هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد تاسەی ئاشتی نەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کەم نەتەوە هەن کە هێندەی کورد بە ناوی ئاشتی و برایەتییەوە فریو درابن. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات، تەنها پێویستە سەیرێکی سەدەیەک لەمەوبەر بکەین.

لە ساڵی ١٩١٩، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، مستەفا کەمال ئەتاتورک ئەو کاتەی لاواز بوو، تێگەیشت کە پێویستی بە پاڵپشتیی کوردە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تورکیا لە ئەنادۆڵ. بۆیە باسی لە برایەتی، هاووڵاتیبوونی هاوبەش و ناسنامەی ئایینی هاوبەش دەکرد، لە هەمان کاتدا بەڵێنی مافی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی بە سەرکردەکانی کورد دەدا.
کورد بڕوای پێکرد. شانبەشانی تورکەکان جەنگان. دواتر پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ هات و بەڵێنەکان ونبوون.
دەستووری ساڵی ١٩٢٤ چوارچێوەیەکی نەتەوەیی تورکی دامەزراند، ناسنامەی کوردی ڕەتکرایەوە و دروشمی “چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت: ‘من تورکم!” جێگەی زمانی برایەتیی پێشووی گرتەوە.
دواتر شۆڕشەکانی شێخ سەعید، ئاگری/ئارارات و دەرسیم لە ئەنجامی ئەوەدا دروستبوون و هەموویان سەرکوت کران.
ئێستا، دوای سەدەیەک، زمانی برایەتی دەگەڕێتەوە. ئەوەش لەبەر ئەوە نا کە تورک حەزی بە برایەتی بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە تورک لە ترسی ئەو گۆڕانکارییەدا کە ئەگەری هەیە لە ناوچەکەد رووبدات لە بەرژەوەندی کورد، ئەوان باسی برایەتی دەکەن.
بەڵام گرنگە لەم هەلومەرجە بگەین، لە ڕاستیدا دوو شتی سەرەکی ڕوو دەدات کە جیاوازن و هەر یەک بەجودایی پێویستی بە تێگەیشتنە:
یەکەم پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری دانوستانی داوە لەسەر چەکدانان و لە ڕێگەی سەرۆک و دواتر سەرکردایەتییەکەیەوە خەریکی ئەو پرۆسەیەیە. ئەمڕۆ پرۆسەی وازهێنان لە شەڕ و چەکدانان کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. بەڵام بابەتەکە پەیوەستە بەو پارتە سیاسییە چەکدارییەوە و دیارە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی و چەکداری، ئەوان خۆیان باشتر لە ئاکامە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەزانن و ئەو بابەتە زیاتر پەیوەستە بە خۆیانەوە.
دووهەم باسی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک دەکرێت. ئەمەیان پەیوەستە بە نەتەوەی کوردەوە. بەڵام پێش ئەوەی قسەی لەسەر بکەین، دەبێت لە چوارچێوەی نەتەوەدا لە ئینتیگراسیۆن تێبگەین.
ئینتیگراسیۆن، وشەیەکی بنەچە لاتینییە لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەیدا بریتییە لە هێشتنەوەی تایبەتمەندی خۆ و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتر.
حکومەتەکانی ئەوروپا هەمیشە داوای ئینتیگراسیۆنی لە کۆمەڵگە بچووکە کۆچبەرەکانی وڵاتەکەیان دەکەن. لەوانە کورد، تورک و عەرەب…. بۆ نموونە ئەو کوردانەی لە ئەڵمانیا دەژین، هانی ئینتیگراسیۆن دەدرێن لە ناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بەوەی ئەوان فێری زمانی ئەڵمانی ببن، بەشدار بن لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا، کار بکەن، دەنگ بدەن، باج بدەن، پابەندی یاساکانی ئەڵمانیا بن و خزمەت بە وڵاتەکە بکەن، لە هەمان کاتیشدا بە کوردی قسە بکەن، کولتوورەکەیان بپارێزن و ناسنامەی کوردیی خۆیان بهێڵنەوە. واتە ئینتیگراسیۆن لە ڕووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا لە جیهاندا بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزی یان ئاینییە کە کۆچی کردووە بۆ وڵاتی تر و دەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتەدا خۆی بگونجێنێت کە بڕیاری داوە تێیدا بژی.
ئایا ئەمە بۆ نەتەوەی کورد گونجاوە؟
بە درێژایی مێژوو ئەمە داواکاری کورد نەبووە. لەبەر ئەوەی ئەوە داواکارییەک نییە کە بۆ نەتەوەیەکی ببێت کە لەسەر خاکی خۆیدا دەژی و ژمارەی زیاتر لە چل ملیۆن بێت. وەک ئاماژەی پێکرا، بۆ ئەو کۆمەڵگە بچووکانە گونجاون کە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی تر و بڕیار دەدەن لەوێ بژین. لەبەر ئەوە، لە ڕۆژئاوادا، بە ئامانجی هێنانەکایەی ئارامی کۆمەڵایەتی، هەمیشە هانی ئیتیگراسیۆنی کۆمەڵگە بچووکە کۆچبەرەکان دەدرێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگانەی کە تێیدا دەژین. بەڵام ئەوروپا ناڵێت ئینتیگراسیۆنی دیموکراسی، واتە وشەی دیموکراسی لەگەڵ بەکارناهێنێت. ئەوەش لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگەکانیان دیموکراسییە و ئەوە جۆرێک لە سادەترین مافە کە بە کۆمەڵگە کۆچبەرەکان دەدرێت.
ئەگەر کورد ئامانجی ئەوە بێت کە بەشێک بێت لە کۆمەڵگەی ئێرانی، عێراقی، تورک و سوری و باڵادەستی ئەو نەتەوانە قبوڵ بکات، ئەوە هێندەی داواکاری ئەو نەتەوانەیە، دواکاری کورد نییە. هەر بۆیە ناکرێت نەتەوەیەکی وەک کورد، دوای سەد ساڵ خەبات و سەدان هەزار شەهید، هەمان مافی کۆمەڵگەیەکی کۆچبەری دوا بکات و ئەوەش بە بەدیهێنانێک دابنرێت.
لە ڕاستیدا ئینتیگراسیۆن بۆ نەتەوەیک کە لەسەر خاکی خۆی بژی، ئەگەر دەسەڵاتێکی سیاسی و بەڕێوەبردنێکی ناوچەیی لەگەڵ نەبێت، تەنها بریتییە لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆی توانەوە لە ناو دەوڵەتە سەردەستەکاندا. بەو جۆرە ئەمەی کە دەگوزەرێت و گەر ئامانج و ئاواتی کورد بێت، ئەوا ئاکامە درێژخایەنەکەی بریتییە لە توانەوەی کورد و لەدەستدانی ئیرادەی وەک نەتەوە. بەڵام لەبری ئەوەی کە پرۆسەکە خێرابێت، بەشێوەیەکی لەسەر خۆ و کەمتر توندوتیژ بگوزەرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە کام نەتەوە لە جیهاندا بەوە ڕازییە کە ببێت بە بەشێک لە سیستمی نەتەوەیەکی تر. کام نەتەوە بەوە ڕازییە کە لەسەر خاکی خۆیدا بژی و چارەنووسی ئینتیگراسیۆن بێت. ئایا ئەمە داواکاری کوردە یان نەتەوە داگیرکەرەکانی خاکەکەی؟
پوختەی قسە ئەمەیە، گەر ئامانجی کورد ئینتیگراسیۆن بێت، ئەوا جیاوازی ئەمڕۆ و سەدەیەک لەمەوبەر شتێکی ئەوتۆ نیە و لە هەندێک ڕوووەوە خراپترە. نزیکی سەدەیەکە لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٢٣ دا ئەوەی لە لۆزان ڕوویدا، هەوڵێکی یەکلایەنەی تورک بوو بۆ توانەوە و نەهیشتنی کورد بێ ئەوەی کە کورد ڕازی بێت. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، کورد خۆی شەرعیەت دەدا بە توانەوە، لەژێر ناوی ئینتگراسیۆندا. ئینتیگراسیۆن، بۆ نەتەوەیەک کە لەسەر خاکی خۆیەتی، هەر توانەوەیە بەڵام بەشێوەیەکی لەسەر خۆ و ئارام و کەمتر توندوتیژی.
مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە بە تایبەتی بۆ ئەو نەتەوانەی کە وانەی لێ وەرناگرن.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر
