حکوومەتی کۆماری ئیسلامی جگە لەوەی لەگەڵ قەیرانی سیاسی و سەربازیی گەورەی ناوچەیی بەرەوڕوو بووەتەوە و، ئەگەری هێرشی ئاسمانی و زەمینی و دەریاییی ئەمریکا و

هاوبەشەکانی وەک پرسێک لەسەر مێز لانەچووە و هەرکاتێک پێنتاگۆن لە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران ڕازی نەبێ و سوور بێ لەسەر پێشمەرج و فێڵ و تەڵەکەبازییەکانی، ئیدی ئەو کات دەرفەتی زیاتر بۆ ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی کۆشکی سپی دەڕەخسێ تا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نەتەوەیی و بەچۆکداهێنانی حکوومەتی سەربازیی ئێران بدەن.
ڕێژیمی تاران لە دۆخێکی ئەوتۆ نالەباری سیاسی، سەربازی و ئابووریدا چەقیوە و تەنانەت توانا و هێزی چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانیانی لەدەست داوە و حکوومەتی ناوەندی هەروەک دەیبینین لەلایەن هێندێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی سپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێ و حکوومەت و پارلەمان بە قەولی خۆیان دەسەڵاتی شەرعی، بەتەواوی بێدەسەڵات و ناشەرعی کراون و بەکردار شتێک بەناوی دامەزراوەی سیاسی و دەستووری نەماوە.
خوێندنەوەی کاربەدەستانی تاران سەبارەت بە دۆسیەی تەنگەی هورمز و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئەوەی لەو دۆخە بەرپرسە و بارودۆخی وڵاتی لە هەموو بارێکەوە بەرەو هەڵدێر بردووە، کاربەدەستانی دەسەڵاتی ناوەندیی سیاسی و سەربازین لە تاران، چونکە لێکدانەوەی ناژیرانە و خۆبەزلزانانەیان کردووە.
ئەوەی جێگای هەڵوێستەسەرکردن و شرۆڤەی زیاترە ئەوەیە کە باڵی سەربازیی سپای پاسداران خۆیان بە براوەی ئەو شەڕ و کاولکارییەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەزانن و وایان وێنا کردووە کە حکوومەتی تاران لە بەرامبەر گەورەترین زلهێزی جیهاندا ڕاوەستاوە و بەرگری لە مانەوەی خۆی کردووە و ئەنجامی باشی بەدەست هێناوە. بەڵام ئەو مانەوە و بەرگریکردنە بە چ نرخێک بووە و ئەو وڵاتە لە چ دۆخێکدایە؟ بەڕاستی تاران چ دەستکەوتێکی سیاسی و سەربازیی بووە کە هێندەی پێدا هەڵدەڵێ و خۆی بە براوە دەزانێ!
دەستکەوتی ئەم بارگرژییە جگە لە داڕمانی کەرتی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی ڕۆژانەی پێداویستییەکانی ژیان و بێکاری و تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ دونیای دەرەوەدا، چ سەرکەوتن و دەستکەوتێکیان بەدەست هێناوە تا گەلانی پێکهێنەری وڵات بە شیاوی دەستخۆشیی بزانن؟ هەڵگەڕانەوە و بێزاریی شەقامی سیاسی و پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک تادێ زیاتر دەبێ و لە ئاکامدا، ڕێژیمی ئاخوندی جگە لە دەستەوەستانی و نائومێدبوونیان بە داهاتووی ڕەش و ملهۆرانەیان، ناتوانن ئەنجامێکی دیکە لە درێژەی ئەو قەیرانە وەربگرن و ئەمجارەیان ئەمریکاش خەریکە سەبری بەسەر دەچێ و زیاتر لەوەی کە ڕوویداوە، ناتوانێ بەرامبەر بە چاوسوورکردنەوە و مەترسییەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێی ئێران و هاندانی دەستوپیوندەکانی تەماشاچی بێ و هەڵوێستی جدیی نەبێ.
دیارە تاران تورەکەی بەجۆرێک بۆ ئەنجامی دانیشتن و گفتوگۆکان هەڵدرووە کە بە دانی ئیمتیازێکی بچووکی ئابووری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ڕەفتارەکانیان ڕازی دەکەن و بەردەوام دەبن لەسەر ئەو سیاسەتەی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندووەتە لوتکەی ئاڵۆزی و بارگرژییە سیاسی و سەربازییەکان. گومانی تێدا نییە ئەمریکا بە مەرجەکانی تاران ڕازی نابێ و ئەگەر ئەوەش ڕوو بدا، جگە لەوەی متمانە و پێگەی بەتەواوی بەرەو لاوازی دەچێت، لەلایەکی تریشەوە هەر بەو جۆرەش دەبێ بۆ چین و کۆریای باکوور شل بکا و بە مەرجەکانی ئەوانیش ڕازی بێ؛ جا ئەگەر ئەوە ڕوو بدات کە محاڵە ئەو وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن بێتە دی، دەبێ کۆشکی سپی بە دەستی خۆی پرسەی باڵادەستیی سیاسی و سەربازیی خۆی بۆ دۆست و نەیارەکانی دابنێ.
واشنگتۆن بە هیچ جۆرێک نایەوێ پێگە و هەژموونی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدەست بدا کە ئەو ناوچەیە لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە گرنگی و ستراتیژیی تایبەتی بۆ ئەمریکا هەیە و ئەگەر چاوێک بە دواوەی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکاندا بگێڕین، ئەوکات ئەو ڕاستییە زیاتر خۆی دەردەخات و ئەوکاتە ولایەتە یەکگرتووەکان بوون بە جەمسەرێکی خاوەن پێگە و هێزی ئابووری کە توانی کۆنترۆڵی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
ئەمریکا وەکوو هێندێک لە دژبەرانی ناوچەیی لە ئێستادا شەڕی بەرژەوەندییەکانی دەکات و کارێک ناکات بە ڕێککەوتن و سازانی لابەلا، زیان بە پێگە و نفووزی بگات و حکوومەتی ئێران بەسەر بارودۆخی ناوچەکەدا زاڵ بێت و مەترسی لەسەر هاوبەشە نزیکەکانی دروست بکات و لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی وەکوو چین و ڕووسیا لەسەر ئاستی ناوچەکەدا پێشڕەویی فرەتر بکەن و شوێنی ئەمریکا بگرنەوە.
ئەمریکا وەکوو وڵاتێکی بەهێز، ئەگەر بە ژیری بڕیارە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا نەدات، گومانی تێدا نییە ئەوان لە هەلی شکاندنی توانا و هێزی ئابووریی واشنگتۆندان و چین بەڕاشکاوی کەوتووەتە شەڕی گەورەی تەکنۆلۆژی و ئابووری لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها پاراستنی ڕێژیمی تاران لەلایەن چین و ڕووسیاوە بە هۆکاری سیاسی نییە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ناوەندە گرنگ و هەستیارە سیاسی و ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی دەمێکە هەستیان بە نهێنیی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی ژێر پەردە کردووە و هەر لەبەر ئەوەشە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر لە ڕابردوو لەو بارەیەوە هاتووەتە سەر خەت و بە وردی بارودۆخی ناوچەکە دەکۆڵێتەوە و بە بڕیارێک زیان بە خۆیان و دۆستەکانیان ناگەیەنن و تاران وەکوو نەیار و دژبەری خۆیان دەزانن و لێی ناگەڕێن زیاتر کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات.
لە کاتێکدا لایەنی ئێرانی هەوڵ دەدات دانوستانەکان بە شێوەی ڕێککەوتنێکی تەواو و نزیکبوونەوەی نێوان دوو وڵات پیشان بدات، لایەنی ئەمریکی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێشتا بابەتە سەرەکییەکان چارەسەر نەکراون و هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی پێویستی بە دانوستانی زیاتر و ڕێکخستنی وردی پابەندییەکان و گەمارۆکان هەیە.
بەدڵنیاییەوە پێناچێت بە یەک دوو کۆبوونەوە کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێت و هەر لایەک هەوڵ دەدات زیاتر مەرجەکانی خۆی لەو سازانە نوێیەدا جێگیر بکات.
ئەمریکا جگە لەوەی بەتەواوی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەرچاو دەگرێ، کارێک ناکات زیان بە دۆستایەتی و متمانەیان لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانە سیاسییە ناوچەیییەکان بگەیەنێ و جەڵەوی سەر ئێران شل ناکەن کە پێی هاربێت. ئەمریکا بەتەنیا لەگەڵ ڕێژیمی ئاخوندیدا لە ئاڵۆزیدا نییە، وڵاتانی وەکوو چین و کۆریای باکووریش هاوشێوەی تاران دژایەتیی پێگە و باڵادەستیی واشنگتۆن دەکەن و ناکۆکییەکانی ئەو لایەنانە ئەوەندە زۆرن، پێناچێت بەم زووانە لەسەر ئەو پرسانەی جێگای مشتومڕی سیاسی و ئابووری و سەربازین چارەسەر بکرێن و پەیوەندییە سیاسییەکانی ئەو چوار پایتەختە ئاسایی بێتەوە.
بارودۆخی سیاسیی جیهان و ناوچەکە بەجۆرێک شڵەژاوە پێناچێت بە چەند دانیشتن و قاوەخواردنەوەیەک چارەسەر بکرێ و کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ناکۆک بێت، لەبەر ئەوەی ڕیشەی ئاڵۆزییەکان مێژوویەکی تایبەتی سیاسی و سەربازیی هەیە و هەر لایەک لە وڵاتان هەوڵی پاراستنی باڵادەستیی خۆی دەدات.
ڕێژیمی ئاخوندی زیاتر لە چوار دەیە دەبێ بە سەرچاوەی فیتنە و ئاژاوەی ناوچەیی ناسراوە و بەردەوام هەوڵی بارگرژی و قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکان دەدات، ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکانیشی لەسەر لابەرێت و لەگەڵیدا ڕێک بکەوێت، گەرەنتییەک نییە کە تاران دیسان لە پشتی شەڕ و ئاڵۆزییەکان خۆی بەدوور بگرێت. ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات، بەرهەمی شۆڕشی توندئاژۆ و میحوەرخوازیی ڕێژیمی ئاخوندییە و بەدڵنیاییەوە خۆی لەو پرسە بێبەری ناکات و بەردەوام لە پشتی هاوبەشەکانی دەمێنێتەوە، هەرچەندە وەکوو ساڵانی ڕابردوو هێزی بەسەر ناوچەکەدا نەماوە و پاشەکشەی پێ کراوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی تێک نەکەوتووە.
بێگومان ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە کە بەرژەوەندیی گشتیی تێیدا پارێزراو بێ بوونی نییە و تاران هەوڵ دەدات سوود لە ڕێککەوتنی تەنگەی هورمز و ئەتۆمی وەربگرێت و لانیکەم ڕێژیمی تاران لە داڕمان بپارێزن، لە کاتێکدا ماوەی ئەو دەسەڵاتە دەمێکە لە وەختی گوزەرواوە و لەسەر زیادی ماوەتەوە.
ئێران بۆ ڕێککەوتن مەرجی خۆی داناوە و هەموو هەنگاوەکانی گرێ داوە بە لابردنی سزا ئابوورییەکانی سەر تاران لەلایەن ئەمریکاوە، واتا ئەگەر پێشوەخت گەمارۆکانی سەر تەنگەی هورمزیش لانەچن، دۆخەکە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و ئاسۆی چارەسەرکردن دژوارتر دەبێت.
تا وڵاتانی دیکتاتۆری وەکوو ڕێژیمی تاران جەڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێ، ناکرێ ئومێد لەسەر ئاشتیی ناوچەیی هەڵبچنرێ.
دیارە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینیش گەلێک ئاڵۆزە و لەسەر پێگە و نفووزیان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا زۆر ناکۆکن و هەر لایەک ئەوەی تر بە هۆکاری تێکچوونی هاوسەنگییەکان دەزانێ، ئەگەر بەو جۆرە ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، مەترسییەکان گەورەتر دەبن و ئەو بابەتەش زیانی گەورە بە سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییی ناوچەکە دەگەیەنێت و ئابووریی وڵاتانیش بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبات. پێشبینی دەکرێ ئەمریکا کێشەی ئێران بە سەرکەوتنی خۆی کۆتایی پێ بێنێ و ئەو ڕێژیمە ناچار بە قبووڵکردنی مەرجەکانی بکات، ئەگەر ئەوەش نەکات، بژاردەی سەربازی وەکوو تەنیا ڕێگەی زاڵبوونی بەسەر دۆخی ناوچەکەدا بەکار دێنێت و ئیدی ئەو کات دەکرێ کورد وەکوو نەتەوەیەکی بەهێز و ڕێکخراو تەپڵی سەرکەوتنی سیاسیی خۆی لێ بدات.
محەممەد سلێمانی
