Hoppa till innehåll
Hem » جەفای هێندێک کوردی پرۆترامپ دەرحەق خۆم و نووسینێکم، قادر وریا

جەفای هێندێک کوردی پرۆترامپ دەرحەق خۆم و نووسینێکم، قادر وریا

 زیندەیاد محەمەد قازی، وەرگێڕی بەناوبانگ، کە هێندێک لە خزمەکان و خزمی خزمەکانی ئەم ڕۆژانە لوتفێکی زۆریان بەسەردا باراندمi لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا شێعرێکی فۆلکلۆریی هێناوە کە کوردییەکەی دەبێتە ئەمە: ”زستان ڕۆیی و ساردی ما، هەتاو ڕۆیی و زەردی ما، یارم ڕۆیی و دەردی ما”.

جا ئێستا کە چەند ڕۆژێک بەسەر نووسینەکەی من (ئەگەر دەنگم بە ترامپ گەیشتبا!)ii و کاردانەوەی جۆراوجۆری بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا بەرامبەری تێپەڕیوە، تەپ و تۆزەکان نیشتوونەوە و من ماومەوە و بیرکردنەوە لە جەفای ژمارەیەک ”پرۆترامپ”ی ناسیاو و ناسراو، پێم باش بوو بۆ خۆشم چەند قسەیەک لەسەر ئەو نووسینە و دژکردەوەکان بکەم؛ بە تایبەتی کە چەند کەسێکیان بە ئەنقەست، لێکدانەوەیەکی ناڕاست و شێوێندراویان لە نووسینەکەی من و مەبەستە ڕوونەکانم خستە بەرچاوی بەردەنگەکانیان، هەر بۆ ئەوەی کوردایەتی، نەتەوەییبوون، سیاسییبوون و زانستیبوونی خۆیان بە من و خوێنەرانیان بفرۆشنەوە و دەرفەت بخوڵقێنن بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر خۆم و ڕابردووم. پەیج و میدیای واش هەبوونiii بە شێواندنی نووسینەکەی من و ناساندنم وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانiv، مەبەستیان ئەوە بوو جگە لەخۆم، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرایەتییەکەشی بە ناڕەوا بکەونە بەر هێرش و جنێوبارانی خوێنەرانیان. دیارە من نە هەموو ئەو پەیج و ئەکاونت و میدیایانە دەناسم کە- بە دەربڕینی هاوڕێیەکی خۆشەویستم- نان و پیازیان بەم نووسینەمەوە خواردووە، نە دەگونجێ و نە گەرەکمە وەڵامی هەموو ئەو کەسانە بدەمەوە کە بە دژایەتی لەگەڵ ئەو نووسینە و شەخسی خۆم شتێکیان وتووە. بەڵام بۆ ڕەواندنەوەی هەر چەشنە بەهەڵەتێگەیشتنی ئەو کەسانەی دوور لە ڕقی شەخسی، لەبەر کەم دیققەتی، یان لە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای بە ئەنقەست خوڵقێندراو، بە خراپ لە نووسینەکەم گەیشتوون، گرنگترین ڕەخنەکان و بۆچوونەکان لە چەند تەوەردا وەڵام دەدەمەوە:
١-ئەدەبیاتی نووسینەکە، کەسایەتیی بەردەنگەکەی، پێگەی نووسەرەکەی:
”ئەگەر دەنگم بە ترامپ گەیشتبا!” ڕۆژنووسێکی نووسەرەکەی بوو کە لە ئەکاونتی شەخسیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە. نووسەرەکەی، ئێستا نە ئەندامی ڕێبەریی حیزبێکی دیاریکراوە، نە وەک نوێنەری حیزب، یان نوێنەری هاوپەیمانییەک دواوە، نە خۆی وەک پسپۆرێکی سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری پەیمانگەکانی شەڕ و ئاشتی ناساندووە. نووسینەکە، نامەیەکی ڕەسمی نییە کە بۆ کۆشکی سپی، نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا، یان بۆ بڵاوبوونەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامە بیانییەکاندا نووسرابێت. نە توێژینەوەی زانستییە، نە پڕۆژەیەکە بۆ مەبەستێکی تایبەتی ئامادە کرابێت تا بیانووی پسپۆرانەی پێ بگیرێت. هێندێک بۆچوونی کەسیی خۆمن کە بە شێوەیەکی تێکەڵاو لە گەڵ تەنز و ڕەخنە، لە فۆڕمێک لە فۆڕمە باوەکانی نووسین و دەربڕیندا خستوومنە ڕوو. سەیر ئەوەیە هەر ئەم کورتە نووسینە لە وتار و لێدوان و توێژینەوەی زۆرێک لەوانەی خۆیان وەک شرۆڤەکار و پسپۆر ناساندووە و دەناسێنن و ڕۆژانە خوێنەر و گوێگر و بینەریان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە، قسەی زیاتری پێیە، قسەی شایانی داکۆکیلێکردن.
من ئەو کاتانەی بەیاننامە بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە دەکەم، کاتێک وتار بۆ تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ و ڕۆژنامەی ”کوردستان” و ماڵپەرەکانی حیزب دەنووسم، وەختایەک نووسینەکەم ناوی توێژینەوەی زانستی لەسەرە و بۆ گۆڤارێکی زانستیی دەینێرم، سیاسەت، چوارچێوە، بنەماکان و ڕێوشوێنەکانی پێوەندیداری بە هەر کامێکیان ڕەچاو دەکەم. تەنانەت کاتێک وەک شەخسی خۆم لە گەڵ میدیایەکی ئازاد وتووێژ دەکەم، بە سەرنجدان بە ناسراویم وەک کەسێکی سەر بە حیزبی دیموکرات، هەوڵم داوە بە سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پابەند بم، ئەگەر ڕایەکی جیاوازیشم هەیە بڵێم ئەوە ڕاوبۆچوونی خۆمە. بەڵام لەسەر دیواری خۆم و بە ناوی خۆم و لە کاتێکدا بەرپرسایەتیی ڕەسمیی حیزبییشم نییە، ئەگەربە زمانێکی ڕەخنەگرانە و تێکەڵ بە سەرکۆنە، بابەتێک لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و سەرکۆمارەکەیدا بنووسم، بە راستی ”کارەسات” دەقەومێ و مستەر ترامپ لەو بەڵینانەی لە پێوەندی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانی لە نەتەوەی کورد بەم دۆستانەی داوە، پەژیوان دەبێتەوە؟!
ڕەخنەیەک کە لەم نووسینە گیراوە ئەوەیە کە ئەم زمانە و ئەم وشانەی من بەکارم هێناون، چونکە بەردەنگەکەم سەرکۆماری ئەمریکا، بەڕێز ترامپە و دەیان میلیۆن ئەمریکایی دەنگیان پێداوە، نەگونجاوە و بێ ڕێزی بەو دەیان میلیۆن دەنگدەرەیە؟! ئەم قسەیە هەر وەک تاوانبار کردنی من بە هەبوونی سیندرۆمی ستۆکهۆڵم بە تەواوی بێ بنەمایە. ئەگەر میلیۆنان دەنگ بە کەسێک یان بڕیارێک بکەینە پێوەر بۆ بە پیرۆززانینی کەسێک یان بڕیارێک، سیستەمی دواکەوتوو و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامییش بە میلیۆنان دەنگ پەسندکرا و تەنیا زۆرینەی نەتەوەی کورد کە شعووری سیاسیی لە خەلکی بەشەکانی تری ئێران زیاتر بوو دەنگی پێنەدا. پاشان جەنابی ترامپ شتی زۆر نزمتر لە وشەی ”ئەحمەق” بە سەرکۆمارەکانی پێش خۆی دەلێت کە ئەوانیش بە دەیان میلیۆن ئەمریکایی دەنگیان پێدابوون.
وەک لە سەرەتاوە وتم لەو نووسینە بیانووپێگیراوەی مندا بەردەنگەکەم خوێنەری کوردە نەک ترامپ. ترامپ لەم نووسینەدا تەنیا بیانوویەکە بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەت و لێدوان و بڕیارەکانی؛ وێڕای ئەمەش ترامپ بۆ خۆی لە پێگەی سەرکۆماری گەورەترین زلهێزی جیهاندا لە قسەکردن و تەنانەت لە تروس سۆشیالەکانی خۆیدا بە بەردەوامی وشە و دەستەواژە و جنێوی وا بەکار دێنێت، کە ئەم وشانەی نێو نووسینەکەی من، بە بەراورد لەگەڵ هی ئەو، هەر زۆریش سەنگینن. ئەگەر دەشفەرموون لەوانەیە ئەم قسانەی بە گوێ بگاتەوە و دڵ ئێشاو بێت و لە داخان واز لە پشتیوانیی کورد بهێنێت، جا باشە با لە نێو ئەو هەمووە گیانفیدا کوردەیدا کە هەیەتی، ڕەخنەگرێکیشی هەبێت. تازە ڕەخنەکانی من بە تێگەیشتنی خۆم لە خزمەت سەرکەوتووانە جێبەجێبوونی سیاسەتەکانی ئەو لەم ناوچەیەی ئێمەدایە نەک دژایەتیی سیاسەتەکانی.
٢- ئەگەرئەو شەڕە بێ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، کۆتایی پێ بێت:
ڕەنگە لە هەڵەدابم بەڵام هەر وەک لە خاڵی دوو و سێی نووسینەکەمدا وتوومە و لێرەش پێی لەسەر دادەگرمەوە، باوەڕم وایە ئەگەر ئەم شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بێ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە کۆتایی پێ بێت و ڕێژیمەکە هەروا بمێنێتەوە، دۆڕاوەکە ئەمریکا و ئیسرائیل دەبن، براوەکە ڕێژیمی ئێران دەبێت و، قوربانییە گەورەکەش خەڵکی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی دەبن. هێندێک لە ڕەخنەگرانی نووسینەکەم، وەک دەستکەوتی ئەو شەڕە، باسی کوژرانی خامەنەیی و سەردارانی سپا و گەورە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە و ئەو زەبرانەیان بە چاوی مندا داوەتەوە کە بە هۆی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەو ڕێژیمە دراون. بەڵێ وایە و، منیش عەقڵم پێی دەشکێ و بە دەسکەوتی زۆر باشیان دەزانم و پێموایە ئیسرائیل و ئەمریکا، بە کوشتنی دڕندەترین ڕێبەران و گەورەکاربەدەستان و فەرماندەرانی ئەو ڕێژێمە کە جگە لەوەی بکوژی دەیان هەزار لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی کوردستان و ئێران بوون، بکوژی لێوەشاوەترین ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێری کوردستان و نزیکترین هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی خۆشم بوون، خزمەتێکی گەورەیان پێ کردووین.v خۆ ئەمەشم جەندین چار لە نووسین و چاوپێکەوتنەکانمدا وتووە.
ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتایی بەو ڕێژیمە نەهێنن و بە لاوازی بیهێڵنەوە، چەندی لە کورتخایەندا لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لاواز و داماو بێت، بە سەد قات زیاتر بەرامبەر خەڵکی ئێران، ئازا و دڕ دەبێت و داخی ئەم شکست و سەرشۆڕییەی خۆی بە خەڵکی ناڕازی و وەزالەهاتووی ئێران بە تایبەتی بە تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان و لە پێشەوەی هەمووانیش هی کوردستان دەردەکات. دیارە لە درێژخایەندا و لەوانەیە هەر لە سەرەتاشەوە، سیاسەتەکانی پێشووی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە و دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا، بە نهێنی و بێدەنگی دەست پێ بکاتەوە، بە تایبەتی ئەگەر گەمارۆکانیشی لەسەر لابچێت، پووڵە دەستبەسەرداگیراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت و بتوانێت بەپێی ویستی خۆی نەوت بفرۆشێت.
ئەوانەی لە کۆشکی سپی و لە هەر ناوەندێکی سیاسیی جیهان، وا بیر دەکەنەوە کە سپای پاسداران و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە ئیدئۆلۆژیکە، دەست لە پشتیوانیی گرووپە نیابەتییەکان و دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچە هەڵدەگرن، واز لە سیاسەت و کردەوە تێرۆریستییەکانیان دەهێنن، لە هەڵەیەکی کوشندە و گەوجانەدان. ئەو ڕێژیمە تەنانەت بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییش- بەو مەرجەی مافی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەیەکی زۆرکەمیشی پێ بدرێت- بە نهێنی و بە خێرایی درێژە پیدەداتەوە.
٣-ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە و دروستکردنی بەدیل و ئەرکی ئەمریکا:
ڕەخنە لە نووسینەکەم گیراوە کە ڕووخاندن، هەروەها دروستکردنی بەدیلی ئەو ڕێژیمە، هەم ئەرک، هەم مافی خودی خەڵکی ئێرانە نەک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەم قسەیە وەک بنەما و وەک پرەنسیپ تەواو دروستە. بەڵام وەک دەڵێن با بێین و ”وێنە گەورەکە” لە پێش خۆمان دابنێین. من کۆی ئەو پێنج خالانەی لە نووسینەکەمدا باسم کردبوون لە پێوەندی لەگەڵ یەکتردا دەبینم و دەخوێنمەوە. بۆچی پێموایە ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ئەرکی هەیە؟ بۆ گەیشتن بە وەڵامە دروستەکە، با چەند پرسیارێک بکەم:
– ئایا ئەمریکا دەیهەوێ بە یەکجاری کۆتایی بە هەژمۆن و دەستێوەردانەکان و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی لەم ناوچەیە بێنێت؟
-ئایا بە نەڕووخان و مانەوەی بە لاوازیی کۆماری ئیسلامی، ئەم دەستیوەردان و هەڕەشانەی ڕێژیمی ئێران بە یەکجاری کۆتاییان پێ دێت، یان دوای ماوەیەکی دیکە سەر هەڵدەدەنەوە؟
-ئەگەر ترامپ و ناتانیاهوو لە دەسەڵاتدا نەمێنن، ئایا ئەو دەسکەوتانەی ئەوان دەپارێزرێت و سیاسەتی هەوسارکردنی بە تەواویی ڕێژیمی ئێران، درێژەی پێدەدەرێت؟ یان دوای ئەوان هەلومەرجێکی لەبارتر بۆ هەستانەوەی ڕێژیمی ئێستای ئێران دروست دەبێت؟
-ئایا ڕێژیمێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامی کە ئامادەیە بە شەو و ڕۆژێک دەیان هەزار کەس لە خەڵکی وڵاتەکەی بکوژێت و بۆ قەڵاچۆی خەڵک و سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانەکان، هەزاران بەکرێگیراوی خۆی لە عێراقەوە دێنێت، بە خەڵک دەڕووخێت؟
-ئایا بەبێ ئامادەکردنی بەدیلێکی گونجاو بۆ ئەو ڕێژیمە (کە نوێنەرایەتیی فرەچەشنیی خەڵکی ئێران و خواستەکانیان بکات) ، بەڕێخستنی ڕاپەڕێنێکی سەرانسەری دژی ئەو ڕێژیمە مومکین و سەرکەوتوو دەبێت؟
لە ڕوانگەی خۆمەوە، بە بێ ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمی ئێستای ئێران دوای ماوەیەکی کەم بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و بەرژەوەندەکانیان دووبارە دەبێتەوە بە هەڕەشە. بۆ نێوخۆی ئێرانیش، بۆ سەرکوتی خەڵک و دزینی سامانی وڵات، بۆ سیاسەت و بەرنامە شەڕخوازانە و تێرۆریستییەکانی زۆر لە پێشوو خراپتر دەبێت. بە هاتنەسەری چەند دەم و چاوێکی بە ڕواڵەت نەرمتر لەوانی پێشوو، بە دڵنیاییەوە گۆڕانێکی جیددی لە هەر دوو بواری دەرەکی و نێوخۆییدا، لەم ڕێژێمەدا دروست نابێت.
بە سەرنجدان بە وەڵامی ڕاستگۆیانە بە هەر یەک لەو پرسیارانە، ئێستا هەم بەرژەوەندەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هەم بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئێران لە ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمەدایە. ترامپ بۆ خۆشی ناوی هاوکاریی لەگەڵ خەڵکی ئێرانی لەسەر ئەم شەڕەیان داناوە. بەڵام هاوکاریی ڕاستەقینە لە تەواوکردنی ئەو کارەدایە نەک لە بەجێ هێشتنی بە نیوەچڵی یان خۆهەڵخەلەتاندن. ئەم قسەیەی ترامپ تەواو هەڵە و ناڕاستە کە دەڵێت هەر ئێستا لە ئێران ڕێژیم گۆڕاوە. ئەمە ڕێخۆشکردنە بۆ خۆدزینەوە لە تەواوکردنی کارەکە.
ئەگەر ترامپ و ستافەکەی، وەک ئیسرائیل بگەنە ئەو قەناعەتە کە بەبێ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە، ئامانجی سەرەکیی ئەوان بەدیی نایە، ئەو کات بیر لە پێویستییەکانیشی دەکەنەوە. ئامادەکردنی بەدیل بۆ ئەو ڕێژیمە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و خێرا لەسەر هاتنەمەیدانی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە دادەنێت، گرنگترینی ئەو پێویستیانەیە. ئەم هەنگاوە هەروەها ڕێخۆشکەر دەبێت بۆگواستنەوەی شەڕ لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی. ئەمریکا لە ئەفغانستان دوای یازدەی سێپتامبر(٢٠٠١) و لە عێراق(٢٠٠٣) چونکە لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمی دەسەڵاتدار ساغ ببۆوە، توانیی لە ماوەیەکی کەمدا ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو وڵاتە- بەو هەمووە جۆراوجۆری و جەمسەربەندیانەشیانەوە- ناچار بە ڕێککەوتن لە سەر ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی و دەسەڵاتی کاتی بکا. بە تێگەیشتنی خۆم دروستترین بڕیار و پلان و سیاسەت لە پیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا، ئێستا بۆ ئەمریکا هەر ئەوەیە.
ئەوەش کە وتوومە پێویستە ئەمریکا حیسێبێکی تایبەتی بۆ کورد بکات، لەم ڕاستییەوە دێت کە چ لە ئێران و چە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئیسرائیلی لێ دەرچێت هیچ نەتەوەیەک بە ڕادەی کورد دۆستی ئەمریکا نییە. دەشزانم ئەمریکا نیازی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ کورد نییە و لەم بارەیەوە نامهەوێ خۆم یان خەڵک فریو بدەم، بەڵام زۆر گرنگە ئەمریکا لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆسەیەی دەستی پێکردووە، گرنگیی تەواو بە پاراستنی هەرێمی کوردستان و جێگە و پێگەی کورد و هێزە سیاسییەکانی لە ئێستا و داهاتووی سیاسیی ئێران بدا؛ پێویستە لە دابینبوونی مافەکانیان و جێگیرکردنی پێگەی شیاوی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا پشتیوانیان بێت.
ئەو بەرداشتە لە نووسینەکەی من کە چاوەڕوانم ئەمریکا فەڕشی سوور بۆ هێزە سیاسییەکانی کورد ڕابخا و ڕۆژهەلاتی کوردستانیان بە ئازادکراوی تەحویل بدا، زۆر ناڕەوا و بێ جێیە. نە من و نە ئەو هێزانە ئەو چاوەروانییەمان نییە. هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەیی قۆستنەوەی دەرفەتیان هەیە، بەڵام نابێت ئەمریکا تەنیا وەک هێزێکی شەڕکەڕ و وەک ئامرازێک بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕێکی کاتیی ئەنجام ناڕووندا لێیان بڕوانێت، بەڵکوو پێویستە بە کردەوە حیسێبی هاوپەیمانێکی درێژخایەنی خۆی- لانی کەم بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە و هێنانە سەرکاری سیستەمێکی سیاسیی گونجاو و وەڵامدەربۆ ئێران- یان بۆ بکات.

پێویستیی پاراستنی سەرچاوەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک:
بە داخەوە زۆربەی ئەوانەی ڕەخنەیان لەم خاڵەی نووسینەکەم گرتووە، لە داوی ئەو کەسانە کەوتوون کە بە ئەنقەست پەیامی نووسینەکەی منیان چەواشە کردووە. تەنانەت هێندێکیان لە ڕەخنەگرتنیان تێپەراندووە و کەوتوونە سووکایەتی و بوختانپێکردن. وادیارە لانی کەم ئەو خاڵەیان هەر نە خوێندووەتەوە، چونکە لەسەر شتێک کە من نەموتووە و و لە نووسینەکەشمدا نییە، سەرکۆنە و تاوانباریان کردووم!
بەو هۆیەوە کە دەمزانی هەمیشە هێندێک کەس لە بۆسەدان تا بیانوویەک بۆ شڵتاغ پێکردن بدۆزنەوە، ئەو خالەی پێوەندیدار بە لێدانی ژێرخان و بنکە و بنیاتەکانم زۆر بە ڕوونی لە نووسینەکەمدا هێناوە و بە شێوەیەکی تۆخ جیاوازییم لەنێوان خەڵک و ڕێژیمدا کردووە. ئەرێ بەڕاستی هیچ لێڵی وتەم و مژێک لەم ڕستەیەدا هەیە کە وتوومە لێدان لەو ژێرخانانەی کە ”پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی سەگەمەرگیی ئێستای ئەو خەڵکە ڕۆژڕەشەوە هەیە” بە خراپ دەزانم؟ خۆ یەک لە هۆیەکانی بە خراپ زانینی ئەو لیدانەشم ئاماژە پێکردووە: ”بەدەستی خۆتان ئەو خەڵکە مەکەن بە پشتیوانی ئەو ڕێژیمە لەقبووە”. سەرنجراکێش ئەوەیە بۆ ئەوەی خراپ تێگەیشتن و بە هەڵەچوون ڕوو نەدا، لەسەر لیدانی ئەو بنکە وبنیات و ژێرخانانەی کە یارمەتی بە مانەوەی ڕێژیمەکە دەکەن پێم داگرتووە و وتوومە: ”لە بەرامبەردا لێدانی زیاتری ڕێبەران، فەرماندەران و کادری بەڕێوەبەرێتیی ئەو سیستەمە و بنکە و بنیاتەکانی ڕاگری ڕێژیمەکە بکەنە ئامانج”. وەک دەبینن من باسی پاڵاوتنگەی نەوت و پێترۆشیمی و کۆمەڵگەی ”فولاد مبارکە” و هیچ دامەزراوەیەکی ئەوتۆم نەکردووە کە داهات و سوودەکەیان کەمترین پێوەندیی بە خەڵکەوە هەیە.
ئەو بابەتەی گۆرین لە کەشوهەوایەکدا نووسراو کە ترامپ هەڕەشەی لێدان لە ژێرخانەکانی ئێرانی دەکرد، لە پێش هەموو ئەو ژێرخانانەشدا ناوی دامەزراوەکانی پێوەندیداربە کارەبای دێنا؛ هەروەها دەیکوت ئێران بۆ سەردەمی بەردین دەگێڕمەوە. من لە ئێوە دەپرسم پێتان وایە ئەگەر دامەزراوەکان و تۆڕی کارەبا، لەهەموو ئێران وێران بکرێ، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کوردستان، نابێت؟ هەر لەجێدا لە خۆتان پرسیوە لە کوردستان نەبوونی کارەبا چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی خەڵک دادەنێت؟ بەبێ کارەبا نەخۆشخانەکان، دەرمانگەکان، تاقیگەکان، زایینگەکان، ئاسایشگەکان، شوێنی بەساڵداچووان و کەم ئەندامان، چ دۆخێکیان دەبێت؟ دەزانن کە نانەواخانەکان و کارگەکانی شیرەمەنی دەوەستن و پەکیان دەکەوێت؟ یەخچاڵ کەلکی نامێنێت؟ دەزانن ئاشپەزخانەی ماڵەکان لە سەردەمی ئێستادا چەند بە کارەبا و کەلوپەلی کارەباییەوە بەستراوەتەوە؟ باشە چۆن لە عەقڵتاندا دەگونجێت ئێران بگەڕێندرێتەوە سەردەمی بەردین، و هیچ وێستگەیەکی کارەبا بە پێوە نەمێنێت، بەڵام کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە، پاریزراو بێت و ژیان و گیانی خەڵکەکەی بە کۆمەڵ نەکەوێتە مەترسی؟!
پرسیاری لەمانە گرنگتر لەو کەسانەی خۆیانن لە مەمانان زۆر بە نەتەوەیی‌تر دەزانن و ئارەزوو دەکەن هەموو ئێران وێران ببێت، بە بۆمبی ئەتۆمی لە شارە گەورەکانی لێی بدرێت، تەنانەت دارتێلێک بە پێوە نەمێنیت؛ ئایا لە خۆتان پرسیوە چەند میلیۆن کورد لە بەشەکان و ناوچەکانی تری ئێراندا دەژین؟ خۆ ناکرێ لە نەتەوەییبووندا بە ئیددیعای خۆتان کەس تۆزتان نەشکێنێ، بەڵام نەزانن هەر لە تاران زیاتر لە یەک میلیۆن کورد دەژین! نەزانن کە لە پارێزگەکانی خۆراسان بە لانی کەمەوە نزیک بە میلیۆن و نیوێک کورد دەژین، نەزانن لە قەزوین، وەرامین، کەلاردەشت بە سەدان هەزار کورد دەژین. ئەوە چ نەتەوەیی بوونێک و چ شانازییەکە مەرگی میلیۆنان کوردتان هەر بەو تاوانەی لەنێو فارس و نەتەوەکانی تردا دەژین، بۆ گرنگ نەبێت؟! ئێستا ئەوە منم پشتم لە نەتەوەکەی خۆم کردووە و چەقۆی داگیرکەر دەلێسمەوە، یان ئێوەی پرۆترامپ، خراپتر لەوەی داگیرکەر بەسەر کوردی هێناوە و دەهێنێ، بۆ نەتەوەکەتان ئارەزوو دەکەن؟!
دەرفەتی پێکهاتوو وهەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
چەند ڕەخنەگرێک، سەرکۆنەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیرانیان کردووە کە دەرفەتی پێکهاتوو بەهۆی ئەم شەڕەیان نەقۆستووەتەوە و پێشمەرگەیان بۆ ڕۆژهەلات نەناردووەتەوە؛ پێشیان وایە هەر بەم هۆیەوە من حەقم نییە لە گوڵ کاڵتر بە ئەمریکا و شەخسی ترامپ بڵێم. ئەگەرچی من لە ناوەندی بڕیاری حیزبەکەی خۆمدا نیم و لەم بارەیەوە بەرپرسایەتییەک ناکەوێتە سەرشانم، بەڵام پێم وایە حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی تریش زۆر دروست و بەرپرسانە هەڵوێستیان گرتووە. هەم لە خۆڕێکخستن و خۆئامادەکردن بۆ قۆستنەوەی هەلی لەبار غافڵ نەبوون ، هەم نەکەوتوونە نێو بڕیاردانێکی هەستەکی و، لەسەر حیسابی لایڤ و پۆستە خەیاڵاوییەکانی چەند کەسی دوور لە ئاگرە سوورەکە، ڕیسکێکی ئەوتۆیان نەکردووە کە خۆیان و خەڵکی کوردستان زۆرترین قوربانیی بەهۆیەوە بدەن. جگە لەمەش کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکان، هەڵقەنراو لە کەمپ و ماڵ و بنکەکانیان، لەژێر بارانی درۆن و هاژەکدا، ئەویش لەم تەڕەساڵ و سەرمایەدا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی بەڕێوە بردووە. من ڕێز لەم خۆڕاگری و لەخۆبوردووییەیان دەگرم و لە ئاستیان سەری ڕێز دادەنوێنم.
هەڵبەت دەبێ بگوترێت ئەو قسە ناڕوون و گومانخوڵقێنەش کە لەم دوایانەدا بە ناوی پریزیدێنت ترامپ ”لە بارەی دانی چەک و چۆڵ بە کوردەکان” بڵاو بۆوە و، نەیارانی ئێرانیی دژ بە کوردیش بە پەلە حیزبەکانی نێو هاوپەیمانیی سیاسییان وەک ئادرەسی ئەم چەکانە ناساند، بەداخەوە بوو بە بیانووی درۆنباران و هاژەکبارانی زیاتری بنکە و کەمپە مەدەنییەکانیان. دوایین هەڕەشەکانی سپای پاسدارانیش کە لە زمانی سەرکۆنسۆڵەکەیان لە هەرێمی کوردستان بە دژی ئەو حیزبانە بڵاو بووەتەوە، پشت بەم قسانەی ترامپ دەبەستێ. بە خۆشییەوە ئێستا دەرکەوتووە کە ئەو تاوانبارکردنەی نەیارە ئێرانییەکان ناڕاست و لەخۆڕا بووە. بەڵام هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داهاتووی ئەو حیزبانە لە زیادبووندایە. بۆیە تکایە لە پێناوی داکۆکی لە ترامپ، چی دیکە حیزبەکانی خۆمان خەتابار مەکەن و لەسەر دیواری خۆتان لە فەیسبووک شایەدیی بە قازانجی ئەم گێچەڵسازییەی نەیارانی کورد مەدەن.
من هەم بۆ درێژنەبوونەوەی لەمە زیاتری ئەم نووسینەم، هەم بۆ لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی بارودۆخی دوای ئەم ئاگربڕەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران لە سەر هەستی بەردەنگەکانم، لە وەڵامدانەوە بە هێرشە شەخسییەکان بۆ سەر خۆم، خۆم دەبوێرم. سپاس و پێزانینی زۆرم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە بە حوکمی ویژدان و ڕەوشتی بەرزی خۆیان، لە دژی قسەی ناڕەوا و بێ ڕیزی بە من، بەدەنگ هاتوون. هیوادارم ڕەوتی رووداوەکان لە کوردستان، ئێران و ناوچە بەو ئاقارەدا بڕوات کە هەموومان ئارەزووی دەکەین.

***

1. یەک لەو ”بەڕێز”انە لانی کەم سی ساڵ لە ڕابردووی تێکۆشان من و هاوڕێیانم لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بە ”وەک پاسدارێک، پاسداری کردن بۆکۆماری ئیسلامی” شوبهاندبوو.

2.لینکی ” ئەگەر دەنگم بە ترامپ گەیشتبا”: https://www.facebook.com/kurdistanukurd.gallery/posts/pfbid02AsF6cVVAs9dePSJ3JMQkSZRduo7u96tvmQ2zLYryHS4rB66rszw6QoWJnLf12gGVl

3یەک لەو بەناو میدیا گوماناوییانە ”سپیدار گلوبال نیوز” sepidar. Global. newsلە پلاتفۆرمەکانی ئینستاگرام و فەیسبووک بوو کە من بەم ڕوونکردنەوەیە، چەواشەکارییەکەیم لەقاو دا. لینکی ڕوونکردنەوەکەم:

4.https://www.facebook.com/kurdistanukurd.gallery/posts/pfbid0QS6wkhcRMsXgqWc3GcgWYRJc31NgHzedmQQmqUSL8KvBCVwSRzZ1pZc2Ba2chRFLl

5.من لە کۆنگرەی حەڤدەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، لەسەر ویستی خۆم نەچوومەوە نێو ڕێبەریی حیزب و ئێستاش ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نیم.