Hoppa till innehåll
Hem » شەهید بوونی مووسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ و مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵ بە هۆی درۆنی نیزامی ئاخوندی ئێران 

شەهید بوونی مووسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ و مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵ بە هۆی درۆنی نیزامی ئاخوندی ئێران 

بەرەبەیانی 20260407  لە گوندی زه‌رگه‌زه‌ويى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر، درۆنی نیزامی ئاخوندی  بەر ماڵی” مووسا ئەنوەری تەمەن 39 ساڵ”  و هاوژینەکەی ” مژدە ئەسعەدی تەمەن 35 ساڵ” کەوت بەداخەوە گیانیان لەدەستدا. دوو منداڵی سێ و پێنج ساڵانیان لەدوای خۆیان جێهێشت.

دوو کچە بچکۆلانەکەی مووسا و مژدە بە ناوی  دلینی 5 ساڵ و مەلینی 3 ساڵە. لەکاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، لە ژوورێکی دیکە بوون و بەو هۆیەوە لە مەرگ رزگاریان بووە.  وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەهید مووسا ئەندامی هێزەکانی پێشمەرگەیە و لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون، ماڵەکەیان بە ئامانج گیراوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:  دوو هێرشی درۆنی بۆسەر بارەگایەکیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین پشتڕاست دەکاتەوە و دەشڵێت، بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانە ”دەخەینە ئەستۆی ئێران و گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق.” هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەمان شەو سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستەی سنووری هەولێر کرابوون، ماڵی پێشمەرگەیەکی بەناوی (مووسا ئەنوەر) بەئامانج گرت، بەهۆیەوە پێشمەرگەکە و هاوژینەکەی شەهید بوون.

وەک سایتی پێشمەرگەکان: سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسو کاریان دەکەین و ئاخرین خەمیان بێ، رورەشی بۆ کۆماری ئاخوندی ئێران و بە هیوای روخانیان و رزگار بوونمان لە دەست ئەم نیزامە تێرۆریستە. 

من پێشتر ئەم بابەتەم نووسی  ”ئێران وەک ورچی برینداری لێ هاتووە و کورد بێدەنگە؛ ساڵە نەڵۆسی”  و چەندین جاریش لە سوسیال میدیا نووسیومە، بە مەحکوم کردن هیچ ناکرێ، با کوردستانیەکان بەتایبەت لە باشووری کوردستان بێنە سەر شەقام، ئەو کاتەیە  تێرۆر رادەوەستێ.  تا بێدەنگ بین هەر تێرۆرمان دەکەن. 

هێرشی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە 28ـی شوباتەوە بۆ نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7ـی نیسان، هەرێمی کوردستان بە 698 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر. ئەوەی کە پەیوەندی بە زیانە گیانییەکانەوە هەیە، لانیکەم 17 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەم جۆرە:

● 7 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان
● 1 ئەندامی ئاسایش
● 6 پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
● 2 هاونیشتمانیی سڤیل
● 1 سەربازی فەرەنسی

ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی بریندارانەوە هەیە، ‎بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، 92 کەس لە دەستپێکی جەنگەکەوە بریندار بوون.

***

روداو:‌ وێنەکان وێرانکاریی ماڵەکەی دەردەخەن، بووکەڵە و نەعلی منداڵەکانی لەگەڵ داروپەردوو و کەلوپەلی نێو ماڵەکەیان تێکەڵ بوون.

****

روداو: لە شیرینی خەودا درۆن کۆتایی بە خەونەکانی مووسا و موژدە هێنا و دوو منداڵیان بێناز مانەوە،  دڵنیا رەحمان

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گوندی زەرگەزەوی، بێدەنگیی شەو بە ئاگر و ئاسن شکا. تەنیا چرکەساتێک بەس بوو بۆ ئەوەی خەون و ئاواتی 9 ساڵەی خێزانێکی 4 کەسی ببێتە خۆڵەمێش. 
مووسا و موژدە؛ دوو هاوژینی بێتاوان کە ژیانە سادەکەیان لە ماڵێکی لادێی دوور لە ئاژاوەی شەڕ دەگوزەراند،  بەرەبەیانێک، کاتێک لە شیرینی خەودا بوون، هێرشێکی تیرۆریستی بووە میوانی ناخواندەی ژووری نوستنەکەیان. مووسا و هاوژینەکەی گیانیان سپارد، بەڵام دوو کچە بچکۆلانەکەیان لە ژوورێکی دیکە بوون و بە رێکەوت لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دوور بوون و رزگاریان بوو.
محەممەد میرزا، ئامۆزای شەهید مووسا بە رووداوی گوت: ”دەنگێکی زۆر بەهێز هات، من خەریکی دەستشووشتن بووم؛ یەکەمجار پێموابوو لە ماڵی ئێمەی داوە، بەڵام دواتر گوتیان لە ماڵی مووسای ئامۆزام دراوە؛ بەداخەوە خۆی و هاوژینەکەی شەهید بوون.”
هاوار و شیوەنی دایە خەزەر کە دایکی 5 کوڕ و 4 کچە، دەگاتە ئاسمان. ئەمە یەکەم جار نییە جەرگی بە داخی رۆڵەکانی دەسووتێت، ئەو هەر 5 کوڕەکەی کردبووە پێشمەرگە. کوڕێکی لە ساڵی 2018 و لە تەمەنی 33 ساڵیدا، لە چیای قەرەچووخ لە شەڕی دژی داعش شەهید بوو؛ ئێستاش مووسای تەمەن 39 ساڵی، لە شەڕێکدا لەدەستدا کە نە خۆی و نە نیشتمانەکەی، لایەنێکی ئەو ململانێیە نەبوون.
خەزەر مەحموود، دایکی شەهید مووسا گوتی: ”بریا منت لەگەڵ خۆت بردبا مووسا. بریا موژدەت نەبردبا.. ئێستا دلین و مەلین چی بکەن بێ ئێوە؟”
مووسا نزیکەی 15 ساڵ پێشمەرگە بوو؛ هاوڕێکانی وەک مرۆڤێکی رووخۆش و پڕ لە هیوا دەیناسن کە هەمیشە پلانی جوانی بۆ داهاتووی کچەکانی هەبوو، بەڵام بەرەبەیانی سێشەممە، تەقینەوەی درۆنێک لەنێو ماڵەکەیدا، خاڵی کۆتایی لەسەر هەموو پلانەکان دانا.
شوان نووری، هاوڕێی شەهید مووسا باسی لەوە کرد: ”هەموو شەوێک لە ماڵی ئەوان بووین، زۆر میواندۆست بوو و بەردەوام حەزی دەکرد خەڵک لە ماڵەکەی کۆببنەوە. دوێنێ شەویش لە ماڵی شەهید مووسا بووین تاوەکو کاژێر 11:10، دوای ئەوە ئەو رووداوە روویدا.”
ئێستا دلین و مەلینی تەمەن 3 و 5 ساڵان، بەردەوام سۆراخی باوەشی دایک و باوکیان دەکەن؛ ئەوان هێشتا نازانن کە ئیتر بۆ هەمیشە لەو نازە بێبەش بوون. تەرمی دایک و باوکیان بردرایە گۆڕستانی گوندی زەرگەزەوی و لە تەنیشت مامە شەهیدەکەیان بە خاک سپێردران.

 سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.

شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.

شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.

مەسعود بارزانی
7ی نیسانی 2026

****

روداو:‌ مەسرور بارزانی: ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێ بە سزای خۆی دەگات 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەندین جارە بەبێ هۆ و بەبێ پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، ”بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێ، دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکان گوتی، ”بەداخەوە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان”.

مەسرور بارزانی بەشداریی لە پرسەی مووسا و موژدە کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی درۆنیدا شەهید بوون. لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی کرد و جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە.

***


”وەیسی ئاخر سەعید شێروانی” پێشمەرگەی برینداری هێرشەکەی سۆران شەهید بوو

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر سنووری سۆران، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، ”وەیسی ئاخر سەعید شێروانی”، پێشمەرگەی سەر بە فیرقەی پێنجی پیادەی فەرماندەیی دەڤەری یەک، دوای ١٥ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر و ململانێ لەگەڵ سەختیی برینەکەی، ئەمڕۆ تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: ”بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان.”

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی خاکەلێوە، بارەگای فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە دوو هێرشی جیاوازدا بە شەش مووشەکی بالستیک کرانە ئامانج.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا لە هەمان ڕۆژدا ٦ پێشمەرگە شەهید بوون و ٣٠ی پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە ژمارەی شەهیدان گەیشتە ٧ کەس