"an independent online kurdish website

 نووسینه‌کانی کاک ئاسۆ بیاره‌یی بۆ خوێندنه‌وه‌،گه‌لێ جار ده‌بنه‌ مایه‌ی سه‌رنج راکێشانم. له‌ دوا بابه‌تی به‌ ناونیشانی “ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یان کرد به‌ که‌ربه‌لا” باس له‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و رۆڵی هێزه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌وده‌مه‌ی سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌مان بۆ ده‌کات.hello_berzenji

نووسه‌ر پشتی به‌ گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند که‌سێکی دانیشتووی ناوچه‌که‌ و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ش به‌ستووه‌.

له‌ راستیدا و به‌ گشتی کرۆکی باسه‌که‌  لای ته‌واوی کوردستان که‌م و زۆر  ئاشکرا و روونه‌.  هه‌ڵه‌ی ئه‌و حیزبانه‌‌ له‌‌ هاوکاری ئێران بۆ ئازادکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به‌ پێوه‌ری ئه‌و رۆژه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌  و ئێستاش خه‌وشه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه گوایه‌‌ رژێمه‌ دڕنده‌که‌ی به‌عس زیاتر هار بوو و به‌ چه‌کی کیمیاوی و گازی ژاراوی په‌لاماری هه‌ڵه‌بجه‌ی دا و هه‌زاران شه‌هید و برینداری لێ که‌وته‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی باسه‌که‌دا ناوی ( یه‌کێتی ، پارتی، حسک و ئیسلامی)  وه‌ک پارتی نه‌ته‌وه‌ی دێنێ، که‌ به‌شداری خوڵقاندنی ئه‌و تاوانه‌ بوون ، به‌وه‌ی نه‌یانهێشتووه‌ دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ناو شار  بچنه‌ ده‌ره‌وه و روو له‌ ده‌شت و ده‌رو کێو و ئه‌شکه‌وته‌کانی کوردستان بکه‌ن.  به‌ کورتی دانیشتوانی شاره‌که‌ کراونه‌ته‌‌ قه‌ڵغانی تاکتیکێکی سیاسی ئه‌و حیزبانه‌. له‌م میانه‌دا وه‌ک راستییه‌کی مێژوویی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات ته‌نها پاسۆک به‌شداری ئه‌و کاره‌ساته‌ی نه‌کردووه‌.

من به‌ هیچ جۆرێ خۆم له‌ قه‌ره‌ی ئه‌وه‌ ناده‌م داکۆکی و به‌رگریکاریی له‌ هه‌ڵه‌ی حیزبه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی  بکه‌م، لێ هێنده‌ ده‌زانم که‌وا به‌عس وه‌ک هه‌ر داگیرکه‌ر و دوژمنێکی دیکه‌ی کوردستان به‌ هه‌موو شێوازه‌کان و به‌ تووندی له‌ هه‌وڵی قڕکردنی کورد دا بوو. حیزبی کوردی هاوکاری ئێرانی کردبێ یان نا، به‌عس له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆی له‌ ئاشتی و ده‌می موفاوه‌زات و رۆژانی شه‌ڕی نا به‌رانبه‌ردا، له‌  سوتماکردنی کوردستان و ژینۆسایدکردنی کورد درێخی نه‌کردووه‌.

هه‌ڵه‌بجه‌ 1974 یش به‌ر شاڵاوی فرۆکه‌ مه‌رگچێنه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراقی بووه‌وه‌. سێوسێنان پێش هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌کی کیمیاوی تێدا به‌کار هات. له‌ دۆڵی بالیسان رێگریی له‌ که‌س نه‌کرا و ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌مان به‌خشی. هه‌ر وه‌ک نووسه‌ر ده‌ڵێ: چوارده‌وری هه‌ڵه‌بجه‌ خاپوور کرابوو. که‌واته‌ به‌ بیانوو و بێ بیانوو به‌عس شه‌ڕی خۆی دژی کورد هه‌ر کردووه‌.

بۆیه‌ له‌ حاڵوبارێکی وادا، گه‌ره‌که‌ زۆر به‌ دیقه‌ت و ووریاییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رابردوومان بکه‌ین، نه‌با له‌ خۆڕا ره‌وایه‌تی به‌ داگیرکه‌ر ببه‌خشین و چاو له‌ تاوانه‌کانیان بپۆشین و خۆمان له‌ داگیرکه‌ر زیاتر  پێ تاوانبارتر بێت. به‌زاندنی سنووری ئه‌م باسانه‌ و تێکه‌ڵکردنی سه‌نگه‌ری بنده‌ست و سه‌رده‌ست، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ بابه‌تێتی نووسین دوورمان ده‌خاته‌وه‌، هه‌مان کات ده‌که‌وینه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌وه‌، که‌ کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر هه‌ست و کۆنه‌ستی تاکی کورد به‌ نه‌رێتی ته‌واو ده‌بێت. له‌م رێگایه‌شه‌وه‌ باوه‌ڕ به‌خۆبوون و به‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی.

  با بێینه‌وه‌ سه‌ر کرۆکی باس و ئه‌و تۆمه‌ت و سیفه‌ته‌ی کاک ئاسۆ به‌ مه‌به‌ست ! یاخود بێ مه‌به‌ست! ده‌یداته پاڵ‌ پارتی نه‌ته‌وه‌یی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا که‌سێکی وه‌ک کاک ئاسۆ ده‌زانێ بنه‌ما و خه‌سڵه‌ت و رێباز و دروشمی پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی چییه‌؟ ئه‌و پارتانه‌ی ئه‌و ریزبه‌ندی کردوون هه‌ڵگری ئه‌و سیفاتانه‌ن؟

ئایا پاسۆک بۆ به‌شداری ئه‌و مه‌سه‌له‌ و گه‌لێ پرسی تری هه‌ستیاری له‌م چه‌شنه‌ی نه‌کردووه‌؟

کاک ئاسۆ ده‌زانێ و ده‌نووسێ له‌و کاره‌دا پاسۆک به‌شداری نه‌کردووه‌. دیاره‌ پاسۆک له‌ بنه‌وه‌ڕا باوه‌ڕی به‌و جۆره‌ کارانه‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌شداری نه‌کردووه‌. ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تێکی ستراتیژی پاسۆکه‌، وه‌ک حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر ده‌بێ وا بکات. که‌واته‌ به‌شداری نه‌کردنه‌که‌ زاده‌ی بیر و ریبازه‌که‌ی پاسۆک بووه‌. پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک، پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی  ڕسکاوی واقعی ژان و ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مێژوویی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه‌. سه‌روه‌رییه‌که‌ی پاسۆک به‌ر له‌ هه‌ر شتێ بۆ بیره‌که‌ی ئه‌وجا بۆ هاوبیرانی رێبازه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

 براله‌، ئه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌ڵوێستی کوردانه‌ی پڕ له‌ سه‌روه‌ریی پاسۆک نییه‌،ئێره‌ جێی  تۆمارکردن و گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک به‌ یه‌کی مێژووی پاسۆک نییه‌، گه‌ر ته‌نها چاوێک به‌ بیره‌وه‌ریی و نووسینه‌که‌کانی که‌سێکی  وه‌ک مامۆستا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی هاورێشتدا بگێڕیت،چه‌ندان کرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستی دیکه‌ی گه‌ش و پڕ له‌ جوامێریت به‌رچاو ده‌که‌وێت. من لای خۆمه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌و باسه‌ی کاک ئاسۆ ده‌که‌م،که‌ له‌به‌رخاتری خاتران ناوی پاسۆکی نه‌کردۆته‌ قوربانی شته‌هایه‌کی دیکه‌،وه‌ک گه‌لێک که‌سان به‌ مه‌به‌ست و دڵڕه‌شانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ ،کاتێ نووسه‌ر ره‌خنه‌ له‌و هێزانه‌ ده‌گرێت، وه‌ک حیزبی نه‌ته‌وه‌یی کوردی هێرشیان ده‌باته‌ سه‌ر و ده‌یه‌وێ له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه‌ ئامانجه‌ کۆنه‌که‌ی له‌ دژایه‌تی کردنی  به‌ هه‌ق و ناهه‌قی بیری نه‌ته‌وه‌یی نیشان بدات.

ئێمه‌ ده‌زانین بیاره‌یی ئه‌ندامی پارتی کۆمه‌نیستی عێراق بووه‌ و ئێستاش خۆی به‌ چه‌پ ده‌زانێ. ئه‌مه‌ مافی ره‌وای خۆیه‌تی ، لێ کاتێ وه‌ک ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمه‌ی به‌ خۆڕایی شه‌ڕی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ کوردستاندا ده‌که‌ن و دژایه‌تی و ناو زڕاندنی کوردایه‌تییان لێره‌ و له‌وێوه‌ به‌ قۆنته‌رات وه‌رگرتووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی و رێبازی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات، ئه‌وجا ده‌ڵێین ماسته‌که‌ گوریسێکی تێدایه‌. به‌ ناچاریی به‌ پێویست زانرا تیشکێکی رووناککه‌ره‌وه‌ بۆ بیاره‌یی و خوێنه‌رانی هێژا بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌.

کاک ئاسۆ ده‌زانێ، بیری نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی نیشتمان داگیر و دابه‌شکراو و نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ستی سته‌مدیده‌، چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌‌کی ژیاری و گرنگه‌. ئه‌وه‌ لینینی مامۆستایشی به‌ جوانی و روونی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ کردۆته‌وه‌. ئیدی بیاره‌یی دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ی له‌ ریزه‌کانی حشع و ساڵانێکی زۆریی په‌ڕاگه‌نده‌یی له‌ سوید، تازه‌ به‌ تازه‌ ‌ له‌ پشت چاویلکه‌ی ره‌شه‌وه‌ ته‌ماشای بارودۆخی کوردستان ده‌کات و ده‌یه‌وێ چه‌مک و ناسنامه‌کان بشێوێنێ و له‌ ووتارێکدا له‌ ناڵ و بزمار به‌ یه‌که‌وه‌ بکوتێ . پێده‌چێ چ وانه‌یه‌ک له‌ رابردووه‌ فێرنه‌بووبێت! چونکه‌ ئه‌م ته‌پڵه‌ ده‌مێکه‌ دڕاوه‌ و کووتانی باوی نه‌ماوه‌ و هه‌ڵگرانی مایه‌ پووچ ده‌رچوون . ئاخر ئه‌وه‌ خودی کاک ئاسۆ نییه‌ ده‌یه‌وێ، پارتی، یه‌کێتی سۆسیالیست و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌ خوێنه‌ر بناسێنێ. ئه‌مه‌ له‌ پای چی خۆی خستۆته‌ ئه‌م هه‌ڵه‌ زه‌ق و دروستکراوه‌وه‌؟!!.

من نازانم بیاره‌یی له‌و وتاره‌دا مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و راستییانه‌یه‌ ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌‌، یاخود هێرش بردنه‌ سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی!!؟؟. ئاخر سته‌مه‌ به‌ به‌ردێ دوو چۆله‌که‌ بکوژرێ، وه‌ک بیاره‌یی هه‌وڵی بۆ داوه‌. ئه‌دی نووسه‌ر ده‌توانێ پێمان بڵێ، پارتی چۆن پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی؟!، به‌ کام پێوه‌ر یه‌کێتی ناسیونالیسته‌!؟، سۆسیالیستی م. ل چۆن ده‌بێته‌ نه‌ته‌وه‌یی؟!.له‌ هه‌مووی قه‌باعه‌تر ئه‌وه‌یه‌  ده‌کارێ پێمان بسه‌لمێنێ کامانه‌ن بزوتنه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ت و بنه‌ما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی!؟. ئه‌وه‌ نییه‌ مه‌لا عه‌لی باپیری ده‌رچووی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ له‌به‌رده‌م مارسیلیزمی نه‌ته‌وه‌یی “ئه‌ی ره‌قیب” دا و له‌ ناو په‌رله‌مانی کوردستان و به‌ به‌رچاوی میدیا و 60 ملیۆن کورده‌وه‌‌ رانابێ و کاک بیاره‌یی به‌ نه‌ته‌وه‌یی ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م!!. ئه‌رێ له‌ سه‌رتاسه‌ریی گێتیدا که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م شکۆ و پیرۆزیی و به‌هاکانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا نه‌یه‌ته‌ سه‌ر چۆک؟!‌ ‌‌.

  لای من مه‌سه‌له‌که‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌،که‌ بیاره‌یی باش ده‌توانێ پێناسه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ له‌ رووی پێکهاته‌ و خه‌سڵه‌ت و دروشمه‌کانییانه‌وه‌ بکات. ته‌واو له‌وه‌ش دڵنیایه‌،ئه‌وانه‌ پارتی نه‌ته‌وه‌یی نین.بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا خۆی قووت ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌:کاک ئاسۆ  له‌ ئانوساتێکی وه‌ک ئێستای کورد و له‌ بیره‌وه‌ریی هه‌ستیارترین کاره‌ساتی کۆنه‌ستی کوردستانییه‌کاندا،بۆ ده‌یه‌وێ شاڵاو به‌رێته‌ سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی و ناشیرینکردنی وێنه‌ی کوردایه‌تی؟

من به‌ داخم بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ کاک ئاسۆ،چونکه‌ له‌ رێی نووسینه‌کانی دیکه‌یه‌وه‌ و ئه‌و به‌شدارییه‌ به‌رده‌وامه‌ی له‌ پرسه‌ هه‌ستیاره‌کانی فه‌رهه‌نگی و سیاسیدا، چاوه‌ڕێی هه‌ڵوێستێکی وا نه‌بووم. چه‌پبوونی بیاره‌یی و ده‌سته‌کی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وم خستبووه‌ به‌ره‌ی چه‌په‌ کوردستانی و سه‌ربه‌خۆییخوازه‌کان و له‌وانه‌م جیاکردبووه‌وه‌،که‌ له‌ شه‌ڕی دۆڕاویان به‌ کوردایه‌تی هیچ ئه‌رک و په‌یامێکی دیکه‌یان له‌ ئه‌گێندادا نییه‌.

ئه‌گه‌ر چه‌پێکی لینینیت،وا لینین وتوویه‌تی من رووسێکی کۆمه‌نیستم. خۆ گه‌ر ستالینیشی،وا ستالین سه‌روه‌ختێ له‌ نمایشی کۆماره‌کانی شوره‌وی دا نوێنه‌رایه‌تی گورجستان به‌ به‌رده‌میدا تێپه‌ڕین، هه‌ڵسایه‌ سه‌رپێ و دروودی بۆ ناردن.    تا کوێ تۆش کوردایه‌تی بار ده‌بێت به‌سه‌ر شانته‌وه‌؟! وا چاره‌که‌ چه‌رخێ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی گلاسنۆس و پێرۆسترۆیکا  تێپه‌ڕی.

خۆ دۆزینه‌وه‌ و ددان پێدانانی ئازایه‌تی ئه‌ده‌بی پێویسته‌،من ئه‌و ووزه‌یه‌ له‌ تۆدا ڕه‌چاو ده‌که‌م.

     19.3.2012

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی