له مێژووی هه‌ر وڵات و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کدا کۆمه‌لێک که‌سایه‌تی قاره‌مان و نێودار هه‌ڵکه‌وتوونه
و له هه‌مانکاتدا کۆمه‌ڵێک رۆژیش بوونه‌ته هێمایه‌کی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی. نه‌ته‌وه‌ی کوردیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که به‌رده‌وام له‌لایه‌ن داگیرکه‌ر و دیکتاتۆرانه‌وه هه‌وڵی له نێو بردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییان داوه به‌ڵام وه‌ک باقی نهتهوهکانیتر به هۆی بوونی که‌سانی نیشتمان په‌روه‌ر و گه‌لێک سه‌رکرده‌ی بلیمه‌ت و بوێر که هه‌مووکات دڵیان بۆ رزگاری کوردستان و شادبوونی کورد به مافه‌کانیان لێیداوه، بوونه‌ته سوارچاکی مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشان و گه‌لێک ده‌سکه‌وتی به‌نرخ و مێژووییان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان تۆمار کردووه که ئه‌ویش به فیداکاری و ته‌نانه‌ت به به‌خت کردنی گیانیان بووه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان بده‌ینه‌وه بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێت که مێژوومان به خوێن نه‌خشاوه و له پێناو رزگاری نه‌ته‌وه‌که‌ماندا قوربانییه‌کی زۆر دراوه که ناکرێت له یاد و چاو پۆشی لێبکرێت، بۆ وێنه کاره‌ساتی ئه‌نفال له هه‌ڵه‌بجه و کاره‌ساتی ژینۆسایدی دێرسیم و قه‌تڵ وعامی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و ده‌یان و سه‌دانیتر که هه‌موویان به‌لای ئێمه‌ی کورده‌وه رۆژێکی دڵته‌زێن و له بیر نه‌کراون .
به‌ڵام کاتێک باس له دیاری کردنی رۆژی 10ی خاکه‌لێوه وه‌ک رۆژی شه‌هیدانی کوردستان ده‌که‌ین پێویسته ئه‌وه وه‌بیر خۆمان بێنینه‌وه که له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بۆ یه‌که‌م جار له ساڵی 1324 یه‌که‌م حکوومه‌تی دێموکراتیکی کوردی له شکڵی کۆماریدا که له شاری مه‌هاباد و به به‌شداری کورده‌کانی هه‌ر چورپارچهی کوردستان و به سه‌رۆکایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د وه‌ک یه‌که‌م سه‌رکۆماری کوردستان داده‌مه‌زرێت که ئه‌وه بوو به ده‌سکه‌وتێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو کورد به‌گشتی نه‌ک ته‌نیا بۆ پارت و لایه‌نێک، چونکه راسته حیزبی دێموکرات بوو به بناغه‌ی دامه‌زراندنی کۆمار و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دیش سه‌رۆکی “حدک ئێران” به‌ڵام به‌شداری کورده‌کانی پارچه‌کانیتری کوردستان له دامه‌زراندن و راگه‌یانی کۆمار سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه که “حدک ئێران” بووه به ماڵی هه‌موو کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و کۆماریش هه‌وێنی هه‌وڵ و تێکۆشانی و ئامانجی کۆماری ئامانجی کوردانی هه‌ر چوار پارچه بوو، له هه‌مان کاتدا رووخان و له نێو بردنی کۆماری کوردستان دوای 11مانگ له‌لایه‌ن رێژیمی په‌هله‌وی و له سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هاوڕێیانی له رۆژی 10ی خاکه‌لێوه‌دا رۆژێکی له بیر نه‌کراوه بۆ هه‌موو کوردێک و پێویسته کوردانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان خۆیان به ئه‌رکدار بزانن له‌هه‌مبه‌ر به‌رز راگرتنی ئه‌و رۆژه که هه‌وێنی هه‌وڵ و تێکۆشان و یه‌کریزی و یه‌ک بۆچوونی کوردانی هه‌ر چوار پارچه بوو که له نێو برا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته تیشکی بخرێته سه‌ر ئه‌وه‌یه که نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی کورد هه‌تا چه‌ند سه‌باره‌ت به مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئاگاییان له چ ئاست و هه‌تا چه‌ند خۆیان له راستای زیندوو راگرتنی ده‌سکه‌وت و له هه‌مان کاتدا رێزدانان بۆ قاره‌مانه‌تی و فیداکاری و نه‌ته‌وه‌ویستی رێبه‌رانی کورد به ئه‌رکدار دزانن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌توانم بڵیم نه‌وه‌ی نوێ و به‌تایبه‌ت لاوانی کورد وه‌ک چۆن له رابردوودا سه‌لماندیان که له پێناو داکۆکی کردن له مان و مه‌وجوودییه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌یان و رزگار کردنی کوردستان له ده‌ست داگیر که‌ران ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه گیان فیداییهکن، له ئیستاشدا به پشت به‌ستن به مێژووی پڕ له حه‌ماسه و قاره‌مانه‌تی نه‌وه‌ی پێشوو کوردستانیان وه‌ک سه‌نگه‌رێکی به‌هێز و له گیران نه‌هاتوو بۆ به‌ربه‌ره‌کانی و له راستای ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی پاراستووه و یادی سه‌ردارانی کورد و ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌وان ده‌که‌نه هه‌وێنی یه‌کڕیزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی له دژی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌رکاتێک لاوانی کورد ئاوڕ له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌یان ئه‌ده‌نه‌وه و به پشت به‌ستن به مێژوو ئیستراتیژی بۆ ئه‌وڕۆی خه‌بات داده‌رێژن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌توانین ئاوڕێک له به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ندین رێوڕه‌سمی تایبه‌ت به یادی 2ی رێبه‌ندان ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد که له‌لایه‌ن لاوانی پارچه‌کانی کوردستان و به شێوه‌ی هاوبه‌ش له باشووری کوردستان به‌ڕێوه چوون بده‌ینه‌وه که ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که لاوانی کورد له هه‌رکام له به‌شه‌کانی کوردستان خۆیان به خاوه‌نی ئه‌و مێژووه ده‌زانن و وه‌ک رۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ زیندوو راگرتنی ئه‌و یاده خۆیان به ئه‌رکدار ده‌زانن که ده‌توانین وه‌ک زیندووترین به‌ڵگه‌ش ئاماژه به گرتنی دووهه‌مین کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یی لاوانی چوارپارچه‌ی کوردستان له 1390/12/25 بکه‌ین که له ئه‌نجامی رێککه‌وتن له سه‌ر 21 خاڵ له کۆنفرانس، له‌لایه‌ن لاوانی هه‌ر چوار پاچه‌ی کوردستان رۆژی 2ی رێبه‌ندانیان وه‌ک رۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی په‌سند کرد که ئه‌وه‌ش ده‌توانێت ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه بێت که کۆماری کوردستان مڵکی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان بووه و هه‌یه و به فه‌رمی ناسینی رۆژی 10ی خاکه‌لێوه‌ش وه‌ک رۆژی شه‌هیدانی کوردستان له‌لایه‌ن کوردانی هه‌ر چوار پاچه‌ی کوردستان ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه.{jcomments off}