نەیارانى کوردستان، نەک هەر ئێستا، بەڵکوو زۆر لەمێژە هەر دەرفەتێکیان بۆ ڕێک کەوتبێت بۆ ئازاردانى گەلى کورد و وێرانکردنى کوردستان درێغییان نەکردووە و پەلاماردانەکانى مێژووی دوێنێ باشترین بەڵگەن،

ئێستاش وێڕاى ئەوەى هەر لە سەرەتاى گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکە، هەرێمى کوردستان لە شەڕ و ململانێیەکاندا بێلایەنیى خۆى ڕاگەیاندووە، بەڵام دوژمنان و نەیارانى نامەرد، بە پاساوى شەڕى ئەمەریکا و ئیسرائیل، تاکە قەوارەى گەلى کورد لە ناوچەکەدا کە بەدرێژایی 34 ساڵى رابردوو جگە لە ئاشتى و ئاوەدانى و پێکەوەژیان و پێشکەوتن و ئارامى بۆ ناوخۆ و دراوسێیەکانى، هیچ مەترسى نەبووە، چاویان پێ هەڵنایەت و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت لەنێو ئاگرى ئەو شەڕەدا تێوەى بگلێنن.
ئەو هێرش و پەلاماردانە مووشەکى و درۆنییە تیرۆریستانەیە لە کاتێکدایە، چەندین جار سەرکردایەتیی سیاسیى کوردستان و بەتایبەت لە سەر زارى سەرۆک مەسعود بارزانى و هەموو دامودەزگاکانى دیکەى کوردستانەوە، بە شێوەى فەرمى راگەیەندراوە کە کوردستان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان نەبوون و نابنە بەشێک لەم شەڕ و ململانێیانەی ناوچەکە، بگرە هەمیشە هۆکارى چارەسەریى لۆژیکانە و دیپلۆماسییانە و ئاشتییانە بووە، بەڵام لەپاڵ دوژمنە نامەردەکانەوە، کۆمەڵێک خۆفرۆشى کوردزمان و دەروون نەخۆش دەیانەوێت پاساو بۆ ئەو هێرش و پەلاماردانە تیرۆریستییانە بهێننەوە و شەرعییەتى پێ بدەن.
ئەمە لە کاتێکدا گرووپ و تاقمە میلیشیا عێراقییەکانى سەر بە ئێران و خودى ئێرانیش نەیانتوانى ئەم هەڵوێستە وەک خاڵی خستنەدەرەوەى هەرێمى کوردستان لە هێرشە ناڕەواکانیان بەکار بهێنن، و بەڵکوو بە شێوەیەکى زۆر ستەمکارانە و نامرۆڤانە و بەبێ هیچ پاساوێکى ڕەوا، ڕووى مووشەک و درۆنەکانیان کردووەتە هەرێمى کوردستانى ئارام و ئەم گەلە ئاشتیخوازە.
جاش و خرفرۆشان وەک پیشەی هەمیشەییان بە زمانى ژەهراوی و قەڵەمفرۆشى و هەڵوێستە ناکوردانە و بەکرێیگراوەکانیان پاساو بۆ سیاسەتى دوژمنکارانەى نەیارانى کورد دێننەوە، چونکە ئەو سیاسەتە چەوتە دژ بە هەرێمى کوردستان کە هیچ پێوەرێکى دراوسێتى و دۆستایەتى و بێلایەنى ناخۆێنێتەوە و بەردەوام هەموان لە خۆى دەکات بە دوژمن، چونکە ڕشتنى خوێنى پێشمەرگە قارەمانەکان و شەهیدکردنیان و ئینجا شەهیدکردنى ئەندامانى دەزگا ئەمنییەکان و خەڵکى سڤیل و شەو و رۆژ مووشەکباران و درۆنبارانکردنى هەولێرى پایتەخت و ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن گرووپ و میلیشیا تیرۆریستەکانى حەشدى مورتەزەقەى بەرەى (مقاوەلە) مقاوەمە، هیچ پاساوێک جگە لە دوژمنکارى بەرامبەر بە کورد و کوردستان هەڵناگرێت.
ئەوان خەونى ئەوە دەبینن کوردستان لەنێو ئەو جەنگەى ناوچەکە تێوە بگلێنن، بەڵام لەسایەى سیاسەت و خوێندنەوەى ژیرانەى سەرۆک بارزانى، سەرۆکى هەرێم، سەرۆکى حکوومەت و هەموو هێز و لایەنە دڵسۆزەکانى کوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەرێمى کوردستان بەشێک نەبووە و نابێت لەم جەنگە، ئەم سیاسەتە بێلایەنییە لە هەموو ئاستەکانى گوتارى سیاسى و دیپلۆماسى و میدیایی لە ناوچەکە و جیهاندا دەنگى داوەتەوە، کەچى لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنانى کوردستان بەردەوامن لە پەلاماردانى ئەم گەل و ئەزموونە، چونکە لە رووى میدیاییشەوە هەرێمى کوردستان بێلانیى خۆى لەم جەنگدا پاراستووە و وەک هەموو میدیا جیهانییەکان پیشەییانە کارەکانى کردووە.
ئەوەى نەیارانى کورد بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا دەکەن روون و ئاشکرایە، چونکە ئەوان لە ڕابردوو و ئێستاشدا چاویان بە بوونى قەوارەیەکى سیاسى و کوردستانێکى بەهێز هەڵنایەت، چونکە ئەم قەوارەیە لەدەرەوەى ئیرادەى ئەوان دروست بووە و مەرام و نەخشەکانى ئەوان پەیڕەو و جێبەجێ ناکات.
بەڵام پرسیارى سەرەکى ئەمەیە، خەڵکانێکى خۆفرۆش لە ناوخۆدا و بە قەڵەمە ژەهراوییەکانیان و بە دەروونێکى نەخۆش، کاتێک پاساو بۆ هێرش و پەلاماردانە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەهێننەوە، ئیتر بە هەر لۆژیکێک بێت ئەوان چ جیاوازییەکیان لەگەڵ دوژمنان و چاوساغیى وەک ئەندامێکى دەزگاى هەواڵگریی نەیارانى کوردستان هەیە؟ ئەو بەکرێگیراوە کوردزمانانە چۆن دەتوانن نان بخۆن بەهۆى شەهیدکردنی کورد و وێرانکارکردنى ماڵى کوردان و پاساویش بۆ پەلاماردانى هەرێمى کوردستان بهێننەوە؟
کاتى ئەوە هاتووە ئەو جۆرە قێزەوەنانە ڕووبەڕووى دادگا و سزاى قورس بکرێنەوە، چونکە ئەو کەس و لایەنانە نەخۆش و دوژمنترن لە دوژمنانى کوردستان و ئەزموونەکەی، کە بەرهەمى خوێنى شەهیدان و خەباتى دەیان ساڵەیە، بۆیە ئەو دوژمنایەتى و چاوساغى بۆ نەیارانى کوردستان، نەک هەر پەیوەندیى بە شەڕى ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەوە نییە، بەڵکوو درێژەپێدانى زیهنییەتى فاشیزمى و دوژمنکارییە بەرامبەر بە دۆزى رەواى کورد و هەرێمى کوردستان و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
سەرچاوە: باس نیواز