بەڕووخسەتی خوشکە خەدیجە مەحموودی وەک ڕێز لێنان و یاد کردنەوە لە شەهید و فەرماندەی نەمر حەمەعەزیزعەزیزی ئەو نووسراوەیە وەک نامەیەک کە لە زمانی خوشکە خەدیجەوەبۆ شەهید حەمەعەزیزم نووسیوە
کە هیوادارم جێگای ڕەزامەندی هەموولایک وبە تایبەت بنەماڵەی ئە شەهیدە سەربەرزە بێت.
لەوەڵاتی سەهۆڵبەندانی دڵ وگوڵە ژاکاوەکان وباڵندە غەمگینەکانەوە،نامەیک ،کە وشە سەوزەکانی پرچی زەردی پایز شانە بکات و گەڵای وەرێوی ژێرداری گۆڕستانەکان وە سەما خات، بەفڕەی باڵی کۆتری خەیاڵم و بۆنی ونەوشەی حەز وهەنسکی نیوە شەوم،بۆ تۆی ئوقرە گرتوو لەئامێزی نیشتیمانم دەنێرم تا کانیاوی” باژاڕ”بە دەم مۆسیقای باران وئاوازی گریان،بیخوێنێتەوە.
لەو رۆژەوەی بەستەی غوربەت بو بە ئاوازی گورانی دابرانمان، ویستم نامەیک بە پێنوسی سیحراوی دڵ و لە سەرڵاپەڕەی ئەوینمەوەبۆت بنوسم. بەڵام ،هەوری غوربەت سێبەری بە سەڕ روحی تینووی وشەکانم دا خستووە وڕووناکی خۆری ڕستەکانمی لەژێر سێبەری خۆیدا شاردۆتەوە. رووباری تاسەم تێکەڵی سیروانی چاوەکانم دەکەم وبە هەناسەی دڵی زامدارمەوە بۆتۆیێک دەنوسم، کە دوایین کات جەستەی زامدارت خستە سەردڵمەوە ونیشتیمان بەدەسماڵی کرێشمەیی بووکەلەکەی خۆی، ئارەقەی ناو چاوانتی دەسڕیەوەو نەسیم دڵی زامدارتی فێنک دەکردوەو مونیرە رووناکی ئاویزانی باڵات دەکردو، موژدەش، ئاوازی سۆزی بۆ دەخوێندی . نامەکانی دڵداریت،ئێستاش میوانی تەنیایم دەکەن و ڕووباری چاوەکانم تێکەڵی دەریای مەندی بیرەوەریەکان دەکەن. شەوانە بە دەم ڕووناکایی کزی مۆمی حەسرەتەوە چاو بە وێنەکانت دادگێرم وباوەشی سۆز بەجەستەی هەر هەموویان دا دەکەم و بارانی فرمێسکیان بە سەر دا ئەبارێنم. دابڕان مێوانی تەنیایی کردووەم وباڵی پەپولەی حەزی سووتاندووەم.
یادگاریەکانی ژیانمان ئێستا دەستیان خستۆتە دەستی رۆژگاروبزەی خۆشەویستی بە دیاری بۆ هەتاو دەبەن.ئێستاش ،هەواڵت دەپرسن وهەموو ئێوارەیک چاوی دڵیان لە رێگای دووری گەڕانەوت دەبڕن وچاوەڕیێ هاتنەوەت لە ئێوارە پایزێکی غوربەت دا ئەکەن. .خەمی دوریت رەشە شەوی قژەکانمی شردۆتەوە و ئیستا پرچەکانم لە سپی باڵی پەپولەکان ئەچن، رووناکی چڕای چاوەکانمی کز کردووە وژیلەمۆی تاسەمی وەگڕ خستووه.
نازانم بۆ،خاکی غەریبی بوو بە میڕاتی دڵی من و هاوڕێیانت.خۆبڕیار نەبووهاوڕێیانت روحیان دیلی قەفەسی غوربەت بکەن وئاوازی وون، بۆ دارستان وچیاکان بخوێنن.لێرەوە شێعر بۆ ئازادی بنوسن وپەخشانی ئەسرین ملوانکەی گەردەنی بکەن ولەم غوربەتە دا فو لە مۆمی لە دایک بوونی بکەن و لێرەهەڵپەڕکێ ،بۆکۆمارەکەم بکەن.لێرە دەبێ !شەو ئاهەنگی یەکبوون بگرن و شێعری تارا وفرمێسکی دڵی زامداری خوشکی شەهید، سەهۆڵی دڵیان بتوێنێتەوە وئارەقی شەرمی ناوچاوانیان بسڕێتەوە وتامی باوەشی، یەکبوونیان بیرخاتەوە! لێرە دەبێ دوایین پێکی شەڕابی ئەوینی نیشتیمانیان بخۆنەوە وخاکی تاراوگە، هێڵانەی مەلی روحیان بێت وغوربەت سێبەری گۆڕیان بێت.
هۆ “حەمەی”روحم لە هاواڕی دڵمت بۆ بنووسم یا لە تەنیایی شەوگارم یا ن لەرۆژگاری بەسەرچویی جوانیم.ئێستاش ،کزە بای خەزان، تەنیایم پێ ئەناسێنێت وغوربەت دەکاتە شێعری شەقامی پێناسەم وتارای رەش دیاری هەناسەی خەونی ژینم ئەکا.زەمەن چ بێڕەحمانە پەنجەرەی ژیانی بۆ غەریبیم کردوتە وەورەشە بای غوربەت چە زاڵمانە پیاسەی ژوری تەنیایم ئەکا و باوەش، بە روحی بیرەوەریەکانم دا ئەکا.نەمزانی، پایز وەرزی دابڕانمان دەبێت ورەزبەریش مانگی کۆچت . گەر دەمزانی خاک تۆیی لە من خۆشتر دەوێت، بەر لە خاک باوەشم بە جەستەی پیرۆزت دائەکرد و ئەستێرەکانیش هەر هەموویانم میوانی ئاسمانی دڵت ئەکرد . شەقامی دڵم پڕە لە تەنیایی و کۆڵانی روحم تامەزرۆیی بزەی دیدارتە.
سوێند بە نیگای پایزی کوچت، ئەمجارە،بەفری تاسەم بەهەتاوی دیدارت بتوێنمەوەو تۆزی ئازاری بە ژانی دووریت،بە ئاوی “باژاڕ” بشۆمەوە وشێعری ڕەزبەری دابڕا نت، لە سەر کێڵت بسڕمەوە وبە پێنووسی دڵم هۆنراوەی گەڕانەوەت بۆ بنوسمەوە و لە جیاتی ئایەی فاتیحە ،سۆز نامەی موژدەی کچت “بابە منم کچەکەت!” بە سەدان جار بۆ بخوێنمەوە.
تێبینی
نشتیمان،نەسیم،مونیرەوموژدە کە لەسەرەو ئاماژەیان پێکراوە کچەکانی شەهید حەمەعەزیزن
ئاوی سەرچاوەی “باژار”ئاماژە بەو سەرچاوەیەکە گۆری شەهید حەمەعەزیزلەنیزیک ئەوێ یەوئە ئێوارەیەی کە
شەهیدحەمەعەزیزو هارێیانیبۆ جەوڵە بەو شوێنەدا دەڕۆن،شەهید حەمەدەڵێ ئاخ چبکەم ئەگەر مردی لێرە بت نێژن وچەندین کاتژمێردواتر دوای دەرگیری
ئەوپێشمەرگە قارەمانە شەهید دەبێ ودواتریش پێشمەرگەکان دەیبەنەوە بۆ هەمان شوێن کە چەند کاتژمێر پێشترئاواتی بۆ خواستبوولە خوار سەرچاوەکەی باژار
بە خاکی نیشتیمانی دەسپێرن
{jcomments off}