"an independent online kurdish website

بەشی چوارەم،

سەلاسی باوەجانی،   شارستانی سەلاسی باوەجانی،  پێکهاتەی خەڵکی، زاراوە،  ئایین، جوگرافیا و سروشتali_qenberi

سەلاسی باوەجانی کە لە دوو بەخش و شەش دێهستان و نزیکی ٢٥٠ گوند پێکهاتووە  تا چەند ساڵ پێش بەشێکی (بخش) ئیداری سەر بە شارستانی جوانڕۆ بووە. ئێستە بۆ خۆی شارستانێکە و ژمارەی دانیشتوانی (١٣٨٥ هەتاوی) ٣٨٥٧٠ کەس و ئێستە کە ساڵی ١٣٩١ هەتاوییە، دەبێ ئەم ڕێژەیە گەیشتبێتە نزیکی ٤٥ تا ٥٠ هەزار کەس.         ناوەندی ئەم شارستانە شارۆچکەی تازەئاوایە. زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم ناوچەیە بە سۆرانی جافی دەپەیڤن، سونی مەزهەبن و بە زۆری سەر بە هۆزی جافن. دانیشتوانی چەندین گوندی ئەم دەڤەرە بە زاراوی کەلهووڕی، یان کوردی خوارو دەپەیڤن و سەر بە ئایینی یارین. ئەم بەشە بە زۆری سەر بە هۆزی قەڵخانین کە دەکەونە سەر دێهستانەکانی دەشتیوڕ و جەیران.

 نێوی سەلاس لە زمانی عەرەبیدا بە واتای ژمارەی سێیە (٣). ئەم نێوە بۆیە لە سەر ئەم ناوچەیە دانراوە، لە بەر ئەوەی کە پێکهاتەی سەرەکی خەڵکەکەی پێکهاتووە لە سێ تایفەی گەورەی (بە واتای زۆری ڕێژەی دانیشتوان) ناوچەکە، کە بریتین لە تایفەکانی باوەجانی، قوایی و وەڵەوەیی . سەلاس کەوتووەتە  ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و کەوتووەتە بەینی جوانڕۆ- سەرپێڵی زەهاو- شارستانی هەورامان  و لە رۆژئاواشەوە هاوسنوورە لە گەڵ گوندەکانی چواركڵاو، هاجیلەر، شێخان و هۆرێن  (بناری بەمۆ) و دەشتی پشتە و شەمێران کە لە سەر ئیدارەی دەربەندیخان و خانەقینن لە باشوور.

بێجگە لە عەشرەتەکانی باوەجانی، قوایی و وەڵەوەیی، چەند عەشرەتیتر لە سەلاس نیشتەجێن وەک تاوگۆزی، گاخۆری، کاکەڕەشی، میرکی، ئەلیارکی، قادرمروەیسی، قادری، کڵاشی، ئەلیاسی و….هتد. هەر وەها چەندین گوندی سەر بە هۆزی قەڵخانیش هەر سەر بە ئەم شارستانەیە. هۆزی قەڵخانیش لە چەندها تیرە و تایفە پێکهاتوون.

هەر وەک باسکرا شارستانی سەلاسی باوەجانی پێکهاتووە لە دوو بەخش و شەش دێهستان کە بریتین لە:

یەکەم: بەخشی ناوەندی (مرکزی) کە ناوەندەکەی شارەدێی تازەئاوایە (٣٠٠٠ کەس دانیشتووانیەتی) و ئەم  دێهستانانە: ئەلف- دێهستانی خانەشوور کە لە نزیکی ٣٥ تا٤٠ گوند پێک دێت کە بێجگە لە گوندەکانی شێخسەڵە، دەستەیەردی، بانینار، ڕەجەوی، هوکانی و دوو سێ گوندی دیکە کە سەر بە عەشرەتی تاوگۆزین، باقی گوندەکان سەر بە تایفەی باوەجانین کە لە ئەم تیرانە پێک دین: حەمەگە (حەمەیە)، مروەیسی، عالی، قۆچاڵی، نیوەکار، بەگزادەکان و…هتد.         

ب- دێهستانی دەشتیوڕ (دشتحر) کە لە ٣٥ تا ٤٠ گوند (ئاوایی) پێکدێت کە بێجگە لە گوندەکانی ئایەنەوەند، پالانی سەر، پالانی خوار،حەسەن گاوبار، دێوکە، پالان مەرزلان و سی چوار گوندیتر نەبێت کە خەڵکەکەی سەر بە هۆزی قەڵخانین، دانیشتوانی باقی ئەم دێهستانە سەر بە تایفەی باوەجانین کە لە ئەو تیرانە پێکهاتوون کە لە سەرەوە 

(لە بەشی دێهستانی خانەشوور) باسیان لێوە کراوە. 

  ج- دێهستانی زمکان کە لە ٢٣ گوند پێک دێت  کە بێجگە لە گوندەکانی هەڵوڵ، نێرژی سەر ، نێرژی خوار کە سەر بە تایفەی وەڵەدبەیگین، باقی گوندەکان سەر بە تایفەی باوەجانین. بەشیکی عەشرەتی کاکەڕەشیش لە ئەم دەڤەرە دەژین.  ئەم سێ دێهستانە لە ڕووی جوگرافییەوە هەلکەوتووە لە بەینی کۆمەلە کێو و شاخێکدا، لە وانە کێوی شێفیلە. گاڕێ. بەنیگەز. هەر وەها لە بەهاراندا ئەم دەفەرە سروشتێکی یەکجار خۆشی هەیە. ئاوی کانی ڕێزە یەکیک لە ئەو ئاوە بە ناوبانگەی ناوچەکەیە کە خەلکی ناوچەکە بروایان وایە بۆ نەخۆشینەکانی گورچیلە و دل زۆر بە سوودە. و خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەم مەبەستە تەنانەت لە ڕێگای زۆر دوورەوە دێن بۆ سوود وەرگرتن لە ئەو ئاوە. واتە  ئاوی کانی ڕێزە.

دووهەم: بەخشی ئەزگڵە: ئەزگڵە لە ڕابردوودا (تا پێش لە شەڕی عێراق و ئێران) ناوەندی ئیداری سەلاس بووە. بە بۆنەی شەڕ و چۆڵکرانی لە لایەن دانیشتوانەکەی، ئەم ناوەندە گوێزرایەوە بۆ تازەئاوا کە ئێستە ناوەندی شارستانی سەلاسی باوەجانییە. ئەم بەخشە لە سێ دێهستان پێکهاتووە:

 یەکەم: دیهستانی ئەزگڵە کە لە نزیکی ٤٠ تا ٤٥ گوند پێکهاتووە بە زۆری هەرە زۆر سەر بە تایفەی قوایین (قوبادی). تایفەی قوایی لە ئەم تیرانە پێکهاتووە: کۆرەیی، نێویجانی، خێڵی باوا، میرکی، بەگزادە و ….هتد. ئەم دێهستانە کەوتووەتە بەینی کێوەکانی بەمۆ و گاڕێ. لە گوندەکانی ئەم دێهستانەش بێجگە لە ئەزگڵە، دەکرێت لە ملازۆراوی، قەلانی سەر، قەلانی خوار، درەژاڵە، دەروەندەهۆڵ، داریزەنگەنەی شێخ حوسەین، داریزەنگەنەی شێخ محێدین، کۆرەیی، قەیتوول، سوورمەر، بانەدار، زلانی، میرکی، ئاوگەڵان، شێرپەڕ و چەندها گوندیتر ناو ببەین. تا پێش لە ڕۆخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران ئەم بنەماڵانە کە لە شێخ و بگزادە پێکهاتبوون دەور و کاریگەرییان لە بە سەر ئەم دەڤەرەوە هەبووە: بنەماڵەی مستەفا خان، شێخ ئیسمائیلی خانەشوور، شیخ نەجمەدینی ئەزگڵە، شێخ حەسەینی داریزەنگەنە لە گەڵ چەندها سەروک تیرە ومەلاو شێخ و کوێخایتر. بەشێكی زۆری خەڵکی ئەم تایفەیە لە باشووری کوردستان و لە بناری بەمۆ، زەڕایەن، هەلەبجەی تازە و دەربەندیخان دەژین. ئەڵبەتە خەڵکی تایفەکانیتریش هەر وەک قواییەکان بەشێکی گرنگیان لە باشوور دەژین لە وانە تاوگۆزییەکان، وەلەوەییەکان، باوەجانییەکان، قادرمروەیسیەکان و….هتد. یەک دوو گوندی سەر بە عەشرەتی ئەلیاخەییش لە سەر دێهستانی ئەزگڵەیە، وەک تەق تەق وعەلی ئاخەیی.

خەڵکی ئەم عەشرەتە (عەشرەتی قوایی) بە هۆی ژن وژن خوازییەوە تێکڵاوییەکی زۆریان هەیە لە گەڵ عەشرەتەکانیتری وەک باوەجانی، تاوگۆزی و وەڵەدبەیگی و لە ڕاستیدا هەمووی ئەو خەڵکە وەک کەسی یەکن. 

دووهەم: دێهستانی سەرقڵا کە لە ٢٦ ئاوایی پێکهاتووە. ئەم دێهستانە لە گەڵ دیهستانی جەیران (جگیران) تا ساڵی    ١٣٤٢ کە ساڵی کۆتایی هاتنی دەسلاتی دەرەبەگایەتی بوو لە ئێران لە ژێردەسڵاتی بەگزادەکانی وەلەدبەگی بوون. لە ئەوانە فەتاح بەگی ئەمجەدی. زۆرینەی دانیشتوانی سەرقلا لە تایفەی وەڵەوەیین (وەڵەدبەگی)، کە لە ئەم تیرانە پێکدێن: دەلەژێری، دەروێشی، ئەلیاخەیی و گورگکوژ. لە ڕابردوودا تیرەکانی کاکەڕەشی و گاخۆریش هەر لە سەر عەشرەتی وەڵەوەیی هاتوونەتە ئەژماردن. بێجگە لە ئەم تایفە و تیرانە کە باسکران، لە سەرقڵا ئەم عەشرەتانەش نیشتەجێن: قادرمروەیسی  (لە گوندەکانی چەوتە، تەپەڕەش، هوان و تاڕادەیەکیش لە تیلەکۆ)،  ئەلیارکی (لە تەپەکەنعان و تیلەکۆ)، گەشکی (لە تەپە نەورۆز)، دڕۆیی (لە پشتتیلکە)، یوسف یارئەحمەدی (لە چەوتەی خوار و قڵای سەرقڵا)، کاکە ڕەشی (لە کۆزەڕوود)، چەند ماڵێکی کویک (لە باویسێی تازەئاوا)، کەریمی ساڵح (لە دەرپڵێ) هەموو ئەم عەشرەت و تایفانە لە زۆر جێگادا وەک برا وکەسی یەک لە گوندێک یان چەند گوندا پێکەوە ژییاون. بۆ نموونە لە گوندەکانی چەوتە و تەپەڕەش خەڵکانی سەربە چەند عەشرەت پێکەوە ژییاون بە بێ هیچ کێشەیەک و بە هۆی ژن و ژن خوازییەوە زۆر تێکەڵاوی یەک بوون. لە ڕاستیدا باسی عەشیرەتی لە ئەم ناوچانە زۆر بێ ئەهمیەت بووە و  حیسابێکی ئەوتۆی بۆ ناکرێت. بۆ ئاگاداریتان من خۆم خەڵکی ئەم دەڤەرەم.  

بە داخەوە ئەم ناوچەیە و زۆر جێگایتری ناوچەکە لە سەرەتاکانی شەڕی ئێران و عێراقەوە وێران یان چۆڵکراون کە هێشتاکە زۆربەیان ئاوەدان نەبوونەتەوە. سەرقڵا کەوتووەتە نێوان کێوەکانی سەڵمانە، بەمۆ، شەواڵدڕە وچەرمکسوار. لە باشوورەوە هاوسنوورە لە گەڵ زەهاو، لە باکوورەوە لە گەڵ ئەزگڵە و شێخان و هۆرێن و کیوی بەمۆ، لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ جەیران و لە ڕۆژئاواوە لە گەڵ دەشتی هاجیلەر و چوارکڵاو، کە دەکەونە سەر شارستانی خانەقین لە باشووری کوردستان.

دێهستانی جەیران (جگیران)

دێهستانی جەیران کە لە نزیکی ٣٠ گوند پێکهاتووە، یەکێکیترلە دێهستانەکانی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە.     لە ئەم ٣٠ گوندە نزیکی ١٠ گوندی، خەڵکانی سەر بە هۆزی قەڵخانین کە لە باری ئایینیەوە سەر بە ئایینی یارین و لە ئەم گوندانە دەژین:  ئایەنەوەن، چنارەی مەجید، چنارەی لەتیف، چنارەی عەلی مەدەد، دارتوی مەوالی، سێ تەپان، ئایەنەونی عەبدوڵاە و یەک دوو گوندیتر. لە باقی گوندەکانیتری وەک کانی شیرینە، مێڕەنگینەی حاجی قادر، ئیمام عەباسی سەر، ئیمام عەباسی خوار، کێلە چرمک، سەرایی، توەوشکە عەشرەتی گاخۆری دەژین.  چەندین ماڵی وەلەوەیی و عەشرەتی قوایی لە گردەنوی خوار، ئەلیاخەیی حەسەنی محەمەدی سلێمان لە مێڕەنگینە دەژییان یان دەژین. کاکە ڕەشییەکان لە تەپەکەوەی سەر و عەشرەتی کڵاشی لە تەپەکەوی خوار، گردەنووی سەر و چرمک سوار دەژین. هەر وەک باسکرا ئەم دێهستانەش تا ساڵی ١٣٤٢ لە سەر ناوچەی وەڵەدبەگی حیسابکراوە. هەر وەها عەشڕەتەکانی وەک  گاخۆری، ئەلیاخەیی و کاکەڕەشی کە لە ئەم دەڤەرە دەژین حێسابی وەڵەدبەگییان بۆ کراوە. هەر وەها لە میل قادری سەر، عەشرەتی ئەلیارکی و لە میل قادری خوار عەشرەتی قادری دەژین. لە عەشرەتی ئەلیاسیش (کە بە زۆری لە زەهاو وپشتەنگ نیشتەجێن) گوندی ئەلیاسی مەحموود شەفی لە سەر دێهستانی جەگیران هەڵکەوتووە.            ئەمانە هەموویان جافن و سونی مەزهەبن. جارێکیتر دووپاتی ئەکەمەوە کە ئەو خەڵکە لە ڕابردووا بە بێ کێشە لە گەڵ یەک ژییاون.خزمایەتییان پێکەوە هەیە. نە جیاوازی ئایینی و نە جیاوازی عەشرەتی نەیتوانیوە لە یەکیان بکات.

مێژووی ئاوارە بوونی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە جێگا و شوێنی باو باپیرانیان

خەڵکانی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە هەموو عەشرەت و تیرەو تایفەکانی، لە دوو کاتی جیاوازدا، بەشێکی زۆریان ئاوارەی عێراق بوون و بەشێکیتریشیان بە هۆی شەڕی عێراق- ئێرانەوە ئاوارەی ناوچەکانیتری وەک جوانڕۆ، کرماشان، سەرپێڵ و ڕەوانسەر بوون کە هێشتاکە زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان. هێشتا زۆر گوندی ئەم ناوچەیە ئاوەدان نەبووەتەوە. هێشتا زۆرینەی خەڵکەکەی ئاوارە و پەرتەوازەی هەندەران و ئێرە و ئەوێن.

 ئەو بەشەی لە خەڵکی ئەم ناوچەیە کە ئاوارەی عێراق بوون لە بەر دوو هۆکاری سەرەکی بوو:

 یەکەم: ترس لە ڕژیمی تازە بە سەرکار هاتووی شێعە مەزهەبی تووندڕەوی کۆماری ئیسلامی (لە بەر ئەوەی خەڵکی ئەم دەڤەرە هەم کورد بوون و هەم سونی مەزهەب و یارسان).  دووهەم هۆکاری ئاوارە بوونیان شەڕی عێراق و ئێران بوو. عەشرەتی باوەجانی یەک لە ئەو عەشرەتانەی ناوچەی سەلاس بوو کە زۆرترین ڕێژەی ئاوارەبوونیان لە ئۆردووگای ڕۆمادیە وەبەرکەوت. ژمارەی بنەماڵەکانی ئەم عەشرەتە لە ئۆردووگای ڕۆمادیە لە سەرەوەی ١٠٠٠ماڵ بەراوەرد دەکرا. دوای ئەوان عەشرەتی قوایی کە ئەوانیش بە ٩٠٠ ماڵ، وەڵەوەیی لە گەڵ ئەلیاخەیی ٤٠٠ ماڵ، قادرمرویسی٣٠٠ مال، گاخوری٤٠٠ ماڵ، تاوگۆزی ٢٥٠ مال، کاکە ڕەشی ١٥٠  ماڵ و باقی عەشرەتەکانی سەر بە سەلاس لە کڵاشی، ئەلیارکی، قادری، ئەلیاسی و یارسانی (سەر بە سەلاس)  نزیک بە ٦٠٠  ماڵ ئاوارەی عێراق بوون کە دواتر لە ئۆردووگای ڕمادیە گیرسانەوە. بەم شێوەیە نزیک بە ٤٠٠٠ خانەوادە (ماڵ) لە کۆی ٨ بۆ ٩ هەزار ماڵی  ئەو خەڵکە ئاوارەیە، خەڵکانی سەر بە  ناوچەی سەلاسی باوەجانی بوون.

لە گەڵ داوای لێبوردن لە خوێنەر لەوانەیە ژمارەکان لە سەداسەد وەها نەبن. 

 دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە لە سەدا ٧٥ی دانیشتوانی سەلاسی باوەجانی لە جێگا وشوێنی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون. بەداخەوە هێشتاکە نزیک بە نیوەی خەڵکی ئەم دەڤەرە لە دەرەوەی جوگرافیای سەلاس دەژین. نزیک بە ١٢٠٠ ماڵ و بگرە زیاتریش لە خەلکانی ئەم دەڤەرە لە دەرەوەی وڵات، لە وڵاتانی وەک سوید، نۆرویژ، کانادا، فینلاند، دانمارک، ئوسترالیا، ئاڵمان، هۆڵەند، سویس، بریتانیا، ئیرلەند، ئامریکا و نیوزلاند دەژین. نزیک بە ٧٠٠ ماڵیتری خەڵکی ئاوارەی سەلاس لە باشووری کوردستان، لە ئوردووگاکانی باریکە لە عەربەت، کاوە لە قوشتەپە، شێرەوەن لە خانەقین و لە شارەکانی کەلار، دەربەندیخان، هەلەبجە و زەڕایەن  دەژین و لە ئەم ژمارەیەش زۆر زیاتر لە شارەکانیتری وەک کرماشان، جوانڕۆ، سەرپێڵی زەهاو و ڕەوانسەر دەژین.     

هەر وەک لە سەرەوەش باسم کرد لە بەینی ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩ی هەتاوی بە هۆکاری هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان و شەڕی ئێران و عێراق زیاتر لە نیوەی گوندەکانی ئەم ناوچەیە چۆڵکران و زۆربەی خەڵکەکەی ئاوارەی باشووری کوردستان بوون کە دواتر لە هاوینی ١٣٦١ی هەتاوی لە لایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە بۆ ئۆردووگایەک ڕاگوێزران کە دواتر بە ئەلتاش کەمپ یان ئۆردووگای ڕۆمادیە نێوبانگی دەرکرد. هەروەک پێشتر ئاماژەم پی کرد هەزاران و بگرە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەم ناوچەیانە یان لە باشوورن یان لە هەندەرانن. ژمارەی ئەو گوندانەی کە لە شارستانی سەلاس چۆڵکران و خەڵکەکەی ئاوارەی عیراق و شوێنەکانیتری ناخۆی وڵات بوون، پتر لە سەد وبیست گوند دەبوون و بە هەمان ئەندازەش لە ناوچەکانی زەهاو، قەسری شیرین، سەرپێلی زەهاو، پشتەنگ، قەلخانی، ئێناخی وە….هتد.    لە بەر ئەوەی من خۆم خەڵکی سەلاسم و لە گەڵ ئازارەکانی ئەو خەڵکەدا ژییاوم لە هەر جێگایەکیتری کوردەواری زیاتر شارەزاییم لە سەر ئەم ناوچەیە هەیە. کە باسی ئۆردوگای ڕۆمادیە یان ئەلتاش هات، بە بیری خوێنەری دێنمەوە کە یەکەم کاروان کە بۆ ئەو ئۆردوگایە ناردرا، عەشرەتەکانی ئەلیاخەیی و وەڵەوەیی تیلەکۆ بوون کە لە بڕواری ٢٠-٧-١٩٨٢ی زایینی بوو. کە لە ئۆردووگای سەنگەرەوە (هەڵکەوتوو لە نزیکی شاری خانەقین) بە کاروانێک کە پێکهاتوو لە ٤٠ زیلی عەسکەری ناردران بۆ بیابانێک لە نزیک شاری ڕۆمادیە، کە دواتر کەمپی ئەلتاشی نێو لێنرا. ئەم کەمپە هەڵکەوتبوو لە ١٣٠ کیلۆمیتری ڕۆژئاوای شاری بەغدادەوە. هیوادارم بتوانم لە دەرفەتێکی دیکەدا  لە سەر ئۆردوگای رۆمادیە شتێک بنووسم. بەڵام خراب نییە بزانین کە مێژووی ئەلتاش کەمپ تا ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی دریژەی کێشا. واتە بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ. بەشێک لە خەڵکەکەی لە ڕێگای یوئن و خاچی سوورەوە  نێردران بۆ هەندەران، بەشێکیتری گەڕانەوە بۆ ئێران. بەشێکیتریشی گەڕایەوە بۆ باشووری کوردستان و لە چەند کۆمەڵگایەک و شارێکدا نیشتەجێ بوون کە لە سەرەوە باسیان لێوە کرا.

ناوەندی ئیداری سەلاس  پێش لە شەڕی عێراق و ئێران

لە پێش شەڕی ئێران– عێراق، ئەو کاتە کە سەلاس بەشێک بوو لە جوانڕۆ یان لە ڕاستیدا  پێشتر، لە دەورانی دەسڵاتی شاه دا هەم سەلاس و هەم جوانڕۆ دوو بەشی جیاوازی ئیداری سەر بە شارستانی هەورامان بوون، شارەدێی ئەزگڵە ناوەندی (مرکز بخش) ئەم ناوچەیە بوو. بە داخەوە هیشتاکە زۆر گوندی ئەم ناوچەیە هەیە کە ئاوەدان نەکراونەتەوە.   و لە ناوچە سەر سنووریەکانیش زۆر ئاسەواری مین (ئەڵغام) و تەقەمەمەنی ماوەتەوە کە ساڵانە قوربانی لێ دەکەوێت.

ئابووری ناوچەکە

خەڵکی سەلاسیش هەر وەک شوێنەکانیتری ئەم دەڤەرە بە کرێکاری، کشتوکال، ئاژەڵداری وە کاسبییەوە سەرگەرمن. شارستانی سەڵاس لە ڕاستیدا شارستانێکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک گوندە. بەداخەوە شاری گەورەی نییە، هەر بۆیە ژیان لە ئێرە بە زۆری ژیانی لا دێیە. بۆیە خەڵکەکەی لە شارەکانیتر نیشتەجێ بوون. سنووری پشتەی بەمۆ شوێنێکی تا ڕادەیەکی نە چەندان زۆر، باشە بۆ کار و کاسبی بۆ خەڵکی ناوچەکە. ئاسەواری شەڕ و ئاوارەیی خەڵکی ئەو دەڤەرە لە سەر ئابوورییان ساڵانێکی زۆری دەوێت تا قەرەبوو بکرێتەوە. زۆربەی خەڵکی سەلاس لە بەر کەم دەرەتانی ژیان گوندەکانیان بە جێ هێشتووە و لە شارەکانی سەرپێل، کرماشان، جوانڕۆ و رەوانسەر دەژین. هەروەها بە زۆریش بە شوین پەیدا کردنی کار پەردەوازەی شوێنەکانیتری ئێران بوون. سەرەڕای ئەوەی ئەم ناوچەیە سروشتێکی یەکجار جوان و سرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام دەوڵەت ئەم دەڤەرەی پشتگوێ خستووە. بە شێوەیەک کە خەڵکەکەی هیچ پیشەو کارێکیان نییە، جگە لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵیێکی سونەتی نەبێت. بە هۆی نەبوونی پیشەسازی لە ناوچەکە، خەڵکی ئەم دەڤەرە زۆربەیان لە چینی هەژار و کەم دەرامەتن. تەنانەت ئەوانەشیان کە لە شارەکانیتر دەژین.

بەشداری لە شۆڕش و سیاسەت

ئاشنایەتی ئەو خەڵکە کە هاتنە عێراق لە گەل سیاسەتی حیزبە کوردییەکاندا تەئسیرێکی باشی داناوە لە سەر بواری ڕۆشنبیری و سیاسی بوونیان. هەر ئیستە بەشدارییان لە ڕیزی ڕێکخراوەکاندا بەرچاوە.

 با وەک شتێکی مێژوویی باس لە پێوەندی گرتنی خەڵکی ئەم دەڤەرە بە شۆڕشی کوردییەوە بکەین. بەداخەوە هەژاری لە لایەک، ڕژیمە دژە مرۆڤەکانی شاه و کۆماری ئیسلامی لە لایەکیتر و دەسڵاتی شێخ و ئاغاکانی ئەم دەڤەرە لە لایەکیترەوە ڕێگیر بوون لە پێشکەوتن و خوێندەواربوونی بەرچاو و  پێویست لە ئەم دەڤەرە. هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ کەمتر بیر کردنەوە لە هەست کردن بە چەوساندنەوە و زۆڵم و زۆر، چی لە ڕووی نەتەوایەتییەوە یان لە ڕووی چینایەتییەوە. بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە کەم نەبوون لە خەڵکانی ناوچەی سەلاس کە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەشدارییان کرد بێت.

بۆ ئاگاداری خوێنەران دوو یان سێ مانگ پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێراندا، یەکەم جموجۆڵی سیاسی لە ئەم دەڤەرە و لە دێهستانی سەرقڵاوە دەستی پێکرد. من کە نووسەری ئەم بابەتەم لە یەکەم کەسەکانی ئەو دەڤەرەم کە لە مانگی بانەمەڕی (اردیبشت)١٣٥٨ی هەتاوی پێوەندیم کرد بە کاک ئەبووبەکری هیدایەتی (یادی بە خێر) کە نوێنەری حیزبی دیمۆکرات بوو لە شاری کرماشان. هەر لە ئەو ڕۆژە بە دواوە بە هاوکاری ناوبراو ئێمە کۆمەڵیک گەنجی سەرقڵا، بەتایبەت گەنجانی تەپەڕەش بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستمان دایە تێکۆشانی حیزبی و سیاسی. لە گوندی تەپەڕەش. دەفتری کارەکەی من (دەفتەری شیرکەت تەعاونی) کرا بە مەقەڕ. لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا نزیک بە ٢٠   گەنج لە دەوری سیاسەتەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆ بوینەوە و دەستمان دایە کار و چالاکی حیزبی و سیاسی. جارێکیان لە گەڵ کاک ئەبووبەکر جەولەیەکمان کرد بۆ ناوچەی ئەزگڵە، ڕەجەوی و شێخسەڵە. لە دوو گوندی شێخسەڵە و ڕەجەوی بە هاوکاری و دلسۆزی م. ع. ڕ پێشوازییەکی گەرممان لێ کرا. هەر وەها لە سەرقلا، لە زەهاو و لە شاری سەرپێڵ دەستمان کرد بە جەولە کردن. لە ئەو گەنجانە کە لە ئەو کاتەدا پێکەوە کاری حیزبیمان دەکرد لە سەر ئیزنی خۆیان دەتوانم نێوی ئەوانە بێنم کە لە دەرەوەی وڵاتن. لە وانە بەڕێزان  ساڵح پاڵانی (لە ئاڵمان)،  ڕەئوف و جەلیلی حەسەنپووڕ کە ئێستە ئەوانیش لە ئاڵمانن.  ئیبراهیمی نادری، عەلی خێرەدەست کە لە سویدن. کەریمی پاڵانی لە کەمپی کاوە. و چەندها کەسیتر کە لە ناوخۆی کوردستانن. ئێمە درێژەمان بە چالاکییەکانی خۆمان دا تا کاتی هێرشی ڕژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان. دواتر چەند کەسمان ئاوارەی عێراق بووین و ئەوانیتر لە ئێران مانەوە. یەک لە ئەو کەسانە کە ئاوارەی عێراق بوو، من بووم لە گەڵ خانەوادەم کە پاش ٦ بۆ ٧ مانگێک مانەوە لە ئۆردوگای عەربەت لە کوردستانی عێراق گەڕاینەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ناوچەی هەورامان درێژەم دا بە ئەرکی حیزبایەتی و پێشمەرگایەتیم. تا ئاخر و ئۆخری زستانی ١٣٥٩ لە سەلاس و لە گوندی ئەزگڵە بنکەو بارگای حیزبی دیموکرات کرایەوە. ئەو کاتیش لە سەر بڕیاری کۆمیتەی شارستانی هەورامان و دەفتەری سیاسی ئەرکی یەکەم       بەر پرسایەتی تەشکیلاتی حیزبی لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بە من سپێردرا. دواتر بە هۆی چۆڵ بوونی ناوچەکە لە خەڵک، بارەگا و بنکەمان گوێزایەوە بۆ بناری بەمۆ، لە شوێنێ بە ناوی باخان. تا هاوینی ساڵی ١٣٦١ ی هەتاوی واتە تا ئەو کاتە کە ئیتر من ناچار بووم واز لە پێشمەرگایەتی بێنم و دواتر ڕەوانەی ڕۆمادیە کراین، لە بناری بەمۆ نزیکەی ٧٠ -٨٠ پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات هەبوون کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکە بوون و زۆربەشیان خانەوادەکانیان لە خاکی عێراق و لە باشووری کوردستان بوون کە حکوومەتی بەعس دواتر ئەوانیشی رەوانەی ئۆردووگای ڕۆمادیە کرد. لە ئەو پێشمەرگانەی کە ئەو کات بە یەکەوە لە ناوچەکە بووین نێوی ئەم کەسانە دێنم کە لە دەرەوەی وڵاتن. لە سەر ئیزنی خۆیان ناویان دێنم کە بریتین لە دۆستی لە مێژینەم عەبدەڵڕەحمانی بابایی ( خەڵکی باوەجانی، کادر و ئەندامی تەشکیلات).  حەمە ئەمینی فەتاحی (کادر و ئەندامی تەشکیلات).  قادر ئەلیاسی (خەڵکی ئەلیاسی زەهاو، کادر و ئەندامی تەشکیلات). زینده یاد مستەفای کەریمی (خەڵکی وەڵەوەیی سەرقڵا، کادر و ئەندامی تەشکیلات)  نادری سەفەری (خەڵکی تەپانی زەهاو، کادر و ئەندامی تەشکیلات).  نامداری سەفەری (خەڵکی تەپانی زەهاو، کادر و ئەندامی تەشکیلات). مەجیدی سەعیدی (خەلکی قوایی، کادر و ئەندامی تەشکیلات). حەسەنی یار حوسەینی (خەڵکی قوایی، کادر و ئەندامی تەشکیلات). حەسەنی تەیمووری (خەلکی قوایی، کادر و ئەندامی تەشکیلات). قادر. ت (خەڵکی وەلەوەیی سەرقلا، کادر و ئەندامی تەشکیلات). کەریم. ب (خەڵکی وەلەویی ، کادر و ئەندامی تەشکیلات). م. ڕەئوف. ق (تاوگۆزی کادر و ئەندامی تەشکیلات). حاجی ئەحمەد (تاوگۆزی، ئەندامی تەشکیلات). عەلی قەزاوەتی (سەر پەل، تاوگۆزی، دواتر چووە لای دوژمن و کوژرا). زیندە یاد ئاغای حاجی مەحموود (خەلکی ئیمامی، سەرپەل). زیندە یاد مەحموودی کلاشی (خەڵکی باوەجانی، کادر و ئەندامی تەشکیلات و دواتر دوای من بوو بە بەرپرسی تەشکیلات). م.ع.ڕ. (تاوگۆزی، کادر و ئەندامی تەشکیلات). ح.ڕ. (تاوگۆزی، کادر و ئەندامی تەشکیلات). زیندە یاد عەبدولعەزیزی تاوگۆزی (سەر پەل). زیندە یاد عادل تاوگۆزی (سەر دەستە). زیندە یاد عەبدوڵلای زارعی              ( پێشمەرگە، خەڵکی گاخۆری). مام حەمە عەلی شروێنە (پێشمەرگە، جوانڕٶ) باوا (پێشمەرگە، میرکی) بارام و یۆسف (پێشمەرگە، تاوگۆزی) خەسرەو پاڵانی ( پێشمەرگە، قادرمروەیسی، سەرقلا) دروێش خەسرەو( پێشمەرگە، باوەجانی)، فایەقی عەبدوڵاهی (پێشمەرگە، قوایی)، میرزا فاتیح قوبادیپووڕ ( پێشمەرگە، باوەجانی)  دواتر پاش چەند مانگێک ئەم کەسانەش هاتنە ڕێزی پێشمەرگەکانی سەلاسەوە کە برتیین لە ئاسۆ مەحەمەدی خەڵکی نەوشیروانی زەهاو (کادر).  مەلا ئەحمەدی تایشەیی، خەلکی تایشەیی زەهاو (کادر). غازی. ش.ح (پێشمەرگە)، سەعید مورادی (پێشمەرگە، قوایی)، محەمەدی حاجی، تاوگۆزی (پێشمەرگە). فاتیح تاوگۆزی (پێشمەرگە). عۆسمانی نەزەری، (پێشمەرگە، تایشەیی). عۆسمانی ئیراندووست (پێشمەرگە، خەڵکی قادرمروەیسی، سەرقلا). حەبیبی پاڵانی (قادرمروەیسی، سەرقڵا). محەمەدی پالانی (تایشەیی) قاسم لهۆنی، زیندە یاد عەلی وەیسی(خەڵکی باینگان، سەرلک). زیندە یاد عێزەت ئەحمەدی (خەڵکی یەکێ لە گوندەکانی نزیکی پاوە، سەرلک).  عەنایەتی ئێناخی (سەرلک). ڕەفعەتی ئێناخی (پێشمەرگە).

دواتر ئەم کەسانەش کە هەرکامەیان نزیک بە ١٠٠ تا ٢٠٠ چەکداریان هەبوو و چەکی حکوومەتی عێراقیان بە دەستەوە بوو، هاتنە نێو حیزبی دیموکرات لە ناوچەی سەلاس. نازانم هۆکارەکە چی بوو؟ و چۆن بوو ئەو هەڵوێستەیان گرت؟ بەڵام لە ئەو کاتەدا هەڵوێستێکی جەوامێرانە بوو کە لە پوڵ و پارەی حکوومەتی بەعس وازبێنی و بێیتە ناو هێزی پێشمەرگەی حیزبێکی کوردییەوە کە بۆ ئامانجێکی سیاسی خەباتی دەکرد. ئەو کەسانە بریتی بوون لە         فەتاح بەگ (بگزادەی باوەجانی، ئامیر مەفرەزە)، دواتر لە نێو حیزب کرا بە سەر پەل یان سەر لک. زیندە یاد جەهانگیری یوسفی (تاوگۆزی، ئامیر مەفرەزە)، دواتر لە نێو حیزب کرا بە سەر لک. ناوبراو دوای ئەوەی نزیک بە ساڵێک لە ڕیزی حێزبدا بوو لە شەڕیکدا لە گەل جاش و پاسدار لە ناوچەکەی خۆیان (تاوگۆزی) شەهید بوو.            ئەحمەدی خەلیفەحوسەین (خەلکی نەگری، ڕەوانسەر، ئامیر مەفرەزە). ناوبراو کە هاتە نێو حیزب، تەقریبەن بەشێک لە چەک و چەکدارەکانیشی لە گەڵ خۆی هێنابوو. لە حیزبدا کرا بە سەرلکی جەماعەتەکەی خۆی. بەڵام دواتر چووە پاڵ کۆماری ئیسلامی و تا ئەو جیگەی کە من بیستوومە لە شەڕێکدا لە ناوچەی هەورامان لە گەڵ پێشمەرگەکانی حدکادا دەکوژرێت. لە ئەو بەیناو بەینەشدا کاک عەزەمی عەلی حەیدەر (بە ڕەحمەت بێت) لە گەل جەماعەتێک لە خزم و کەس و کاری خۆی بۆ ماوەی چەند مانگێک هاتنە ڕیزی حیزبەوە و لە گوندی قەلانی سەر مەقەڕێکیان دانا و نابراو وەک سەر پەل دیاریکرا. دوای چەند مانگێک چەکەکانیان تەسلیم بە حیزب کردەوە و گەرانەوە بۆ ناو ماڵ و مندالیان لە ئۆردووگای دسکەرە لە لای زەڕایەن. دیارە لە ئەو سەردەمەدا کە من لە گەل حیزب بووم زۆر جار کادیر و هێزمان لە کۆمیتەی باینگان و شارستانی هەورامانەوە بۆ دەهات. لە ئەو کەسانە کە من لە بیرم بێت و هاتبێت بۆ سەلاس، دەکڕێت نێوی ئەم کەسانە‌‌ بهێنین: فەرماندەی هێزی شاهۆ کەریمی پووڕقوباد، فەرماندەی هێزی شاهۆ  سەروان سابیر. کادیری کۆمیتەی شارستان حەمەنەزیف قادری، حەکیم ڕەزایی، عەباسی وەیسی، جێگیری فەرماندە هێز سابیری حوسەینی (سابیرئێناخی) و زۆر کەسیتر. لە گەڵ داوای لێبووردن، هەر ئەوەندەم لە بیرە کە لە کاتی پێشمەرگە بوونی مندا  لە بیرم بێن. دیارە دواتر ئەو ‌هێزە ئاڵووگۆڕی بە سەرداهات. خەڵکی یارسانیش چوونە نێو حیزب و ناوی تەشکیلاتی سەلاسی باوەجانی گۆڕدرا بە هێزی دالاهۆ و کۆمیتەکەش نێوی لێنرا کۆمیتەی شارستانی کرماشان یان داڵاهۆ. دواتریش واتە هاوینی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی کە ئێمە گوێزراینەوە بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە، کۆمەڵەش گوردانێک پێشمەرگەی هێنا بوو بۆ ناوچەکە. ئەمە بێجگە لە بوونی هێزێکی مەجاهدینی خەلق و بزووتنەوەی یارسانەکان کە ئەو کاتە بە جونبشی ئەهلی حەق دەناسران.

جێگای خۆیەتی باسی دڵسۆزی کۆمەڵێک لایەنگری ئەو کاتەی حیزب لە ناوچەکە بکەم کە پێوەندییان بە ئەو زەمانەوە هەیە کە من بەرپرس و کادر و پێشمەرگەی حدکا بووم. زیندە یاد مەجیدی شیرین گوفتار (تایشەیی، سەرقڵا) کە دواتر بوو بە پێشمەرگە و تا ئەم یەک دوو ساڵی پێشە کە ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد هەر بە پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات مایەوە. عەزیزی مۆحەمەدی (کاکەڕەشی). کۆمەڵێک گەنجی زەهاوی کە لە ئۆردووگاکانی دەورە و سەنگەر بوون وەک فەرامەرزی ئەڵماسی (کلاشی، جەیران)، یاسین ئەلیاسی (ئەلیاسی). کەریم پالوسای (قادرمروەیسی). لە گەڵ چەندها کەسیتر کە ئێستە لە بەر پاراستنی ئەمنییەتیان ناویان ناهێنم. هەر وەها  سەعیدی برای فەتاح بەگ (باوەجانی)، مەجیدی کاکاوەیسی (قوایی) و حەسەن ناوێک (باوەجانی) کە ئەو کات لە لای فەتاح بەگ چەکدار بوون. ئەگەر لە سەروە ناوی کەسانێکم بردبێت کە لە ژیان نەماون یان شەهید بوون و من ئیشارەم پێ نەکردبێت، داوای لێبوردن ئەکەم! هەر لە ئێرەوە جارێکیتر ڕێز دەگرم لە یاد و بیرەوەری هەموو ئەو ئازیزانەی کە ڕۆژگارێ پێکەوە هاوسەنگەر بووین و ئێستە لە ژیاندا نەماون!

بێجگە لە بوونی چاڵاکی ئەم هێزە سیاسییانە کە باسکرا چەندها گرووپی چەکداری دیکە لە ناوچەکەداهەبوون کە بە زۆری لە ئەو خەڵکانە پێکهاتبوون کە بە ئاوارەیی چوبوونە باشووری کوردستان و لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە چەکدار کرابوون لەبەرانبەر مانگانەیەکی کەم و بی ئەهمیەتدا. ژمارەی ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارانە لە سەر سنوورەکان کە بە زۆری هەر لە هەمان خەڵکی ناوچەکە بوون کە چووبوونە عێراق، نزیکی٧٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠ کەس دەبوون. بەشێک لە ئەم چەکدارانە لە خەڵکانی سەر بە عەشیرەو تایفەکانی سەلاسی باوەجانی بوون. بەشێک لە ئەم چەکدارانە دەیان زانی کە ڕێگایەکی هەڵەیان هەڵبژاردووە  بەڵام بە ناچاری. زۆر جار یارمەتی ئێمەیان دەدا، بە پارە، فیشەک وگولە ئاربیجی و ئازووقەو شتیتر. لە ڕاستیدا ئەو چەند ساڵە کە من لە حیزبدا بووم لە ناوچەی سەلاس و ئێمە لە بەینی ٧٠ بۆ ١٠٠ کەس پێشمەرگە دەبووین، بۆ تەنیا یەک جاریش لە لایەن سەرەوی خۆمان، لە حیزبی دیموکرات، تا ئەو جێگاییەی بە بیری من بێت یەک تمەن یارمەتیمان بۆ نەدەهات. ئێمە بە یارمەتی ئەو چەکدرانە و ئەو خەڵکەی خۆمان دەژیاین کە لە ئۆردگاکان لە باشوور بوون. ئەگەر چی لەوانەیە لە باسەکە بچمە دەرەوە، بەڵام بۆ مێژوو دەڵێم کە تەنیا ئەو گرووپە چەکدارنە یارمەتی ئێمەیان نەئەدا کە سەر بە سەرداری جاف بوون. نە تەنیا یارمەتییان نە ئەداین، بەڵکوو زۆریش لە دژمان بوون و بۆ لایەنگرەکانمان لە ئۆردووگاکان کێشەیان دروست دەکرد. ئەم گرووپە چەکدارانە لە بەینی زستانی ١٣٥٨ تا هاوینی١٣٦١ی هەتاوی (بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵێک) بە شێوەیەکی گشتی بوونیان هەبوو

کاتێک حکوومەتی عێراق بۆی دەرکەوت کە ئەو چەکدارانە نە حازرن شەڕی کوردی باشوور بکەن و نە بە جیدیش دەچنە شەڕی پاسدارنی ئێران، بڕیاری هەڵپێچان و دوور خستنەوەی ئەو خەڵکەی (بە چەکدار و بێ چەکەوە) دا بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە.                

 ئەگەر بکرێت بۆ مێژوو شتێکی باش لە سەر ئەو گرووپە چەکدارانە بنووسی، تەنیا ئەوەیە کە حازر نەبوون شەڕی کوردی باشوور، واتە کوردی عیراق بکەن. من هەوڵ ئەدەم لە دەرفەتێکی دیکەدا بە وردی لە سەر ئەو گرووپە چەکدارانە شتێک بنووسم. دیارە لە ئەو سەردەمەدا کەسی وەهاشیان تێدا بوو کە زۆر دڵسۆز بوو بۆ شۆڕش و حیزب.

خەڵکی سەلاس لە ڕۆمادیەوە بەرەو سیاسەت کردن   

    لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢زایینی حکوومەتی عێراق دەستی کرد بە ناردنی ئەو پەنابەر و ئاوارانەی ڕۆژهەلات کە تا ئەو کات لە  ئۆردووگاکانی دسکەرە، عەربەت، باریکە، چوارقوڕنە، ناحیەی قۆرەتوو، سەنگەر و دەورە نیشتەجێ بوون، بۆئۆردوگای ڕۆمادیە. ژمارەی دانیشتوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندا بوو. پاش ماوەیەک لە دروست بوونی ئەو  ئۆردووگایە، حیزبەکان کەم کەم کەوتنە پێوەندی گرتن لە گەڵ دانیشتوانی ئۆردووگاکەدا. حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و موجاهدین زۆر چالاکانە لە نێو ئەو خەڵکەدا دەستیان دایە چالاکی سیاسی. حیزبی دیموکرات بە پێی ڕابردووی وبوونی لە ناوچەکە و خۆ گونجاندن لە گەڵ فەرهەنگی خەڵکەکە زۆرینەی خەڵکەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. دوای ئەوان کۆمەڵەییەکان کە ئێمەمانان بووین (من لە ڕۆمادیە دوای دابڕان لە حیزب، پێوەندیم کرد بە کۆمەلەوە)، لایەنی دووهەم بووین. موجاهیدەکان ئەگەر چی ئیمکانات و پووڵ و پارەشیان لە دەست دا بوو، بەلام جگە لە جەماعەتێکی زۆر کەم کەسیان پێ پەیوەست نە دەبوو. جار و باریش ڕێکخراو گەلێکی وەک خەبات و ڕەنجبەرانیش هاتووچۆی ئۆردووگایان دەکرد.  بەڵام بە دەگمەن بە بیرم دێت کە خەڵکیان لە گەل کەوتبێت. بە هەر حاڵ لە ساڵەکانی ١٩٨٣ تا ساڵی ٢٠٠٥ کە ئۆردووگای ڕۆمادیە بە تەواوی داخرا بە سەدان و بگرە زیاتر لە گەنجانی ئەم ئۆردووگایە کە زۆربەشیان لە ئەسڵدا خەڵکی سەلاس بوون چوونە ریزی ڕێکخراوە سیاسییەکان (دیموکرات و کۆمەڵە). ئەم کەسانە وەک پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگر دەستیان دایە چالاکی سیاسی. سەرەڕای بوونی دووبەرەکی سیاسی لە نێوان کۆمەلە و حیزبی دیموکرات و دواتر لە نێوان حیزبی دیموکراتی پەیڕەوی کۆنگرەی هەشت و حیزبی دیموکراتی ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە بوونی چالاکی حیزبەکان کاریگەرییەکی باشی لە سەر گەنجەکان دانا. هەر ئێستەش سەدان کەس لە خەڵکی سەلاس کە ڕۆژگارێک لە ڕۆمادیە بوون لە ڕیزی حیزبەکان وەک کادری پلە بەرز، پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگر کار و چالاکی دەکەن. ئێستە لە خەڵکی ئەم دەڤەرە کەسانێک هەن کە وەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادری بە توانا لە نێو حیزبەکان خەبات دەکەن. بۆ نموونە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەڕێزان ئەنوەری موحەمەدی، جەلیلی عەلیپووڕ، خالیدی عەلیپووڕ، عەزەمی قوبادی، حەبیبی قادری، سۆرانی پاڵانی، مەنسووری یاری، و چەندها کادر و پێشمەرگەی دیکە هەن کە بە زۆری سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانین. لە حیزبی دیموکراتدا تاهێری مەحموودی، محیەدینی پاڵانی و دەیان ئەندامی چالاکی دیکە هەن کە لە هەندەران و کوردستان لە پال سیاسەتەکانی ئەم حیزبەدا کاری سیاسی دەکەن. بۆ نموونە زۆربەی بەر پرسانی حدکا لە سوید، وەک موستەفای زارعی، حەمیدی تەیمووری، ساڵحی پالانی، ئەنوەری کاکایی خەڵکی ناوچەی کرماشانن ولەوانەش سەلاسی باوەجانی. هەر وەها لە ڕێکخراوەکانی دیکەش حەتمەن خەڵکی سەلاس و باقی ناوچەکە هەن.  بۆ نموونە ئەقبالی سەفەری کە خەڵکی دالاهۆیە لە حدک لە کۆمیتەی ناوەندییە. یان فاتیحی ئارش (باوەجانی) ئەندام کۆمیتەی حدکە لە سوید. یان مەجیدی کاکاوەیسی (قوایی) هەڵسووڕاوی حدکایە لە دانمارک. نامداری سەفەری لە سویس، کەریم پهلوسای لە دانمارک، مەلا مەجیدی پالانی لە نورویژ، کەماڵی پاڵانی لە کاناد، عەلی پالانی و ئارام عەلیپوور لە سوید، ئەمیری پالانی لە دانمارک، ئەمانە و دەیان کەسیتر لە ئەو کەسانەی ناوچەی سەلاسن کە بە شیوەیەک لە شێوەکان هەڵسووراون بۆ ئیش و کاری سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی.     دیارە خەڵکی زۆریترمان هەیە، بەڵام جارێک باسی سەلاس دەکەین  خەڵکی زۆرتریشمان لە سەلاس ماوە کە دەکرێت باسیان لێ بکەین.  بە گشتی خەڵکی ئەم دەڤەرە ئێستە لە باری سیاسییەوە پێشوەچوونێکی باشی بە خۆوە بینیوە.

جێگای خۆیەتی کە لە ئێرەوە یادێک بکەم لە هەمووی ئەو هاوڕێ ئازیزانەم کە ئەو کات لە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەلە  کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا لە ئۆردووگای ڕۆمادیە  دژ بە کۆماری ئیسلامی، دژ بە کۆنەپەرەستی و ناعەداڵەتی، بە یەکەوە خەباتمان کرد. زۆر زەختمان لە سەر بوو بەڵام کۆڵمان نەدا. لە هەر کوێ کە هەن و لە هەر لایەک کە هەن  دەستتان بە گەرمی دەگووشم. ئێستەش هەر بە هاوڕێی خۆمتان دەزانم. دلنیاتان ئەکەم لە دەرفەتێکدا لە سەر دڵسۆزیەکانتان و ڕۆڵتان وتارێک بنووسم کە شیاوی فیداکاریەکانی ئێوە بێت.                                          لە ئاخردا دەبێ سپاسی ئەم بەڕێزانە بکەم کە ئەزیەتیان کێشا و لە سەر ناوچەکانی خۆیان زانیارییان پێ بەخشیم:    کاک عەبدولڕەحمانی بابایی کە لە سەر چەند پرسێک لە سەر ناوچەی باوەجانی.                                         کاک فەرامەرزی ئەڵماسی کە لە سەر ناوچەی جەگیران (جەیران) و عەشرەت و ئاوائیەکان.                              سپاس بۆ کاک حاجی ئەحمەدی پیرە کە لە ڕیگای تەلەفونەوە  لە سەر ناوچەکە بڕێک زانیاری پێدام.

چەند تێبینییەکی گرنگ:

یەکەم: لە بەر زۆری نێوی ئەو گوندانە (کە نزیک بە ٧٠ گوند دەبێت) کە عەشرەتی باوەجانی لێ نیشتە جێبووە، نەدەکرا نێوی هەموو گوندەکان بنووسم. هەر بەهەمان شیوە ١٣ بۆ ١٤ گوندی سەرقڵاش کە دانیشتوانەکەی بە گشتی لە عەشرەتی وەڵەوەیین، نێویانم نەهێناوە.
دووهەم: ئەو زانیارییانەی کە لە سەرمێژووی سیاسی ناوچەکە و حیزبی دیموکراتم باس کرد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی کە خۆم لە گەڵ ئەو ڕێکخراوەدا بووم.

سێهەم: باسی ژمارەی گروپە چەکدارەکانم کرد کە ٧ بۆ ٨ هەزار کەس دەبوون. لە ڕاستیدا ئەم ژمارە زۆرەیە و بگرە لە ئەوەش زۆرتر، هەر لە چەکدارنی عەلی مەریوانی، مەحموودی ئاشتیانی لە ناوچەی مەریوان، جەماعەتی ڕزگاری لە هەورامانی تەخت، جوانڕۆیی و ئێناخی، کڵاشی و زێرانی لە جوانڕٶ، نزیک بە ١٠ گروپی چەکداری سەر بە سەلاس (لە هەموو عەشرەتەکان)، ١٠ تا ١٥ گروپی سەر بە عەشرەتەکانی قەلخانی (لە جەماعەتی یارسان) و بە هەمان ئەندازەش لە عەشرەتەکانی تایشەیی، ئەلیاسی، بێویانی، تەپانی، قادری، سۆفی و…هتد لە ناوچەی زەهاو و پشتەنگی زەهاوی لە خۆ دەگرت.

چوارەم: دوای ئەوەی ئەو خەڵکە چوونە ڕۆمادیە و تووشی زۆر نەهامەتی هاتن، ئالوگۆڕێک بە باری ئەرێنی لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە. هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی بە هێزتر بوو. بە تایبەت گەنجەکان ڕوویان کردە سیاسەت و خەبات کردن. بوونە پاڵدە وپشت و پەنایەکی باش بۆ حیزبەکان، بە تایبەت بۆ حیزبی دیموکرات.  دەیان کەسی ئەو ناوچەیە لە ڕێزەکانی ئەو حیزبەدا شەهید بوون.

پێنجەم: من کە لە باسەکەمدا زۆر جار باسی تایفە و عەشرەت ئەکەم، بە ئەو مانا نییە کە زۆر حەز دەکەم کە ئەم نەریتە بمێنێتەوە. نە قەد وا نییە! سیستەمی تایفە گەری لە نزیک ٥٠ ساڵ پێشەوە لە ئێران و ناوچەکەی ئێمەش کۆتایی پێ هاتووە. بەڵام هێشتا لە ئێرە و ئەوێ خەڵک بۆ ناساندنی ناوچەیەک یان چەند گوندێک باسی فڵانە عەشرەت یان تایفە دەکەن. ئەگینە هەموو ئەو خەڵکە، یەکەم مرۆڤن، کوردن، خەڵکی یەک وڵاتن، هاوچارەنووسن. خۆشی و ناخۆشییەکانیان هەر یەکە.  

داوای لێبووردن لە خوێنەران ئەکەم کە قەولم دابوو لە ئەم بەشەدا کە بەشی چوارەمی نوسراوکەیە باسی دالاهۆشم بکردایەت. لە بەر دوور و  درێژی باسەکە لە سەر سەلاس، باسی داڵاهۆ دادەنێم بۆ بەشەکانی داهاتوو.
سەرچاوەکان: نەقشەی ئێران (چاپی١٣٨٥ی هەتاوی)، ویکی پێدیا و زانیارییەکانی نووسەر لە سەر بابەتەکە.

عەلی قەنبەری ٢١-٣-٢٠١٢ زایینی، ڕێکەوتی ١-١-٢٧١٢ی کوردی. نەورۆزتان پیرۆز!

بەشی پێنجەمی ناساندنی پارێزگای کرماشان لە سەر شارستانی سەرپێڵی زەهاوە. تکایە چاوەڕوان بن!

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی