێکی جیاوازی لای کوردەکانی ڕۆژهەڵات خوڵقاندبوو.ئەگەر لەوەی تێپەرێین کە ئەوهیوایەی زەقکردبۆوە کە کورد لە خواستەکانی نیزیک دەبێتەوە بەڵام ئەوەی ئێمە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، بەهۆی بارودۆخی سەختی سیاسی و سەربازییەوە نەمانتوانی تۆڵەی ئەو جینایەتانە بکەینەوە کە تاران دەرحەق بە کوردی ڕۆژهەڵات ئەنجامی دا، دیتمان چۆن بەتایبەتی ئیسرائیل بە شێوەیەکی کردەیی و بەرفراوان، ئەو تۆڵەیەی بۆ کردووینەتەوە .زۆربەی ئەوجینایەتکارانەی کە دەستیان لە کوشتنی کورداندا هەبوو، بە سزای گەیاندن، کورد ئەگەر دەوڵەتیشی هەبوایە، نەیدەتوانی بەم شێوەیە تۆڵەی خۆی لەو داگیرکەرە بکاتەوە…
لەگەڵ ئەوەش دا ئاسۆ لەوەی ڕوونترە کە بیری لێدەکەینەوە، ئەوڕێژیمە قەت ناتوانێ بگەرێتەوە بۆ پێش شەڕی ١٢ ڕۆژە…
****
رەحیم سورخی: پەسندکردنی پێشنیارەکەی پاکستان بۆ ئاگر بەسێکی دوو هەفتە، بە مەرجی ئەوەی ترامپ هەڕەشەکەی بە کردار جێبەجێ نەکات، زۆر پێوەندیی بە ڤیتۆکانی ڕووس و چینیشەوە هەیە.
ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ ئەمریکا کە بە بێ ئەوان و ناتۆ بە هێزی خۆی ئێرانی ناچار کرد گەرووی هورمز بکاتەوە.
ئاگربەسەکە بۆ ماوەی دوو هەفتەیە، بنەمای گفتوگۆکە دە خاڵی پێشنیارکراوی ئێرانە لەگەڵ ١٥ خاڵەکەی ئەمریکا، بەڵام ئاگربەسەکە ئازادیی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزە لەو دوو هەفتەیەدایە. دوای ئەو دوو هەفتەیە چی دەبێت گرنگە. ئایا پێک دێن؟
ئێران لە ڕێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە ڕاگەیاندنێکی داوە، کە هەر دەخاڵەکەی وەک پەسندکراو و سەپێنراو بەسەر ئەمریکادا ڕاگەیاندووە، کە وا نییە، و لایەنێکی پرۆپاگەندایی ناوخۆیی هەیە کە بە خەڵکی خۆی بەسەر وێرانییەکانیدا بفرۆشێت.
ئەوە ڕاست نییە کە ئەمریکا قەبووڵی کرد بێت کە: پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت، هێزەکانی لە ناوچەکە بچنە دەرێ، شەڕ لەسەر لوبنان ڕابگیرێت.
پیتاندنەکە دەکرێت هەر 3/5 % بێت. هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەستەمە بچنە دەرێ، مەگەر تەنیا ئەوانەی ئێستا و بۆ ئەم شەڕە هاتوون،شەڕ لەسەر لوبنان پێوەندیی بەئیسرائیلەوە هەیە، مەرج نییە لە لە داهاتوودا وا بێت.
لە تویتەکەی عێراقچیدا، ١٥ خاڵەکەی ئەمریکا و ١٠ خاڵەکەی ئێران گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. هەر ئەمە خۆی ناڕاستەوخۆ ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بەدرۆ دەخاتەوە.
ئێران لە بریتیی ترامپ هەڕەشەکەی جێبەجێ نەکات، گەرووی هورمز دەکاتەوە، نەک ئەوەی ترامپ خاڵەکانی ئێرانی جێبەجێ کرد بێت. بەداخەوە، میدیای کوردی وای لێ حاڵی بوون.