"an independent online kurdish website

نه‌ریتی نامه‌نووسین بۆ سه‌رکرده‌ی حیزب و سه‌رۆک کۆمار ورێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕ و  دیکتاتۆره‌کان تا راده‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌وانه‌ی گرنگیی به‌ ئه‌م شێوه‌ له‌ ته‌قه‌لای سیاسی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کان ده‌ده‌ن،kosar_fettahi

شتێکی نامۆ و دوور له‌ چاوه‌ڕاوانی نییه‌.  ده‌سبردن بۆ قه‌ڵه‌م و داڕشتنی ئیده‌ و فرموڵه‌کردنی داخوازییه‌کان یان به‌رجه‌سته‌کردنی ره‌خنه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی نامه‌ و نامه‌نگاری دا بێ زه‌ره‌رترین  کارێکه‌ که‌ زۆرێک له‌ چالاکانی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن و تێکڕای مه‌به‌ستیش  ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ رێگای ئه‌م نامانه‌وه‌ بیر و زه‌ینی  سه‌رکرده‌کان بۆ لای گرنگترین قه‌یرانه‌کانی رۆژ رابکێشرێ که‌ ئه‌وان (سه‌رکرده‌کان) به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ پێکهێنان و به‌رده‌وامکردنیدا ده‌وریان گێڕاوه‌ و ده‌ستیان تێدا هه‌یه‌. نامه‌کانی ئه‌و نوسه‌ره‌ گۆشه‌گیره‌ی نێو رۆمانی ” ئازادی یا مه‌رگ؛؛ ی نیکۆس کازانتزاکی بۆ سوڵتانی عوسمانی له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی  به‌رگریکارانه‌ی خه‌ڵکی دورگه‌ی کرێت دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنانه‌ی داگیرکه‌ره‌ تورکه‌کان، له‌ راستیدا هه‌وڵێکه‌ بۆ ناچارکردنی ده‌زگای  فه‌رمانڕه‌وایی عوسمانییه‌کان تا گوێ له‌ حیکایه‌تی پڕ ره‌نجی کرێتییه‌کان بگرێ. ته‌قه‌لا‌یه‌که‌ له‌و په‌ڕی بێ هیوایی دا ده‌یه‌وه‌ێ هیوایه‌ک به‌ بینینه‌وه‌ی رێگای چاره‌ی ئاشتیانه‌ی کێشه‌کان ببه‌خشێ . نامه‌ی په‌یتا په‌یتا و ماندوونه‌ناسه‌ی  نوسه‌ره‌ گۆشه‌گیره‌که‌ که‌ بێزاره‌ له‌ شه‌ڕی خوێناوی ئه‌و دیوی دیواری ژووره‌ بچووکه‌که‌ی و وا ده‌زانێ نامه‌کانی سه‌رئه‌نجام رۆژێک  ده‌گه‌نه‌ مه‌قسه‌د و فه‌رمانڕه‌وای عوسمانی رۆژێک له‌ رۆژان سه‌ری یه‌کیان هه‌ڵده‌پچڕی و ده‌یخوێنته‌وه‌. نوسه‌ری خۆشخه‌یاڵی نامه‌کان به‌ڵام  هه‌رگیز جوابێک وه‌رنا‌گرێته‌وه‌ و شمشێری  رووتی تورکه‌ داگیرکه‌ره‌کان به‌ واسیته‌ی ئه‌م نامه‌نه‌وه‌ ناچنه‌نه‌وه‌  نێو کالانه‌کانی خۆیان.

مێژووی سی وچه‌ند ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامیش بووه‌ته‌ سه‌به‌بی نووسینی زۆر نامه‌ی بێ وه‌ڵامی که‌سانیك که‌ زووتر و زیاتر مه‌ترسییه‌کانیان بێنیوه‌ و رێبه‌رانی ده‌ره‌جه‌ی ئه‌وه‌ڵی ئه‌و رژیمه‌یان  لێ ئاگادار کردۆته‌وه‌. نامه‌کانی ئایه‌توڵا مونته‌زری بۆ خومه‌ینی له‌ سه‌روبه‌ندی کوشت وبڕ و ده‌سدرێژیکردنی بێ ئه‌مانی پاسه‌وانه‌کانی زیندانه‌ خۆفخوڵقینه‌ره‌کان بۆ سه‌ر ژیان و که‌رامه‌ت و نامووسی به‌ندییه‌ سیاسییه‌کان، له‌ مێژووی نامه‌نگارییه‌ سیاسیی و حقووقییه‌کانی  ئه‌م سی وچه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیداره‌تیی کۆماری ئیسلامیدا جێگا و بایه‌خی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌. نامه‌ی 123 نوسه‌ر وچالاکی فه‌رهه‌نگی بۆ ئایه‌تولا خامنه‌یی له‌ سه‌روبه‌ندی قه‌تڵه‌ زنجیره‌ییه‌کانی ده‌وره‌‌ی ئیسلاحات و نامه‌کانی  ناوه‌نده‌کانی به‌رگری له‌ مافه‌کانی مرۆڤ بۆ سه‌رۆکی ده‌زگای قه‌زایی و نامه‌ پڕ نێوه‌رۆک و ویژدان بزوێنه‌کانی قاسم شعله‌ سه‌عدی ، میهدی که‌رووبی و نوریزاد و ده‌یان نامه‌ی بێ وه‌ڵامی که‌سایه‌تییه‌ مه‌زه‌بیه‌کانی سونی و خوێندکارانی  زانستگا و ژنانی  مافخواز و هتد  بۆ خامنه‌یی هیچکام زه‌ڕره‌یه‌ک له‌ ویژدانی خه‌وتووی خومه‌ینی و خامنه‌ییان  وه‌ئاگا نه‌هێنا و ته‌نانه‌ت نامه‌ی  مێژوویی هاشمی ره‌فسه‌نجانیش، یاری غاری خامه‌نیی، نه‌یتوانی  مێشک و ویژدانی سه‌هۆڵبه‌ستووی  سه‌رمه‌ستانی ده‌سه‌ڵات  نه‌رم و زیندوو بکاته‌وه‌. حیکایه‌تی ئه‌م نامانه‌، له‌ داستانی نامه‌ سه‌رگه‌ردانه‌کانی فیلمی “همسفر؟” ده‌چێ که‌ کوره‌ گه‌نجه‌ عاشقه‌که‌ بۆ بوتی عیشقی خۆی ره‌وانه‌ ده‌کا و سه‌رئه‌نجام کاتێ بۆی ده‌لوی له‌ نزیکه‌وه‌ گورانیبێژه‌ سه‌رمه‌سته‌که‌ی ببینێ له‌ گه‌ڵ کۆگایه‌ک نامه‌ی که‌ڵه‌که‌بوودا رووبه‌روو ده‌بێته‌وه‌ و پاش گه‌ڕانێکی زۆر یه‌ک  له‌ نامه‌کانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و هه‌ر خۆیشی بۆی ده‌خوێنێته‌وه‌.

له‌ به‌ستێنی بزووتنه‌وه‌ی کوردیشدا له‌ به‌شی رۆژهه‌ڵات نامه‌ناردن بۆ سه‌رکرده‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌کان بۆ خۆی جۆرێک نه‌ریتی دروست کردووه‌ که‌ گه‌ر به‌ دوایدا بچین ره‌نگه‌ بۆ خۆی حیکایه‌تێکی دیکه‌ی بۆ وتن پێ بێ. یه‌ک له‌و نموونانه‌ی که‌ لێره‌دا بۆ باس له‌ سه‌رکردن هه‌ڵی ده‌بژێرم ئه‌و چه‌ندین نامه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ لایه‌ن که‌س یان که‌سانێکه‌وه‌ رووبه‌ری عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌ وه‌ک سیمای دیاری ناو بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا کراوه‌ته‌وه‌. ره‌نگه‌ زۆر نامه‌ هه‌بن که‌ سه‌رئاوه‌ڵا نه‌نوسرابن و ئه‌مێستا له‌ ئارشیوی پڕ ره‌مز و رازی حه‌سه‌نزاده‌دا سه‌ریان به‌ سه‌ریه‌که‌وه‌ نابێ و تۆزی رۆژگار هه‌ڵ بمژن. به‌ڵام سێ له‌ و نامانه‌ی که‌ له‌م دووساڵه‌ی دواییدا نێردراون، وه‌ک نموونه‌  به‌ شاهید ده‌گرم تا روون بێته‌وه‌ که‌ سه‌رئه‌نجامی قسه‌ و باسه‌کانی نوسه‌رانی ئه‌م نامانه‌ به‌ کوێ گه‌ییون.

نامه‌ی یه‌که‌م،  نامه‌ی نوسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌یه‌ که‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ سه‌ر به‌ مۆری بۆ به‌ڕێزیان و هاوکاتیش بۆ ره‌قیبه‌ سیاسییه‌که‌ی مسته‌فا هیجریم ناردووه‌ و تێیدا  له‌ زمان خیزانی شه‌هیدێکه‌وه‌‌ کۆمه‌ڵیک داواکاریم بۆ په‌یجووربوونی چاره‌نووسی  قه‌تلوعامی 17ی سه‌رماوه‌ز بۆ به‌ڕێ کردوون و داوام لێ کردوون که‌ نفووز و کاریگه‌ری خۆیان بخنه‌ گه‌ڕ و له‌ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی باشووردا به‌ رێگای یاساییدا سوراغی خوێنی به‌ ناحه‌قڕژاوی ئه‌و پۆله‌ له‌ تێکۆشه‌رانی حیزبی دیموکرات بگرن که‌ له‌ که‌لی دووکان و له‌ به‌ر ده‌روازه‌ی شاری کۆیه‌دا  به‌ گوله‌ی غه‌در وخه‌یانته‌وه‌ بوون. ئه‌م نامه‌یه‌  تاکوو ئێستاش  ته‌نانه‌ت جوابێکی شه‌خسیشی وه‌رنه‌گرته‌وه‌!

نامه‌ی دووه‌م، نامه‌ی هادی سۆفی زاده‌ ، ئه‌ندامی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان بوو به‌ ناوی  ”وڵامێکی کورت له‌سه‌ر رونکردنه‌وه‌که‌ی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده ” که‌ بۆ ‌عه‌بدوڵای حه‌سه‌نزاده‌ و به‌ سه‌رئاوه‌ڵایی نووسرا و تێیدا وێرای وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ هێندی به‌دگومانی مامۆستا له‌ ئاست خۆێدا، چه‌ند خالێکی وه‌ک داواکاری نه‌ته‌وه‌یی ته‌رح کرد که‌ ئه‌گه‌ر بهاتبا و مامۆستا وه‌ڵامی بدابایه‌وه‌، له‌ راستیدا هیوایه‌کی گه‌وره‌ی له‌ دڵی ره‌خنه‌گره‌کانیدا دروست ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ندی من ئاگادار بم، شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی حه‌سه‌نزاده‌ له‌ ئاست ئه‌م نامه‌یه‌دا بێ ده‌نگه‌کردن و ره‌نگیشه‌ هه‌وڵێکی لابه‌لا بۆ په‌ژیوان کردنه‌وه‌ی  نوسه‌ری نامه‌که‌ بووبێ.!

نامه‌ی سێهه‌م، ئه‌مما ئه‌م نامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ”کۆمەڵێک لە ئەندامان‌، کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆو دەرەوه‌”ی  وڵاته‌وه‌ ونوسراوه‌ و له‌ ژێر سه‌ردێڕی ” نامەیەکی دڵسۆزانە بۆ مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزاده‘ و کۆمه‌ڵێک باس و خواس له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌نووکه‌یی ناو ریزه‌کانی حیزبی دیموکرات ده‌خاته‌ روو و داواکاره‌ که‌ که‌مێک مونسیفانه‌ چاو له‌ ریزبه‌ندی کار و کرده‌وه‌کانی خۆی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی بکا و هه‌ڵه‌کانی خۆی به‌و شێوه‌یه‌ که‌ هه‌یه‌ ببینێ. ئه‌م نامه‌یه‌ تاکوو ئێستا بێ وه‌ڵامه‌ و ره‌نگه‌  دووه‌مین نامه‌ی ده‌سته‌جه‌معی بێ که‌ جارێکیان به‌ ناوی کۆمه‌ڵیک خوێندکاری کوردی ناوخۆی وڵاته‌وه‌ نێردار و ئه‌مجاره‌ش به‌ ناوی ئه‌ندامانی حدک ه‌وه،‌ ببێته‌ جیگای شک و گومان بۆ ماۆستا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ هیچ ئیمزایه‌کی له‌ ژێردا نییه‌، وه‌ک نامه‌یه‌کی وه‌همی و فریوده‌رانه‌ چاو لێ بکرێ!؟

بۆ من گرنیگ نییه‌ ئه‌م نامه‌ی دوایی کێ نووسیویه‌تی، به‌ڵکوو گرینگ بۆ من موخاته‌بی  نامه‌که‌یه‌ که‌ ده‌کاته‌ مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌ و له‌ راستیشدا ئه‌م نامانه‌ و ره‌نگه‌ نامه‌کانی داوتریش که‌ پێده‌چێ بنووسرێن، نه‌خش و ده‌وری کاریگه‌ر و پڕ ره‌نگی حه‌سه‌نزاده‌ له‌ مێژووی حیزبی دیموکراتدا ده‌سه‌لمێنێن و هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌رپرسیاره‌تی وی له‌ ئاست  روونکردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی  دیارده‌ و رووداوه‌کانی ئه‌م ده‌یان ساڵه‌ی به‌ سه‌ر حیزبه‌که‌دا تێپه‌ڕیون زیاتر له‌ جاران زه‌ق و به‌رچاوتر ده‌کا.  قه‌ناعه‌تی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ مامۆستا سه‌رچاوه‌  و وه‌ڕێخه‌ری زۆر یه‌ک له‌و رووداوانه‌یه‌ که‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی به‌ سه‌ر حیزبی دیموکراتدا هاتوون و له‌ هه‌مانکاتدا کلیلی چاره‌سه‌رکردنی زۆرێک له‌ کێشه‌کانیش بووه‌ که‌ و ره‌نگه‌ ئیستاش هه‌ر وا بێ. ستاتووسێک که‌ مامۆستا له‌ حبزبی دیموکراتدا هه‌یبووه‌، به‌ رای من بۆ ئه‌وه‌ ده‌بوو که‌ وه‌ک باوکی مه‌عنه‌وی  تێکۆشه‌رانی دیموکرات چاوی لێ بکرێ، به‌ مه‌رجێک که‌ بۆ خۆی بیویستایه‌. به‌ڵام ره‌وتی رووداوه‌کان  نیشانیان دا که‌ مامۆستا زیاتر له‌ بازنه‌یه‌کی بچووکتری کۆڕی ره‌فیقه‌‌ نزیکه‌کانیدا ئاسووده‌یه‌  و ئه‌مه‌ی لا پێ خۆشتر بووه‌ تا ئه‌وی دی.

ئه‌گه‌ر که‌سانی نزیک و دۆستانی ده‌ورووبه‌ری مامۆستا لێ گه‌ڕێن و خۆیان له قه‌ره‌ی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ نامه‌ی ره‌خنه‌گرانی مامۆستا نه‌ده‌ن، ره‌نگه‌ بکرێ له‌ دۆخێکی باشتردا دیالۆگی نێوان مامۆستا و نوسه‌ری نامه‌کان ببێته‌ دیالۆگێکی به‌رفراوان و ئاستی باسه‌کان به‌ره‌و دروستکردنی کۆریک بۆ گفتوگۆ و لێکحاڵیبوون په‌لکێشمان بکا. قسه‌ له‌وه‌دا نییه‌ که‌ مامۆستا له‌ ریزی تێکۆشه‌راندا وه‌ستاوه‌ و هه‌رگیز ناچێته‌ ریزی هیچ دیکتاتۆر و حاکمێکی ملهوڕه‌وه‌، به‌ڵام

حیکایه‌تی نامه‌ سه‌رگه‌ردانه‌کانیش وه‌ک حیکایه‌تی خه‌باتی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتووی ئه‌م ده‌یان ساڵه‌ی ئازادیخوازان هه‌روا به‌رقه‌را ر و بێ کۆتاییه‌.

ئۆسلۆ22.02.2011

تێبێنی پێشمه‌رگه‌کان : له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کاک کۆسار له‌ بابه‌ته‌که‌یان دا باس له‌ نامه‌یه‌ک ده‌که‌ن که‌ له‌م ڕۆژانه‌ دا ڕووبه‌ به‌ڕیز مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ نووسراوه‌ ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بابه‌تی به‌ڕیزیان هی ساڵی 2012 یه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌ڵه‌ 2011 نووسرابێ که‌ نه‌مان ویست ده‌ستکاری بکه‌ین.

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خۆر نیوز{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی