دۆخی ئێستای ئێران و هەڵوێستی نێودەوڵەتی ، بەداخەوە لەم شەڕەدا ترامپ و نەتانیاهوو تەنیا مانەوە؛ وڵاتانی دیکە وەک ڕێوی کلکیان خستە نێوان قاچیان و خۆیان مات کرد. وڵاتانی ناتۆش کە تا ئێستا ئەمریکایان وەک پشتیوانی خۆیان دەدی، پشتیان تێ کرد و کڕوومات دانیشتن.

ئەوان ئەم شەڕە بە هی خۆیان نازانن، بەڵام زۆر هەڵە دەکەن. پێم وا نییە ئەم هەڵوێستەیان تەنیا لە ڕووی ترسەوە بێت لە کۆماری ئاخوندی، بەڵکوو زیاتر خەمی سووتەمەنییان هەیە؛ ئێستا نرخی سووتەمەنی ڕوو لە هەڵکشانە و ئەمەش بە دڵی ئەوان نییە.
دەستوەردانەکانی ڕێژیم لە ئەورووپا و سوید
زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و سوید (کە منی لێ دەژیم)، ئێران دەیان کردەوەی تیرۆریستی تێدا ئەنجام داون و هاوکار بووە لەگەڵ گرووپە مافیاکانی سوید بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانی، کە ئاسایشی سویدیان شڵەژاندووە.
ئاخوندەکان هەزاران کەسی خۆیان وەک قوتابی و ”نێردەی سیاسی” بۆ ئەم وڵاتانە و تەنانەت ئەمریکاش ناردووە، ئێستاش ئاکتیڤیان کردوون بۆ ئەوەی دژایەتیی شەڕ بکەن. بەداخەوە هەندێک هێزی دژبەری ڕێژیمیش وەک ”موجاهیدینی خەلق” کەوتوونەتە ناو ئەم خەتە؛ زۆربەی هێزە مەزهەبییەکان و چەپەکانیش دژایەتیی ئەمریکا دەکەن.
ڕۆڵی ترامپ و نەتانیاهوو و داهاتووی وڵات
کورد و نەتەوە ئازادیخوازەکان دەبێ تا ئەبەد سوپاسی سەرۆک ترامپ و نەتانیاهوو بکەن کە نیزامی ئاخوندییان تا ئەندازەیەکی زۆر کۆ کردەوە و ڕێبەرە بکوژەکان و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیییان لەناو برد و سەبوورییان خستە دڵی ئەو دایکانەی کوڕەکانیان بێتاوان شەهید کرابوون.
داهاتووی ئەم شەڕە ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا کراوە، گەورەترین خزمەتە بە کورد و گەلانی ئێران. ترامپ و نەتانیاهوو دەڵێن کە نایانەوێت حکومەت بڕووخێنن، بەڵام زەمینەیان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی گەلانی ئێران ئەم نیزامە بگۆڕن، بەتایبەت ئەگەر کودەتایەک بکرێت بۆ ئەوەی چیتر ئێران وێران نەبێت و ئێران نەبێ بە غەززە. پێشتر باسم کردوە ئەم نیزامە دەیهەوێ ئێران بکاتە غەزە و دەڵێن دوای کۆماری ئیسلامی هیچ هێزەک لە ئێران دەسەڵاتی نابێ و ئیمامی مێهدی دێ.
مەترسییەکانی بێدەنگی و چارەنووسی گەلان
ئەگەر گەلانی ئێران ڕانەپەڕن، ئێران وەک غەززەی لێ دێت؛ وەک پێشتریش وتوومە، ئەوە پلانی ئەسڵیی ئەم نیزامەیە و پێیان وایە دوای ئەوان تەنیا ”ئیمامی مەهدی” دێت و حکومەتێکی تر لە ئێراندا سەر هەڵناداتەوە. تا گەلانی ئێران و هێزەکانی، بەتایبەت فارسەکان، دەست لەسەر دەست دابنێن، ئێران وێرانتر و کۆماری ئاخوندیش لەخۆباییتر دەبێت.
هەڵوێستی کورد بەرامبەر باشوور و ڕۆژئاوا
ئێران سەرووی 600 هاژەک و درۆنی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە، بەداخەوە کەس نەهاتە سەر شەقام دژی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە. کاتێک لە ڕێکەوتی 6/1/2026، هێرشی گرووپەکانی ”ئەحمەد شەرع” بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستی پێ کرد و دواتر هێڕش بۆ سەر هەسەدە کرا ، کوردەکانی هەر چوار پارچە ڕاپەڕین و خۆپێشاندان لە ناوخۆ و دەرەوەی کرا و هاوکارییان گەیاندە ڕۆژئاوا.
پرسیار ئەوەیە: بۆچی کوردستانییەکان بەرامبەر هاژەک و درۆنەکانی ئێران بۆ سەر باشوور و بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وا بێدەنگن؟ بۆچی یارمەتی بۆ بنەماڵەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کۆ ناکەنەوە؟ ئەم بێدەنگییە ڕەوایەتیدانە بە نیزامی ئاخوندی.
کۆتایی و دەرئەنجام
هەموو کوردێک دەبێ بزانێت ئەگەر کۆماری ئاخوندی لە ڕووخان ڕزگاری بێت، هێرشەکانی بۆ سەر کورد چڕتر دەکاتەوە؛ چونکە لە کورد بێپشتیوانتر شک نابات. بەداخەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان زۆر خۆفرۆش هەن کە بە ئاشکرا بوونەتە جاشی ئێران.
بە هیوای ڕووخانی نیزامی ئاخوندی و ئازادی بۆ گەلانی ئێران و ڕزگاریی کوردستان لەم حکومەتە دڕندەیەی کە ڕەحم بە منداڵی ناو بێشکەش ناکات.