"an independent online kurdish website

ژنانی مافخواز و خەباتگێری کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیarm_jnan

خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە بە هەموو لایەک رابگەینین، کە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووهەمین کۆنگرەی خۆیدا، کۆنگرەی “گەشەی بیری ژنان” و لە ژێر دروشمی “دابین بوونی مافی ژن، گارانتیی ئازادی و دێموکراسییە”، دوای دوو رۆژ کار و تێکۆشانی بەردەوامی ئەندامانی کۆنگرە، توانیی سەرکەوتوانە کۆتایی بە کاری خۆی بهێنێت.
کۆنگرەی دووهەمی یەکیەتیی ژنان لە هەڵومەرجێکی تایبەتیی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت ئێراندا، بەرێوەچوو و ئەم ئاڵوگۆڕانە بوونە هۆکاری ئەوە کە ئەمـڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە پێویستی تێکۆشانی پتر بکەین. بەوەش ئاگادارین کە ئێران بە هۆی گوشارە نێونەتەوەییەکان لە لایەک و بارودۆخی نالەباری ئابووری و هەروەها زەبر و زەنگ و گوشاری حکوومەتی ئیسلامی لە سەر خەڵکی بێ‌دەرەتانی ئێران و بە تایبەت ژنان لە لایەکی دیکەوە، رۆژبەدوای رۆژ لەگەڵ دژواری زیاتر بەرەوڕوو دەبێتەوە.
ئەندامانی یەکیەتیی ژنان بە لەبەر چاو گرتنی ئەم بارودۆخە، بە هەست بە بەرپرسایەتییەکی بێ‌وێنە، بارودۆخی هەنووکەیی جیهان و ئێرانیان هەڵسەنگاند و بە بەستنی کۆنگرەی دووهەم توانیان بە شێوەیەکی تەواو دێموکرات، بەڕێوەبەرییەکی نوێ‌ هەڵبژێرن. ئەم بەڕێوەبەرییە لەلایەن کۆنگرەوە راسپێردراوە کە لەهەمبەر ئاڵوگۆرەکانی ناوچە وشیارانە و وردبینانە هەڵوێست بگرێت و لە هەموو دەرفەتەکان بە قازانجی سەربەستی و ئازادیی ژنانی کوردستانی ئێراندا کەڵک وەربگرێ‌.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک بەرابردووترین رێکخراوی تایبەت بە ژنان لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورددا، بە پشتیوانیی کۆماری کوردستان و بەتایبەت دامەزرێنەری کۆمار، پێشەوا قازی محەممەدی نەمڕ و هاوسەری سەربەرزی ئەم رێبەرە مینا خانم و کچەکانی، دامەزرا و بوو بە پێشەنگی خەبات بۆ ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران. داوا لە هەموو ئەندامانی یەکیەتی ژنان دەکەین کە بە لەبەرچاو گرتنی ئەم گرینگیە، بە توانا و هێزێکی زیاترەوە پەیوەست بە ریزەکانی یەکیەیتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن و بە هاوکاریی ئەم رێکخراوە و پشتیوانیی پیاوانی رووناکبیر، ببنە دەنگی ژنی کورد لە کوردستانی ئێران.
لە ناخی دڵمان سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە لە بەڕێوەبردنی کۆنگرەکەمان هاوکارییان کردووین لە سەرەوەی هەموویانەوە حیزیی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو ئۆرگانەکانی پێوەندیدار بەم حیزبە.
کۆنگرەکەمان کاتژمێر 5ی بەیانی رۆژی 25ی رێبەندانی 1390ی هەتاوی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

  کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی
یەکیەیتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
30ی رێبەندانی 1390ی هەتاوی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی